رۆڵف دۆبێڵی
له فارسییه‌وه: محه‌مه‌د كه‌ریم
(1)
من ده‌بوو بزانم له‌و یه‌كتربڕه كامێرای خێرایی هه‌یه و وێنه‌ی ئه‌و ئوتومبیلانه ده‌گرێت كه شۆفێره‌كانیان خێرایی رێگه‌پێدراو ده‌به‌زێنن، هه‌ڵبه‌ته ده‌بێت بڵێم ئه‌و كامێرایه ماوه‌یه‌كی زۆر پێش ئه‌وه له‌و جاده‌یه دانرابوو، نازانم بۆچی له‌و كاته‌دا نه‌هاته خه‌یاڵم كه خێراییه‌كه‌م كه‌م بكه‌مه‌وه. له راستیدا له‌گه‌ڵ ره‌تبوون به‌لایدا فلاشی كامێراكه‌م بینی و تێگه‌یشتم كه وێنه‌ی ئوتومبیله‌كه‌می گرتووه. ده‌بێت بڵێم من به‌لای كه‌مه‌وه (16) كیلۆمه‌تر زیاتر له خێرایی رێگه‌پێدراو ده‌ڕۆیشتم و ته‌قریبه‌ن هیچ ئوتومبیلێك له‌و جاده‌یه نه‌بوو، كه‌واته بێگومان كامێراكه وێنه‌ی ئوتومبیله‌كه‌می گرتووه.
رۆژی دوای ئه‌وه‌ش دووباره له (زوریخ) غه‌رامه‌كرام كاتێك بۆ ئیشێك له ئوتومبیله‌كه‌م دابه‌زیم، ئه‌فسه‌ری هاتوچۆكه‌م بینی له ئوتومبیله‌كه‌م نزیك بۆوه و پسووڵه‌ی غه‌رامه‌كه‌ی خسته بن فڵچه‌كه‌وه. له جێگایه‌كدا وه‌ستابووم كه وه‌ستان قه‌ده‌غه بوو، چونكه شوێنی راگرتنی گشتی هه‌مووی گیرابوو، منیش زۆرم په‌له بوو. ده‌بێت بڵێم په‌یداكردنی شوێنی وه‌ستان له زوریخ زۆر قورسه و له هه‌موو جێگایه‌ك تابلۆی وه‌ستان قه‌ده‌غه‌یه دانراوه. به‌هه‌رحاڵ به‌ره‌و لای ئوتومبیله‌كه‌م رامكرد بۆ ئه‌وه‌ی قه‌ناعه‌ت به ئه‌فسه‌ری هاتوچۆكه بكه‌م غه‌رامه‌م نه‌كات و هه‌وڵمدا وه‌زعی خۆمی بۆ روون بكه‌مه‌وه، به‌ڵام قبووڵی نه‌كرد و منیش زۆر جه‌ختم نه‌كرده‌وه، چونكه ئه‌زموون ئه‌وه‌ی فێركردبووم جه‌ختكردنه‌وه‌ی له‌ڕاده‌به‌ده‌ر ته‌نیا وه‌كو گه‌مژه‌یه‌ك نیشانم ده‌دات و كاریگه‌ریی له‌سه‌ر رای ئه‌و نابێت.
غه‌رامه‌ی خێرایی
باشم له یاده كه وه‌رگرتنی پسووڵه‌ی غه‌رامه‌ی پارك له رابردوودا چه‌نده مێشكی تێكده‌دام، به‌ڵام حاڵی حازر ئیتر به دانی پاره‌ی غه‌رامه بێتاقه‌ت و تووڕه نابم و له‌و حیسابه‌ی بۆ خێر دامناوه ده‌یده‌م و بڕه‌كه‌ی كه‌م ده‌كه‌مه‌وه. ده‌بێت ئه‌وه‌ش بڵێم من هه‌موو ساڵێك بڕه‌پاره‌یه‌ك بۆ خێر یان بۆ به‌خشین به هاوڕێكانم و كه‌سانی ده‌وروبه‌رم ته‌رخان ده‌كه‌م و هه‌موو غه‌رامه‌كانیش له‌و پاره‌یه ده‌ده‌م. له ده‌روونزانیدا به‌م فێڵه ده‌ڵێن حیسابی مێشك كه داهێنه‌ری ئه‌م زاراوه‌یه (Richard Thaler-ریچارد سالێره) كه یه‌كێكه له بنیاتنه‌رانی بواری ئابووری ره‌فتاری. له راستیدا حسابی مێشك فێڵێكی لۆجیكی كۆنه، هه‌ڵبه‌ته ئه‌و كه‌سانه‌ی په‌یوه‌ندیان به سه‌رچاوه‌ی وه‌رگرتنی پاره‌وه هه‌یه ره‌فتاری جیاواز له خۆیان نیشانده‌ده‌ن بۆ نموونه: ئه‌گه‌ر تۆ پاره‌یه‌كی كاغه‌ز له‌سه‌ر عه‌رد هه‌ڵگریته‌وه زۆر گوێی پێناده‌یت و به ئاسانی خه‌رجی ده‌كه‌یت، به‌ڵام ئه‌گه‌ر پاره‌كه به‌ری ره‌نجی خۆت بێت دوودڵیت له خه‌رجكردنی و به ئاسانی له ده‌ستی ناده‌یت، بۆیه ده‌توانیت ئه‌و فێڵه‌ی مێشك به‌كاربهێنیت بۆ ئه‌وه‌ی مێشكت زیاتر ئارام بێت. بۆ نموونه: من پاره‌یه‌ك بۆ خێر داده‌نێم و له‌به‌رئه‌وه‌ی به‌هه‌ر شێوه‌یه‌ك بێت ئه‌و پاره‌یه ده‌كه‌م به‌خێر، ده‌توانم به ئاسووده‌ییه‌وه غه‌رامه و قه‌رز له‌و پاره‌یه بده‌مه‌وه.
