״حكومەتی فیدراڵ و هەرێم پابەندبن بە جێبەجێكردنی پڕۆژەیاسای بودجە״

10:35 - 2023-03-16
کوردستان
145 جار خوێندراوەتەوە

قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆك وەزیران، پێشوازی لە محەمەد شیاع سودانی سەرۆك وەزیرانی عیراق كرد و پێكەوە باسی دواپێشهاتە سیاسییەكان و پەیوەندییەكانی نێوان هەرێم و بەغدایان كرد.
لە كۆبوونەوەكەدا، كە دوێنێ لە سلێمانی بەڕێوەچوو، جەخت لە گرنگیی پابەندبوون بە چارەسەركردنی دەستووریانەی كێشەكان كرایەوە.
لەبارەی پەسەندكردنی پڕۆژەیاسای بودجە لە ئەنجومەنی وەزیرانی عیراق، هەردوولا هاوڕابوون كە گرنگە پاش پەسەندكردنی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق، دەبێت هەردوو حكومەتی فیدراڵ و هەرێم پابەندبن بە جێبەجێكردنی و نابێت هیچ بیانوو و بەربەستێك لەبەردەم دابینكردنی شایستە داراییەكان دروستبكرێت.
قوباد تاڵەبانی، ئاماژەی بەوەشدا كە ئەو خاڵانەی پەیوەستن بە هەرێمی كوردستانەوە لە پڕۆژەیاسای بودجەدا هەموویان قابیلی جێبەجێكردنن، جەختیشیكردەوە هیچ بژاردەیەكی تر نییە جگە لە رێكەوتن لەپێناوی بەرژەوەندیی گشتیدا.
لە كۆتاییدا، قوباد تاڵەبانی، سوپاسی سەرۆك وەزیرانی عیراقی كرد بۆ سەردانكردنی سلێمانی و  پاڵپشتی خۆی بۆ سەركەوتنی كابینەكەی دووپاتكردەوە و هیوای خواست پێكەوە بتوانن زاڵبن بەسەر تەحەدداكان بۆ ئەوەی خزمەتی باشتری هاووڵاتیان بكرێت.
لە كۆبوونەوەكەدا، هەریەك لە وەزیرانی پلاندانان و ناوخۆ و كۆچ و كۆچبەرانی عیراق و وەزیری پلاندانانی هەرێم و پارێزگارەكانی سلێمانی و هەڵەبجە و سەرپەرشتیاری یەكە ئیدارییەكانی گەرمیان و راپەڕین ئامادەبوون.
كۆبوونەوەی قوباد تاڵەبانی و سەرۆكی ئەنجومەنی باڵای دادوەری عیراق
قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆك وەزیران، لەگەڵ فایەق زێدان سەرۆكی ئەنجومەنی باڵای دادوەریی عیراق كۆبۆوە و لەبارەی رەوشی دادوەری لە هەرێمی كوردستان و عیراق و چۆنێتی پتەوكردنی پەیوەندییەكانی هەردوولا لەڕووی دادوەرییەوە، گفتوگۆیان كرد.
لە كۆبوونەوەكەدا، كە رۆژی 15ی مارسی 2023 لە سلێمانی بەڕێوەچوو و تیایدا جێگر و ژمارەیەك لە ئەندامانی دادگای پێداچوونەوە و ژمارەیەك لە دادوەرانی هەرێمی كوردستان ئامادەیبوون، هەردوولا هاوڕابوون لەسەر پێویستیی بەهێزكردنی پەیوەندییە دادوەرییەكانی نێوان هەرێم و دەسەڵاتی فیدراڵی و بەتایبەتیش لەسەر گواستنەوەی ئەزموون و دروستكردنی هەماهەنگی زیاتر لەنێوان ئەنجومەنی دادوەریی هەرێم و ئەنجومەنی باڵای دادوەریی عیراق.
هەروەها لە كۆبوونەوەكەدا جەختكرایەوە لەسەر رادەستكردنی ئەو داواكراوانەی لەنێوان هەرێم و بەغدا هەن و هێشتا دەستگیرنەكراون و بەپێویست زانرا لەمبارەیەوە رێوشوێنی گونجاوتر بگیرێتەبەر بۆ هەماهەنگی زیاتر و نابێت هیچ لایەك رێگری دروست بكات لەبەردەم ئاڵوگۆڕكردنی داواكراوان.
هەردوولا هاوڕابوون كە شكۆی دەوڵەت لە پاراستنی شكۆ و سەروەریی دەسەڵاتی دادوەریدایە و نابێت رێگە بە هیچ جۆرە دەستتێوەردانێكی سیاسی لە دەسەڵاتی دادوەری بدرێت.
لە بەشێكی دیكەی كۆبوونەوەكەدا، گفتوگۆكرا لەبارەی دۆخی حوكمڕانی لە عیراق و كوردستان. قوباد تاڵەبانی، لەمبارەیەوە رایگەیاند: ئێستا گەورەترین تەحەددای بەردەم حوكمڕانیی عیراق و كوردستان، چۆنێتی باشتركردنی دۆخی خزمەتگوزارییەكانە، بۆیە دەبێت خزمەتی باشتری هاووڵاتیان بكرێت.

بابەتە پەیوەندیدارەکان