ئێدواردۆ كامپانێلا*
و: كورده‌وان محه‌مه‌د سه‌عید
ئه‌وروپا ده‌توانێت هه‌ناسه‌یه‌كی ئۆخه‌ی هه‌ڵكێشێت، له‌به‌رئه‌وه‌ی له قه‌یرانی ئه‌م ساڵی وزه رزگاری بوو، ئه‌ویش به‌هۆی زستانێكی مامناوه‌نده‌وه كه زۆر سارد نه‌بوو، له‌گه‌ڵ پلانی باش بۆ كه‌مكردنه‌وه‌ی به‌كارهێنان، به‌و دوو هۆكاره ئه‌وروپا له كاره‌ساتێك رزگاری بوو كه به‌هۆی جه‌نگی روسیا و ئۆكرانیاوه سه‌ری هه‌ڵدابوو.
ئێستا ئه‌وروپا توانای ئه‌مباركردنی غازی به رێژه‌ی %60 و نرخی ستانداردی گواستنه‌وه‌ش به رێژه‌ی %85 دابه‌زیووه بۆ 50 یۆرۆ بۆ هه‌ر مێگاوات له سه‌عاتێكدا به‌راورد به مانگی ئابی رابردوو كه 340 یۆرۆ بوو بۆ هه‌ر مێگاواتێك له سه‌عاتێكدا.
به‌ڵام ئه‌م خۆشبه‌ختییه نابێ وامان لێ بكات به ته‌واوی پشتی لێبكه‌ینه‌وه، چونكه مه‌ترسیی دووباره به‌رزبوونه‌وه‌ی نرخ له چه‌ند مانگی داهاتوودا هه‌ر ماوه، كه ئه‌گه‌ری هه‌یه كاریگه‌ریی گه‌وره له‌سه‌ر نرخی پسووڵه‌ی سووته‌مه‌نی دروست بكات بۆ خێزان و كۆمپانیاكانیش، له‌وانه‌یه هه‌ر له هاوینی ئه‌م ساڵدا نرخی غاز بگاته 100 یۆرۆ بۆ هه‌ر مێگاوات له سه‌عاتێكدا و ره‌نگه به‌رزتریش، له‌لایه‌كی تریشه‌وه هێشتا شه‌ڕی بانكی ناوه‌ندیی ئه‌وروپا له‌گه‌ڵ هه‌ڵاوسان ته‌واو نه‌بووه.
غازی ئه‌مباركراو
هه‌رچه‌نده قه‌یرانی وزه له ئه‌وروپا ئاڵۆزه، به‌ڵام به وردبوونه‌وه‌یه‌كی بیركارییانه و شیكردنه‌وه‌ی هه‌ندێك ژماره تێگه‌یشتنی ئاسانه، بۆ نموونه: ئه‌وروپا به‌ر له هێرشی روسیا بۆ سه‌ر ئۆكرانیا ساڵانه بڕی 500 ملیار سێجا غازی به‌كارده‌هێنا، ئێستا ئه‌گه‌ر غازی ئه‌مباركراو حساب بكه‌ین كه بڕێكی باشی هه‌یه، له‌گه‌ڵ به‌رهه‌می ناوخۆیی و بڕێكیش له هاورده‌ی غازی سروشتی و غازی شل، به‌وه‌شه‌وه كه له روسیاوه هاورده‌ی ده‌كات، هه‌مووی ده‌كاته 440 ملیار مه‌تر سێجا، كه‌واته ئه‌وروپا پێویستی به‌وه‌یه به رێژه‌ی %60 به‌كارهێنانی كه‌م بكاته‌وه و سیاسه‌تی به‌كاربردن به‌كاربهێنێت، یان به رێژه‌ی %60 هاورده‌ی غازی سروشتی زیادبكات، بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و کەمییەی نێوان خواست و خستنه‌ڕوو پڕبكاته‌وه.
