پ.ی.د.كاروان محەمەد حەسەن *
چەمك و پێناسەی سیمیۆلۆژیا
سیمیۆلۆژیا وەک (سۆسێر) ئاماژەی پێداوە، پێكهاتەی وشەی یۆنانی (semeion) كە بەواتای هێما دێت، و (Logos) بەواتای گوتار دێت، بەهەمانشێوە ئەم وشەیە لە زانستەكانی سۆسیۆلۆژی و ئایناسی و بایۆلۆژی و ئاژەڵناسی و پزیشكی و...هتد، بەكاردەهێنرێت. درێژەپێدەری وشەی (Logos) بە واتای زانست دێت، بۆیە دەتوانین بڵێین سیمیۆلۆژیا پەیوەندیی بە زۆرێک لە لایەنەكانی ژیانی مرۆڤایەتییەوە هەیە، وەك فەلسەفە و لۆژیك و مرۆڤناسی و پزیشكی و زمان و ئەدەب و هونەر و ...هتد، ئاسۆیەكی نوێی لەبەردەم توێژەراندا كردەوە كە لە گۆشەنیگای جۆراوجۆر بۆ بەرهەكانی مرۆڤایەتی بڕوانن. بۆ نموونە لە كۆندا لە بواری زانستی پزیشكیدا بەكارهێنراوە، بریتی بووە لە نیشانەكانی هەر نەخۆشێك كە لە نەخۆشەكاندا بەدی دەكرا، بەهۆیانەوە پزیشكەكان جۆری نەخۆشییان دەستنیشان دەكرد. ئەگەر ناساندن بۆ وشەی سیمیۆلۆژیا بكەین، بە واتای زانستی ئاماژە دێت، بۆیە دەتوانین بڵێین ئەو زانستەیە كە لە هەناوی ژیانی كۆمەڵایەتیدا لە پەیوەندیی ئاماژەكان دەكۆڵێتەوە.
سیمیۆلۆژیا میتۆدێكی رەخنەییە بۆ راڤەكردن و دامەزراندنی پەیوەندیی نێوان ئاماژە و زمان، خوێندنەوەی ئەو ئاماژانەیە كە لەناو زماندا كاردەكەن، بۆیە یەكێك لەو لایەنە گرنگانەی ئەمڕۆ لە بواری رەخنەی ئەدەبی و هونەریی و میدیایدا بایەخی پێدەدرێت. ئەمەش قووڵبوونەوەیەكی راڤەییە لە ئاستێكی رووكەشییەوە بۆ ئاستێكی قووڵی واتایی، بڕواننە كۆی بەرهەمەكان.
رەنگە سادەترین پێناسە بۆ سیمیۆلۆژیا ئەوەبێت كە بریتییە لە «خوێندنەوەیەكی سیستماتیكی بۆ تەواوی ئەو فاكتەرانەی كە كاریگەرن لە پێكهاتن یاخود راڤەی نیشانەكان یان كرداری دەلالەت، سیمیۆلۆژیا وەكو زانستێكی فرە لق گرنگییەكی تایبەتی دەدات بەو مەسەلانەی كە پەیوەستن بە پەیوەندیكردن و واتا و شێوەكەیان لە سیستمە نیشانەییە جیاوازەكاندا».
سیمیۆلۆژیا زانستی نیشانەكان و میكانیزمی لێكدانەوەیە، زانستی نیشانەكانیش لەمڕۆدا بۆتە زانستێكی سەربەخۆ لە لێكدانەوەی گوتارەكاندا، چونكە میتۆد و زانستێكە پۆلێنی نیشانەكان دەكات، ئیدی سروشتی بن، یان دروستكراوی دەوروبەربن و بەپێی كۆد و كۆنتێكست و...هتد، شرۆڤەیان دەكات.
سیمیۆلۆژیا بەگشتی لەكاركردندا دوو ئاراستە دەگرێتەوە، ئاراستەی دەرەوە كە گرنگی دەدات بە شتە دیارەكان، وەكو نیشانە دێتە بەرچاو، ئاراستەی ناوەوە كە لە واتا و چەمكە شاراوەكانی پشت شتی یەكەم دەكۆڵێتەوە. بۆیە سیمیۆلۆژیا زانستێكە لە سیستمە نیشانەییەكان دەكۆلێتەوە وەكو زمانەكان، كۆدەكان، سیستمە ئاماژەییەكان و ئەوانی تر، لەسەر بناغەی ئەم ناساندنەی زمان بەشێكە لە سیمیۆلۆژیا.
(سۆسێر) سیمیۆلۆژیای بە بەشێك لە سایكۆلۆژیای كۆمەڵایەتی لە قەڵەمداوە و بەو زانستەی زانیوە كە نیشانەكانی ناو ژیانی كۆمەڵایەتی دەكات بە كەرەستە، ئەمەی كە (سۆسێر) سیمیۆلۆژیای بە سایكۆلۆژیا و ژیانی كۆمەڵایەتییەوە بەستۆتەوە، بۆچوونی تایبەتی خۆی دەربارەی نیشانە و چۆنێتی كاركردنی نیشانە دەگرێتەوە. ئەمەش پەیوەستە بە كۆی ژیانی مرۆڤایەتی كە سەرەپا پێكهاتووە لە پەیوەندی ئاماژەیی، بنچینەی ئەم پەیوەندیكردنە پێكهاتووە لە گەیاندن، واتە نێردراوی بنەڕەتی بۆ پەیوەندیكردنی مرۆڤەكان دروستدەكەن، پێكهاتەی ئەو نێردراوانە هەرچۆنێك بن، بیستراو، بینراو و بیستن، بۆنكراو، جووڵە...هتد. بۆ تێگەیشتن لەم پەیوەندییانە پەنا دەبرێتە بەر زانستی ئاماژەكردن.
