دوێنێ لە بەغدا، رێوڕەسمی ئامادەكاری بۆ دیداری یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، بەئامادەبوونی ژمارەیەك لە ئەندامانی سەركردایەتی و كادیر و لایەنگران و پێكهاتەكان و چینوتوێژەكان، بەڕێوەچوو.
لە سەرەتای رێوڕەسمەكەدا و پاش چەند ساتێك وەستان بۆ گیانی پاكی شەهیدان، رابیحە حەمەد لێپرسراوی مەڵبەندی بەغدای یەكێتی، رایگەیاند: ئەم دیدارە بۆ كردنەوەی دەرگایەكی نوێیە بۆ بیروڕاو هزری جیاواز، لە چوارچێوەی هەوڵەكاندایە بۆ دەوڵەمەندكردنی پەیڕەو و پرۆگرامی یەكێتی و بە ئامانجی خزمەتكردنی جەماوەری كوردستان و ببێتە هۆكارێك تا لە ژیانێكی ئارام و سەقامگیردا ئامانجەكانمان بەدیبهێنین و چارەسەری پێشهاتە نوێیەكان بكەین.
ئاماژەی بەوەشكرد كە دەبێت لەڕێگای دیداری یەكێتییەوە پارێزگاری لە سەروەریی عیراق بكەین و باشترین خزمەتگوزاری بە هاووڵاتیانمان لە كوردستان و عیراق پێشكەش بكەین.
پاشان، وتاری لیژنەی باڵای دیدار لەلایەن فەهمی بورهان ئەندامی لیژنەی باڵای ئامادەكاری دیداری یەكێتی، خوێنرایەوە و تێیدا مەبەست و ئامانجەكانی دیدارەكەی خستەڕوو و رایگەیاند: ئەم رێوڕەسمەمان لە بەغدا گرنگیی خۆی هەیە، گرنگییەكەی لەوەدایە كە هەموو جارێك سەرۆك مام جەلال تەئكیدی دەكردەوە لەسەر ئەوەی «بەغدا سەنگەری یەكەمی بەرگرییە لە خەباتی رەوای خەڵكی كوردستان». وتیشی: دەوری یەكێتی لە بەغدا بۆ سەرخستنی تێزەكانی كوردایەتی و خەباتی دیموكراسیی نەتەوەكەمان زەروورە، ئەگەرنا بیركردنەوەی گرژ و دیدی چەقبەستوو وادەكات كورد لە بەغدا لاوازبێت و پەیوەندییە مێژووییەكانی كورد و عەرەب و پێكهاتەكان بە رێگەی تەندروستی خۆیدا نەڕوات.