كه‌مكردنه‌وه‌ی به‌كارهێنان
پڕكردنه‌وه‌ی ئه‌و كه‌مییه هه‌ر به ده‌م ئاسانه، چونكه ئه‌وروپا له ساڵی 2022دا توانی بڕی به‌كارهێنانی غاز كه‌م بكاته‌وه بۆ 430 ملیار مه‌تر سێجا، كه به رێژه‌ی %13 له به‌كارهێنانی ساڵی 2021 كه‌متر بوو، ئه‌ویش به‌هۆی كه‌شوهه‌وای گونجاوی ئه‌مساڵه‌وه، كه نه‌ك هه‌ر زستانێكی سه‌خت نه‌بوو، به‌ڵكو زستان كه‌شوهه‌وایه‌كی زۆر مامناوه‌ندیشی هه‌بوو، هه‌ر ئه‌و كه‌شوهه‌وا خۆشه‌ش وایكرد به‌كارهێنانی غاز له وڵاتێكه‌وه بۆ وڵاتێكی دیكه جیاوازییه‌كی زۆری هه‌بێت، بۆ نموونه ئیسپانیا كه كه‌متر غازی روسیای به‌كارده‌هێنا، زۆر به كه‌می سیاسه‌تی ده‌ستپێوه‌گرتنی جێبه‌جێ كرد، فه‌ره‌نسا و ئیتالیاش تا ئاستی مامناوه‌ند و بڕێك كه‌متریش به‌كارهێنانیان كه‌مكرده‌وه، به‌ڵام ئه‌ڵمانیا و هۆڵه‌ندا زۆرترین كه‌مكردنه‌وه‌ی به‌كارهێنانیان هه‌بوو، به‌راورد به ساڵی 2021 به رێژه‌ی %20 به‌كارهێنانی غازیان كه‌مكرده‌وه.
كه‌رتی پیشه‌سازی
ئه‌گه‌ر گریمانه بكه‌ین كه زستانی داهاتوو كه‌شوهه‌وا ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ سروشتی جارانی، كه زستانی ئه‌وروپا به گشتی سارده، ئه‌وا ده‌بێ له ساڵی داهاتوودا وڵاتانی ئه‌وروپا به‌كارهێنانی غاز به رێژه‌ی %10 كه‌م بكه‌نه‌وه، بۆئه‌وه‌ی تێكڕای به‌كارهێنانیان له 450 ملیار مه‌تر سێجا تێنه‌په‌ڕێت، ساڵی رابردوو یه‌كێتی ئه‌وروپا داوای كردبوو به شێوه‌ی خۆبه‌خشانه به‌كارهێنانی غاز به رێژه‌ی %15 كه‌م بكه‌نه‌وه، كه‌واته كه‌مكردنه‌وه‌ی %10 ئاسایی و واقیعی ده‌بێت.
كه‌رتی پیشه‌سازی وه‌ك: كیمیایی، كانزاكان و شووشه، كه غازی سروشتی زۆر به‌كارده‌هێنن، كه‌مكردنه‌وه‌ی به‌رچاویان ده‌بێت بۆ ئه‌م ساڵ، ئه‌و كاتیش كۆمپانیاكان و خێزانه‌كان ده‌توانن ده‌ستپێوه‌گرتنی ژیرانه پەیڕەو بکەن، وه‌ك له ساڵی رابردوودا كردیان، چاوه‌ڕوان ده‌كرێت ساڵی داهاتوو به‌كارهێنانی غاز بۆ گه‌رمكردنه‌وه‌ی ناوماڵ وه‌كو ساڵی رابردوو سنووردار بكرێت، ئه‌گه‌ر واش بێت، ئه‌وا ئه‌وروپا ده‌توانێت له‌و كورتهێنانه‌ی پێشتر باسمان كرد كه 60 ملیار مه‌تر سێجا بوو، 50 ملیار مه‌تر سێجا له كورتهێنانه‌كه‌ی بۆ چاره‌سه‌ر ده‌كرێت.
كێبڕكێی توند دروست ده‌بێت
بۆ پڕكردنه‌وه‌ی 10 ملیار مه‌تر سێجاكه‌ی دیكه‌ش له كورتهێنان، ده‌بێ غازی شل له وڵاتانی جیهان بكڕێت.
به گوێره‌ی ئاژانسی نێوده‌وڵه‌تی وزه، بۆ ساڵی 2023 بڕی به‌رهه‌مهێنانی غاز له‌سه‌ر ئاستی جیهان 23 ملیار مه‌تر سێجا زیاد ده‌كات، ئه‌وروپاش به ته‌نیا خۆی پێویستی به نزیكه‌ی نیوه‌ی ئه‌و بڕه زیاده‌یه‌یه، ئه‌مه‌ش ئه‌وروپا ده‌خاته به‌رده‌م كێبڕكێیه‌كی توندەوە له‌گه‌ڵ وڵاته خاوه‌ن ئابوورییه هه‌ڵكشاوه‌كانی ئاسیا، وه‌ك چین، سه‌ره‌نجام ده‌بێته هۆی به‌رزبوونه‌وه‌ی نرخی غاز و له‌سه‌ر ئه‌و بنه‌مایه‌ش پێشبینی ده‌كرێت نرخی غاز له 80 یۆرۆ بۆ هه‌ر مێگاواتێك له سه‌عاتێكدا كه‌متر نه‌بێت.
