لە دیداری سلێمانی-یەوە مەترسییەكان و چارەسەرەكان بۆ كێشەكانی هەرێم و عیراق دەخرێنەوە

11:51 - 2023-03-16
کوردستان
278 جار خوێندراوەتەوە

دوێنێ، حەوتەمین دیداری سلێمانی دەستیپێكرد. لە دوای وتاری بەخێرهێنانی سەرۆكی زانكۆی ئەمریكی لە عیراق-سلێمانی، د.بەرهەم ساڵح، سكرتێری گشتیی نەتەوەیەكگرتووەكان، سەرۆك وەزیرانی عیراق، سەرۆكی هەرێم و نوێنەری تایبەتی سكرتێری گشتیی نەتەوەیەكگرتووەكان، وتەیان پێشكەشكرد.
دەرفەتی دۆزینەوەی رێگاچارەكان
د.بروس فێرگسۆن سەرۆكی زانكۆی ئەمریكی لە عیراق-سلێمانی، وتاری سەرەتای دیدارەكەی پێشكەشكرد و هیوای خواست حەوتەمین دیداری سلێمانی دەرفەتێك بێت بۆ گفتوگۆی تێروتەسەل و دۆزینەوەی رێگەچارەكان بۆ كێشەكان.
گەورەترین دەستكەوت
پاشان، د.بەرهەم ساڵح سەرۆك كۆماری پێشووی عیراق، لە وتەیەكدا خۆشحاڵی دەربڕی بەوەی دیداری سلێمانی دەرفەت دەڕەخسێنێت بۆ كۆبوونەوەی كەسایەتییە سیاسییەكان و پسپۆڕان، كە گفتوگۆ لەبارەی كێشە و پرسە هەستیارەكان و چۆنێتی چارەسەركردنیان دەكەن. وتیشی: پرسی خزمەتكردنی هاووڵاتیان تەوەرێكی گرنگی دیدارەكە دەبێت، بەتایبەتی كە ئەمڕۆ 20 ساڵە رژێمی پێشووی عیراق رووخێندراوە، ئەوەش گەورەترین دەستكەوتی سەدەی رابردوومان بوو، پێویستە بزانین لەو ماوەیەدا چیمان كردووە و پێویستە چی بكەین، خەڵك چاوەڕوانیی زیاتری لێمان هەیە و لەسەر هەموانیش پێویستە دەستكەوتەكانی پڕۆسەی سیاسیی عیراق بپارێزین.
ئاماژەی بەوەشكرد «ئەمڕۆ، كە یادی كیمیابارانكردنی هەڵەبجەیە لەسەر دەستی رژێمی پێشووی عیراق، هێشتا خەڵكی ئەو پارێزگایە چاویان لە خزمەتگوزاریی زیاتر و ژیانێكی باشترە».
گەندەڵی بنبڕبكرێت
هەر لە دیدارەكەدا، ئەنتۆنیۆ گۆتیرێس سكرتێری گشتیی نەتەوەیەكگرتووەكان، لە پەیامێكی ڤیدیۆییدا، تەئكیدیكردەوە كە وەك نەتەوەیەكگرتووەكان دەیانەوێت لە تەواوی عیراق و ناوچەكەدا گرنگی زیاتر بە كارەكانیان بدەن، ئەوەش بەو ئامانجەی گەندەڵی بنبڕبكرێت.
هەرێم بەهێز بێت، عیراق بەهێز دەبێت
هاوكات، محەمەد شیاع سودانی سەرۆك وەزیرانی عیراق، لە وتارێكیدا، قسەی لەسەر چەند پرسێكی گرنگ كرد و رایگەیاند: «زۆرترین كارنامەی ئەنجومەنی وەزیرانی كابینەكەم جێبەجێكراوە و كاردەكرێت بۆ بەدەستهێنانی سەقامگیریی سیاسی و ئابووری». لە ئاماژەكردنیش بە كارەساتی كیمیابارانی هەڵەبجە، وتی: «16/3 یادی كارەساتی كیمیابارانكردنی هەڵەبجەیە، كە لەلایەن رژێمی پێشووەوە بەرامبەر ئەو شارە كرا، «بڕیاری بەپارێزگاكردنی هەڵەبجە لەلایەن ئەنجومەنی وەزیرانی عیراقەوە كەمترین خزمەتە بۆ ئەو پارێزگایە».
ئەوەشی دووپاتكردەوە كە «هەرێمی كوردستان بەهێز بێت، عیراق بەهێز دەبێت، بەپێچەوانەشەوە راستە».
سەرۆك وەزیران، ئاماژەی بەوەشكرد كە رێگەنادەن عیراق ببێتە سەرچاوەی هەڕەشە بۆ هیچ لایەك و رێگەش نادەن دەستتێوەردانی دەرەكی بۆ ناوخۆی عیراق هەبێت و سنوور و سەروەریی وڵات دەپارێزن.
لە شكست و سەركەوتنەكان بەشدارین
لە بەشێكی دیكەی دیدارەكەدا، نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێم، لە وتەیەكدا بەناوی خەڵكی هەڵەبجە و هەرێمی كوردستان و عیراقەوە سوپاسی سەرۆك وەزیرانی عیراقی كرد كە زۆر دڵسۆزانە هەوڵیدا بۆ تەواوكردنی رێكارەكانی بەپارێزگابوونی هەڵەبجە. داواشیكرد «حكومەتی عیراق قەرەبووی بەركەوتووانی چەكی كیمیایی هەڵەبجە بكاتەوە و بەدەستوور ژیانێكی باشتریان بۆ بڕەخسێنێت و بودجەیەكی تایبەت بۆ هەڵەبجە تەرخان بكات». وتیشی: هەموومان پێكەوە لە شكست و سەركەوتنەكانی عیراق بەشدارین، بەرپرسیارێتیی گرنگمان لەسەرشانە بۆ بەدیهێنانی ژیانێكی شایستەتر بۆ عیراقییەكان، «داوادەكەم بەپێی دەستوور لێكتێگەیشتن لەنێوان هەرێمی كوردستان و عیراقدا هەبێت و یاسایەكی شایستە بۆ پرسی نەوت و غاز دەربكرێت».
عیراق نەیتوانیوە دیالۆگ بكاتە چارەسەری كێشەكان
پاشان، جێنین پلاسخارت نوێنەری تایبەتی سكرتێری گشتیی نەتەوەیەكگرتووەكان لە عیراق، قسەی لەسەر بارودۆخی چەند ساڵی رابردووی عیراق كرد و وتی: عیراق بە ئاڵنگاری زۆردا تێپەڕیوە، بەڵام ئێستا گەشبینین بە حكومەتی نوێی عیراق و بە هەوڵەكانی و توانای بەرەنگاربوونەوەی ئاڵنگارییەكانی هەیە، سەرۆك وەزیران دەتوانێت كاری جدی بۆ چارەسەركردنی كێشەكان و خاڵە لاوازەكان، بكات. وتیشی: گەورەترین كێشەی عیراق ئەوەیە تائێستا نەیتوانیوە دیالۆگ بكاتە چارەسەر بۆ كێشەكانی، ناشبێت هێزی چەكدار لە دەرەوەی حكومەت هەبێت، تا نەبێتە مەترسی بۆ سەر دەسەڵات.

PUKMEDIA

بابەتە پەیوەندیدارەکان