دوێنێ، لە حەوتەمین دیداری سلێمانیدا، كە رۆژانی 15/16/3 لە زانكۆی ئەمریكی لە سلێمانی بەڕێوەدەچێت، د.بەرهەم ساڵح سەرۆك كۆماری پێشووی عیراق، وتەیەكی پێشكەشكرد و رایگەیاند: خەڵك چاوەڕوانیی زیاتری لێمان هەیە و لەسەر هەموانیش پێویستە دەستكەوتەكانی پڕۆسەی سیاسیی عیراق بپارێزین.
د.بەرهەم ساڵح، لە وتەكەیدا خۆشحاڵی خۆی دەربڕی بەوەی دیداری سلێمانی دەرفەت دەڕەخسێنێت بۆ كۆبوونەوەی كەسایەتییە سیاسییەكان و پسپۆڕان، كە گفتوگۆ لەبارەی كێشە و پرسە هەستیارەكان و چۆنێتی چارەسەركردنیان دەكەن. وتیشی: پرسی خزمەتكردنی هاووڵاتیان تەوەرێكی گرنگی دیدارەكە دەبێت، بەتایبەتی كە ئەمڕۆ 20 ساڵە رژێمی پێشووی عیراق رووخێندراوە، ئەوەش گەورەترین دەستكەوتی سەدەی رابردوومان بوو، پێویستە بزانین لەو ماوەیەدا چیمان كردووە و پێویستە چی بكەین، خەڵك چاوەڕوانیی زیاتری لێمان هەیە و لەسەر هەموانیش پێویستە دەستكەوتەكانی پڕۆسەی سیاسیی عیراق بپارێزین.
ئاماژەی بەوەشكرد "ئەمڕۆ، كە یادی كیمیابارانكردنی هەڵەبجەیە لەسەر دەستی رژێمی پێشووی عیراق، هێشتا خەڵكی ئەو پارێزگایە چاویان لە خزمەتگوزاریی زیاتر و ژیانێكی باشترە".