دیدارى سلێمانى کۆنفرانسێکى ئاستبەرزى سیاسییە و تیشک دەخاتە سەر رۆژهەڵاتى ناوەڕاست و ئەفریقاى باشوور و لە لایەن پەیمانگاى لێکۆڵینەوە هەرێمى و نێودەوڵەتییەکان (IRIS) رۆژانی ( 16/3/2023-15) لە زانکۆى ئەمریکى لە سلێمانى بەڕێوە دەبرێت.
ئەمە بۆ جارى حەوتەمە زانکۆى ئەمەریکى لە سلێمانى دیدارى لەمجۆرە ساز دەکات و تێیدا بابەتەکانى وەک سیاسەت، ئابوورى، ژینگە، یاسا، مافى مرۆڤ، تەندروستى، وزە و چەندین پرسى دیکەى گرنگ باس دەکرێت.
لە ماوەى دوو رۆژى دیدارەکەدا کەسانى بیرمەند و وپسپۆڕ و شارەزا و بڕیاربەدەستانى ناوچەکە و جیهان کۆدەبنەوە بۆ گفتوگۆکردن لەبارەى پرسە هەر دیارە ناوچەییەکانى جیهان و خستنەڕووى بیروبۆچونەکانى ئێستا و ئەو خاڵانەى جێى ناکۆکین. ئەمە دەرفەتێکى دەگمەنە بۆ کۆکردنەوەى کەسانى خاوەن بەرژەوەندى لە کاروبارى هەرێمى لەگەڵ کەسانى بیرمەند و سیاسیدا، لەپێناوی گفتوگۆیەکى سیاسى و ستراتیژى کە لە جیهانى ئەمڕۆدا جێى بایەخ و گرنگیپێدانن.
دیدارى سلێمانى لە لایەن راگەیاندنەکانەوە گرنگییەکى بەرچاوى پێدەدرێت و چەندین چاوپێکەوتن و ئاڵوگۆڕى زانیارى لەگەڵ کەسایەتییە دیارەکاندا دەکرێت کە دواجار پێشنیار و چارەسەر بۆ پێشهات و کێشە ناوخۆیى و جیهانییەکان دەخرێنەڕوو.
دروشمى ئەمساڵى دیدارەکە بریتییە لە "پاش 20 ساڵ: عیراق و ناوچەکە لە نێوەندى ئاڵنگارییە جیهانییە نوێیەکان".
جگە لە بەشداربوانى ناو ددیدارەکە، ژمارەیەکى زۆر لە رۆژنامەنووس و کەناڵى راگەیاندنى ناوخۆ و بیانى سەرقاڵى رووماڵکردنن و وەک روداوێکى گرنگى راگەیاندن لێى دەڕوانرێت.
دیدارى سلێمانى هەوڵدەدات بیرۆکە و گفتوگۆکان وەربگێڕێتە سەر کردار و سیاسەتى کۆنکرێتى کە بتوانێت گۆڕانکارى لە ژیانى خەڵکدا دروست بکات.