بەرتیل و ئافاتی گەندەڵی لە فەرمانگەکاندا

09:52 - 2023-04-25
ڕاپۆرت
547 جار خوێندراوەتەوە
بەرتیلدان گەندەڵی زیاد دەکات و سزای هەیە

راپۆرتی/ هێمن ئەحمەد


بەرتیل بریتییە لە پێدانی بڕێك پارە یان دیارییەك بەو كەسەی لە فەرمانگەیەكی حكومیدا كارێك بە نایاسایی رایی دەكات. هەر فەرمانبەرێك یان راسپێردراوێك بەخزمەتی گشتی بۆ خۆی یان بۆ هەر یەكێكیتر رەزامەندی پیشان بدات بۆ وەرگرتنی دیارییەك یان سوودێك یان دیاریكردنی شتێك یان بەڵێنێك بۆ هەر شتێك لەو بابەتانە بە وەرگرتنی بەرتیل هەژمار دەکرێت.

بەپێی یاسا هەر فەرمانبەرێک بەتاوانی بەرتیل سزا بدرێت، بە هەمیشەیی لە کارەکەی دووردەخرێتەوە و دووبارە مافی دامەزراندنەوەی نییە

بەربڵاوی بەرتیل
لە بەشێکی زۆر لە فەرمانگەکانی ناوەڕاست و باشووری عیراق بەرتیل دیاردەیەکی بەربڵاوە ئەگەرچی حكومەت چەندین رێوشوێنی گرتووەتەبەر بۆ رێگریی لە دیاردەی بەرتیل، بەڵام فەرمانبەرانی دەوڵەت داهێنانیان كردووە لە دۆزینەوەی رێگەی نوێ بۆ وەرگرتنی بەرتیل تا بە ئاسانی نەدۆزرێنەوە و رووبەڕووی یاسا نەکرێنەوە.
دوای ساڵی  2003، بەرتیل وەرگرتن لە فەرمانگەكانی حكومەتی عیراق بە جۆرێك زیادی كردووە وای لێهاتووە بە دەگمەن فەرمانبەر ببینی بەرتیل وەرنەگرێت، ئەگەرچی پێش روخانی رژێمی بەعس بەهۆی سەختی گەمارۆی ئابووری لەسەر هاووڵاتییان و بێ بەهایی مووچەی فەرمانبەران، وەرگرتنی بەرتیل لە دامەزراوەكانی دەوڵەتدا رەگی داكوتابوو، بەڵام بە نهێنی، كەچی ئێستا بەرتیل وەرگرتن بووە بە دیاردە، ئەمە لە كاتێكدایە عیراق لە پۆلێنی نێودەوڵەتیدا لە ریزبەندی پێنج وڵاتە هەرە گەندەڵەكەی جیهاندا دێت.

کار بەڕێکردن بە بەرتیل
عەبدوڵڵا جومعە دانیشتووی گەڕەكی شۆڕیجەی شاری كەركوكە لە ماوەی رابردوودا بۆ فرۆشتنی خانووەکەی ماوەی ساڵێك هاتووچۆی فەرمانگە حکومییەکانی کردووە، بەڵام لە کۆتاییدا بە پارە کارەکەی تەواو کردووە و وتی، تەنگ و چەڵەمەیەكی زۆرم هاتەپێش هەندێکجار تووشی دڵەڕاوكێ و بێئومێدی دەبووم، دواجار بە پارە لەگەڵ فەرمانبەری فەرمانگەكەدا کارەکەمم جێبەجێ كرد.
وتیشی، چەند كەسێك دەكەونە نێوان كەسی پارەدار و وەرگر بۆ ئەوەی لایەنە پەیوەندیدارەكان هەستی پێنەكەن، چونكە هەندێك دەزگا و لایەن بە دوای ئەو کارە ناڕەوایەدا دەگەڕێن.

ئاگادارکردنەوەی هاووڵاتیان
ئەگەرچی لە زۆرینەی فەرمانگەكان ژمارە تەلەفۆن لە تابلۆی ئاگادارکردنەوەدا هەڵواسراوە ئەگەر فەرمانبەرێك كەمتەرخی كرد، هاووڵاتییان بۆیان هەیە سكاڵای لەسەر بكەن، تەنانەت لەسەری نووسراوە ئاگاداریان بكەنەوە لەو كەسانەی داوای بەرتیل دەکەن، بەڵام هێشتا بنەبڕ نابێت و بەردەوامە.
(ح . ع) هاووڵاتییەکی دانیشتووی گەڕەكی ئازادی شار كەركوكە و کاری بەڵێندەرایەتی دەکات و وتی، بەهۆی کارەکەمەوە رێگەم دەكەوێتە فەرمانگەكان و کارم  لەگەڵ ئەندازیاری پڕۆژەكانە، هەندێکجار دەكەومە ناو گێژاوی بەرتیلدان و پارە وەرگرتن لێم، چونكە ئەگەر پارە نەدەم نە پڕۆژەم دەدەنێ و نە رێگەشم پێدەدەن قازانج بكەم لە پڕۆژەكاندا.
وتیشی، هەندێكجار لەبەرئەوەی بەرتیلیان دەدەمێ چاوپۆشیم لێدەكەن و بەشێك لە پڕۆژەكان بە نیوە چڵی بەجێدەهێڵم، چونكە بەرتیلێكی زۆرم لێوەردەگیرێت و ناتوانم مافی پڕۆژەكە بدەم، لێرەدا تەنیا دانیشتوانی شارەكە زەرەرمەند دەبن، بۆیە داواكارم لایەنی پەیوەندیدار هەست بە بەرپرسیارێتی بكەن بۆئەوەی ئەم جۆرە گەندەڵییە بنەبڕبێت و ئێمەی خاوەن کاریش بتوانین بەباشی کارەکانمان بکەین.
لە بەرامبەردا هەندێک کارمەندیش هەیە لە فەرمانگەکاندا بەدڵسۆزی کارەکانیان جێبەجێ دەکەن و رێگە بە بەرتیل نادەن.

