راپۆرتی/ ئه‌یاز هه‌ركی
بەرەبەیانی 12ی ئاداری 1991 خه‌ڵكی خۆڕاگری دەڤەری ئاكرێ راپەڕین، بە هەوڵ و ئامادەکاریی پێشوه‌خته‌ی پێشمەرگە و رێکخستنه نهێنییەکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، بە هاوکاری هێز و لایەنە کوردییەکانی دیکەی به‌ره‌ی كوردستانی و کاریگەریی پەیامی رادیۆی دەنگی گه‌لی کوردستان چه‌خماخه‌ی راپەڕینی ده‌ڤه‌ری بادینان بۆ یەکەمجار له ئاكرێ و ناحیه‌كانییه‌وه دەستی پێ‌کرد.
جەماوەری یەکێتی
فه‌یسه‌ڵ فایه‌ق ئاكره‌یی كارگێڕی مه‌ڵبه‌ندی رێكخستنی دهۆكی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان وتی، ئێمە لایەنگر و رێکخستنه‌كانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە قه‌زای ئاكرێ لەگەڵ خەڵکی ده‌ڤه‌ره‌كه‌مان لە دوای شەڕی کەنداو، بە دوای دەرفەتێکدا دەگەڕاین بۆ رزگاربوون لە رژێمی بەعس کە دەیان ساڵ بوو گەلی کوردستانی ده‌چەوسانده‌وه، بۆیە لە دوای راپەڕینی 5 ی ئاداری ساڵی 1991 لە رانیە نزیكه‌ی 40 كه‌س بووین له لایه‌نگر و رێكخستنه‌كانی یه‌كێتی و خه‌ڵكی حزبه‌كانی دیكه‌ی به‌ره‌ی كوردستانی، بڕیاری کۆتاییماندا سەبارەت بە راپەڕینی ئاكرێ هەموو ئامادەکارییەکمان کرد و 9 ی ئادارمان وەک رۆژی راپەڕینی قه‌زای ئاكرێ و ده‌وروبه‌ری ده‌ستنیشانكرد، بەڵام دواتر هەندێک کەسایەتی ناوچەکەمان داوایان لێ‌کردین هیچ کارێک نەکەین کە زیان بە خەڵکی ئاكرێ بگەیەنێت، بۆیە ئێمه رۆژەکەمان دواخست بۆ 12ی ئادار.
یه‌كێتی بنکەیەکی جه‌ماوه‌ری باشی هەبوو له ئاكرێ، بەڕاستی سروودەکانی رادیۆی دەنگی گه‌لی کوردستانیش هۆکاری راپەڕینی کوردستان بەگشتی و ئاكرێ بەتایبەتی بوو.
وتیشی: لەدوای شەڕی کەنداو عیراق بەرەو گۆڕانكاری هەنگاوی دەنا، بۆیە خەڵکی ئاكرێ پشتیوانی ئەو گۆڕانکارییەیان دەکرد و پشتیوانی ئێمه بوون.
کورد بەگشتی قوربانی زۆریداوە لەپێناوی ئازادی و سه‌ربه‌خۆیی کوردستان و دامەزراندنی حکومەت و په‌رله‌مان کە سوودی بۆ هەموو هێز و لایەن و هاووڵاتیانی كوردستان هه‌بێت، فه‌یسه‌ڵ ئاكره‌یی دەڵێت، بەداخەوە دوای 32 ساڵ خه‌بات و قوربانیدانی خه‌ڵكی كوردستان هه‌موو شتێك پێچەوانە بووەتەوە خەڵک لە حکومەت ناڕازیه و کارەکانی لەئاست داخوازی
هاووڵاتیاندا نییە.
بەعس بارەگاکانی چۆڵکردبوو
كاوه ئاكره‌یی پێشمەرگەی شاخ و شاری یەکێتیی نیشتمانیی كوردستان و به‌شداربووی سه‌رهه‌ڵدانی ئاكرێ وتی، ئاكرێ کلیلی ئازادکردنی دەڤەری بادینان بوو دوای راپەڕینەکەی پارێزگای هه‌ولێر، ئێمە وەک پێشمەرگە و رێكخستنه نهێنییه‌كانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە قه‌زای ئاكرێ خۆمان کۆكردەوە، هه‌روه‌ها رادیۆی دەنگی گه‌لی کوردستان کاریگەریی زۆری هەبوو سات به‌سات له‌گه‌ڵ جه‌ماوه‌ری كوردستان و ئاكرێ بوو و پەیامی راپەڕینەکەی ده‌گەیانده ئازادیخوازان و شۆڕشگێران، ئێمەش وەک پێشمه‌رگه‌و رێكخستنه نهێنییەکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە ئاكرێ بەردەوام بووین له پلاندانان بۆ هاندانی خەڵکی شاری ئاكرێ بۆ هێرشکردنە سەر بنکە و بارەگاکانی رژێمی بەعسی لە شارۆچكه‌ی ئاكرێ.
وتیشی: له بەرەبەیانی رۆژی 12ی ئاداری 1991 هاووڵاتیانی ئاکرێ به‌ره‌و بنكه و بارەگاکانی رژێم چوون، بەڵام زۆربەی بارەگاکانی حزبی بەعس چۆڵکرابوون و ئاكرێیان بەجێهێشتبوو چه‌ند پۆلیس و سه‌ربازێكی كه‌م مابوون، هێرشمان کردە سەر بارەگای فیرقەی بەعس لە ئاكرێ و لە ماوەیەکی کورت‌دا له‌لایه‌ن پێشمه‌رگه و رێكخستنه‌كانی یه‌كێتی ئازادکرا.
كاوه ئاكره‌یی دەڵێت، سەرۆک مام جەلال پەیوەندی راستەوخۆی لەگەڵماندا هەبوو و گرنگی زۆری بە دەڤەری بادینان دەدا، بۆ مێژوو راپەڕینی ئاکرێ لە ژێر كاریگه‌ریی رادیۆی دەنگی گەلی کوردستان و پێشمەرگە و رێکخستنه نهێنییەکانی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستاندا کرا.