فەهیمە سابیر
لە کۆنەوە سون تسی کە دانایەکی چینییە وتوێتی: «ئەگەر دوژمنەکەت و خۆشت ناسی و لێیان تێگەیشتیت، لە هیچ شەڕێکدا نادۆڕێیت»، بۆیە گرنگە بۆ هەر هێزێکی سیاسی هاودژ و رکابەرەکەی لە کایەی سیاسی و لەناو دەسەڵاتدا بناسێت و بزانێت چۆن ململانێی لەگەڵدا دەکات .
لە کوردستاندا لەدوای شکستی 1975، یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دامەزرا، هەر لە سەرەتای سەرهەڵدانییەوە وەک هێزێکی نوێی نیمچە بەرەیی یان هاوپەیمانی زیاتر لە رێکخراوێکی سیاسی هاتە کایەوە، کوردستان ئەگەرچی پێش ئەو رووداوەش و لەناو خودی پارتی دیموکراتی کوردستان ناکۆکی و ململانێی دوو رەوتی جیا بە شێوازی دیار و ئاشکرا هەبووە، بەڵام بە دروستبوون و راگەیاندنی یەکێتی، کوردەواری بە یەکجارەکی لە قۆناغی تاکڕەویی خێڵەکی و بنەماڵەیی و یەک حزبییەوە، خزایە ناو فرەحزبی و پلورالیزمەوە و ململانێی سیاسی و هاوپەیمانیشی بەدوای خۆیدا هێناو بووە مۆرکی کاری سیاسی و رێکخراوەیی .
بزووتنەوەی سۆشیالیستی و بیرمەندانی ئەو بزووتنەوەیە چۆن لە رابردوودا مامەڵەیان لەگەڵ ئاراستە و ناکۆکیی رەوتە جیاوازەکانی ناو خودی بزووتنەوەکە کردوە؟، یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان وەک بەشێک لە بزووتنەوەی سۆشیال دیموکراتی جیهانی، چۆن دەڕوانێتە ململانێ و ناکۆکیی ناو کایەی سیاسی لە کوردەواریدا؟، لە بەرامبەر هەوڵی هەژمونخوازیی رکابەر و هاودژ و لە ژێر رۆشنایی یاسای ناکۆکی و ململانێ و یەکێتیی دژەکاندا، یەکێتی چۆن رەچاوی ئیدارەدانی ئەو ململانێیە دەکات؟
هاوپەیمانی و پێکەوە کارکردن لە ئاستی ناوخۆ و جیهاندا کاریگەریی چی بەسەر ناکۆکی و ململانێیەکانەوە هەیە؟ رۆڵی میدیا لە ململانێی ناو رێکخراوەکە خۆی و هێزە سیاسییەکانی دیکەی گۆڕەپانەکە چییە؟ یەکێتی وەک بزووتنەوەیەکی سۆشیال دیموکرات چۆن سەیری ئەو چەمکە فەلسەفییە دەکات؟ شەڕ و ململانێی خوێناوی چەند دەیەیەک لە کوردستاندا، شوێنەوار و دەرەنجامە خراپەکانی بەسەر کوردەوارییەوە چییە؟ کۆمەڵێک پرسی سیاسی سەرەکین، بۆ تاتوێکردن و خستنەڕووی چەند سەرنجێکی خێرا .
ململانێ و ناکۆکیی چینایەتی
یەکێک لە گرنگترین بنەماکانی بیری سۆشیالیستی ئەوەیە، ململانێی و ناکۆکی چینایەتی هێزی یەکلاکەرەوەی هەموو پەرەسەندنە مێژووییەکانە و لە مێژوودا و لە جیهانبینی ئەو دیدگایە، کۆمەڵگە دابەش بووە لەنێوان ستەمکار و چەوساوەکاندا، ئەمە لە کۆمەڵگەکانی رابردوودا پڕۆسەیەکی ئاڵۆز بووە، لە کاتێکدا سەرمایەداری بەشبوونە چینایەتییەکەی سادەتر کردووە، لە نێوان سەرمایەدار کە خاوەنی سامان و موڵکداریی تایبەتە و کرێکار کە زۆرینەی کۆمەڵگەن و هیچ بژاردەیەکیان لە بەردەستدا نییە جگە لە کارکردن بۆ بەرژەوەندیی بۆرژوازی .
کۆنگرە و مانیفێستەکەی
ئەنگلس لە وتارێکیدا لەسەر مێژووی کۆمەڵەی سۆشیالیستەکان و ناکۆکی و جیاوازیی راو بۆچوونەکان دەڵێت: کۆنگرەی دووەمی سۆشیالیستەکان لە کۆتایی نۆڤەمبەر و سەرەتای دێسەمبەری 1847 بەسترا، لەو کۆنگرەیە مێژووییەدا رەوتە جیاجیاکانی ناو بزووتنەوەی سۆشیالیستی بە یۆتۆبییەکان و ئەنارشیستەکانیشەوە بەشداربوون و کۆنگرەکە لانیکەم 10 رۆژی خایاند، گرفت و ناکۆکی و رای جیاواز و گومان هەبوو کە ئەوە ماركسی ناچارکرد سازش لەسەر هەندێک گرفتی کەم بایەخ بکات و دواجار ناکۆکی و کێشەکان چارەسەر کران، بە کۆی دەنگ رێکەوتن لەسەر پرەنسیپە نوێیەکە کرا و مارکس و ئەنگلس راسپێران، مانیفێست ئامادەبکەن و لە کورتترین ماوەدا لە 1848 ئەم کارەیان جێبەجێکرد.
بیرمەندانی بزووتنەوەی سۆشیالیستی هەر زوو لە کێبرکێی و ململانێی بیری ئایدیالی و لە روانگەی بۆچوونی ئەواندا تەنانەت مەتریالیزمی فیۆرباخیش زیاتر میکانیکی و رەچاوی گەشە و گۆڕانکارییە زانستییەکانی نەکردووە و گرفت و کێشەیان لەگەڵ هێگڵدا رزگارکردنی دیالێکتیکەکەی بووە لە خۆڵەمێشی ئایدیالی.