دال و مەدلوول
ئاماژە(Sign) خۆی دەبێتە دووبەش: دال (Signi Fier) و مەدلوول (Signi Fied)، لە زمان و فەلسەفەدا باس لە مەسەلەی ئاماژە و دال ومەدلوول كراوە. لە زماندا (دال) وشەیە، لە روانینی سۆسێریش (وشە) دوو رەگەزی جیاواز لە خۆ دەگرێت، یەكەم: وێنەی دەنگ، ئەم وێنە دەنگییە بریتییە لە (دال) هەروەها دەكرێ ئەو وێنە دەنگییە شێوەی گۆكردن و دەربڕینی وشەبێت. دووەم: چەمك و واتای دەگەیەنێ. ئەمەش بریتییە لە (مەدلوول) مەدلوولیش خۆی ئەو شتانەیە كە هێماكە دەینوینێ. مەسەلەی (دال و مەدلوول) كاریگەرییەكی زۆری لە رەوتی زمانناسی كردووە، هەروەها بە حوكمی ئەوەی هەدووكیان لە ( ئاماژە – هێما) سەرچاوەیان گرتووە ئێستاش زانستێك هەیە لێكۆلینەوەی هێما – ئاماژە دەكات، لەم روانگەیەوە هەست بە پەیوەندیی نێوان (ئاماژەناسی) و (زمانناسی) دەكرێت.
بارت لە روانگەی دەلالەتەوە لە سیمیۆلۆژیا دەڕوانێت، بەهۆی بایەخدانی بە گرێدانی دەلالەت بە زمانەوە، زیاتر كێڵگەی رەخنەی ئەدەبی نزیك دەبێتەوە، لایەنگرانی ئەم ئاراستەیە، هێندەی تێگەیشتنیان لە دەلالەتی نیشانەكان لامەبەستە، هێندە بایەخ بە مەبەست نادەن، چونكە گرنگ ئەوەیە كە وەرگر چۆن بتوانێ لە رێی كردنەوەی كۆدەكان، دەق بەرهەم بهێنێتەوە. ئەمەش پەیوەندیی بەتێگەیشتن و هزری مرۆڤەوە هەیە. لای سۆسێر زمان سستمێكە لە نیشانە، گوزارشت لە هزر دەكات. واتا هەردوو لایەنی دال و مەدلول بەیەكەوە دەبەستێتەوە، ئەمەش ئاسۆیەكی گەورەی لە بواری زمان و ئەدەبدا كردەوە. بۆیە سیمیۆلۆژیا لای بارت بریتییە لە لێكۆڵینەوە لە سیستمی نیشانە، هەموو دەق و روودانەكان دەلالەت لە خۆدەگرێت.
هەروەها (سۆسێر) وێنەیەكی دوو لایەنامان لە نیشانە پێشكەش دەكات، نیشانە لە فۆڕم یا خود (وێنەی دەنگی) – واتە دال – و چەمك – واتە مەدلوول – پێكهاتووە. بە سادەترین شێوە دال شتێكی دەرەكییە كە دەلالەت دەكاتە سەر شتێكی تر كە ناوەڕۆك یاخود واتایە و لە ناوەوە دایە، هەرچەندە بۆچوونی (سۆسێر) روون نابێتەوە تاوەكو لە نیشانە زمانییەكان نەدوێین، بەڵام لەگەڵ ئەمەشدا دەتوانین بڵێین كە لە نموونەكەی (سۆسێر)دا پەیوەندیی نێوان ئەم دوو لایەنە واتە دال ومەدلوول دەبێتە هۆی هاتنە كایەی دەلالەت، واتە نیشانە بریتییە لە یەكگرتنی دال و مەدلوول.
بۆیە دەتوانین بڵێین كە (دار) نیشانەیە و وێنەی دەنگییە و بیستراوە، كاتێ كە دەوترێت (دار) دالە و بەبێ ئەوەی بنووسرێت و لەگەڵیدا (مەدلوول) یش دەنگییە، بەڵام كاتێ كە نووسرا، بووبە ئەركی بینین، واتە بە شێوەی نووسین دەبێتە (دال) و دەنگییە بینراوە، ئەركەكەشی دەلالەت لە بیرۆکەیەک یان چەمكێك دەكات، مەدلوول چەمكە یان بیرۆکە دەلالەت لە دال دەكات.
بەم شێوەیە لێرەدا نیشانە هەروەك لەسەرەوە باسمان كرد، یەكەیەكی زمانییە و سیستم دروستدەكات و دەچێتە ناو حاڵەتی كۆمەڵایەتییەوە و لەسەر ئاستی (زمان – ئاخاوتن) جیادەبێتەوە، یەكەمیان زمان سیستمە و رێزمانی تایبەتی هەیە، دووەمیشیان ئاخاوتن دیاردەیە و چالاكییەكی كەسییە، بنیاتێكی دووانەییان دروستكردووە لەسەر ئاستی (دال و مەدلول) و (زمان – ئاخاوتن).