پاره‌ی ناو جزدانه‌كه
ئێستا گریمان سه‌فه‌رت كردووه بۆ وڵاتێكی‌تر و له‌ناكاو هه‌ست ده‌كه‌یت جزدانه‌كه‌ت ون كردووه و دوای ماوه‌یه‌ك ده‌یدۆزیته‌وه، به‌ڵام پاره‌كانی تێدا نییه، كه‌واته چۆن سه‌یری ئه‌م مه‌سه‌له‌یه ده‌كه‌یت؟ ئایا هه‌ست ده‌كه‌یت پاره‌كه‌ت دزراوه یان وه‌كو یارمه‌تیدانی كه‌سێك سه‌یری ده‌كه‌یت كه باری دارایی له تۆ خراپتر بووه و پێویستی به‌و پاره‌یه بووه. هه‌ڵبه‌ته روون و ئاشكرایه پاره‌كه‌ی تۆ دزراوه و هه‌رچی بیری لێبكه‌یته‌وه نا‌توانیت بابه‌ته‌كه بشاریته‌وه، به‌ڵام ده‌توانیت كه‌مێك شرۆڤه‌ی خۆت له‌سه‌ر بابه‌ته‌كه بگۆڕیت، بۆ ئه‌وه‌ی هه‌ستێكی باشترت له‌و باره‌یه‌وه هه‌بێت.
هه‌میشه ئه‌وه‌ت له‌یاد بێت كه ئه‌و شێوه‌یه‌ی رووداوه‌كانی پێ شرۆڤه ده‌كه‌یت ده‌توانێت كاریگه‌رییه‌كی زۆری له‌سه‌ر ژیانت هه‌بێت، بۆ نموونه: من هه‌میشه خه‌رجی رێستۆران و شت كڕین له دوكانه‌كان به‌رزتر له‌وه‌ی هه‌یه ته‌سه‌ور ده‌كه‌م، بۆ ئه‌وه‌ی به بینینی نرخی كه‌متر خۆشحاڵ بم. سه‌باره‌ت به خه‌رجی زیادیش به خۆم ده‌ڵێم ئه‌گه‌ر ئه‌م خواردنه‌وه‌یه بایی (10)دۆلاره من ده‌بێت (15) دۆلار په‌یدا بكه‌م بۆ ئه‌وه‌ی بتوانم بیكڕم، ده‌بێت ئه‌وه‌ش بڵێم كه ئه‌م فێڵه ده‌روونییه سه‌باره‌ت به من راست بووه، چونكه بۆته هۆی ئه‌وه‌ی زیاتر خه‌می داهات و خه‌رجیم بێت و حسابی بۆ بكه‌م.
