سەرۆک بافڵ هەڵوێستی یەکێتی لەبارەی کۆی هاوکێشە سیاسی، ئابووری و ئەمنییەکان روون دەکاتەوە

07:38 - 2023-03-15
کوردستان
194 جار خوێندراوەتەوە

بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە پەراوێزی بەشداریکردن لە دیداری سلێمانی، چاویکەوت بە وەفدێکی باڵای ئەمریکا بە سەرۆکایەتی تێری ۆڵف، راوێژکاری باڵای سەرۆکی ئەمریکا بۆ کاروباری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست.
لە دیدارێکدا سەرۆک بافڵ جەلال تاڵەبانی هەڵوێستی یەکێتی لەبارەی کۆی هاوکێشە سیاسی، ئابووری و ئەمنییەکانی عیراق و هەرێمی کوردستان روونکردەوە و جەختی لە بەردەوامیی دیالۆگ و هەوڵە ئەرێنییەکانی نێوان هەرێم و عیراق کردەوە لەپێناوی تێپەڕاندنی بەربەستەکان و چارەسەرکردنی یەکجارەکانی کێشەکان.
لەبارەی کێشە سیاسی و ئیدارییەکانی هەرێم و هەوڵەکانی یەکێتی لەپێناوی تێپەڕاندنی ناکۆکییەکان سەرۆک بافڵ وتی، یەکێتی باوەڕی تەواوی بە هەماهەنگی و کاری پێکەوەیی هەیە، دەشمانەوێت لەو چوارچێوەیەدا کێشەکان چارەسەر بکەین و بە ئاڕاستەی بەرەوپێشچوونی هەرێم و خزمەتکردنی خەڵکەکەمان هەنگاو بنێین.
پرسی وزە و هەنگاوەکانی یەکخستنەوەی هێزی پێشمەرگە تەوەرێکیتری دیدارەکە بوو و لەو بارەیەوە سەرۆک بافڵ رایگەیاند، دەبێت وزە لە خزمەتی گشتیدا بێت و داهاتەکەشی لەپێناوی خۆشگوزەرانی هاووڵاتیاندا بێت.
وتیشی، بۆ یەکخستن و رێکخستنەوەی هێزی پێشمەرگە هەنگاوی کرداریمان ناوە و ئامانجمان هێزێکی نیشتمانی و تۆکمەیە، بۆ ئەمەش پشتیوانیی هاوپەیمانان بەتایبەت ئەمریکا بە گرنگ دەزانین.

بابەتە پەیوەندیدارەکان