گوتاری میدیایی
لەم سەردەمەدا میدیا بۆتە گەورەترین دەسەڵات لەسەر گۆی زەوی، دەتوانێت زۆرترین كاریگەریی بخوڵقێنێت، سەرباری ئەوەش هێزێكی ئابووریی، سیاسی و كۆمەڵایەتی هەیە، ئەمەش بەهۆی بوونی كۆمەڵێك كۆمپانیای زەبەلاحی بەهێزەوە کە توانیویانە بەرهەمی جۆراوجۆر لەبواری بازرگانی و هونەریدا بەرهەمبهێنن، بەهۆی پێشكەوتنی ئامرازەكانی میدیاشەوە بەشێوەیەكی هونەریی سەرنجڕاكێش هەژموونیان هەیە و كاریگەرییان خوڵقاندووە، بەهۆی بوونی زمانی میدیاشەوە توانیوێتی كاریگەریی لەسەر وەرگران دروستبكات، بەتایبەتیش دوای دەركەوتن و پێشكەوتی ئامرازەكانی گەیاندن و دەركەوتنی میدیای نوێ ئەو كەریگەرییانە زیاتر دەركەوتن. بۆیە كردەی پەیوەندیكردن بۆتە یەكێك لە بابەتە سەرەكییەكانی كردەی پەیوەندیكردنی هاوچەرج.
بەگشتی گوتاری میدیایی یەكێكە لەو پرۆسە دیارانەی نەك هەر پێناسەیەكی یەكلاكەرەوەی نییە. بەڵكو بۆتە بابەتێكی قووڵ و پڕ تین و تاوی پڕۆسەی پەیوەندیكردن لە نێوان تاك و گروپەكانی نێو كۆمەڵگە جیاوازەكان. ئەمڕۆش بەهۆی جیهانگیرییەوە زیاتر ئەو رۆڵ و كاریگەرییانەی گوتاری میدیایی بەدیدەكرێت كە خۆی لە گوتاریی جۆراوجۆردا دەبینێتەوە و توانیوێتی بەهۆی بەرهەمهێنانی زمانە جۆراوجۆرەكانی وتارەكانی میدیایی ئەو كاریگەرییانە بەدیبكرێت.
گوتاری میدیاییش ئاماژەیە بۆ ئەو كارتێكردنانەی لە رێگەی پەخشكردنەوە ئاراستەی وەرگر دەكرێت. ئەمەش لە چوارچێوەی ژینگەیەكی كۆمەڵایەتی یان جیهانیدا بەرجەستە دەكرێت. بەڵام جۆری بەرجەستەكردنی گوتارە میدیاییەكە ئەو كاریگەرییە دەردەخات، چونكە گوتاری میدیایی دروستكراوە، كێ توانیی جوانترین گوتار بەرجەستە بكات، ئەوەش زۆرترین كاریگەری دەنەخشێنێت. ئەمەش دەوەستێتە سەر ئەوەی چۆن هێزی (مادی – تەكنیكی- مرۆیی) لە نێو ئەو گوتارەدا بخوڵقێنێت، بۆئەوەی بەشێوەیەكی كاریگەر و قووڵی مەبەستدار، ئامانجی پەیوەندیكردنەكە بنەخشێنێت. بۆیە لە بەكارهێنانی زمانی گوتاری میدیاییدا، پێویستە رەچاوی سێ لایەنی گرنگ بكرێت، ئەمەش بەپێی جۆرو شێوازی گوتارە میدیاییەكە دەگۆڕێت، واتە دەوەستێتە سەرجۆری گوتارەكە، بۆ نموونە ئەگەر گوتارەكە گوتارێكی نووسراوبێت، واتە لە بەكارهێنانی زماندا پێویستە رەچاوی سێ لایەنی گرنگ بكرێت، (گۆكردن، هەڵبژاردنی وشەی گونجاو، دۆخی قسەكردن). بۆیە گوتار پێكهاتەیەكە لە گوتن، لە ژمارەیەك رستەی رێكخراو پێكدێت، گرنگە کە بایەخ بە خوڵقاندن و رێكوپێكی رستەكان و شێوازی دەربڕین و زاراوە و هێزی گەیاندنی پەیامەكە بدرێت.بۆیە (خاوەن گوتار – نێرەر- دامەزراوە میدیایەكە) دەتوانن زمانی گوتارەكە بە زیندویی یان بە مردوویی بەرجەستە بكەن، سەرباری ئەمانەش سیاسەتی میدیاییش كاریگەریی لەسەر جۆر و چۆنێتی گوتارەكە دروستدەكات.
ئەگەر نموونەیەك لەسەر گوتاری فیلمێكی سینەمایی بهێنینەوە، چەندین نموونەی زیندوومان لەبەر دەستە، چۆن ئەو دەرهێنەرانە توانیویانە گوتارێكی سینەمایی بینراوی ئاماژەدار بخوڵقێنن؟ ئێمە باس لە سینەمای هۆڵیوود ناكەین كە ئێستا چ كاریگەرییەكی گەورەی هەیە. بەڵكو نموونەیەكی بەهێزی سینەمای كوردی دەهێنینەوە، ئەگەر بڕوانینە فیلمەكانی دەرهێنەری كورد بەهمەنی قوبادی، دەبینین لە فیلمەكانیدا چەندین ئاماژەی هونەریی واتادار لەپشت وێنەی فیلمەكانیەوەیە، بۆنموونە لە كۆتایی فیلمی (ساتێك بۆ مەستی ئەسپەكاندا)، كاتێك پاڵەوانی فیلم دەگاتە سەر سنووری رۆژهەڵاتی کوردستان و دیەوێت بپەڕێتەوە، سیمە دڕكاوییەكە لادابات و دەیەوێت بچێتە ئەو دیو سنوور، مینێك پیایدا دەتەقێتەوە، ئەمەش جوانترین ئاماژەی واتاداری ئەم فیلمەیە، بەهەمەن پێمان دەڵێت، ناتوانین ئەو سنوورە دەستكردانەی كوردستان لابەرین.