ماركس لە 8ی یەنایەری 1868دا نامەیەک بۆ ئەنگلس دەنووسێت تێیدا ئەوە رۆشن دەکاتەوە کە بیرۆکەی گەشەسەندن بەگشتی گەیشتۆتە هۆشیاریی کۆمەڵایەتی، گەشەیەک کە کۆپی قۆناغە بڕاوەکانی پێشوو دەکاتەوە، بەڵام بە پلەیەکی باڵاترە بەرەو سەرەوە نەک بە هێڵێکی راست، گەشەیەکە بازدان و کارەسات و شۆڕش لەخۆدەگرێ، گۆڕانی چەندایەتی بۆ چۆنایەتی، کارتێکی ناوخۆیی بۆ گەشە کە بەرهەمی دژ و پێکدادانی هێز و ئاراستە جیاوازەکانی تەنێکە، یان سنووری دیاردەیەکی دیاریکراویان لە ناو ناخی کۆمەڵگەیەکدایە.
کۆمۆنەی پاریس و شۆڕشەکەی فەرەنسا
شۆڕشی 1848 ی فەڕەنسا، و کۆمۆنەى پاریس لە ساڵی 1871 و لێکدانەوە و شیکردنەوەى تیۆرى بۆ ئەو دوو رووداوە گرنگە، ئاکام و ئەنجامەکانی سەرەتای ناکۆکى و لێکترازانی ناو بزووتنەوەى سۆشیالیستی بوو کە دواتر بەرپابوونی جەنگى یەکەمی جیهان و شۆڕشی ئۆکتۆبەر لە 1917 ئەو دوو ئاراستەیەى ناو بزووتنەوەکەى بە یەکجارى لە یەکتری جیاکردەوە و سۆشیال دیموکرات وەک رەوتێکى سەربەخۆ خاوەن جیهانبینی خۆى هاتەکایەوە.
ناکۆکییەکانی برنیشتاین و مارکس
برنشتاین لە شیکردنەوەکەیدا بۆ شۆڕشی 1848 رەخنەى توند لە شۆڕشگێڕان دەگرێت و داکۆکى لە سۆشیالیستە ریفۆرمیستەکان و نوێنەرانی وردە بورژوازى دەکات، بە بڕواى برنشتاین شۆڕشەکە نە چینایەتی بوو، نە پێویستی دەکرد بەرپا بکرێت، شێوەیەک بوو لە ناکۆکیى نێوان رابەرانی پارتە سیاسییەکان کە کرێکارانیان بەرەو شەقام دەبرد، پێی وابوو رێگەی گونجاو ئەوەبوو کرێکاران هەنگاو بەهەنگاو خەبات بکەن و خۆپیشاندانی هێمنانە لووتکەى خەباتی ئەوانە، ئەم بۆچوونەى برنشتاین ناکۆک و نەیار بوو لەگەڵ تیۆرى مارکس لە (خەباتی چینایەتی لە فەڕەنسا ساڵی 1848 تا 1850). مارکس باوەڕى وابوو لەو شۆڕشەدا بۆ یەکەمجار چینی کرێکار وەک چینێکی سەربەخۆ هاتۆتە ناو گۆڕەپانی ململانێکەوە.
برنشتاین ئەوەشی نەشاردۆتەوە کە شیکردنەوەکانی لەگەڵ هەلومەرجە نوێیەکەدا دەگونجێت، بەبڕوای ئەو شۆڕشی 1848 نموونەى شۆڕشە سیاسییەکانی ئایندەیە لە وڵاتانی پیشەسازى پێشکەوتوودا و لەوبارەیەوە دەڵێت: «پەنابردنی لایەنگرانی (بلانک) بۆ شۆڕش و توندوتیژی کە لە دیدى مارکسەوە شۆڕشگێڕ بوون، بەڵام لە دیدى خۆیدا ئەوانەى بە خەڵکى نزم و تینووى تیۆرى شۆڕشگێڕانە پێناسە دەکرد، هەر بۆیەش هەوڵی ئەو کۆمەڵە شۆڕشگێرییە بۆ هەڵوەشاندنەوەى پەرلەمانی بە کارێکى خراپ دادەنا، بە بڕواى ئەو نابێت خواستی سۆشیالیستەکان بگاتە ئەو جێگایەى لەگەڵ بۆرژوازیى ئازادیخوازدا بەیەکدا بدەن، ئەوە کارەساتی لێدەکەوێتەوە، سۆشیال دیموکراتەکانی ئەڵمانیاش لەکۆتایی جەنگی یەکەمی جیهاندا حکومەتێکى
هاوپەیمانیی چینایەتی و پارتەکانی تریان دامەزراند، برنشتاین پشتیوانی لەو هەنگاوە دەکرد.
ناکۆکی سۆشیالیستەکان لە نێوان کۆمۆنە و ئۆکتۆبەردا
شۆڕشی ئۆکتۆبەر دوای شۆڕشی 1848ی فەرەنسا و کۆمۆنەى پاریس، زۆرترین مشتومڕى فکرى و سیاسی و ناکۆکی ناو خودی بزووتنەوەی سۆشیالیستی بە دوای خۆیدا هێناوە، کاوتسکى رەخنە لە لینین دەگرێت کە چەمکى (دیکتاتۆرى پڕۆلیتاریا)ى لە پرەنسیپەکانی دیموکراتی جیاکردۆتەوە و دەڵێت: «مەبەستی مارکس و ئەنگلس لە دیکتاتۆرى پڕۆلیتاریا شێوەى حکومەت نییە، بەڵکو ناوەڕۆکە، ئەمەش لەوەدا دەردەکەوێت کە هەردووکیان زاراوەى دیکتاتۆریى پڕۆلیتاریان بۆ وەسفی کۆمۆنەى پاریس بەکارهێناوە کە دەسەڵاتی کۆمۆنە لەسەر پرەنسیپەکانی دیموکراسى، سیستەمى پلورالیزم (فرەحزبی)، هەڵبژاردن، مافی ئازادیى بیروڕا دامەزرابوو، بەدیدگاى کاوتسکى سۆشیالیزم بەبێ دیموکراسی هەرگیز نابێت. بەبڕوای کاوتسکی بۆلشەفیکەکان دەیانەوێت لە رێگەى تیرۆرەوە دەوڵەت بنیاتبنێن، ئەمەش پێچەوانەى دیدگای مارکسە.
