قۆناغی یەكەمی دیداری یەكێتی لە بادینان

08:34 - 2022-03-13
کوردستان
273 جار خوێندراوەتەوە

دوێنێ، یەكەم كۆبوونەوەی فراوانی لیژنەی باڵای دیداری یەكێتی لە دهۆك بەڕێوەچوو.

لە رێوڕەسمەكەدا، كە ژمارەیەك لە هەڤاڵانی لیژنەكانی دیداری یەكێتی و ئەندامانی سنووری بادینان بەشداربوون، سەرەتا ئاراس محەمەد ئاغا ئەندامی لیژنەی دیداری یەكێتی، لە وتەیەكدا ئامانج و مەبەستی دەستپێكی دیداری یەكێتی لە بادینان روونكردەوە و تەئكیدیكردەوە لەسەر ئەوەی كە هەڵبژاردنی بادینان بۆ یەكەمین كۆبوونەوەی فراوان و كۆبوونەوەی لیژنەكان، ئاماژەیەكی روونە بۆ بایەخدانی یەكێتی بە بادینان و بایەخی بادینییەكانیشە بۆ دیداری یەكێتی.

پاشان، ستران عەبدوڵڵا ئەندامی لیژنەی باڵای دیداری یەكێتی، لە وتەیەكدا تیشكی خستەسەر گرنگیی دیداری یەكێتی بۆ یەكێتی و پڕۆسەی سیاسیی بەشێوەیەكی گشتی و وتی: ئامانجی گشتی دیداری یەكێتی، نوێكردنەوە و چاكسازییە لە شوناس و كارنامەی سیاسیی یەكێتی لە هەموو بوارەكاندا، وتیشی: وەكو چۆن هەڤاڵ مام جەلال لە پەرتوكی (یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بۆچی؟) هێڵە گشتییەكانی زەرورەتی بوونی یەكێتی لە گۆڕەپانی خەباتی سیاسی بۆ یار و نەیار روونكردۆتەوە، لە سەردەمی خەباتی رزگاریی نیشتمانی و خەباتی چەكداری و ئێستاش (دیداری یەكێتی) وێستگەی هەموو یەكێتییەكان و دڵسۆزانە بۆ گفتوگۆكردن و نوێكردنەوەی یەكێتی.

هەر لە رێوڕەسمەكەدا، د.یوسف گۆران ئەندامی لیژنەی باڵا، لەوتەیەكدا وێڕای پیرۆزبایی یادی ڕاپەڕین، باسی ئەوەی كرد كە راپەڕین وێستگەیەكی گرنگی خەباتی رزگاریی نەتەوەییە، كە نەك بەبێ بوونی یەكێتی لە گۆڕەپانەكەدا رووینەدەدا، بەڵكو راپەڕین بەری خەبات و تێكۆشانی یەكێتییەكانە، كە بادینییەكان رۆڵی سەرەكییان تێیدا هەبووە. وتی: ئێستاش دیداری یەكێتی و دەستپێكردنی كۆبوونەوە فراوانەكانی لە بادینانەوە، ئاماژەیەكە بۆ گرنگیی سنوورەكە بۆ یەكێتی و ئەو گرنگییەشی یەكێتی بەتایبەتی بە بادینان و بادینییەكانی دەدات.

بابەتە پەیوەندیدارەکان