جۆرەكانی گوتار
پێش ئەوەی باس لە جۆرەكانی گوتاری میدیایی بكەین، پێویستە گوتار بناسێنین؛ گوتار Discourse بنچینەی پێكهاتەی وشەی لاتینی Discoursus بە واتای دیالۆگ دێت. گوتار كۆمەڵێك دەقە و دوولایەنی هەیە، یەكەم نێرەر ئامادەی دەكات و دەگاتە وەرگر، ئەویش راڤەی دەكات. یان گوتار بریتییە لە گوتەی ئاڕاستەكراو بۆ وەرگر لە بۆنەیەك لە بۆنەكاندا. بە واتایەكی تر گوتار بە واتای وتە دێت، یان بریتییە لە كۆمەڵێك گوزارشتی تایبەت، كە لە ژینگەیەكی تایبەتدا، ئەركی سیاسیی و كۆمەڵایەتیی و هزریی لەخۆدەگرێت.
گوتار بریتییە لە رێگەكانی پێكهێنانی مەعریفە، ئەمەش بە هاوكاریی رەفتارە كۆمەڵایەتییەكان.
بەشێوەیەكی گشتی لە ئامادەكردنی گوتاری میدیاییدا دوو جۆر شێوەی گوتاری میدیایی بەرجەستە دەبن، یەكەمیان گوتاری میدیایی راستەوخۆیە كە زۆر پشت بە بابەتی خوازراو و ناڕوون نابەستێت. بەڵكو بابەتەكە بابەتێكی سادەیە، دوومیان گوتاری میدیایی ناڕاستەخۆیە كە لەپشت وشەكانەوە دنیایەك واتا لەئارادایە، توانای شیكردنەوەی دەلالی لەخۆدەگرێت. وەرگر دەبێت بیر لەواتاكان بكاتەوە بۆ ئەوەی شتەكان بخاتەڕوو، چونكە زەمینەی تێگەیشتن ئاسان نییە و مەبەست و ئامانج لەپشت وشە و وێنە و دەقەوە لەئارادایە، واتا لەپشت گوتارە میدیاییەكەوەیە، بە شێوەی ناڕاستەوخۆ واتای ئاماژەیی بوونی هەیە، دەبێت لەواتاكانی بگەین.
هەروەها زاراوەی گوتار لەرووی مێژوویەوە وتەیەكە لە وتەكانی زانستی لۆژیك، واتای گوزارشتكردنە لە هزرێك كە پەیوەستە بە پرسێكەوە، ئینجا چەمكی گوتار: «هەموو وتراوێك یان نووسینێك دەگرێتەوە كە هەڵگری تێڕوانینێكی دیاریكراو لەخۆدەگرێت كە بەرهەمی قسەكەر یان نووسەرە، بەشێوەیەك بتوانێت كاریگەری لەسەر وەرگر دروستبكات. دواتریش پێكهاتەی گوتار چەندین چالاكی جۆراو جۆری هێمایی لەخۆ دەگرێت، وەك: وێنەی بینراو، وێنەی فۆتۆگرافی، فیلم، ڤیدیۆ، وێنەی روونكراوە، پەیوەندیی نازارەكی، وەك: جووڵەكانی سەر، یان دەست،.....»
جۆرەكانی گوتاری میدیایی، بەهۆی گواستنەوەی ئامرازەكانی میدیاوە، جیاوازیان دەبێت. دەقی خوێنراو لە جۆری میدیای چاپکراوە، وەك رۆژنامە و گۆڤار و کتێب (بە كاغەز و ئەلیكترۆنییەوە). دەقی بیستراو خۆی لە رادیۆدا دەبینێتەوە، بەڵام دەقی بیستراو و بینراو خۆی لە بواری تەلەفزیۆندا دەبینێتەوە.
بەشێوەیەكی گشتی گوتاریی میدیایی هەر شێوە و جۆرێك بێت، كاتێك بەهۆی ئامرازێكی میدیاییەوە دەگاتە وەرگر، بەشێوەیەكی راستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ، واتایەكی دەلالی (هزریی) لەخۆدەگرێت. ئەمەش بەپێی چوارچێوەی واتایی ئەو دامەزاوەیەی بابەتەكانی پەخشدەكات.
جیاوازیی لەنێوان دەقی گوتاری گوتراو و نووسراو و وێنەدا هەیە، زمانی گوتاری نووسراو لە زمانی گوتاری بێژاو جیاوازە، دواتریش هەردووكیان جیاوازییان لەگەڵ گوتاری وێنەدا هەیە. بەڵام هەرسێكیشیان لەگەڵ ئەوەی واتایان جیاوازە، تەواوكەری یەكتریشن، چونكە ئەوەی دووەمیان پشت بە كۆمەڵێك هۆكاری تری وەك (دەنگ، ئاواز، توانای قسەكردن، دەربڕین، هێما و...هتد) دەبەستێت. وێنەش لەم سەردەمەدا گەورەترین دەسەڵات و دەربڕینی هەیە لەناو میدیادا، بۆیە كاتێك ژانرێك لە ژانرەكانی میدیا وێنەی لەگەڵدابێت، زیاتر دەتوانێت سەرنجی وەرگر بۆخۆی كێش بكات.
بەڵام لە وتاری نووسراودا توانای بەكارهێنانی شێوازی داڕشتن و نووسینەوەی دەقی گوتارەكە رۆڵی دەبێت. زۆرجاریش لە وێنەدا نووسین و دەنگ بەشداری لە خوڵقاندنی گوتاری وێنەیی میدیادا دەكەن، هەندێكجاریش وێنە بێ نووسین و دەنگ هێندەی سەدان وتاری نووسراو و وتراو كاریگەریی دروستدەكەن.
