ساڵیادی دامەزراندنی دەنگی گەلی کوردستان

10:39 - 2023-03-20
کەلتور
1205 جار خوێندراوەتەوە

جەمال سەرگەتی


چل و چوار ساڵ بەسەر دامەزراندنی رادیۆی دەنگی گەلی کوردستان، کە بە رادیۆی دایک ناوبانگی دەرکردووە تێپەڕ دەبێت، لەماوەی تەمەنیدا توانیویەتی لەسەرجەم بوارەکانی ژیان ئەم رادیۆیە خزمەتی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان بکات و ئێستاشی لەگەڵ بێت پەخشی 24 سەعاتەی هەیە و تێیدا بە دەیان رۆژنامەنووسی ژن و کچ و کوڕ کاری تێدادەکەن.
بەرێوەبەری رادیۆکەش ئاماژە  بۆ ئەوە دەکات ئامانجی سەرەکی رادیۆی دەنگی گەلی کوردستان خزمەتکردنی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستانە، کە هەمیشە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بەو ئامانجەوە کاری کردووە رادیۆش هەمان ئامانجی یەکێتی پەیڕەو دەکات.



سەرەتا بە ناوی دەنگی شۆرشی عیراق دامەزراوە  
دڵبەند مستەفا بەڕێوەبەری رادیۆی دەنگی گەلی کوردستان ، بە کوردستانی نوێی راگەیاند، رادیۆی دەنگی گەلی کوردستان لە 20-3-1979  لە گەرمەی شۆڕشی نوێدا لەلایەن یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانەوە  لە شاخ دامەزراوە، هەر لە سەرەتاوە تاوەکو ئێستا رادیۆکە بە چەندین قۆناغدا تێپەڕیوە، سەرەتا بە ناوی دەنگی شۆرشی عیراق دامەزراوە  و داوتر ناوەکەی کراوە بە دەنگی گەلی کوردستان و هەتا ئەمڕۆ هەر ئەو ناوەی هەیە، لە راپەڕینی ساڵی 1991دا رادیۆی دەنگی گەلی کوردستان رۆڵێکی سەرەکی بینی لە سەرکەوتنی راپەرینی گەلی کورد، بەوەی هانی جەماوەری گەلی کوردستانی دەدا بۆ ئەوەی راپەرین بە سەرکەوتووی بکرێت، سەرجەم چالاکییەکانی پێشمەرگەی بڵاودەکردەوە.
ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد ئێستا دەنگی گەلی کوردستان لە قۆناغێکی نوێی کارکردندایە و خۆی هەوڵی داوە لەگەڵ تەکنەلۆژیای سەردەم خۆی بگونجێنێت، بە جۆرێک بتوانێت بەرنامەکانی لە رێگەی سۆشیال میدیاوە بگەیەنێت بە هاووڵاتیانی هەر چوار پارچەی کوردستان و تەنانەت ئەوروپاش، بۆیە ئێستا بینەر و گوێگری تایبەت بە خۆی هەیە.

لە سەرتاسەری هەرێمی کوردستان
بەڕێوەبەری رادیۆی دەنگی گەلی کوردستان ئەوەشی وت، لە ئێستادا رادیۆ خاوەنی دەیان بەرنامەی کۆمەڵایەتی و سیاسیی و هونەری و کەلتوری و تەندروستی و وەرزشییە، کە کەسانی شارەزا لە بوارەکاندا بەرنامەکان پێشکەش دەکەن،  هەروەها  لە رادیۆکەدا بە دەیان رۆژنامەنووسی بەتوانا کار دەکەن و خزمەتی کۆمەڵانی کوردستان دەکەن، لە رابردووشدا رادیۆی دەنگی گەلی کوردستان توانیویەتی بە دەیان رۆژنامەنووسی بەتوانا پێبگەیەنێت بە جۆرێک لە دەزگا راگەیاندنەکانی تری هەرێمی کوردستان ئێستا کار دەکەن.

ئێستا رادیۆ زۆر جیاوازە
هاوژین کامەران رۆژنامەنووسێکی کچی ناو رادیۆی دەنگی گەلی کوردستانە، ئەو لەماوەی کارکردنیدا توانیویەتی لەسەرجەم کایەکانی ناو رادیۆ کار بکات و ئێستاش بێژەر و پێشکەش کار و هەواڵسازە لەناو رادیۆکەدا، وتی: لە چل و چوارهەمین ساڵیادی دامەزراندنی رادیۆی دەنگی گەلی کوردستاندا پیرۆزبایی خۆم ئاڕاستەی بەڕێوبەر دەکەم، هاوکات پیرۆزبایی لە سەرجەم هاوڕێ و هاوکارانم دەکەم لە دەنگی گەلی کوردستان هیوای سەرکەوتنیان بۆ دەخوازم.
رادیۆی دەنگی گەلی کوردستان خاوەنی زیاتر لە پانزدە بەرنامەیە و بەشێکی زۆری بەرنامە و هەواڵەکانی رادیۆ بەشێوەی راستەوخۆ پێشکەش دەکرێن و کەسانی پسپۆری بوارەکان میوانداری دەکات و لەگەڵ ئەوەشدا لە تەواوی هەرێمی کوردستان و تەنانەت هەر چوار پارچەی کوردستان پەیامنێری هەیە و رۆژانە لە رێگەی پەیامنێرەکانییەوە هەواڵ و کارو چالاکیەکان بڵاودەکەنەوە.

بابەتە پەیوەندیدارەکان