لە کەرکوک پەناگە بۆ سەگی بێلانە دروست دەكرێت

09:50 - 2023-04-17
ڕاپۆرت
294 جار خوێندراوەتەوە
سەگی بێلانە مەترسی بۆ سەر ژیانی هاووڵاتیان دروستکردووە

راپۆرتی/ هێمن ئەحمەد

 

بڕیارە لە دوای پشووەكانی جەژنی رەمەزان، لیژنەكانی قایمقامییەتی كەركوك دەست بكەن بە دروستكردنی پەناگەیەك بۆ داڵدەدانی سەگی بێلانە، ئێستا بەشێوەیەكی بەرچاو لەناو كوچە و كۆڵانەكانی شارەكەدا بڵاوبوونەتەوە و بوونەتە كێشەیەكی گەورە بۆ هاووڵاتیان و حكومەت، هەندێكجار لایەنە پەیوەندیدارەكانیش دەستە وەستان دەبن لە جێبەجێكردن و بنەبڕكردنیاندا، چونكە رۆژ بەڕۆژ رێژەیان زۆر دەبێت و چارەسەركردنیشیان ئەستەمە.
سەنگەر حەسەن دانیشتووی گەڕەكی دەروازەی شاری كەركوكە شایەدحاڵی گەستنی منداڵێکە لەلایەن سەگی بێلانەوە لە گەڕەکەکەیان و دەڵێت، لە چەند ساڵی رابردوودا سەگی بێلانە منداڵێکی کۆڵانەکەمانی بە سەختی بریندار کرد، بەشێوەیەک منداڵەکە بۆ چارەسەرکردن پێویستی بە چەند رۆژێک مانەوە بوو لە نەخۆشخانە.
وتیشی، لە دوای ئەو رووداوەوە هەموو دانیشتوانی گەڕەكەكەمان بە وردی چاودێری منداڵەكانیان دەکەن لەکاتی رۆیشتن بۆ قوتابخانە، چونكە ژمارەیان ئەوەندە زۆرە لە كۆنترۆڵ دەرچووە.
ئاماژەی بەوەشکرد، بەداخەوە ماوەیەك لەلایەن هەندێ خەڵكی نا بەرپرسەوە سەگە بێلانەكان دەرمان خوارد دەكران، بۆیە خۆشحاڵم بەوەی ئیدارەی پارێزگا و قایمقامییەتی كەركوك بڕیاریانداوە بە دروستكردنی پەناگەیەك بۆ ئەو سەگە بێلانانەی لەناو شاردا بڵاوبوونەتەوە لەبەرئەوەی كێشەیەكی گەورەیان دروستكردووە و چەندینجار بیستوومانە كارەساتی دڵتەزێنی لێكەوتووتەوە.

250 ملیۆن دیناری بۆ تەرخانكراوە
هاوڕێ زەنگەنە بەرپرسی كارگێڕی قایمقامییەتی كەركوك رایگەیاند، لەسەر رووبەری پێنج دۆنم زەوی لە پشت ناوچەی پیشەسازی گشتی كەركوك لە نزیك «حەولییەكە» جێبەجێ دەكرێت بە گوژمەی 250 ملیۆن دینار، پەناگەیەک  بۆ كۆكردنەوەی ئەو سەگە بێلانانە دروست دەکرێت کە لە كوچە و كۆڵانەكانی كەركوكدا بڵاوبوونەتەوە.
وتیشی، پڕۆژەكە لەلایەن حكومەتەوە سەرپەرشتی دەكرێت ‌و كاركردن تێیدا بەردەوام دەبێت بۆ سەركەوتنی پێویستە لەسەر هاووڵاتیان هاوکاری پڕۆژەكە بن بۆ كۆكردنەوەی هەموو ئەو سەگە بێلانانەی لەناو شاردا بڵاوبوونەتەوە.
باسی لەوەشكرد، هەر كەسێك سەگێكی بێلانە بۆ پەناگەكە بهێنێت حكومەت بڕی «سێ» هەزار دیناری وەكو پاداشت پێدەدات ئەمەش هەنگاوی یەكەمە بۆ سەركەوتنی پڕۆژەكە، ئەنجامەکەشی لە دواڕۆژدا دەردەكەوێت، جگە لەوەش هەلی كار بۆ هەندێك كەس دابین دەكات.
پڕۆژەكە هی ساڵی رابردووە و ئیدارەی پارێزگای كەركوك بڕیاری جێبەجێكردنەکەی پەسەند كردووە، خواردن و پێداویستی رۆژانەی سەگەکان لەلایەن حکومەتەوە دابین دەکرێت و لەژێر چاودێری پزیشكی  ڤێتەرنەریدا دەبن.
هاوڕێ زەنگەنە ئاماژەی بەوەشكرد، بەهۆی بوونی سەگی بێلانە لە کوچە و کۆڵانەکاندا لە چەند ساڵی رابردوودا چەند رووداوێکی گەستنی سەگ هەبووە بۆیە لایەنی بەرپرس پەلە دەکات لە جێبەجێکردنی پڕۆژەکەدا.