هەروەها وێنە بە یەكێك لەو رەگەزە سەرەكی و گرنگانە دادەنرێت كە دەتوانێت كاریگەریی لەسەر وەرگر دروستبكات. بەشێوەیەك گۆڕانكاری لە هەڵویست و بیروڕاكانی وەرگردا بكات و بارگاوییان بكات بە ئایدیۆلۆژیای بابەتێكی دیاریكراو وێنەیەكی زهنی لە هزری وەرگردا بنەخشێنێت، ئەمەش خۆی لە گوتاری بینراودا دەبینێتەوە.
بۆیە دەتوانین ئاماژە بەوە بدەین واتای دەلالی وێنەی میدیایی گرنگی و بایەخی خۆی هەیە، وێنە دەتوانێت هەڵگری واتای دەلالی بێت. بەشێوەی ئاشكرا یان شاراوە چەندین واتا لەخۆبگرێت، دەتوانێت ئاسانتر لە هزری دەقی ئاخاوتن لەگەڵ سەرجەم توێژەكانی كۆمەڵ بكات، بە جیاوازیی ئاستی زانینەوە. هەروەها وێنە رۆڵی هەیە لە بڕواهێنانی جەماوەر بەڕاستی و حەقیقەتی بابەتەكان، سەرباری ئەوەش وێنە تیڕامانی هزری دەخوڵقێنێت.
پوختە؛ گوتاری میدیایی گوزارشتی واتایی لەخۆدەگرێت، ئەمەش داڕیژەرەكەی راگەیاندكار یان جەماوەرە، چۆنێتی داڕشتنی گوتاریش (هەر جۆرێك بێت) گوزارشت لە ئایدیۆلۆژیای كەناڵ یان دامەزراوەیەكی میدیایی دەكات، كاتێك دەكاتە وەرگر شرۆڤەی دەكات، بۆ ئەوەی لەواتاكانی ناو گوتار تێبگات.
هەروەها چەند جۆرێكی تر شێوەی گوتاری میدیایی هەیە وەك :(وتار بەهەموو جۆرەكانییەوە، بەدواداچوونی رۆژنامەوانی، لێدوانی رۆژنامەوانی، كۆنگرەی رۆژنامەوانی، بەرنامەی دیالۆگ ئامێر و...هتد).
رەگەزە بنچینەییەكانی بونیادی گوتار
1-گوتار پەیوەستە بە واقیعێكی مادی دیاریكراوەوە، وەك رووداوێك، یان واقیعی كەسایەتییەك، یان ئەو واقیعەی پەیوەندیی بە كاروباری جیهانەوە هەیە.
2-بوونی بەرهەمهێنەری دەقە، ئەگەر بە شێوەی كۆمەڵ یان تاك، كە ئامانجی دروستكردنی بڕواهێنان و كاریگەرییە، بە هەڵوێست و ئاراستەكان لە چوارچێوەی بیرۆكەیەكی كۆمەڵایەتیدا.
3-پەیوەندییەكی یەكانگیرییە لەنێوان لایەنەكان پەیوەست بە رووداوێك، هەڵوێستێك، ئاڕاستەیەك، بیرۆكەیەك، کە لەكاتی پێشكەشكردندا پێوستی بە بەڵگە و پاساو هێنانەوە هەیە.
هەروەها لە گوتاردا پێویستە كاتی بەكردەوەی تێدابێت، شوێن لە نێوان نێرەر و وەگردا هاوبەشبێت، كاردانەوە و كاریگەریی و شوێنی كارتێكردنەكان لای وەرگر پێویستە كاتی نەبێت، درێژەی هەبێت.
گرنگی شیكردنەوەی گوتاری میدیایی
میتۆدی شیكردنەوەی گوتار بە گرنگرترین میتۆدەكان دادەنرێت، كە رۆڵ و دەنگدانەوەیەكی گرنگی هەیە لە بواری لێكۆڵینەوەی میدیادا، بەتایبەتیش لە بواری شیكردنەوەی دەقی میدیایدا؛ ئەمەش لەبەر ئەم هۆكارانەیە:
1-میتۆدی شیكردنەوەی گوتار پشتبەستە بە شیكردنەوەیەكی لۆژیكی بۆ لێكۆلێنەوەی دەقی میدیایی، ئەمەش پشت دەبەستێت بە شیكردنەوەی چەندێتی بۆ ناوەڕۆك و وەسفكردنی چەندێتی ناوەڕۆكی دیاردەیەك دیاریدەكات.
2-میتۆدی شیكردنەوەی گوتاری میدیایی پشتبەستە بە ئاراستەی هزریی قوتابخانەی ئەمریكی لە توێژینەوەی زانستیدا، زاڵبوونی ئەم نموونەیەش لە لێكۆڵینەوەی میدیایدا بەشێوەیەكی سەرەكی شیكردنەوەی چەندێتی ناوەڕۆكی میدیایی لەخۆدەگرێت.
3-سەرنجی شیكردنەوەی گوتار تایبەتە بە قۆناغێكی تایبەتمەند بە شیكردنەوەی رێڕەوێكی بەڵگەیی، رەهەندێكی زمانەوانی لە بونیادی دەقدا كە پەیوەندیی بە واتاكانی هەریەك لە نووسەر، یان قسەكەر، یان وەرگر لە ئاستە رۆشنبیرییە جیاوازەكاندا هەیە؛ ئەمەش داواكراوە بەلێكۆڵینەوە لە چوارچێوەیەکی تایبەت بە بەرهەمهێنانی دەق لای نووسەر، یان قسەكەر، لە بارودۆخێكی دیاریكراودا.