هەڵەی خۆبواردن لە قۆناغە مێژووییەکان
برنشتاینیش لەوەدا پشتگیریی کاوتسکى کردووە، هەڵوێستی دیارىکردووە کە بەلشەفیکەکان و بلانکیستەکان نوێنەرایەتی یەک رەوت دەکەن کە ئەویش «تیرۆر و ئاژاوەگێڕی»یە. کاوتسکى هەنگاوى یەکەمى شۆڕشی لە روسیا کە بووە هۆى رووخانی تزار (قەیسەر) و هاتنە سەرکارى کرێنسکی کە حکومەتێکى بنکە فراوانی سۆشیالیست و لایەنەکانی تر بوو بەرز نرخاند، ئەوەشی رۆشن کردۆتەوە کە ناتوانین خۆمان لە قۆناغە مێژووییەکان ببوێرین و بانگەشەی لینین کە شۆڕشی ئۆکتۆبەر سۆشیالیزم دەهێنێتەدی بە «پڕوپووچ» زانیوە. ئەوەى خستۆتەڕوو کە دەتوانرێت پەیوەندى و لێکچوونی زۆر لەنێوان دەوڵەتی لینین و حکومەتی رۆپسپێر بدۆزرێتەوە، بەڵام لەگەڵ دەسەڵاتی کۆمۆنەدا زۆر لێک دوورن، کۆمۆن هەموو حزبەکانی لە حکومەتدا بەشداری پێکرد، لە کاتێکدا لینین و بۆلشەفیکەکان حزبەکانیان وەدەرنا و ئەوەشی ئاشکرا کردووە کە ئابووری بەبێ دیموکراسى سەرکەوتوو نابێت، ئابوورى حکومەت بەبێ دیموکراسى واتە کۆیلەکردنی تەواوى چینی کرێکار لە دەستی کەمایەتییەک کە دامودەزگاى حکومەتیان کۆنترۆڵکردووە.
لینین چی لە ئایسکرا دەویست؟
حزبە دیموکراتەکان و بەتایبەتیش سۆشیال دیموکراتەکان هۆکارى پێشکەوتن و گۆڕانکاری دەوڵەتن، لەم پڕۆسەیەى ریفۆرم و چاکسازى کە بەرەو پێش هەنگاودەنێت بەشێنەیی دۆخی کرێکاران گۆڕانکاریی بەسەردا دێت، ئەنگلس لە لێکۆڵینەوەیەکدا لەسەر (بەریتانیا لە ساڵانی 1845تا 1885) شیکردنەوەیەکى جوانی ئەو گۆڕانکارییانە دەخاتەڕوو کە لە بەڕیتانیا بەسەر سیستەمى چینایەتیدا هاتووە، ئاماژەش بە بزووتنەوەى شارێتییەکان دەکات کە دەستکەوتی گرنگیان بۆ چینی کرێکار بەدەستهێناوە .
لینین لە سەر ناکۆکی و بیروڕای جیا لەناو بزووتنەوەی سۆشیالیستی روسیادا نووسیوێتی: «ئێمە دان بەوەدا دەنێین کە رای جیاجیا هەیە و نامانەوێ ئەوە بشارینەوە، بە پێچەوانەوە دەمانەوێت سۆشیال دیموکراتەکان بڵاوکراوەکانمان بکەنە سەکۆی گفتوگۆ لەبارەی گرفت و بیروڕا جیاوازەکان و بەشێک لە راگەیاندن بۆ ئەوە تەرخان بکرێت».
جیاکردنەوەی سۆشیالیزم لە پۆپۆلیزم
لە ساڵی 1901 رێنمایی دەستەی نووسەرانی ئایسکرا دەکات کە «گۆڤارەکە هەموو کێشەکان لە دیدگایەکی سەربەخۆ و یەکانگیرەوە بخاتەڕوو، بۆئەوەی بتوانێت خەبات دژی ژاوەژاو و گێژاو بکات و سۆشیالیستەکان یەکبخات و بەشێک بۆ ململانێی فیکری و گفتوگۆ تەرخان بکات بەتایبەتی بۆ رەخنەگران لە رەوتەکەمان، ئەمە رێگە خۆشکەر دەبێت بۆ یەکێتی فیکر و ئایدیۆلۆژیای سۆشیال دیموکرات، بە پێچەوانەوە ئەگەر ئەوە نەکرێت یەکێتییەکی بەڕواڵەت و رووکەش دێتەدی»، بەڕای لینین ئەرکە سەرەکییەکانی ئایسکرا شیکردنەوەی بزووتنەوە خۆڕسکەکان و تێگەیشتنە لە بزووتنەوەی کۆمەڵایەتی رۆشنبیران و لێکۆلینەوە لەو شێوازانەی خەباتی کرێکاری بەخۆیەوە دەبینێ، ئێمەش بۆ بەدیهێنانی ئەرکە شۆڕشگێرییەکە کە گەیاندنی بنەمای سۆشیالیستییە بە چینی کرێکار و تەنها کار لەسەر بزووتنەوەی خۆڕسکی کرێکاران نەکات، بەڵکو لەسەر تۆێژینەوە تیۆری و دیاردە بەرجەستەکراوەکان بیکات، دەبێ تیشک بخاتە سەر راستییەکان، پڕوپاگەندە بۆ مەسەلە سیاسییەکان و کاری رێکخراوەییش بگرێتەخۆ. نابێت تێکەڵەیەک بێت لە رای ناکۆک و دژبەیەک، کار بۆ نزیککردنەوە و یەکخستنی سۆشیالیستەکان بکات، نەک رەنگدانەوەی بیروڕا جیاجیاکان بێت، سنوورێکی جیاکراوە و رۆشنی هەڵوێستەکانی بخاتەڕوو و سۆشیالیستەکان کۆبکاتەوە و دەرگاش بۆ دیالۆگ بکاتەوە، یەکێتیی فیکر و تێڕوانینی ئایدیۆلۆژی بخوڵقێنێت، بەرەنگاری ئاراستەکانی تری بەناو سۆشیالیستی ببێتەوە). ئەمە بە مەبەستی نزیکبوونەوە و دانانی هێڵی جیاکراوە، ئایسکرا گۆڕەپانێکی ململانێی فیکری بوو دژی ئەو ئاراستانەی دەیانویست بزووتنەوەی سۆشیالیستی بەلارێدا ببەن.
