راگەیەندراوی مەکتەبی سیاسی بۆ یادی کارەساتی کیمیابارانی هەڵەبجە

05:39 - 2023-03-15
کوردستان
345 جار خوێندراوەتەوە

ساڵیادى کارەساتی کیمیابارانى هەڵەبجە و دەوروبەری لە لایەن رژێمی بەعسی روخاوەوە برینێکی ساڕێژنەبووی مێژووییە لە جەستەی نیشتمان و نەتەوەکەماندا.
سوێی ئازارە مرۆییەکانی ئەم کارەساتە هەڵەبجەى کردە ناسنامەى مەزڵومیەتى نەتەوەکەمان کە هەر ئەوکات ویژدانی مرۆڤایەتی لە بەرامبەر مەینەتییەکانی کە بەسەر گەلەکەماندا دەهات، جوڵاند. 
یەکێتیى نیشتمانیى کوردستان، چ راستەوخۆ و چ لە رێی حکومەتی هەرێمەوە بۆ ساڕێژکردنی برینەکانی پارێزگای هەڵەبجە و خزمەتی ئەم کەیسە هەمەلایەنە لە بواری ئاوەدانی و خزمەت لە خەم و ئازاری کۆمەڵانی خەڵکی هەڵەبجە تێدەگات، بێ درێغ بۆی تێکۆشاوە و تێدەکۆشێت، پێشی وایە چی بۆ پایتەختی خەم و پەژارەی شارەزوور کرابێت هێشتا کەمە و بارتەقای قوربانی بێ ئەندازەیان نییە، چونکە هەڵەبجەییەکان شایانی زیاتر و زیاترن.
ئەمساڵیش لە نزیکبوونەوەی ئەم یادەدا لە کۆبوونەوەی رۆژی 13ی ئاداری ئەنجومەنی وەزیرانی عیراقدا رێکارە فیدراڵییەکان یان پڕۆژەیاسای بە پارێزگابوونی هەڵەبجە پەسەند کرا کە هیوادارین لە نزیکترین دەرفەتدا لە کۆبوونەوەی ئەنجومەنی نوێنەران بە یاسایەکی فیدراڵی، وەک نۆزدەیەمین پارێزگا هەژمار بکرێت. سا بەڵکو ئەم هەنگاوەش وەک بەرپرسیارێتییەکی مەعنەوی و ئیداری دەرفەتی زیاتر بۆ خزمەت و ئاوەدانی و قەرەبووکردنەوە بکاتەوە.
تەئکید لە هەردوو حکومەتى هەرێمى کوردستان و حکومەتی  فیدراڵ دەکەینەوە کە لە ئاست شانازى ئەو شارەدا خزمەتگوزاری و ئاوەدانی زیاتر پێشکەش بکرێت.
سەری رێز بۆ رۆحى پاکى شەهیدانى هەڵەبجە و تێکڕاى شەهیدانى کورد و کوردستان دادەنەوێنین و وەفا و ئەمەکدارى بۆ کەسوکارو قوربانیان و برینداران دووپاتدەکەینەوە.

مەکتەبى سیاسى
یەکێتیی نیشتمانیى کوردستان

بابەتە پەیوەندیدارەکان