كۆڕی د.ئەحمەدی ناتقی خاوەنی گرتەی جیهانیی (عومەری خاوەر)

08:40 - 2022-03-13
کوردستان
277 جار خوێندراوەتەوە

لە ساڵۆنی كوردستانی نوێ،‌ كۆڕێك بۆ د.ئەحمەدی ناتقی فۆتۆگرافەری نێودەوڵەتی و خاوەنی گرتەی جیهانیی (عومەری خاوەر)ی هەڵەبجەی شەهید، بەڕێوەچوو.

لە كۆڕەكەدا، كە دوێنێ بەڕێوەچوو، سەرەتا كاروان ئەنوەر سكرتێری لقی سلێمانی سەندیكای رۆژنامەنووسانی كوردستان، باسی لە بایەخی ئەم میواندارییە كرد كە بۆ د.ناتقی، رێكیانخستووە و ئاماژەشی بە گرنگیی ئەزموونی ئەم جۆرە كەسایەتییانە كرد بۆ رۆژنامەنووسان و خوێنەوارانی كوردستان.

پاشان لە رێگەی داتاشۆوە، ژیاننامە و ئەزموون و كارەكانی د.ئەحمەدی ناتقی نمایشكرا. دواتر بە دوورودرێژی، د.ناتقی، باسی لە ئەزموون و ئەو سات و كاتانە كرد كە لە 16/3/1988 لە هەڵەبجە رووبەڕووی بۆتەوە لەكاتی كاری رۆژنامەنووسی و فۆتۆگرافی و بەتایبەتی لەسەر ئەو گرتە جیهانییە وەستا كە بۆ شەهید عومەری خاوەر و كۆرپەكەی گرتوویەتی. بۆ ئەوەش گفتوگۆیەكی كراوە لەنێوان ئامادەبووان و د.ناتقی-دا هاتە ئاراوە.

لقی سلێمانی سەندیكای رۆژنامەنووسانی كوردستان، بە هاوكاریی دەزگای میدیایی جام كوردی، بۆ ساڵیادی كارەساتی كیمیابارانكردنی هەڵەبجە، میوانداریی د.ئەحمەدی ناتقی كردووە بۆ سلێمانی، كە بڕیارە جگە لەم كۆڕە چەندین كۆڕی دیكەش لە دەزگا و دامەزراوەكانی سلێمانی، رێكبخات.

بابەتە پەیوەندیدارەکان