وتارەکانی لینین لە ئایسکرا (بەچی دەستپێبکەین؟) و (چی بکەین؟) کە دواتر لە کتێبێکدا بڵاویکردەوە، خەبات بوو دژی رەوتی کاری سەندیکایی و ئیکۆنۆمیستی ناو بزووتنەوەی سۆشیالیستی روسیا و دەستنیشانکردنی ئەرکەکانی ئەو بزووتنەوە شۆڕشگێڕییە و دانانی هێڵی جیاکردنەوە و بەهێزکردنی ناسنامەی سۆشیالیستی رەوتەکە بوو، هەر وەکو پێش ئەوەش لینین دژی رەوتی پۆپۆلیستی، لە کتێبەکەیدا (پۆپۆلیستەکان کێن و چۆن بەرەنگاری سۆشیال دیموکراتەکان دەبنەوە؟) رەوتی سۆشیالیستی لە رووی ئایدیۆلۆژییەوە بە یەکجاری لە پۆپۆلیزم جیاکردەوە .
رەنگدانەوەی ئەو تیۆرە لە کوردستان
لە کوردستاندا ئەگەرچی کۆمەڵێک رۆشنبیری خاوەن دیدگای چەپ و پێشکەوتنخواز و ناسیۆنالیستی سێکولار پارتی دیموکراتی کوردستانیان دامەزراندووە و ئەو بەرنامەیە بە نامەیەک ئاراستەی وەزارەتی ناوخۆی ئەوکاتی عیراق کراوە، بەمەبەستی بەدەستهێنانی مۆڵەتی رەسمیی کارکردن، ئەوەش ئەو راستییە دەسەلمێنێت، بەڵام بە هاتنەوەی بارزانی لە روسیا و دەستپێکردنی بزووتنەوەی چەکداری 1961 کە سەرۆک خێڵ و دەرەبەگە خاوەن موڵکە کشتوکاڵیەکان، دوای دەرچوونی یاسای چاکسازیی کشتوکاڵ، رۆڵیان هەبوو لە هەڵگیرساندنی، درزی خستە ناو بزووتنەوەی سیاسی و ناکۆکی و گرفتەکانی قووڵکردەوە و دوو ئاراستەی فیکریی لەو کاتەدا سەریهەڵدا، ئاراستەیەکی پێشکەوتنخواز کە بڕوای بە هێز و توانا و ئیرادەی جەماوەر هەبوو و زۆرینەی مەکتەبی سیاسی بوو، رەوتێکی تری خێڵەکی و کۆنەپارێز کە پشتی بە هێزی دەرەکی دەبەست، ئەو ململانێ و ناکۆکییە دەستپێکی شەڕی ناوخۆیی بوو، دووکەڵی شەڕ بەرزبۆوە و تاڵان و شڕەخۆری بەدوادا هات، دوای شکستی 1975 و دروستبوونی هێزی جیاجیا، چاوەڕوان دەکرا سروشتی ململانێ و ناکۆکی شێوازی دیموکراسی وەربگرێت و رێز لە بیروڕا جیاوازەکان بگیرێت، بەڵام بوونی ئەجێندای دەرەکی و کارکردن بۆ بەهێزکردنی پێگە و هەژموون و لاوازکردنی رکابەری، وایکرد شەڕ درێژەی هەبێ، کارەساتی هەکاری و شەڕی ناوەڕاستی هەشتاکانی سەدەی رابردوو و تەنانەت ساڵانی 1994 و بەدواوە و دوای پێکهێنانی یەکەم دەسەڵاتی کوردیش بەردەوام بوو.
بەرای چاودێران پەیوەندیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و پارتی دیموکراتی کوردستان هەر لە سەرەتاوە شێوازی کێبرکێ و ئاڵۆزی و ململانێی بەخۆوە بینیوە، لایەنێکی دیاریکراو هەموو کات ئامادە بووە لە کاتی پێویستدا دەست بۆ چەک ببات، یان وڵاتێکی دەرەکی بانگهێشتی کوردستان بکات.
