ئەمڕۆ قوباد تاڵەبانی سیستمی یەکپەنجەرەیی لە سلێمانی رادەگەیەنێت

11:28 - 2023-03-12
ڕاپۆرت
502 جار خوێندراوەتەوە

بۆ یه‌كه‌مجار له‌سه‌ر ئاستی هه‌رێم و عیراق، سیستمی یه‌كپه‌نجه‌ره‌ له‌ فه‌رمانگه‌كانی سلێمانی بۆ خزمه‌تی هاووڵاتیان جێبه‌جێ ده‌كرێت، كه‌ یه‌كێكی دیكه‌یە لە‌ پڕۆژه‌كانی قوباد تاڵه‌بانی جێگری سه‌رۆكی وه‌زیرانی هه‌رێم‌ له ‌چوارچێوه‌ی پڕ‌ۆژه‌ی خزمه‌تدا کە ده‌بێته‌ هۆی كه‌مكردنه‌وه‌ی رۆتین و گه‌نده‌ڵی.

قوباد تاڵه‌بانی: متمانه‌ نێوان حكومه‌ت و هاووڵاتی دروستده‌كه‌ینه‌وه‌
قوباد تاڵه‌بانی، جێگری سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێم له ‌ئه‌كاونتی خۆی له‌ تۆڕ‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی فه‌یسبووك بڵاویكردۆ‌ته‌وه‌ "به‌سیستمی یه‌كپه‌نجه‌ره‌ ئیداره‌دانی نێو ده‌زگاكان باشتر ده‌كه‌ین، رۆتین كه‌مده‌كه‌ینه‌وه‌، كات بۆ هاووڵاتیان ده‌گه‌ڕ‌ێنینه‌وه‌، متمانه‌ له ‌نێوان حكومه‌ت و هاووڵاتیان دروستده‌كه‌ینه‌وه‌، قه‌ره‌باڵغی نێو فه‌رمانگه‌كان كه‌مده‌كه‌ینه‌وه‌".

یه‌كپه‌نجه‌ره‌ ده‌كه‌وێته‌ كار
سیستمی یه‌كپه‌نجه‌ره‌، له‌ قۆناغی یه‌كه‌مدا له ‌پێنج فه‌رمانگه‌ی پارێزگای سلێمانی جێبه‌جێده‌كرێت و دواتر فه‌رمانگه‌كانی تریش ده‌گرێته‌وه‌، بڕ‌یاریشه‌ پڕۆژه‌كه‌ له ‌پارێزگا و ئیداره‌ سه‌ربه‌خۆكانی تریش جێبه‌جێبكرێت.
سه‌میر هه‌ورامی، وته‌بێژی قوباد تاڵه‌بانی، جێگری سه‌رۆك وه‌زیران به‌ PUKMEDIA ی رایگه‌یاند، "یه‌كپه‌نجه‌ره‌ له ‌چوارچێوه‌ی به‌ئه‌لكترۆنیكردنی كاروباری فه‌رمانگه‌كانه‌ و به‌شێكه‌ له ‌پڕ‌ۆژه‌ی خزمه‌ت، ‌مه‌به‌ست لێی باشتر پێشكه‌شكردنی خزمه‌ته‌كانە بۆ هاووڵاتی خزمه‌تخواز و راییكردنی مامه‌ڵه‌ی هاووڵاتیان‌ له‌ فه‌رمانگه‌كاندا به‌ئاسانترین شێوه‌، به‌نه‌هێشتنی رۆتین و رێگرتن له‌ گه‌نده‌ڵی".
وتیشی، "هاووڵاتی خزمه‌تخواز له‌ڕ‌ێی یه‌كپه‌نجه‌ره‌وه‌ مامه‌ڵه‌كه‌ی پێشكه‌ش ده‌كات و ده‌رئه‌مجامه‌كه‌شی وه‌رده‌گرێته‌وه‌، ئه‌و كاته‌ فه‌رمانبه‌ر دەستدەکات به‌جێبه‌جێكردنی هه‌موو مامه‌ڵه‌كه‌ و پێویست ناكات هاووڵاتی خزمه‌تخواز چه‌ند ژوورێك بكات، بێگومان ئه‌مه‌ش رۆتین ناهێڵێت و له‌و رێیه‌شه‌وه‌ به‌ر به‌گه‌نده‌ڵی ده‌گیرێت".

