مێژووی شیعری كوردی

11:56 - 2023-03-29
کەلتور
1391 جار خوێندراوەتەوە

گوڵزار حەمە فەرەج


مێژوو خۆی لە خۆیدا گێژاوێكە و تێكەوتنی ئاسانە، بەڵام دەربازبوون لێی ئاسان نییە. دیارە گەلی بێ دەوڵەت نەك تەنیا مێژووی شیعری، بەڵكو كەلتوریشی دەستی بەسەردادەگیرێ و ناتوانێت خۆی لە گۆڕەپانەكەدا بسەلمێنێ، ئەوە ئەو خەمەیە كە لە دوای میدیاوە كورد پێوەی دەناڵێنێت، بەڵام  سوپاس بۆ ئەدیبان و  شاعیران و مێژوونووسانی كورد كە كۆڵیان نەداوە و بەردەوام لە هەوڵی ساغكردنەوەی  رابردووماندا بوون. ئەگەر چاوێك بخشێنین بە مێژووی شیعری كوردیدا دەبینین یەكەم شاعیری كورد بابە رۆخی هەمەدانییە یەكەم كەس بووە لە ساڵی 841 ی زایینی بە زمانی شیرینی كوردی شیعری نووسیوە .
 دوای ئەو بابە تاهیری هەمەدانی و  چەند خاتوونێكی  شاعیر هەبوون  وەك جەلالە خانمی لوڕستانی و لەزا خانمی جاف و رێحانە . دوای ئەوانیش فەقێ تەیران دێت رەخنەگرێكی سیاسی بووە و مەبەستەكەی بە شیعر ئاراستەی میر و دەسەڵاتدارانی سەردەمی خۆی كردووە. شیعرەكانی لە چوارچێوەی پرسیار و وەڵامدا بووە، ئەو سەردەمە وابووە شاعیران بۆ مەبەستی  گەیاندنی پەیامەكانیان  لەسەر زاری شتێكی ترەوە دواون، پاش ئەوان  میری شاعیرانی كورد ئەحمەدی خانی هاتووە كە خاوەنی داستانی مەم و زینە و وێڕای عیشق، باسی سەردەمی سیاسی و ژیاری خۆی كردووە و دەستی بۆ زامەكانی كورد بردووە، هێندە شیعرەكانی كاریگەر بوون رەخنەگرانی قەوقازی گرنگیان پێداوە. شاعیری گەورەی روسی میخائیل لیرمەنتۆڤ لە ژێر كاریگەریی ئەحمەدی خانیدا شیعری نووسیوە و شیعری شەیتانی لیرمەنتۆڤ  ئیلهامی لە مەم و زین وەرگرتووە.

 نالی و شیعرەكانی
پاش ئەوان نالی دێت شیعرەكانی لە قووڵایی فەلسەفەدا نووسیوە  و زۆر زمانێكی  رەوانی هەبووە، بێگومان ئەوە نیشانەی كاریگەری شیعرە لەسەر هزری مرۆڤایەتی، چونكە شیعر لە قاڵب نادرێ و دەكرێت لەهەر كات و زەمانێكدا و لەهەر بۆنە و نابۆنەیەكدا قسەی خۆی بكات و كاریگەریی هەبێت، بیرمان نەچێت  لە هەموو زمانەكانیشدا پەخشانیش هاوشانی شیعر هاتووە و خۆی پیشانداوە، بەڵام تا ئێستاش هەر شیعر بە پێشرەوی ئەدەبی گەلان ماوەتەوە. لێرەدا بە پێویستی دەزانم مێژووی شیعری وڵاتانی دونیاش وەك بیر هێنانەوەیەك بخەمەڕوو وەك هاوشانییەك بۆ شیعری كوردی. شیعری فارسی و مێژووەكەی دەگەڕێتەوە بۆ سەدەی نۆیەمی زاینی واتە 1200 ساڵ پێش ئێستا هەندێك لە فارسەكان بابا تاهیری هەمەدانی بە باوكی شیعری فارسی دەزانن هەر لەو دیدەشەوە بابە تاهیر بە فارس دەژمێرن و ناتوانن دان بە كوردبوونی بابە تاهیردا بنێنن. رودەكی و دەقیقی  دو شاعیری كۆنی فارسن و  دوای ئەوان فردەوسی دێت لە شانامەدا ئەسپی خۆی تاوداوە. مێژووی شیعری ئینگلیزیش یان رونتر بڵێم زمانی لاتینی و زمانی وێڵز و ئێرلەندی كۆن و ئەنگڵۆساكسۆنی دەگەڕێتەوە بۆ سەدەی شەشەمی میلادی كە لە چوارچێوەی بەیت و ستایشی دینی و گێڕانەوەی داستانەكاندا دەسوڕایەوە، مێژووی شیعری فەرەنسی دەگەڕێتەوە بۆ سەدەی  9ی زایینی كە ئەویش هەر لە دەوری گۆرانی سوڕاونەتەوە و  دەما و دەم گێڕاویانەتەوە  دواتر جیا كراونەتەوە پاشان شاعیران رۆمانسییەت و چیڕۆكەشیعر و ئەفسانە و شیعریان لێك جیاكردۆتەوە.