ململانێ ناوخۆییەکان و شوێنەوارەکانیان لە جیهاندا
لە زۆر شوێنی جیهان و وڵاتاندا ناکۆکی و کێشە بەرۆکی گرتوون و شەڕی ناوخۆ روویداوە و کاریگەریی لەسەر کۆمەلگە دروستکردووە و شوێنەواریشی لەدوای خۆی بەجێهێشتووە. هەندێک لەوانە پڕۆژە و سروشتی پێشكەوتنخوازانەی لەخۆگرتووە، سەربەخۆیی نیشتمانیی بەدوادا هاتووە، بۆ نموونە: لە ئەفریقا لە سەردەمی کۆلۆنیالیزمی ئەوروپی، شەڕی زانۆ و زابۆ لە مۆزەمبیق و شەڕی مەبێلا و فەنێلا لە ئەنگۆلا، و لە ئاسیا شەڕی باکوور و باشووری ڤێتنام و وابەستەیی ئەمریکا و شەڕی کۆمۆنیستەکان و کۆمینتاگ لە چین، ئەمانە هەموو لە ئەنجامدا سەربەخۆیی سیاسی ئەو وڵاتانەی دەستەبەرکرد، لە رابردووشدا شەڕی ناوخۆیی لە هەندێک وڵات کاریگەریی لەسەر بەدامەزراوەکردنی وڵات و بەخشینی ناسنامە و بەشداریی زیاتری خەڵک لە ژیانی سیاسی، و دیموكراتیزەكردن و كەمكردنەوەی هەندێک رواڵەتی دواكەوتوویی کردووە، بۆ نموونە جەنگی ناوخۆی بەریتانیا چووە خزمەتی گەشەکردنی زیاتری سیاسی و گۆڕانکاری و دابەشکردنەوەی نوێی دەسەڵاتەوە، کەمکردنەوەی دەسەڵاتی پاشا و زیادکردنی دەسەڵاتی پەرلەمان و رێگە خۆشکردن بۆ رۆشنگەریی و گەشەی پیشەسازی و پێشکەوتن.
لە جەنگی ناوخۆی ئەمریکاشدا سەرەڕای کارەسات و وێرانکاری، پرسی یەکگرتوویی خاك و گەلی ئەمریکا و خێراترکردنی کۆتاییھێنان بە کۆیلایەتی لێکەوتەوە، لەکاتێکدا لە کوردستاندا ناکۆکی و شەڕی ناوخۆی نێوان هێزێکی رادیکال و سێکولار و لایەنێکی کۆنزەرڤاتیڤ، سەرەڕای زیانگەیاند لە دۆزەکە و کوشتن و کارەسات و ماڵوێرانی و هەڵوەشاندنەوەی زێدەتری کۆمەڵگە و چاندنی تۆوی رق و کینە، و پۆڵبەندی و دابەشبوون، رەهەندی ئاڵۆزتری خستۆتە سەر کێشەکان و دەستوەردانی دەرەکی بەتایبەتی لە بواری سەربازی و ئەمنی و سیخوڕی فراوانتر کردووە. دەرەنجامی ئەوەش بە فیڕۆدانی تواناکان و شێواندن و لەباربردنی پڕۆژەی نیشتمانی و بڵاوبوونەوەی بێهیوایی و نائومێدی و بێ ئیرادەیی و لە کۆتاییشدا تێکدانی گەشەی سروشتی و ئاسایی کوردەواریی و پەرەسەندنی گەندەڵی و نادادپەروەریی لێکەوتۆتەوە.
گڵۆبالیزم ئەمڕۆ سنوورەکانی بەرەو کاڵبوونەوە بردووە و وڵاتانی جیهانی بە کوردستانیشەوە تێکهەڵکێش کردووە، بۆیە لە ململانێی سیاسی و ناکۆکی، هاوپەیمانی و پێکەوە کارکردن لەگەڵ هێزە سیاسییەکان گرنگ و پێویستییەکە، بۆ درێژەدان و بەردەوامیی خەباتی سیاسی بۆ گەیشتنە ئامانجە ستراتیژییە داڕێژراوەکان.
لە ساڵی 1931 ژاپۆن پەلاماری باکوور و خۆرهەڵاتی چینی دا و لە ساڵی 1937دا هێرشەکانی فراوانتر و گشتگیرتر کرد، ئەمە تا کەوتنی ژاپۆن لە ساڵی 1945 بەردەوام بوو، لە ماوەی ئەو هەشت ساڵەی دواییدا ماو تسی تۆنگ سەرکردەی پارتی کۆمۆنیستی چین لەگەڵ چان کای چیکی سەرکردەی کۆمینتانگ کە نوێنەری کۆمپرادۆرەکانی چینی دەکرد، هاوپەیمانیی دژی لەشکرکێشیی ژاپۆن و بەرەنگاربوونەوەی داگیرکاری بەست، کە سەرکەوتنی چینی لە جەنگەکەدا مسۆگەرکرد .
لە نێوان هاوپەیمانییەکانی دوێنێ و ئەمڕۆدا
لە ئاستی جیهانیشدا ململانێ و ناکۆکییەکان فراوانتر بووە، وڵاتان بۆ بەرەنگاربوونەوەی هەڕەشە و مەترسییەکان بەتایبەتی دوای جەنگی روسیا - ئۆکرانیا، سەرقاڵی بنیاتنانی هاوپەیمانیی نوێن لە بوارەکانی سیاسی و سەربازی و مرۆییدا، ناتۆ هەوڵی فراوانبوون دەدات و جوگرافیایەکی زیاتر دەگرێتەوە، لە بەرامبەردا روسیا و چین و چەند وڵاتێکی تر رێکخراوی شانگهای بۆ ئاسایش و هاوکارییان پێکهێناوە و بۆ رێگریی لە هەڕەشەکانی سەر ئەو وڵاتانە لە هەماهەنگیدان.