لەگەڵ ئەوەشدا ئەوەی لە میتۆدی شیكردنەوەی گوتاردا دەردەكەوێت، ناكەوێتە سەر سنووری بونیادی رووكاری دەقەكە، بەڵكو زیاتر پێویستی بە خوێندنەوەیەكی شیكاری ناوەڕۆكی دەقە، بە هەڵێنجاندنی هێما و ئاماژەكانی شیكردنەوەكە، یان بەو دەربڕینانەی پێكهاتەی دەقەوە کە خۆی لە ناو وشەكاندا حەشارداوە. هەروەها گوتاری میدیایی گرنگییەكەی پشت بەستە بە بونیاد وبەرهەمهێنانێكی میدیایی كە دەربڕی پاشخانێكی كۆمەڵایەتی دیاریكراوە، شێوەیەكە لە شێوەكانی پەیوەندی كۆمەڵگەیەكی چالاك، كە بتوانێت كاریگەریی لەسەر هۆشی وەرگر هەبێت.
قوتابخانە شیكارییەكانی گوتاری میدیایی
بەشێوەیەكی گشتی هەمەجۆری و بەیەكداچوون لەنێوان پسپۆڕیی و قوتابخانە زمانەوانی و ئەدەبی و فەلسەفییەكان بۆ تێگەشتن لەچەمكی گوتار دا هەیە، هەروەها میتۆدی شیكردنەوەی گوتار -هەندێكجار- تێكەڵییەك و ناڕوونییەك بۆ تێگەیشتن لە گوتاردا دەخوڵقێنێت، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا بنچینەیەك بۆ زانین و تیۆری میتۆدی شیكردنەوەی گوتار و چۆنێتی بەكارهێنانی لە ئارادایە، لێرەدا گرنگترین و دیارترین ئەو قوتابخانانە دەناسێنین كە بە شێوەی تیۆری و كرداری رۆڵیان هەیە لە بواری شیكردنەوەی گوتار بەگشتی و بەتایبەتی گوتاری میدیایی.
1-قوتابخانەی شیكردنەوەی زمانەوانی بۆ گوتاری میدیایی:
تیۆری شیكردنەوەی گوتاری زمانەوانی لە كارەكانی زانای بەناوبانگی زمانەوانی (فردیناند دی سۆسێر) دەركەوت، كە دامەزرێنەی قوتابخانەی بونیادگەری بۆ لێكۆڵینەوەی زمانە، دواتریش پەرەیسەند و شێوازێكی تایبەتی بە شیكردنەوەی دەق دیاریكرد، بەپێی ئەو چوارچێوەیەی دەق لەخۆی دەگرێت، ئەم قوتابخانەیە پرسیارێكی سەرەكی هەیە كە بۆ شیكردنەوەی گوتار پێویستە وەڵام بدرێتەوە، ئەویش: بۆچی ئەو دەقە ئەم رێگایەی بەكارهێناوە و رێگایەكی تری نەگرتۆتەبەر؟ وەڵامدانەوەی ئەم پرسیارە پێویستی بە شیكردنەوەی شەش ئاست هەیە، ئەوانیش:-
ئەم قوتابخانەیە رووبەڕووی چەندین رەخنە بۆتەوە؛ لەبەرئەوەی توێژینەوەی لە بواری رێزمان و پێكهاتەیی زمانەوانی و واتایی پشتگوێ خستووە، گرنگیی بە سروشتی تێگەشتن یان راڤەكردنی جەماوەر بۆ دەق كە پێكهێنەری گوتاری میدیاییە نادات، واتا شیكردنەوە تەنها پەیوەستە بەو رۆڵەی شرۆڤەکاران دەیکەن.
2-میشێل فۆكۆ و شیكردنەوەی گوتار:
بنەماو تێگەیشتی فۆكۆ بۆ گوتار لەسەر شێوازی ئاماژەی زمان نییە بەتەنها، بەڵكو بنەمای پێكهێنانی دەوەستێتە سەر یەكە و ناونراوە بە گوتراوەكان، ئەمەش پێكهێنانی سیستمی گوتارە، ئەم پێكێهنانەش هەمیشە دەكەوێتە بواری گوتارێكی دیاریكراوەوە، رێسا و پێكهێنان و سەرمایە هەژموونیان هەیە بەسەرییەوە، بۆیە فۆكۆ پێیوایە كە گوتار پێكهاتەیەكە لە چەند هێمایەك، بەڵام كاریگەرییەكەی لەم هێمایە زیاترە، ئەم تایبەتمەندییە ناهێڵێت گوتار دابەزێنێتە ئاستێكی ساكاری زمان و ئاخاوتن. گوتار رۆشنكەرەوەی تایبەتمەندیی مێژوویی ئەو شتانەیە كە وتراوە و ئەو شتانەش كە هێشتا نەوتراوە. گوتار كۆمەڵێك گوزارشتە كە لە قۆناغێكی مێژوویی تایبەتیدا بەرجەستە دەبێت و لەسەر زۆربەی پەیوەندییە سیاسیی و كۆمەڵایەتیی و ئابووریی و هزرییەكان لەنگەر دەگرێت. هەروەها فۆكۆ پێی وایە گوتار خاڵی بەركەوتن و یەكتربڕینی دەسەڵات و زانینە، واتە خزمەت بە هزرێك دەكات و هاوكات ئەو زانینانەی بەهۆی گوتارەوە بەرهەمدێن، زانینێكی بێلایەن نییە، بۆیە فۆكۆ گوتارەكان بەپێی رێژەی پەیوەندییان بە دەسەڵاتەوە پێناسە دەكات.
هەروەها بەكارهێنان و تێگەیشتنی فۆكۆ لەچەند لایەن و مەبەستێكی هەمە چەشنەوەیە لە بواری توێژینەوە و لێكۆڵینەوەی گوتاری میدیادا، ئەمەش ئەوەمان پێدەڵێت كە كاریگەریی قوتابخانەی فۆكۆ بەسەر شیكردنەوەی گوتاری میدیاییدا هەیە، ئەمەش لەلایەن زانایانی زمانەوانی و كۆمەڵایەتی و رەخنەییەوە بەدیدەکرێت.