پۆلیس هاوكاری پڕۆژەکەیە
هاوكات كاوە غەریب فەرماندەی گشتیی پۆلیسی كەركوك رایگەیاند، دوای ئەوەی چەند رووداوێكی دڵتەزێن لە شاری كەركوك روویاندا، وەك بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی كەركوك پاڵپشتی قایمقامییەتی كەركوكمان كرد بۆ دروستكردنی ئەوە پەناگەیە و بەهیچ جۆرێك رێگە نادەین نە خەڵكی و نە لایەنە پەیوەندیدارەكان ئەو سەگە بێلانەیانە بکوژن، چونكە زیان بە بنەچە و رەگی ئەو جۆرە سەگانە دەگەیەنێت، بۆیە ئێستا لایەنە پەیوەندیدارەكان ئاگادارکراونەتەوە نابێت پڕۆژەکە پشتگوێ بخرێت و دەبێت بە زووترین كات جێبەجێ بكرێت.
فەلاح حەسەن، پزیشكی ڤێترنەری لەسەر مەترسییەكانی سەگی بێلانە رایگەیاند، هۆبەی پزیشكی ڤێترنەری لە كەركوك بەردەوام بانگەوازی ئەوەمان كردووە پێویستە بەڕێگەی پزیشكی و زانستی چارەسەری ئەم كێشە گەورەیە بكرێت، چونكە زیادبوونی ئەو سەگە بێلانانە لێكەوتەی سلبی گەورەی دەبێت لەڕووی تەندروستییەوە ژیانی هاووڵاتیان دەخاتە مەترسییەوە بەشێوەیەک هەندێكجار رووبەڕووی مەرگ دەبنەوە.
وتیشی، ئێمە لە دوو رووەوە گلەییمان لە هاووڵاتیان هەیە، یەکەمیان ئەوەیە هەندێك كەس سەگی راهێنراو بەخێو دەکەن، بەڵام كاتێك زیانیان پێدەگەیەنێت بەرەڵای ناو كۆڵان و شەقامەکانیان دەكەن و دواتر ئەوانیش زیان بە هاووڵاتیان دەگەیەنن هەروەها زاوزێ دەكەن ‌و چارەسەركردنیشی زۆر ئەستەم دەبێت، دووەم ئەوەیە خەڵكی خواردنیان دەدەنێ ئەمەش وا دەكات بەشێوەیەكی هەڕەمەكی جەستەی ئەو ئاژەڵانە بە زوویی گەورە بێت و توندوتیژ بن، هەندێك لە خواردنەكان بەشێوەیەكی بەرچاو توانای هۆڕمۆنی زاوزێیان زیاد دەكات، بۆیە داوا لە گشت دانیشتوانی شارەكە دەكەین هاوكاری پڕۆژەكە بن بە بردنی سەگی بێلانە بۆ ئەو پەناگەیە كە بڕیارە لە چەند هەفتەی داهاتووەوە بچێتە بواری جێبەجێكردنەوە.


بابەتە پەیوەندیدارەکان