مێژووی شیعری هیندی
 شیعری هیندی مێژووەكەی دەگەڕێتەوە بۆ هەزارەی پێش زایین كە دوو داستانی بەرچاویان هەبووە كە دەستپێشخەربوون لە داهێنانی شیعردا وەك رامایانا و ماهابهاراتا كە بەزمانی سانسكڕێتی كۆن  نووسراون هەتا ئێستا مێژوو بۆی ساغ نەبۆتەوە ئایا هۆمیرۆسی یۆنانی یەكەم شاعیری مێژوو بووە یان مەهابهارتای هندی چونكە  ماهابهاراتا  خاوەنی  سەد هەزار بەیتە و درێژترین دەقی مێژووییە، مێژووی شیعری یۆنانی دەگەڕێتەوە بۆ سەدەی حەوتەمی پێش زایین كە ئەستێرەی سەردەمی خۆی هۆمیڕۆس بووە بە هەر دوو شاكاری ئەلیادە و ئۆدێسا كە ئەو دوو جەنگاوەرە لەشەری تەڕوادەدا رۆڵی كاریگەریان هەبووە هۆمێرۆس مێژووەكەی بە شیعر پاراستوون،  دواتر جۆری  تری شیعر نووسین كە داستانەكانی  یۆنانیان تۆمار كردووە یان شیعرین بۆ گۆرانی بەكارهێناوە و بە ئاواز دەریان بڕیوە.

قاڵبەكانی شیعری جیهانی
بەپێویستی دەزانم تیشكێك گەر بچووكیش بێت بخەمە سەر قاڵبەكانی  شیعری جیهانی وەك بەرچاوڕوونییەك، یەكەم سۆنێت یاخود لیریك كە یۆنانییەكان و ئینگلیزەكان  بەو قاڵبە شیعریان نووسیوە، هایكۆ قاڵبێكی شیعری ژاپۆنییە  لە سێ دێڕ پێك دێت هایكۆ خاڵیە  لە فەلسەفە و  فكر و بیركردنەوە و بە سادەیی باسی شێتك دەكات و ئاسان  مانا  و مەبەست دەدات بەدەستەوە. 
نووسەر كاوە شێخ سەلام لێكۆڵینەوەیەكی ورد و چڕ و پڕی كردووە بۆ مێژوویی شیعری كوردی هەر لە سەدەی حەڤدەی زایینییەوە قۆناغ بە قۆناغ چەندین شاعیری جیهانی و كورد و عەرەب و فارس و هەموو نەتەوەكانی دونیا ئەسپی خۆیان لە گرنگترین ژانری ئەدەبدا كە شیعرەو زمانحاڵی نەتەوەكانە  تێدا تاو داوە و خەم و  باری سیاسی  و ژیاری و كۆمەڵایەتی هەموو بوارەكانی ژیانیانی باس كردووە. بەندەش  لەبەر گرنگی ژانرەكە بە پێویستم زانی ئەم خوێندنەوەیە بكەم بۆ ئەم مێژووە.

بابەتە پەیوەندیدارەکان