هه‌وڵه‌كانی قوباد تاڵه‌بانی به‌رزده‌نڕخێنرێت
پڕۆژه‌كانی قوباد تاڵه‌بانی له‌پێناوی به‌ئه‌لكترۆنیكردنی حكومه‌ت و خزمه‌تی زیاتری هاووڵاتیان به‌رزده‌نرخێنرێت و یه‌كپه‌نجه‌ره‌-ش به‌هه‌نگاوێكی گرنگ بۆ دادپه‌روه‌ری و نه‌هێشتنی گه‌نده‌ڵی داده‌نرێت.
د.هێرش ره‌سوڵ، راگری كۆلێژی ته‌كنیكی كارگێڕ‌ی له‌ زانكۆی پۆلیته‌كنیكی سلێمانی به‌سایتی ره‌سمی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان PUKMEDIAی راگه‌یاند، "سیستمی یه‌كپه‌نجه‌ره‌ یه‌كێكه‌ له‌و پڕۆژه‌ گرنگانه‌ی كه ‌له‌سه‌ر ده‌ستی قوباد تاڵه‌بانی هاوشێوه‌ی "شه‌فافیه‌ت" خزمه‌تێكی زۆر به‌هاووڵاتیان ده‌گه‌یه‌نێت".
وتیشی، "یه‌كپه‌نجه‌ره‌ هه‌نگاوێك ده‌بێت كه ‌حكومه‌تی خۆجێی زیاتر له‌ڕ‌ووی كارگیڕ‌ییه‌وه‌ به‌سیسته‌م بكرێت و بنه‌مایه‌كی حكومڕ‌انیی دروسته‌ بۆ خزمه‌تكردنی هاووڵاتیان و هه‌نگاوێكی گرنگیشه‌ بۆ دادپه‌روه‌ری و نه‌هیشتنی گه‌نده‌ڵی".
ده‌شڵێت، "راسته‌ ئه‌م سیستمه‌ بۆیه‌كه‌مجاره‌ له‌ سلێمانی جێبه‌جێده‌كرێت، به‌ڵام ده‌كرێت گه‌شه‌ی پێبدرێت و له ‌هه‌ولێر و دهۆك و ته‌نانه‌ت عیراقیش له‌پێناوی خزمه‌تی هاووڵاتیاندا جێبه‌جێبكرێت".
سیستمی یه‌كپه‌نجه‌ره‌ كه‌ له ‌فه‌رمانگه‌كانی سنووری پارێزگای سلێمانی جێبه‌جێده‌كرێت، له‌چوارچێوه‌ی پڕ‌ۆژه‌ی خزمه‌ته‌ کە قوباد تاڵه‌بانی، جێگری سه‌رۆك وه‌زیران له‌گه‌ڵ پاكێجێكدا له‌ پڕ‌ۆژه‌ی چاكسازی و به‌ئه‌لكترۆنیكردنی كاروباری حكومه‌ت پێشكه‌شی كردون و دواتر كاریان له‌سه‌ر كراوه‌، وه‌ك بایۆمه‌تری و خزمه‌ت و تۆماری كۆمپانیاكان و یاسای كار و به‌ئه‌لكترۆنیكردنی به‌شێك له‌ داموده‌زگاكانی حكومه‌ت.

PUKMEDIA

# قوباد تاڵە‌بانی #حکومەتی هەرێمی کوردستان #سلێمانی

بابەتە پەیوەندیدارەکان