دۆخه‌كه‌ش ئاڵۆزتر ده‌بێت ئه‌گه‌ر هه‌نارده‌ی غازی سروشتی و غازی شل له روسیاوه به ته‌واوی رابگیرێت، ئه‌وه‌ش ئه‌گه‌رێكی دوور نییه، ئێستا هه‌نارده‌ی روسیا 45 ملیار مه‌تر سێجایه، ئه‌گه‌ر ئه‌وه رابگیرێت له‌گه‌ڵ ئه‌و 10 ملیار مه‌تر سێجای كورتهێنانه‌كه‌دا، ئه‌و كاته خستنه‌ڕوو 55 ملیار مه‌تر سێجا كورت ده‌هێنێت، یان كه‌مده‌كات و ئه‌و بڕه‌ش زۆر له به‌رزبوونه‌وه‌ی ئاستی به‌رهه‌می ساڵی داهاتوو زیاتره، به واتایه‌كی دیكه ئەو بڕی غازەی خراوەتەڕوو له بازاڕدا كه‌م ده‌بێت، ئه‌وه‌ش ده‌بێته هۆی به‌رزبوونه‌وه‌ی نرخی غاز، كه ره‌نگه له 100 یۆرۆ بۆ هه‌ر مێگاوات له سه‌عاتدا تێپه‌ڕێ.
به‌رزبوونه‌وه‌كه سنووردار ده‌بێت
له‌لایه‌كی دیكه‌وه، ئه‌وروپا كێشه‌ی ئه‌وه‌ی هه‌یه كه توانای له گۆڕینی غاز له دۆخی شله‌وه بۆ دۆخی غاز سنوورداره، ئه‌گه‌ر به پێی ئه‌و سیناریۆیه بێت، ئه‌وروپا ناچارده‌بێت 190 ملیار مه‌تر سێجا غازی شل بكاته‌وه به غازی سروشتی، به‌ڵام ئێستا ئه‌وروپا له توانایدا‌یه ته‌نیا 157 ملیار مه‌تر سێجا بگۆڕێت.
له‌گه‌ڵ هه‌موو ئه‌وانه‌شدا رێی تێناچێت نرخی غاز بگاته 200 یۆرۆ بۆ هه‌ر مێگاواتێك له سه‌عاتێكدا، له‌به‌ر سێ هۆكار، ئه‌وانیش بریتین له:
یه‌كه‌م له‌به‌رئه‌وه‌ی به‌رزبوونه‌وه‌ی نرخی غاز له ساڵی رابردوودا په‌یوه‌ندی به‌وه‌وه هه‌بوو كه قه‌یرانه‌كه ئه‌وروپای غافڵگیر كرد و خۆی بۆ دۆخێكی وا ئاماده نه‌كردبوو، به‌ڵام ئه‌مساڵ ئه‌زموونی هه‌یه و ده‌زانێ چی ده‌كات.
دووه‌م شێوازی كڕینی غاز به هاوبه‌شی له نێوان وڵاتانی ئه‌ندامی یه‌كێتیی ئه‌وروپادا وا ده‌كات نرخی غاز كۆنترۆڵ بكه‌ن.
سێیه‌م ئه‌وروپا له ئێستاوه كار بۆ ئه‌وه ده‌كات، به جۆرێك مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ گرێبه‌سته‌كانی كڕینی غازدا بكات، كه نه‌رمیی تێدا بێت و توانای كاردانه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ هه‌ر گۆڕانكارییه‌ك هه‌بێت له نرخدا.
سه‌باره‌ت به روسیاش، هه‌رچه‌نده ساڵی داهاتوو رۆڵی كه‌م ده‌بێت له دابینكردنی غازدا، به‌ڵام به‌رده‌وامبوون له هه‌نارده‌كردنی غازه‌كه‌ی پێویسته بۆ راگرتنی هاوسه‌نگیی نێوان خواست و خستنه‌ڕوو له بازاڕی ئه‌وروپادا.
*مامۆستا له زانكۆی هارڤارد كینیدی
سه‌رچاوه:
شبكة النبأ المعلوماتیة