3-شیكردنەوەی سیمیۆلۆژیایی بۆ گوتاری میدیایی:
بابەتی ئاماژە بنچینەكەی زانستی سیمیۆلۆژیایە، لەبەرئەوەی پەیامەكانی میدیا هەڵگری كۆمەڵێك لە ئاماژە و هێمان، بۆیە گرنگیدان بە لێكۆڵینەوەكانی سیمیۆلۆژیای گوتاری میدیایی بایەخی خۆی هەیە، سەرەتای ئەم گرنگیدانەش بە لێكۆڵینەوەكانی وێنە و ریكلام یان وێنەی بانگەشەیی لە چلەكانی سەدەی بیستەمدا دەستیپێكرد، بەتایبەتی لەگەڵ بڵاوبوونەوەی وێنەی تەلەفزیۆنی بوارێكی فراوانی بەدوای خۆیدا هێنا بۆ لێكۆڵینەوە لە شیكردنەوەی وێنە و پەیوەندییان بە دەقەوە، دواتریش پەیوەندیی بە واقیع لەلایەكی ترەوە، لەگەڵ سوودوەرگرتن لە بۆچوونەكانی سەردەم بۆ خوێندنەوەی گوتار. بۆیە زۆر لە توێژەران هەوڵەكانیان لەبواری شیكردنەوەی گوتاری میدیایی دەستپێكرد، بەتایبەتیش لەڕوانگەی شیكردنەوەی سیمیۆلۆژیادا، ئەمەش لە ساڵانی حەفتا و هەشتاكاندا بە بەشداریی كۆمەڵێك توێژەری میدیایی لە شیكردنەوەیان بۆ گوتاری میدیایی دەركەوت، كە سەرنجیان لەسەر شیكاری گەشتی هەواڵەكانی تەلەفزیۆنی بوو لە میانەی كردنەوەی كۆمەڵێك كۆد و ئاماژەی سیمیۆلۆژیایی كە بنچینەكەی ئاماژەی زمانەوانی بڕگەی بینراو بوو، لەگەڵ هەڵبژاردنی بابەت و پێكهاتەی بڕگە و رستە، و رۆڵی بێژەران لە ئاراستەكردنی گوتارە میدیایەكاندا بەدی كرا.
4-شیكردنەوەی وتووێژ (دواندن):
سۆسیۆلۆژی ئەمریكی بەناوبانگ (هالۆدگار فینگل) لە ناوەڕاستی شەستەكانی سەدەی رابردوودا، گرنگی بەشیكردنەوەی ئەو ئامڕازانە دا كە خەڵكی ئاسایی لە ژیانی رۆژانەدا دەیگرنەبەر بۆ چالاكی خودی خۆیان و دەوروبەرەكەیان دەیکەن، بۆ ئەم مەبەستەش (فینگل) زاراوەی ئەسنۆمیسدولۆژیای بەكارهێنا، بەواتای میتۆدی كۆمەڵی، یان لێكۆڵینەوەی هەستی گشتی كۆمەڵ، گرنگیدان بە زمان و واتای ئەو رێگایانەی بەشدارن لە وتوێژ لە خوڵقاندنی واقیعی كۆمەڵایەتیدا.
لە روانگەی بەشداریكردنەكانی ئانسۆمیسدۆلۆژیادا، (هارڤی ساكس) بنەماكانی شیكردنەوەی وتووێژی داڕشت، ئەوەی ناسراوە بە گوتاری ژیانی رۆژانە، ئەگەر وتووێژەكان بەشێوەی رەسمی بن یان نا رەسمی، لەسەر ئەو بنەمایەش (هیرتاژ و گرتیباتش و هاتسبی) ئەو رێسایانەیان بۆ شیكردنەوەی وتوێژ و دیالۆژەكانی ئامڕازەكانی میدیا بەكارهێنا، بەتایبەتی (هیرتاژ) هەستا بەكاری شیكردنەوەی ئەو وتوێژ و گفتۆگۆیانەی لەناو گەشتی هەواڵەكاندا بەكاردەهێنرێت، ئەوانەی قسەكەرن، دواتریش دیاریكردنی ئەو ئامڕازە هونەری و تەكنیكییانەی بۆ كاری وتوێژەكان بەكاردەهێنرێن. ئینجا لەگەڵ گۆڕانكاری و پێشكەوتنەكانی ئامڕازەكانی میدیا و تایبەتمەندیی هەر ئامڕازێك شێواز و پێوەرەكانی وتوێژەكان گۆڕاون، لەگەڵ بوونی شێوازێكی تایبەت بۆ ئەو كەسایەتیانەی وتوێژەكان دەکەن.
5-شیكردنەوەی گوتار لە چوارچێوەی قوتابخانەی شیكردنەوەی رۆشنبیریی:
(ریچارد هوگرت و تومبسون ستیورت هال) لە دیارترین ئەو میدیاكارانەن كە شیكردنەوەیان لە بواری قوتابخانەی رۆشنبیرییاندا کردووە، لەم چوارچێوەیەشدا قوتابخانەی رۆشنبیریی بۆ میدیا چەندین توێژینەوەیان لە بواری شیكردنەوەی گوتاریی میدیایی لە گۆشەنیگای كاریگەریی گۆڕانكاری زانین لای جەماوەر کردووە، دەرخستنی رۆڵی گوتاریی میدیایی لە پرۆسەی پەیوەندیی كۆمەڵایەتیدا، دواتریش (ستیوارد هال) پەرەیان بە ناوەڕۆك و گۆڕانكارییە زمانەوانییەكان دا، دووپاتی ئەوەیان كردۆتەوە كە واتا بەرهەمی ئاڵوگۆڕی نێوان دەق و خوێنەرە لە چوارچێوەیەکی كۆمەڵایەتی و مێژوویی دیاریكراودا، هەروەها ئامڕازەكانی راگەیاندن پێچەوانەی واقیع نین، بەڵكو بەرهەمی واتایی هزریی دەکات و بانگەشەی بۆ دەكات.