لە ئاستی هەرێمایەتیش ئێران لە ناوچەکەدا تۆڕێکی لە پەیوەندیی مەزهەبی و هاوپەیمانی پەرەپێداوە، تورکیاش خەریکە وڵاتانی تورک زمان لە یەکتری نزیک دەکاتەوە و هاوپەیمانییان لەگەڵدا دروست دەکات، لێرەش دەبێت پرسیاری ئەوە بکرێت ئایا هاوپەیمانی و هەماهەنگی و نزیکبوونەوەی رێکخراوە سیاسییەکان لە ئاستی هەر چوار پارچەکەی کوردستان بۆ دانانی سنوورێک بۆ داگیرکاری و هەڕەشەکان لە چ ئاستێکدایە؟
لە هاوخەباتیی کوردستانییەوە بۆ هاوخەباتیی (جوقد)
لە ناوخۆدا یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان هەر لە سەرەتای سەرهەڵدانییەوە باوەڕی بەوە بووە کە کۆمەڵگە بەرژەوەندیی جیاجیای تێدایە، ئەمەش وادەکات بە ناچاری کاری سیاسی و رێکخراوەیی لەسەر پایەکانی دیموکراسی و پێکەوەهەڵکردن رێکبخرێتەوە، یەکێتی هەر زوو لەو راستییە تێگەیشتووە کاری پێکەوەیی و هاوپەیمانی لە ئاستە جیاجیاکاندا، لە ناوخۆ و عیراق و ناوچەکە و نێودەوڵەتی، هێز و توانا و گوڕوتین بە جووڵانەوەکە دەبەخشێت و بەدییهێنانی ئەرک و ئامانجەکان ئاسانتر دەکات.
یەکێتی هەر لەدوای دامەزراندنییەوە لەگەڵ هێزە شۆڕشگێڕ و دیموکراتخوازەکانی عیراقدا چووە ناو هاوپەیمانی و بەرەی (جوقد)ی دروستکرد. یەکێتی هەر لەسەردەمی خەباتی شاخەوە هەوڵی ئاشتبوونەوە و تەبایی و هاوپەیمانی دەدا کە دواجار بەرەی کوردستانی لێکەوتەوە، کە جۆرێک لە هیوای بە خەڵک بەخشی، راپەڕینی خەڵکی ئازاری ساڵی 1991 و دواتر هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان و پێکهێنانی حکومەتی هەرێمی کوردستانی بەدوادا هات.
دوای پرۆسەی ئازادیی عیراقیش لە 2003 ، هاوپەیمانیی کوردستانی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق دەنگی یەکگرتووی کورد بوو، رۆڵی سەرەکی بینی لە پارێزگاری لە ماف و دەستکەوتەکانی کورد و چەسپاندنیان لە دەستووردا، نەخشە رێگای یەکێتی کە لە تێڕوانینێکی وردەوە بۆ دۆخی ئێستا لە هەرێم و عیراق و ناوچەکە و ناکۆکی و ململانێی نێودەوڵەتی، چارەسەرکردنی کێشەکان و سەرکەوتن بەسەر رێگر و بەربەستەکاندا کە سروشتی قۆناغەکە نزیکبوونەوە لە یەکتر و هاوپەیمانی و گفتوگۆی سوودبەخشە، بۆ گەیشتنە پڕۆژە و دونیابینیی هاوبەش و پاراستنی بەرژەوەندییەکانی خەڵک دەخوازێت، هاوپەیمانییەک لەسەر بنەمای بەرژەوەندیی گشتی و کۆڵەکەی پتەو و دروست و متمانە داڕێژرابێ و هەڕەشە نەبێت لەسەر هیچ لایەنێکی سیاسی.
رۆڵ و کاریگەریی میدیا
میدیا بە سۆشیال میدیاشەوە، لە جیهانی نوێدا لە ململانێی هێزە سیاسییەکانی وڵاتێکدا، یان نێوان وڵاتانی دژ و رکابەردا رۆڵ و پێگەی کاریگەرە و کار لە ئاراستەی ناکۆکییەکان دەکات، دەتوانێت رای گشتی لەسەر رووداوێک یان دیاردەیەک دروست بکات و ئارامی و ئاشتەوایی و سەقامگیریی بەرەوپێش ببات و بە پێچەوانەشەوە تێکی بدات. واتە ببێتە مایەی نانەوەی ئاژاوە و هەڵگیرساندنی ئاگری ناکۆکی و گرفت.
یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان هەر لە سەرەتای دامەزراندنییەوە گرنگی بە بڵاوکراوە و کاری رۆژنامەگەری داوە بۆ گەیاندنی فیکر و بیر و تێڕوانینی خۆی و کۆکردنەوە و یەکخستنی ئاراستە جیاجیاکان لەناو یەکێتیدا، وەک هێزێکی نوێخواز و نزیک لە رەنجدەرانی بیر و بازوو.
دوای شکستی 1975 لە خەباتی شاخ هەتا رادەیەک رێگەی بە گفتوگۆ و ململانێی فکری دەدا و پانتاییەکی بۆ ئەوە تەرخان کردبوو، کە کاری کردە سەر گەشەی بیر و هۆشیاری، دەستپێشخەربوو لە دامەزراندنی دەنگی گەلی کوردستان کە کاریگەریی فراوانی هەبوو لەسەر کۆمەڵانی خەڵک و ناساندنی بەعس وەک رژێمێکی فاشیست.
لە دوای جەنگی کەنداوی یەکەمیش رۆڵی هەبوو لە هاندانی خەڵک بۆ راپەڕین و سەرهەڵدان.
کاری رۆژنامەگەریی یەکێتی ئەمڕۆ پێویستە رەنگدانەوەی دیدگای سۆشیال دیموکرات بێت و کار لە کۆمەڵگە بکات، بۆرژوازی دوای هەژموونی بەسەر کۆمەڵگەی مەدەنی و بەدیهێنانی پشتگیریی فیکری و جەماوەری لە ئاستێکی باڵادا توانی کۆنترۆڵی دەسەڵات بکات، بۆیە ململانێ لەسەر دەسەڵات ململانێیەکی ئایدیۆلۆژییە و راگەیاندن بەشێکە لەو ململانێیە ئایدیۆلۆژییە.
