ئەڵمانیا مەترسییەكانی بەڵتیك دەڕەوێنێتەوە

06:44 - 2022-04-21
ڕاپۆرت
1108 جار خوێندراوەتەوە

بورهان ئەمین، ئەڵمانیا

ئەنالینا باربۆك وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا لە سەردانێكیدا بۆ وڵاتانی بەڵتیك كە لیتوانیا، لاتڤیا و ئیستیۆنیا دەگرێتەوە، هاوكاری و پشتیوانی وڵاتەكەی بۆ ئەو وڵاتانە لە مەترسی هەر هەڕەشەیەكی دەرەكی دووپاتكردوە و جەختیشیكردەوە لەسەر هاوكاریی ئۆكرانیا ‌و ناردنی پارە و چەك بۆ حكومەتی كیێڤ لە دژی سوپای روسیا.
ئەنالینا باربۆك لە سەردانەكەیدا بۆ ئەو وڵاتانە، پەیامی حكومەتی ئەڵمانیایان پێڕادەگەیەنێت، لە بەردەوامیی پاراستن و قەرەبووكردنەوەی دۆستەكانیان لە مەترسی داگیركاری و جەنگ.
بەر لە سەردانەكەی، وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا لە بەردەم میدیاكاندا وتی: ئەڵمانیا یەكێكە لە وڵاتە سەركردەكانی هاوپەیمانی ناتۆ، بۆیە دەبێت بەرگری لە هەر بستێكی خاكی وڵاتانی ئەندامی ناتۆ بكەین و داكۆكی لە هاوهەڵوێستی و یەكگرتویی ناو یەكێتیی ئەوروپاش بكەین، كە كۆڵەكەی ئاشتەوایی و پێكەوەژیان و پیشكەوتنە. 
بەپێی بەیاننامەی وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمانیا، سەردانەكەی ئەنالینا باربۆك سێ رۆژ دەخایەنێت ‌و لەمیانەیدا لەگەڵ وەزیرانی دەرەوەی ئەو سێ وڵاتە ‌و بەرپرسانی تریان كۆدەبێتەوە. بەرنامەی دیدارەكانیشی بریتی دەبن لە روونكردنەوە و پێداگریی هەڵوێستەكانی ناتۆ و یەكێتیی ئەوروپا لە بەرامبەر روسیا و مەسەلەی تری تایبەت بە سیاسەتی نێودەوڵەتی و ئەوروپی و ئەو بابەتانەی پەیوەندییان بە دۆستەكانیانەوە هەیە.
لە بەیاننامەكەدا هاتووە، وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا لە پلانیدایە سەردانی سەرۆك وەزیرانی هەر سێ وڵاتەكە و سەنتەری پەیوەندییە ستراتیژییەكانی سەر بە ناتۆ و هێزەكانی بەرگریی هاوپەیمانییەكە  بكات و ژمارەی سەربازانی ئەو هێزە لە 1200 سەربازی ئەڵمانیا و نەرویج و وڵاتانی تر، زیادبكات بۆ 1600 سەرباز. لە بەرنامەشیدایە كۆبوونەوەی تایبەت لەگەڵ نوێنەرانی كۆمەڵگەی مەدەنی و چەندین بەرپرسی دیكەی سیاسی و سەربازی لە پایتەختی ئەو وڵاتانە بكات. 

سەرچاوە: Tagesschau

#ئەڵمانیا

بابەتە پەیوەندیدارەکان