بودجە لە نوێنەرانە و کورتهێنانی قەبەی تێدایە

03:27 - 2023-03-19
ڕاپۆرت
227 جار خوێندراوەتەوە

عیراق پێویستی بە 134 ترلیۆن و 552 ملیار و 919 ملیۆن دینارە بۆ بودجەی ساڵی 2023، ئەم بڕەش لە پڕۆژەیاسای بودجەدا دیاریكراوە و رەوانەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق كراوە بۆ گفتوگۆ و پەسندكردنی.
بەپێی پڕۆژەیاساکە سەرچاوەی سەرەكی داهاتی عیراق لەرێی فرۆشتنی سێ ملیۆن و 500 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانەوەیە و بڕی نەوتی هەرێمیش لەو چوارچێوەیەدا بە 400 هەزار بەرمیلی رۆژانە دیاریكراوە، فراکسیۆنی یەکێتیش لە ئەنجومەنی نوێنەران داکۆکی لەو بڕگە و مادانە دەکات کە پەیوەستن بە ماف و شایستە داراییەکانی هەرێم و موچە و بودجە و قوتی خەڵکەوە.

عیراق نزیكەی 65 ترلیۆن دینار كورتهێنانی بودجەی هەیە
بەگوێرەی پڕۆژەیاسای بودجەكە كە وێنەیەكی دەست سایتی رەسمی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان  PUKMEDIA کەوتوە، كۆی بودجەی عیراق 134.552.919.063 دینار خەملێندراوە، لە كاتێكدا پێویستی عیراق بۆ بودجەی ئەمساڵ بە زیاتر لە 199 ترلیۆن و 22 ملیار و 111 ملیۆن دینار خەمڵێندراوە و بەو پێیە زیاتر لە  64 ترلیۆن و 469 ملیار و 192 ملیۆن دینار كورتهێنان هەیە.

100 دۆلار بە 130 دینار دیاریكراوە
سەرچاوەی سەرەكی داهاتی عیراق نەوتە و بەگوێرەی پڕۆژەیاساكە بڕی هەناردەی نەوت سێ ملیۆن و 500 هەزار بەرمیلی رۆژانەیە و لەو چوارچێوەیەشدا 400 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانە بۆ هەرێمی كوردستان دیاریكراوە.
پڕۆژەیاسای بودجەی عیراق لە 67 ماددە پێكهاتووە و تێیدا نرخی دیاریكراوی یەك بەرمیل نەوت بە 70 دۆلار خەملێندراوە و یەك دۆلاریش بەرامبەر بە 1300 دیناری عیراقی دیاریكراوە كە دەكاتە 100 دۆلار بەرامبەر بە 130 هەزار دینار.

پڕۆژەیاساکە کە ئێستا لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراقە و بڕیارە گفتوگۆ لەبارەی تەواوی بڕگەکانییەوە بکرێت، پێدەچێت ببێتە جێی مشتومڕی گەرم لەنێوان کوتلە پەرلەمانییەکان و بەتایبەت فراکسیۆنە کوردستانییەکانی ئەنجومەنی نوێنەران.
د.بڕیار رەشید ئەندامی لیژنەی ئابووری وپیشەسازی و بازرگانی لە پەرلەمانی عیراق بە سایتی رەسمی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان PUKMEDIAی راگەیاند "فراکسیۆنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان هەمیشە هەوڵیداوە ئەو بڕگانەی لە پڕۆژەیاسای بودجەدا کە پەیوەندیدارە بەهەرێمی کوردستانەوە داکۆکی لێبکات، بەتایبەتیش لە بودجەی 2023 کە گەورەترین پڕۆژەیاسای بودجەی عیراقەو  تایبەتتریش ئەو بڕگانەی پەیوەستە بە ماف و شایستە داراییەکان و مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمەوە.
وتیشی، "زۆر گرنگە لەبابەتی پەیوەست بەقوت و مووچەی هاوڵاتیان سەرجەم فراکسیۆنەکان یەکگرتوو بن، وەک چۆن هەمیشە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بۆ ئەو پرسە هەوڵیداوە".

چۆنێتی دەستنیشانکردنی پشکی هەرێم لە بودجە
لەو 67 مادەیەی پڕۆژەیاسای بودجە مادەکانی 12، 13، 14، تایبەتن بەهەرێمی کوردستان و میکانیزمی مامەڵەکردنی دارایی و نەوتی و حەقبەشی هەرێم لە بودجە و شایستە داراییەکان.
لە مادەی 12ی پڕۆژەیاساکەدا هاتووە کە پشکی هەرێمی کوردستان دەستنیشانکراوە لە کۆی خەرجی راستەقینە کە لە لایەن وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵەوە خەرج دەکرێت، بەڕەزامەندی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانی عیراق.
بەشێک لە خەرجی سیادی کە لە پڕۆژەیاساکەدا هاتووە، تێیدا پشکی هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان بەپێی رێژەی دانیشتوان، لەبڕی تەرخانکراوی هێزە زەمینیەکانی سوپای عیراق دەستنیشانکراوە.

شایستە داراییەکانی نێوان حکومەتی فیدراڵی و هەرێم سفر دەکرێتەوە
لە مادەی 13ی پڕۆژەیاساکەدا میکانیزمەکانی چارەسەرکردنی کێشە داراییە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان هەرێم و بەغدا دەستنیشاندەکات، لە بڕگەی یەکی ئەو مادەیەدا هاتووە، کە شایستە داراییەکانی نێوان حکومەتی فیدراڵی و هەرێم سفر دەکرێتەوە بۆ ساڵەکانی 2004 تا 2022، دوای وردبینیکردنی لە لایەن دیوانی چاودێری دارایی هەرێم و بەغداوە.
لە بڕگەی دووەمدا دەڵێت: پێویستە حکومەتی هەرێم مانگانە 400 هەزار بەرمیل نەوت هەناردە بکات، هەروەها پابەند بێت بە رادەستکردنی داهاتە نانەوتییەکان بەگەنجینەی بەغدا.

داهاتی نەوتی هەرێم لە یەک هەژماری بانکیدا کۆدەکرێتەوە
لە مادەی 14 دا دەڵێت: هەموو داهاتەکانی فرۆشتنی نەوتی هەرێم لە یەک هەژماری بانکیدا کۆدەکرێتەوە، ئەم هەژمارەش لەژێر چاودێری حکومەتی فیدراڵیدا دەبێت و هەموو هەژمارەکانی تر دادەخرێت، دیوانی چاودێری دارایی بەغداش بەهەماهەنگی دیوانی چاودێری دارایی هەرێم وردبینی لەم هەژمارە بانکییەدا دەکات.
بڕگەی 7 لە مادەی 14 دەڵێت: لە کاتی هەر ناکۆکییەکدا لەسەر هەر بڕگەیەکی هەم پڕۆژەیاسایە لە نێوان هەردوو حکومەتی هەرێم و بەغدا، لیژنەیەکی هاوبەش پێکدەهێنرێت بۆ چارەسەرکردنیان.
لە بابەتی ئەو قەرزانەی حکومەتی عیراقی دەیکات هاتووە، قەرزکردن لە ئاژانسی جایکا_ی ژاپۆنی بەردەوام دەبێت و لەو چوارچێوەیەشدا 46 ملیۆن دۆلار بۆ پڕۆژەکانی ئاوو ئاوەڕۆ لەهەرێم تەرخان دەکرێت.
PUKMEDIA

بابەتە پەیوەندیدارەکان