پەتایەکی ڤایرۆسی بڵاوبووەتەوە و پێویستی بە خۆپارێزییە

10:30 - 2023-04-18
ڕاپۆرت
484 جار خوێندراوەتەوە

راپۆرتی/ ئەسرین محەمەد

 ماوەی دوو هەفتەیە لە هەرێمی کوردستان دەچیتە هەر نەخۆشخانەیەکی گشتی یاخود کلینیکی تایبەتی پزیشکەکان ژمارەیەکی زۆر هاووڵاتی بۆ چارەسەرکردنی یەک جۆر پەتا روویان تێکردووە بەگشتی کۆنیشانەیەکیان هەیە کە وەک کۆرۆنایەکی ئاسایی وایە و ئەمانەن (قوڕگ ئێشە، لوت گیران، کۆکە، سەرئێشە، لەزر و تایەکی بەهێز و هەندێک کەس سکچوونییشی هەیە).
زانیار ئاغال پزیشکی پسپۆڕی هەناوی رایگەیاند، ئەو پەتایەی لەناو هاووڵاتیاندا بڵاوە ڤایرۆسییە و بەکتریا نییە، هەروەها پەتای وەرزی نییە، چونکە پەتای وەرزی هەمیشە لە ناوەڕاستی پایز و سەرەتای زستاندا بڵاودەبێتەوە و ئەگەری زۆرە کۆرۆنا بێت.
وتیشی، ئەو نەخۆشانەی روو لە نەخۆشخانەکان دەکەن دەبینین نیشانەکانی نەوەی کۆتایی کۆرۆنایان هەیە، زۆربەی نەخۆشەکان پێویستیان بە نەخۆشخانە نابێت، لەناو نەخۆشەکاندا هەیە قورس دەیگرێت و درەنگ چاکدەبێتەوە، بەڵام ناگاتە ئەوەی کەسەکە سییەکانی بفەوتێت، یاخود بگاتە حاڵەتی گیانلەدەستدان.

پزیشکێکی پسپۆڕی هەناوی: ئەو پەتایەی لەناو هاووڵاتیاندا بڵاوە ڤایرۆسییە، وەرزی نییە و ئەگەری زۆرە کۆرۆنا بێت

چارەسەری نەخۆشییە ڤایرۆسییەکان
هاووڵاتی سامان قادر دەڵێت، دوو جورعە کوتانی دژی ڤایرۆسی کۆرۆنام کردووە و ماوەی هەفتەیەکیش ئەم پەتایەم گرت و تێمپەڕاند، بەڵام کۆرۆناکە ئاسانتر بوو.
هاووڵاتی فەلاح فەتاح وتی، سەرەتای بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنام گرت، تووشی ئەم پەتا نوێیەش بووم و بە 15 رۆژ چاکبوومەوە باوەڕکەن هەر کۆرۆنایە و جلی تازەی لەبەرکردووە.
بەپێی سەرچاوە زانستییە پزیشکییەکان بۆ هەموو نەخۆشییە ڤایرۆسییەکان چارەسەرە سەرەتاییەکان بەم شێوەیەن (پشوودان، مۆڵەت وەرگرتن لە شوێنی کار، وەرگرتنی پاراسیتامۆڵ و خواردنی شلەمەنی)، هەروەها دوورکەوتنەوە لە دەرمانی هەڵەی وەک دەرزی تێکەڵە و چارەسەری ئەمۆکسیل.
زانیار ئاغال پزیشکی پسپۆڕی هەناوی ئاماژەی بەوەشکرد، لەبەرئەوەی ئێستا پشکنینی کۆرۆنا ئاسان بەردەست نییە نەتوانراوە بەتەواوی دڵنیاببنەوە ئەوەی بڵاوبووەتەوە ڤایرۆسی کۆرۆنایە، بەڵام ئەوە دەرکەوتووە زۆربەی نەخۆشەکانی روو لە نەخۆشخانەکان دەکەن و ئەو نیشانانەیان هەیە ئەوانەن خۆیان نەکوتاوە لە دژی کۆرۆنا.
هاووڵاتی رۆشنا عەزیز دەڵێت، تووشی ئەم پەتا نوێیە بووم هەموو نیشانەکانی توشبوون بە کۆرۆنام هەبوو تەنها ئەوەیە ترسەکەی لەگەڵ نییە.
هاووڵاتی سەردار کەمال دووەم جاری بوو بۆ چارەسەرکردنی پەتاکە رووی لە نۆڕینگە کردبوو وتی،  لەزر و تایەکی زۆر بەهێزم هەیە لەگەڵ کۆکە کە سنگم لەگەڵی دەیەشێت، ماوەی 14 رۆژە پێمەوەیە و بۆ دووەم جارە چارەسەر وەردەگرم و هێشتا چاک نەبووم.
خۆپارێزی لە پەتاکە
زانیار ئاغال پزیشکی پسپۆڕی هەناوی دەڵێت، بۆ خۆپارێزی لەم پەتایەی بڵاوبووەتەوە رەچاوی ئەم خۆپارێزییانە بکەن.
یەکەم/ ئەم ڤایرۆسە هەرچییەک بێت هەروەک کۆرۆناکەی پێشوو لەڕێی هەناسە و کۆکە و پژمە و دەست پیسبوونەوە دەگوازرێتەوە، بۆیە لە کاتی تووش بوون ماسک بکە، دوور بکەوەرەوە لە دەوروبەر هەتا مەترێک و تێکەڵاوی مەکە و پاک و خاوێنی پارێزەری هەموو نەخۆشییەکە.
دووەم/ بەڕۆژوو بوون باش نییە لەو یەک دوو رۆژەدا کە کەسەکە نەخۆش دەکەوێت، چونکە هەر وشک بوونەوەیەک و نەمانی وزەیەک دەبێتە هۆی خراپتربوونی نەخۆشییەکە و درەنگ لێبوونەوەی.
سێیەم/ هیچ دەرمانێکی وەکو (ئەمۆکسیل وگولاجەکانی دیکە) ی ناوێت، چونکە ئەمە ڤایرۆسە و دژە بەکتریای ناوێت و بەرگری لاشەی خۆت تێک مەدە.
چوارەم/ هەرگیز نەچیت دەرزی تێکەڵە و دەرزی دیکە بێ پرسی پزیشک لە خۆت بدەیت، لەبەرئەوەی هێشتا کاریگەریی کارەساتی کۆرۆناکەی پێرار ماوە لای هەندێک نەخۆش.
پەتای کۆرۆنا ئێستا هەر ماوە، بەڵام هێز و کوشندەیی کەم بووەتەوە و پێویستە خۆپارێزی بەردەوام بێت، هەروەها لەکاتی توشبوون بۆ چارەسەرکردن روو لە نەخۆشخانەکان بکەن نەک شوێنی دیکە و دوورکەوتنەوە لەو رێنماییە هەڵانەی لێرەو لەوێ بڵاودەبنەوە و نازانستین.

بابەتە پەیوەندیدارەکان