بە پینەوپەڕۆ کردن کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا چارەسەر نابێت، بەڵکو تەنها چارەسەری راستەقینە دوادەخات و کێشەکان زیاتر کەڵەکە دەبن بەسەر یەکدا و ئەمەش مەترسیدارە بۆ داهاتووی هەموو لایەک.
لە پانێلی زانکۆی ئەمریکی لە سلێمانی باسی ئەوەم کرد کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا پێویستییان بە چارەسەری بنەڕەتی و یەکجارەکی هەیە، رێکەوتن لەسەر یاسای نەوت و غاز چارەسەرە بنەڕەتییەکەیە و دەرگا بەڕووی چارەسەرکردنی کێشە هەڵپەسێردراوەکانی دیکەش دەکاتەوە.
چەندین ساڵە لەسەر بنەمایەکی هەڵە موناقشە دەکەین، گرنگ نییە کێ نەوت دەفرۆشێ، گرنگ ئەوەیە کێ باشترین سیعری پێ پەیدا دەکرێت و بە شەفافترین شێوە دەیفرۆشێت. لەئەنجامدا داهاتێکی زیاتر و بودجەیەکی شەفاف و شایستەمان دەستدەکەوێت تا بتوانین ئابووری وڵاتەکەمان ببووژێنینەوە و خزمەتگوزاری و خۆشگوزەرانی بۆ هاووڵاتیانمان دابین بکەین.