ده‌بێت بڵێم من حه‌زده‌كه‌م كرێی مانه‌وه له ئوتێل له پێشدا بده‌م، چونكه له‌و حاڵه‌ته‌دا كاتێ ئوتێله‌كه به‌جێده‌هێڵم، له كۆتایی هه‌فته‌دا خه‌ونم به بینینی پسووڵه‌یه‌كی درێژ تێكناچێت. (دانێل كانمان) ئه‌م رێسایه ناوده‌نێت دوا پێك، له راستیدا ئه‌و شته‌ی له پشووی كۆتایی هه‌فته‌دا له مێشكتدا ده‌مێنێته‌وه لووتكه‌كه‌ی دوا ساته‌كانی پشووه‌كه‌یه و به ئه‌گه‌ری زۆر ئه‌و كاتانه‌ی خۆت كه له پشووه‌كه‌دا به‌سه‌رت بردووه له‌بیر ده‌كه‌یت. من سه‌باره‌ت به‌م بابه‌ته به‌شێوه‌یه‌كی گشتی له به‌شی (20)ی ئه‌م كتێبه‌دا قسه ده‌كه‌م. ئه‌گه‌ر تۆ له دوا ساته‌كانی پشووه‌كه‌تدا به پسووڵه‌یه‌كی دوورودرێژه‌وه شاگردی ئوتێله‌كه ببینیت كه سه‌ره‌ڕای پاره‌ی ئوتێله‌كه داوای شاگردانه‌یه‌كی زۆریش ده‌كات، بێگومان هه‌موو ئه‌و خه‌یاڵه خۆشه‌ی له سه‌فه‌ره‌كه‌تدا هه‌تبووه لێت ده‌بێت به ژه‌هره‌مار، بۆیه باشتروایه سه‌ره‌تا هه‌موو خه‌رجییه‌كانی خۆت بده‌یت و دواتر سوود له خزمه‌تگوزارییه‌كانی ئوتێله‌كه و به‌شه خۆشه‌كانی دیكه‌ی وه‌ربگریت، به‌و شێوه‌یه كه‌س له زه‌وقت نادات.
وای دابنێ ته‌كسی گران بووه
ده‌بێت دان به‌وه‌دا بنێم حاڵی حازر من به‌بێ هیچ ناڕه‌حه‌تییه‌ك باج ده‌ده‌م. دوای لێكدانه‌وه‌یه‌كی زۆر له‌وه تێگه‌یشتم كه من به‌ته‌نیا ناتوانم سیستمی باجی وڵات بخه‌مه ژێر پرسیاره‌وه و بیگۆڕم، به‌م پێیه هه‌وڵم دا تێڕوانینی خۆم سه‌باره‌ت به‌م مه‌سه‌له‌یه بگۆڕم و شاری (بێرن)م به شاره‌كانی وه‌كو ریاز و كوێت به‌راورد كرد. له‌م شارانه‌دا به‌ڕاستی خزمه‌تگوزاری شار و پاكوخاوێنی شار ریسواییه و بێرن به به‌راورد به‌م شارانه وه‌كو به‌هه‌شت وایه. راسته عه‌ره‌بستان باج له هاووڵاتیانی وه‌رناگرێت، به‌ڵام من ئاماده‌نیم بۆ یه‌ك ده‌قه‌ش له‌وێ بمێنمه‌وه. له‌وانه‌یه كه‌سانێك كه زۆر ناله‌بار و سه‌ره‌ڕۆن حه‌ز بكه‌ن بچن بۆ وڵاتێك یان شارێك كه باجی لێوه‌رناگیرێت، به‌ڵام ده‌بێت ئه‌وه له‌به‌رچاو بگرن كه ئیتر خزمه‌تگوزاری و ئه‌من و ئاسایشیان نییه.
ده‌بێت بڵێم من باوه‌ڕم به‌و پره‌نسیپه هه‌یه كه پاره خۆشبه‌ختی له‌گه‌ڵ خۆیدا ناهێنێت. هه‌روه‌ها ئه‌گه‌ر خواردنه‌وه‌یه‌ك دوو دۆلار گرانتر بێت له‌وه‌ی من ته‌سه‌ورم كردووه یان هه‌رزانتر بێت، هیچ هه‌ستێكی تایبه‌تی له‌لای من دروست ناكات، چونكه هه‌میشه هه‌وڵی من ئه‌وه بووه وزه و شادیی خۆم بپارێزم و پاره به‌لامه‌وه هێنده گرنگ نه‌بێت. شایانی باسه من له بۆرسه‌دا سه‌رمایه‌گوزاریم كردووه و زوو زوو به‌های پشكه‌كانم به‌رز و نزم ده‌بێته‌وه له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا ئه‌گه‌ر پشكه‌كانی (داوجۆنز) هه‌زار جاریش دابه‌زێت نابێته مایه‌ی نیگه‌رانیم. بۆیه رێنمایی من بۆ تۆ ئه‌وه‌یه كه راده‌یه‌ك پاره له‌به‌رچاو بگره كه به‌لای تۆوه ناچیز و بێبایه‌خه، هه‌موو به‌هاكان به‌وه هه‌ڵبسه‌نگێنه، بۆ نموونه: وایدابنێ كرێی ته‌كسی دوو دۆلار گرانتر بووه، به‌ڵام دوو دۆلار بڕێكی هیچه و به‌های ئه‌وه‌ی نییه بیری لێبكه‌یته‌وه و قسه‌ی له‌سه‌ر بكه‌یت.
