لە (35)هەمین ساڵیادی کیمیابارانکردنی شاری هەڵەبجەدا، بە رێز و شکۆوە یادی شەهیدانی ئەم تاوانە دژ بە مرۆڤایەتییە دەکەینەوە، بە داخەوە لە رۆژێکی وەک ئەمڕۆ لە (16/3/1988)دا شەهیدبوون و برینداربوونی هەزاران مرۆڤی بێتاوان لە گەنج و پیر و منداڵ، لەژێر دەسەڵاتێکی فاشیزمی دوور لە بەها مرۆڤایەتییەکان بە بەرچاوی هەموو جیهان روویدا.
جێگای دڵخۆشی هەموومانە کە یادکردنەوەی ئەمساڵ جیا لە ساڵانی ڕابردوو، مژدەیەکی خۆشی بۆ هەڵەبجەییەکان تێدایە، ئەویش بڕیاری ئەنجومەنی وەزیرانی عیراقە، کە ڕێکارە فیدراڵییەکانی بە پارێزگابوونی هەڵەبجەی لە سەر ئاستی عیراقی فیدراڵ تەواو کردووە و شاری هەڵەبجەی وەک (19)هەمین پارێزگای عیراق و چوارەمین پارێزگای هەرێمی کوردستان ناساندووە، ئیتر لێرەدا گرنگە ئاوەدانکردنەوەی هەڵەبجە لەڕووی بنیادنانەوە وەکو شارێکی پێشکەوتوو لە بواری شارستانی و خزمەتگوزارییەوە بکەین بە هەوێنی ساڕێژبوونی ئازار و زامی هەڵەبجە و هەڵەبجەییەکان، ئەرکی سەرشانی حکومەتی عیراقی فیدراڵە بە هاوکاری لەگەڵ حکومەتی هەرێم بە یاسا قەرەبووی ماددی و مەعنەوی کەسوکاری شەهیدانی شاری هەڵەبجە و دەوروبەری بکاتەوە، هەروەها لە رێگای پەرلەمانی عیراق و هەرێمی کوردستانەوە کار بکرێت بۆ بە جینۆساید ناساندنی تاوانی هەڵەبجە و پاکتاوی رەگەزی نەتەوەی کورد.
قەوارەی هەرێمی کوردستان، بەرهەمی خوێنی شەهیدان و ئازار و مەینەتیەکانی خەڵکی کوردستانە، با هەموومان بە تێکڕای بیروڕا جیاوازەکانەوە بەرهەمی خوێن و ئازاری میللەتەکەمان بکەین بە هەوێنی ئاشتی و تەبایی و یەکڕیزی، بۆ زیاتر بەرەوپێشچوونی ئەو ئەزموون و ئازادی و دیموکراسییەی کە لە ناوچەکەدا بوونی هەیە، کۆدەنگیمان بکەین بە بەدەستهێنانی مافە دەستوورییەکان و لەگۆڕنانی پلانی دوژمنانمان کە هەمیشە کار دەکەن بۆ سڕینەوەی خاک و شوناسمان.
لە کۆتاییدا سەڕی رێز و وەفا دادەنەوێنم بۆ شەهیدانی هەڵەبجە و گشت شەهیدانی رێگای ڕزگاریخوازانی کوردستان.
شێخ جەعفەر شێخ مستەفا
جێگری سەرۆکی هەرێمی کوردستان
16/3/2023