جێگر خدر
دوای زیاتر لە دوو دەیە چاوەڕوانی، جارێکی دیکە یانەی وەرزشی رانیە گەڕایەوە خولی نایابی کوردستان.
ئەمڕۆ دوای یەکسانبوونی یانەی رانیە و سێمێل بە گۆڵێک بۆ ھەردوولا، لە نێو یاریگەی ئازادەڕەش و بە ئامادەبوونی ھەزاران ھاندەر، رانیە خولی پلەیەکی جێھێشت و رووی کردە خولی یانە نایابەکانی کوردستان.
لە دەڤەری راپەڕین، ھاوشێوەی ساڵانی ھەشتا و نەوەدەکان، ئەم ساڵانەی دوایی وەرزش بەتایبەتی تۆپی پێ، لەوپەڕی خرۆشان و لە گوڕوتینی خۆیدایە، سەرکەوتنی پارساڵی چوارقوڕنە و ئەمساڵی رانیە زیاتر جۆشی داوەتە بوارەکە.
لە دواھەمین گەڕی ئەم وەرزەی خولی تۆپی پێی کوردستاندا، ھەولێر بە کۆکردنەوەی 34 خاڵ پلەی یەکەم و رانیەش بە 31 خاڵ پلەی دووەمی بەدەستھێنا و راستەوخۆ سەرکەوتن، لە نێو ریزبەندی کۆتایی خولی پلەیەکەکانی کوردستان، یانەی سلێمانی پلەی سێیەمی بەدەستهێناوە و ھێشتا ھیوای گەیشتن بە نایابی لە دەست نەداوە، یاری پاشکۆ لەگەڵ خاوەن پلەی 14ـی خولی نایاب دەکات.
فۆتۆ: محەمەد موراد ئاکۆیی