6-میتۆدی شیكردنەوەی گوتاری كۆمەڵایەتی:
ئەم میتۆدە پەیوەستە بەتوێژەری هۆڵەندی (فان دیك) لە بواری شیكردنەوەی هزری و گوتاری سیاسیی و گوتاری میدیایی، پەیوەستكردنی نێوان لایەنی واتایی و پێكهاتەی زمانەوانی و گێڕانەوە و نەست لە لێكۆلینەوەی دەقدا، سەرباری ئەمەش بەكارهێنانی میتۆدی شیكردنەوەی گوتار. هەروەها (دیك) بڕوای وایە رۆژنامەوان ئامڕازەكانی میدیا بەكاردەهێنن وەك نموونەیەكی هزریی تایبەت بە جیهان، لەگەڵ ئەوەشدا بڕوای وایە دەق وەك شاخێكی سەهۆڵبەندان وایە پڕە لە زانیاری، لوتكەی ئەو شاخەش وشەو رستەی گوزارشتین.
ئینجا (دیك) زیاتر گرنگیی داوە بە گوتاری میدیایی رۆژنامە، وەك لە ئامڕازەكانی تری میدیایی، پاشان زیاتر تیشكی خستۆتە سەر شیكردنەوەی زمانەوانی، لەگەڵ ئەمەشدا بایەخی (دیك) لەسەر پڕۆسەی بەرهەمهێنانی هەواڵە، وەك بەرهەم و هەژموونێكی هزری تایبەتمەند لێی دەڕوانێت.
7-قوتابخانەی ئەڵمانی بۆ شیكردنەوەی گوتاری میدیایی:
قوتابخانەی ئەڵمانی گرنگیی بە زمان و رەوانبێژی و ستراتیژی دیالیكتیكی ناو دەق دەدات، پەیوەستە بە كارەكانی پڕۆفیسۆری زمانەوانی كرداری (روس فوداك)، میتۆدی فوداك بۆ شیكردنەوەی گوتار پشت بە توێژینەوەكانی زمانەوانی كۆمەڵایەتی، و كارەكانی قوتابخانەی فرانكفۆرت و میشیل فۆكۆ، و لێكۆلینەوەكانی رۆشنبیری (ستیوارت هال) دەبەستێت.
تایبەتمەندی (فودال) لەبواری شیكردنەوەدا خۆی لە سێ ئاستدا دەبینێتەوە ئەوانیش: ناوەڕۆك، ستراتیژی دیالیكتیك، تایبەتمەندیی زمانەوانی، هەروەها دووپاتی گرنگیی توێژینەوە لە مێژووی گوتارەكان لە میانەی چەند ئاستێكی میتۆدیانە دەكاتەوە، ئەمەش لە نێوان شیكردنەوەی مێژوویی و چەندێتی ئاستی گوتار و كاركردنی كۆمەڵایەتی و نێوان شیكردنەوەی چۆنێتی دەقە.
8-شیكردنەوەی رەخنەیی بۆ گوتاری نۆرمان فێر كڵاو:
ئەمەش خۆی لە كارەكانی زانای زمانەوانی ئینگلیزی (نۆرمان فێر كڵاو)دا دەبینێتەوە، كاری لەسەر پەرەپێدانی مۆدێلی شیكردنەوەی رەخنەیی بۆ هەموو شێوەكانی گوتاری میدیاییە؛ بە ئامانجی روونكردنەوە و چۆنێتی كارتێكردنی گۆڕانە كۆمەڵایەتی و ئابوورییەكان كە پەیوەستن بە پەیوەندیی بەهێزی و هەژموونی ناو كۆمەڵگە.
بەپێی روانینی (فێر كڵاو) گوتاری بریتییە لە: زمانی بەكارهێنراو لە پڕۆسەیەكی نواندنی كۆمەڵایەتی لە تێڕوانینە جیاوازەكانەوە، گوتارەكان پەیوەندییە كۆمەڵایەتییەكان رێكدەخات، هەموو گوتارێك بەشێكە لە سیستمی گوتار لەناو دامەزراوەیەكی دیاریكراودا، یان بریتییە لە رووبەرێكی دیاریكراوی ناو كۆمەڵگە، ئەم مۆدێلەی فێر كڵاو بیرۆكەیەكی تیۆرییە، تەنها چەند توێژینەوەی دیاریكراوی لەسەر کراوە.
سەرچاوە:
-رجاء یونس أبو مزید، تحلیل الخطاب الإعلامي، كلیة الآداب- قسم الصحافة والإعلام، الجامعة الإسلامیة – غزة، 2012.
-بسام مشاقبة، مناهج البحث الإعلامي والتحلیل الخطاب، دار أسامة للنشر والتوزیع، 2010.
-محمد شومان، تحلیل الخطاب الإعلامي، الدار المصریة اللبنانیة، 2007.
-لوقمان رەئوف، دەقی شیعری كوردی لە روانگەی سیمیۆلۆژییەوە، دەزگای ئایدیا بۆ فیكر و لێكۆڵینەوە، 2016.
-سەرباز مەجید خۆشناو، سیمیۆلۆژیای ناونیشان، نووسینگەی تەفسیر، 2019.
*مامۆستای بەشی راگەیاندن
لە زانكۆی سلێمانی