راگەیاندنی سەنگین و رەتکردنەوەی چەواشەکاری
بانگەواز بۆ راگەیاندنێکی بەبەها و رەتکردنەوەی چەواشەکاری و پڕۆسەی بەستنەوەی راگەیاندن بە بەها و ئەخلاقەوە پێویستییەکە، ئەگەر سەرنج بدەین لە ململانێی پارتی و پەکەکە دا راگەیاندنەکانی لایەنێکی سیاسی بە شێوازێکی هەڵخەلەتێنەرانە رووداوەکانیان دەخستەڕوو، لەکاتی هەڵمەتی سوپای تورکیادا بۆ سەر باشووری کوردستان، هەواڵێك میدیاکانی تەنییەوە، هەواڵەکە بەمجۆرە بوو: «بوونی هێـزەکانی پارتی کرێکاران بەڵگە دەداتە دەست تورکیا بۆ هێرشکردنە سەر هەرێمی کوردسـتان»!.
ئەم ناونیشانە بچکۆلەیە کە لۆژیکێـکی هەڵخەڵەتێـنەرانەی بەرزی تێدا سەرفکراوە و لە رێگەی دەزگا زەبەلاحە میدیاییەکانەوە دووبارە و سەدبارە دەکرایەوە، زۆر ئاساییە لای زۆرێك ببێـتە راستی و ئەو بڕوایە بچەسپێنێت کە ئەگەر بوونی چالاکییەکانی پەکەکە نەبێت ئەوا تورکیا ئەو هێرشەی نەدەکرد!
کەمینــــەیەك لە مێژووی فاشیزمی بەشێک لە دەسەڵاتدارانی تورکیا تێدەگەن و لایان ئاشکرایە، کە ئەو هەستە فاشیستانەیەی هەندێک بەرپرسی باڵای تورکیا رەگێکی ریشەداری مێژوویی هەیە و مێژووی ئەم فاشیزمە بەرامبەر بە کورد و کەمایەتییەکانی تری ناو تورکیا لە مێژووی بوونی پەکەکە کۆنترە.
سەرەنجام یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانیش پێویستە هاودژ و رکابەرەکەی لە کایەی سیاسی و لەناو دەسەڵاتدا بناسێت و بزانێت چۆن ململانێی لەگەڵدا دەکات و سروشتی دژە خەڵکی و دژە دیموکراسیانەی بۆ خەڵک ئاشکرابکات، دیسان گرنگە یەکێتی هاوکێشە و تەرازووی هێزی نێوان خۆی و رکابەرەکانی و سەنگ و قورسایی هەر یەکەیان ببینێت و ئەوەش بزانێت کە بەردەوام رکابەرەکەی هەوڵی لاوازکردن و بچووککردنەوەی دەدات، لەگەڵ رەچاوکردنی چۆنێتی ئیدارەدانی ئەو ململانێیە لە ژێر رۆشنایی یاسای ناکۆکی و ململانێ و یەکێتی لەناوخۆ.
هەمیشە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بڕوای بەوە هەبووە کە کوردەواری هاوشێوەی کۆمەڵگەکانی دیکەی جیهان چین و بەرژەوەندیی جیاجیا لەخۆدەگرێت، ئەمەش وادەکات بە ناچاری کاری سیاسی و رێکخراوەیی لەسەر پایەکانی دیموکراسی و پێکەوەهەڵکردن رێکبخرێتەوە. یەکێتی هەر زوو لەو راستییە تێگەیشتووە کە کاری پێکەوەیی و هاوپەیمانی لە ئاستە جیاجیاکاندا، لە ئاستەکانی ناوخۆ و عیراق و ناوچەکە و نێودەوڵەتیدا، هێز و توانا و گوڕوتین بە جووڵانەوەکە دەبەخشێت و بەدییهێنانی ئەرک و ئامانجەکان ئاسانتر دەکات .
پەیڕەوکردنی سیاسەتی چەپکەگوڵەکە و رەتکردنەوەی تاکڕەویی
دژەکان، کە بزوێنەری هەموو دیاردەکانە بە دیاردە کۆمەڵایەتییە جۆرا بە جۆرەکانیشیەوە، لێرەدا دەبێ ئاماژە بە ناکۆکی نێوان جەماوەری خەڵکی کوردستان و دەسەڵاتی سیاسی هەرێم بکەین، بەتایبەتی هێزی سەرەکی و بڕیاربەدەستی ناو حکومەت. ئەم ناکۆکییە بەهۆی هەڵە و قەیرانی بەردەوامی دەسەڵات، خەریکە ببێتە ناکۆکیی سەرەکی و چارەنووسساز کە رکابەرەکان لە بەرەیەکی فرەوان دژی دەسەڵات کۆبکاتەوە و بچنە سەنگەری جەماوەرەوە. ئەوەی یەکێتی لە لایەنەکانی تر جیادەکاتەوە، ئەوەیە کە هەمیشە ئامادەی پیادەکردنی سیاسەتی چەپکەگوڵەکە بووە، نەک مەیلی تاکڕەوی و قۆرخکاری و هەژمونخوازی.
لەلایەکی ترەوە چی تر یەکێتی لە ژێر ناوی یەکڕیزییەکی فشۆلەوە، ناتوانێت بێدەنگ بێت، و چاوپۆشی لەو هەموو کەموکووڕی و نادادپەروەرییە بکات لە دابەشکردنی سەروەت و سامانی هەرێمدا و خەڵک بێ خزمەتگوزاریی بکات، ئایا لەوەدا یەکێتی دەنگی بەرزدەکاتەوە و لە سەنگەری خەڵکدا دەبێت و هەوڵی بەهێزکردنی خەباتی مەدەنی و دیموکراسیی دەدات؟ ئایا یەکێتی دەبێت توانای فیکری و سیاسی و رێکخراوەکانی خۆی بەو ئاڕاستەیەدا ببات کە وەک ساڵانی سەرەتای دامەزراندنی یەکێتی دوای شکستی 1975، و هەڵگیرساندنی شۆڕشی نوێ دوای ئەو بێئومێدییەی ئەوکاتە، ئەمەش لە چوارچێوەی خەباتی رێکخراوەیی و مەدەنی و گەمەی دیموکراسی و سوود وەرگرتن لە میدیا؟ لێرەشدا لەو دیدەوە ناکۆکی و ململانێی بەشی هەرە زۆرینەی خەڵکی کوردستان لە چین و توێژە هەژار و کەمدەرامەتەکان لەگەڵ دەسەڵاتی ئەمڕۆ کە دامەزراوە و سیستماتیک نییە و عەقڵی خێڵ بەسەریدا زاڵە، ناکۆکییەکی گشتی و رەهایە .
