رەوەست نەوزاد
دوێنێ، ساڵۆنی لاپەڕە نۆی ناوەندی هەولێری مەكتەبی راگەیاندنی یەكێتی، كۆڕێكی بەناونیشانی (راپەڕین لە دیدی بەشداربووان) بۆ هەردوو پێشمەرگەی دێرینی یەكێتی (جەلال ئیلینجاغی، د.عەبدلواحید ئیدریس) رێكخست بۆ قسەكردن سەبارەت بە رووداوەكانی راپەڕینی هەولێر لە 11/3/1991.
لە كۆڕەكەدا، جەلال ئیلنجاغی پێشمەرگەی دێرین، باسی لە قۆناغەكانی راپەڕینی شارەكە كرد و وتی: لەگەڵ نزیكبوونەوەی راپەڕینی سنووری هەولێر، كاك كۆسرەت، وەك فەرماندەیەك بەدوایدا ناردم و پێیوتم: هیممەت بكەن و بڕۆن بۆ سنووری هەولێر، ئەوەبوو بە هاوكاریی خەڵكی ئازا و قارەمانی شارەكە تەواوی سنوورەكە لە پیاوان و دامودەزگاكانی بەعس پاككرانەوە و هەولێر بەتەواوی ئازادكرا.
هەروەها، د.عەبدولواحید ئیدریس، لە وتەكانیدا، تیشكی خستەسەر رووداوەكانی راپەڕینی هەولێر و رایگەیاند: راپەڕین و رووداوەكانی زۆر پیرۆزن، ئامانجەكانی تاڕادەیەك بەدیهاتوون، ئەوەشی زۆر گرنگە بكرێت ئەوەیە هەڤاڵان و پێشمەرگە ئازاكانی ئەو سەردەمە پێویستە بەشێوەیەكی ئەكادیمی ئەو مێژووە جوانە وەك خۆی بنووسنەوە.