فێر بووم كات به‌فیڕۆ نه‌ده‌م
كاتێ به‌ره‌و چل ساڵی ده‌چووم باوه‌ڕم به خوا نه‌بوو، به‌ڵام دوای ئه‌وه هه‌وڵم دا دووباره باوه‌ڕم به‌هێز بكه‌م، ده‌بێت دان به‌وه‌دا بنێم هۆكاری ئه‌م گۆڕانكارییه له‌ناكاوه قه‌شه‌كانی (به‌ندیكت) بوون كه له (ئینسیدیلن) به‌گه‌رمی پێشوازییان لێكردم و یاده‌وه‌رییه‌كی باشیان لا دروستكردم. له‌و كڵێسا‌یه هیچ هاتوهاوار و ده‌نگه‌ده‌نگێك نه‌بوو، ئه‌وان ته‌له‌فۆن و ئینته‌رنێت و ته‌له‌فزیۆنیان نه‌بوو، ده‌تگوت له سه‌ده‌كانی ناوه‌ڕاستدا ده‌ژین. سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ش له‌وێ بێده‌نگییه‌كی خۆش باڵی كێشابوو، چونكه قه‌شه‌كان رۆژووی بێده‌نگییان گرتبوو، له‌وێ من به رازێكی دیكه‌ی رازه جۆراو جۆره‌كانی ژیان ئاشنا بووم. له ژووری نانخواردن كه‌وچك و چه‌تاڵیان كردبووه ناو سندوقێكی داری ره‌شی هه‌شت ئینجییه‌وه، له سه‌ره‌تای هه‌ر ژه‌مێكدا كه‌سه‌كان ده‌یانتوانی چه‌قۆ و چه‌تاڵه‌كانی خۆیان ده‌ربێنن.
شایانی باسه سندوقه‌كه وه‌كو تابووت وابوو. له‌وانه‌یه بپرسیت بۆچی بۆ هه‌ڵگرتنی چه‌قۆ و چه‌تاڵه‌كانیان ئه‌و سندوقه به‌كاردێنن؟ ئه‌و سندوقه بۆ كه‌سانی ناو كڵێساكه په‌یامێكی تایبه‌تی له‌خۆگرتبوو، به‌و مانایه‌ی تۆ ئێستا مردوویت و هه‌رچی رووده‌دات وه‌كو دیارییه‌ك وایه بۆ تۆ، له راستیدا ئه‌و مه‌سه‌له‌یه ئه‌وه‌ی فێركردم به‌ها بۆ كاتی خۆم دابنێم و بێهوده به فیڕۆی نه‌ده‌م.
له‌وانه‌یه تۆ له وه‌ستان له ریزی ماركێت یان له چاوه‌ڕوانی له عیاده‌ی دكتۆر بێتاقه‌ت بیت و لێدانی دڵت له ئه‌نجامی سترێسدا بگاته (150) له ده‌قه‌یه‌كدا، به‌ڵام باشتر وایه له‌بری تووڕه‌بوون، ئه‌وه له‌به‌رچاوبگریت ره‌نگه ئارامیت بتوانێت ته‌مه‌نت ساڵێك زیاتر بكات، سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ش له‌و بارودۆخه‌دا سترێس بۆ تۆ هیچ سوودێكی نییه و ئه‌و ساڵه‌ی ده‌چێته سه‌ر ته‌مه‌نت بێگومان زۆر له‌وه گرنگتره كه له ریزێكدا بكه‌ویته دواوه. هه‌ڵبه‌ته ئه‌وه‌ش روون و ئاشكرایه كه له هه‌ندێ شوێندا كات و سامانت تاڵان ده‌كرێن، به‌ڵام ده‌توانیت ساته سه‌خته‌كانی ژیانت به‌شێوه‌یه‌كی دیكه لێك بده‌یته‌وه. ده‌توانیت سندوقی ئامرازی فرت و فێڵه‌كانی خۆت بكه‌یته‌وه و بزانیت چۆنچۆنی ده‌توانیت خۆت رازی و خۆشحاڵ بكه‌یت. هه‌میشه ئه‌وه‌ت له یاد بێت هه‌ندێ كات باشتر وایه هه‌ندێ فرت و فێڵ به‌كاربهێنین كه رازی و خۆشحاڵترمان بكات و هیوامان به ژیان زیاتر ده‌كات.
سه‌رچاوه: كتێبی/ هنر خوب زیستن