زاڵبوونی تیۆری پیلانگێڕیی و بەدگومانی
بەشێکی زۆر لە کێشەی یەکێتی لەگەڵ لایەنی بەرامبەردا، زاڵبوونی تیۆری پیلانگێڕیی و پڕەنسیپی بەدگومانی بەسەر هزری سیاسی و کار و رەفتار و هەڵوێستی لایەنە رکابەرەکەیەتی، کە ئەمە رەگێکی مێژوویی هەیە و بە شێوەیەکی بۆماوەیی ماوەتەوە، کە تیایدا متمانە و بڕوا بە یەکبوون لە فەرهەنگی ئەواندا جێگەی نابێتەوە، جگە لە بوون بە پاشکۆ، دەرەنجامە ترسناکەکانی ئەمەش بەردەوام گرژی و هەڕەشە و هێرشی میدیایی و تۆمەت بەخشینەوە و رێگە نەدان بە رای جیاواز و سزادانی ناوچەی جوگرافی دەبێتە ئەڵتەرناتیڤی کاری هاوبەش و کاری پێکەوەیی، ئەزموونی رابردووش دەریخستووە کە ئەمە وادەکات دۆخی دژبەری و جۆرێک لە شەڕانگێزیی و پەنابردن بۆ سەرکێشی سیاسی پەیڕەوبکرێت.
قۆناغە سەختەکانی بەشێک لە کارەساتەکانی رابردوو و سەرکێشییەکانی ئەم دواییە بە ریفراندۆم و رێگریکردن لە دانانی پارێزگارێکی کورد بۆ کەرکوک و دەیان نموونەی تر گەواهیدەری زیندووی ئەو راستییە تاڵەن، بڕوابوون بەوەی هەمیشە ماف لای ئەوانە، وا دەکات هەموو ناڕەزایی و رای جیاواز بە خیانەت و دوژمنکاریی لێکبدرێتەوە، کە ئەمە وادەکات تەنها چاوی لە دەسەڵات بێت و هەرچی هەیە بکرێتە قوربانی ئەو مەبەستە و ناسەقامگیریی سیاسی و کۆمەڵایەتی و دیموکراسی و ئاشتەوایی بایەخی نەبێت .
شێواندنی گەشەی سروشتیی کۆمەڵگە
ئەگەر هێزێکی سیاسی بەردەوام هەوڵی بەرژەوەندخوازی و پڕۆ لایەنی دروست بکات، بۆ مەبەستی هەنووکەیی و ئایندەیی جیاجیا، و بۆئەوەی وەک تابووری پێنجەم کاری بۆ بکەن و ببنە پاشکۆی، ئەمە گەشەی ئاسایی و سروشتی کۆمەڵگە دەشێوێنێت و بەربەست لە بەردەم گۆڕانکاریدا دروست دەکات، ئەگەر هێزێک هەموو جۆرە ململانێ و ناکۆکییەکی سیاسی دیموکراتیانە بە دوژمنکاری لە دژی خۆی لێکبداتەوە، شرۆڤەی بڕیارە سیاسییەکەیانی بە جۆرێک بوێت کە هەر دەبێت ئەوە بێت کە بەرژەوەندییە هەژمونخوازیەکەیان لە دەسەڵاتدارێتی رەها بەسەر خەڵک و خاکی کوردستاندا دەیخوازێت و بە کەمتر لە ملکەچکردنی ئەوانی تر رازی نەبێت و دەزگای میدیایی زەبەلاحیش کە بە پارەی خەڵک دانراوە، لە بەردەستیدایە بۆ چەواشەکردنی رای گشتی، دان بەخۆداگرتن بەرامبەر ئەوە لە هەندێک حاڵەتدا کارەساتی لێدەکەوێتەوە.
کەرکوک نموونەیەکە کە پارتی دیموکراتی کوردستان بە ئاشکرا نەیهێشت پارێزگارێکی کورد لەو پارێزگایە دابنرێت .
سەرکەوتن لە ئیدارەدانی ململانێدا
هونەری سەرکەوتن لە ئیدارەدانی ململانێکاندا، لەوەدایە چۆن دەتوانیت ململانێکان بۆ بەدەستهێنانی ئامانجە دوور و نزیکەکان ئاراستە بکەیت و رێگری لە هەڵکشانی توندوتیژی بکەیت؟
رۆبەرت گیلین لە کتێبی جەنگ و گۆڕانکاری لە سیاسەتی نێودەوڵەتیدا دەڵێت: (رەنگە گەورەترین ئەرکی پیاوی دانا و بەرپرسی دەوڵەت بریتیبێت لە بڕیاردان لەسەر ئەوەی کەی ئاشتەوایی دەتوانێت سازانی ئاشتییانەی ناکۆکییەکان دەستەبەر بکات و بەدیی بهێنێت یان بەدیی نەهێنێت؟).
ماو تسی تۆنگ ڤلادیمێر ئیلیچ لینین
پۆرترێتێکی لینین لەناو شۆڕشگێڕانی شۆڕشی ئۆکتۆبەری 1917 دا
پۆرترێتی خرۆشانی کۆمۆنەی پاریس ساڵی 1871