پڕۆژەیاسای بودجەی ئەمساڵ ئامادە دەكرێت؟

09:31 - 2022-04-20
ئابووری
853 جار خوێندراوەتەوە

لەنێوان یاساناسان و پەرلەمانتاران، بۆچوونی جیاواز هەیە لەبارەی توانای حكومەتی كاربەڕێكەری ئێستای عیراق، لە ئامادەكردن و پێشكەشكردنی پڕۆژەیاسای بودجەی گشتیی ئەمساڵ.
سەرەتای ئەم هەفتەیە، لیژنەی یاسایی لە ئەنجومەنی نوێنەران تەئكیدیكردەوە: دەكرێت لە سایەی حكومەتی كاربەڕێكەردا، یاسای بودجەی ساڵی 2022 پەسەند بكرێت، روونیشیكردۆتەوە: ئێستا ئەنجومەنی نوێنەران كار لەسەر دۆزینەوەی شێوازێكی یاسایی دەكات، بۆ تێپەڕاندنی یاساكە.
لەوبارەیەوە، محەمەد عەنوز ئەندامی لیژنەی یاسایی لە ئەنجومەنی نوێنەران، بە ماڵپەڕی (PUKmedia)ی راگەیاندووە: یاسای بودجە پرسێكی گرنگە، چونكە پەیوەندیی بە ژیان و گوزەرانی هاووڵاتیانەوە هەیە، هەر ئەم گرنگییەش وا لە نوێنەران دەكات، دەرچەیەك بدۆزێتەوە بۆ چارەسەری پرسی حكومەتی كاربەڕێكەر و گەیشتن بە شێوازێكی گونجاو بۆ ئامادەكردنی پڕۆژەیاسای بودجە.
ئاماژەی بەوەشداوە: ئێستا گفتوگۆ هەیە لەبارەی چارەسەرەكان و بوونی پاڵپشتیی دەستووری و یاسایی لە یاسای ئیدارەی داراییدا، هەروەها گفتوگۆكردن لەبارەی ئەو دۆخەی کە وڵات تێیكەوتووە، بەهۆی بە بنبەست گەیشتنی گفتوگۆی لایەنە سیاسییەكان و دۆزینەوەی چارەسەرێك بۆ ئەو دۆخە.
ئەو پەرلەمانتارە روونیدەكاتەوە: دەستەواژەی «كاربەڕێكەر» لە پەیڕەوی ناوخۆی ئەنجومەنی وەزیراندا باسی لێوەكراوە و ئەم حكومەتە دەتوانێت سەرجەم كارەكانی جێبەجێ بكات، جگە لە پێشكەشكردنی پڕۆژەیاساكان نەبێت، روونیشیكردەوە: حكومەتی كاربەڕێكەر لە سەرووی یاسای ئیدارەی دارایی و دەستوورەوە نییە.
هاوكات، د.عەلی تەمیمی شارەزا لە یاسا، بە ماڵپەڕی (PUKmedia)ی  راگەیاندووە: لە مادەی (62)ی دەستووردا هاتووە، پێویستە لەسەر حكومەت لە پێش پەسەندكردنی یاسای بودجە، ژمێرەی كۆتایی پێشكەشی نوێنەران بكات، هەروەها مادەی (8) لە یـاسای ئیدارەی دارایی ژمارە (6)ی ساڵی 2019، هەردوو وەزارەتی دارایی و پلاندانان پابەندكراون لەسەر ئەوەی سەرەتای مانگی ئەیلولی هەموو ساڵێك، پڕۆژەیاسای بودجە ئاڕاستەی ئەنجومەنی وەزیران بكەن.
راشیگەیاند: هەر لە یاساكەی سەرەوەدا و لە مادەی (11)دا ئیدارەی دارایی ئەنجومەنی وەزیرانی پابەند كردووە، لەسەر ئەوەی كە لە دوای وەرگرتنی پڕۆژەیاسای بودجە و گفتوگۆكردن لەبارەیەوە، تا ناوەڕاستی مانگی تشرینی یەكەم، پڕۆژەیاساكە پێشكەشی نوێنەران بكات، هەروەها مادەی (13) باسی لەوەكردووە: لە ئەگەری پەسەندنەكردنی بودجە تا رۆژی (31)ی كانوونی یەكەم، ئەوا وەزیری دارایی رێنمایی دەردەكات بەخەرجكردنی رێژەی 1/12 لەكۆی خەرجییەكان.
باسی لەوەشكردووە: پێویستە یاسای بودجە پەسەند بكرێت، چونكە پەیوەستە بە ژیانی خەڵكەوە، هەرچەندە حكومەتی كاربەڕێكەر مافی نییە پڕۆژەیاسای بودجە  ئامادەبكات، بەڵام بەرژەوەندیی باڵا و ئاسایشی خۆراك كە لە ئەركە لە پێشینەكانی حكومەتە، پێویست دەكات حكومەتی كاربەڕێكەر یاساكە ئامادەبكات.

#بودجە

بابەتە پەیوەندیدارەکان