قبووڵنەکردنی بەرتیل
(م . ع) ئەندازیارە لە فەرمانگەی كوالێتی پشكنینی كەرەستەكانی بیناسازی و دەڵێت، بەهیچ جۆرێك لە کارەکەمدا رێگە بە گەندەڵی نادەم، چونكە ژیانی هەزارەها كەسی لەسەرە و رۆژانە رووبەڕووی چەندین كەس دەبمەوە دەیانەوێت بەرتیلیم بدەنێ تا چاوپۆشی لە پشكنینی كەرەستەكانیان بکەم، بەڵام هەرگیز ئەو کارە ناکەم.
وتیشی، جارێکیان ئۆتۆمبێلێكی مۆدێل بەرزیان پێشكەشكردم لەپێناو چاوپۆشی كردن لە كەرەستەكانی بیناسازی پڕۆژەیەکدا، بەڵام بەهیچ جۆرێك قبووڵم نەکرد و هەمیشە بەرژەوەندی هاووڵاتیانم لەبەرچاوە، ئاسوودەم بەوەی توانیومە بەسەر بەرتیل و دزیكردن لە مافی خەڵكدا سەرکەوم و ئەركەكەم بەشێوەیەكی پوخت بکەم.
بەپێی یاسای سزادانی عیراقی وەرگرتنی بەرتیل تاوانە و سزای هەیە.
كەنعان چیمەنی پارێزەر لە دادگای كەركوك وتی، بەرتیل لەڕووی یاساییەوە بە تاوانێكی گەورە هەژمار دەكرێت، چونكە دەبێتە  هۆی تێكچوون و لە ناوچوونی شیرازەی كۆمەڵگە، لەڕووی یاسایشەوە دژ بە بەرژەوەندی كۆمەڵگە و دەوڵەت و دامودەزگاكانێتی، چونكە كاریگەری بۆ ماوەیی دەبێت و هەموو چینەكانی كۆمەڵگە دەگرێتەوە و دەربازبوون لێی زۆر بە زەحمەت دەكەوێت، بۆیە پێویستە لەسەر لایەنی بەرپرس پرۆسەی چاودێریکردنی توند بکاتەوە لە فەرمانگەکاندا بۆ ئەوەی ئەو دیاردەیە بنەبڕببێت.

بەرتیل تاوانە و سزای هەیە
بەپێی یاسای سزادانی عیراق، ژمارە(111)ی ساڵی (1969)ی هەموارکراو، تایبەت بە بەرتیلخۆر(مرتشی)، مادەی(307) بڕگەی یەک، هەر فەرمانبەرێک یان راسپێردراوێک بە راژەی گشتیی داوای (بەخششێک) یان (سوودێک) یان(ئیمتیازێک) یان (بەڵێندانێک بۆ شتێکی لەو جۆرە)بکات، یاخود قبووڵی بکات، بۆ خۆی یان غەیری خۆی، بۆ ئەوەی کارێک لە کارەکانی وەزیفەکەی بکات، یان رێگری لێ بکات یان کەموکورتی بکات لە ئەرکە وەزیفییەکاندا ئەوا سزا دەدرێت بە زیندانیکردن بۆ ماوەیەک لە 10 ساڵ زیاتر نەبێت یان بە زیندانیکردن و غەرامە بە مەرجێک کەمتر نەبێت لەوەی داوای کردووە یان پێیدراوە یان بەڵێنی پێدراوە.
واتە هەر فەرمانبەرێک داوای بەخششێک یان ئیمتیازێک بکات یان قبوڵی بکات، بۆ خۆی یان بۆ غەیری خۆی، بۆ ئەوەی کارێک بکات یان رێگریی بکات لە کردنی کارێک ئەوا سزا دەدرێت، بەپێی یاسا کەسی بەرتیلدەر و نێوەندگیر و بەرتیل وەرگیریش سزا دەدرێن.
هەر فەرمانبەرێک سزا بدرێت بەتاوانی بەرتیل ئەوا سەرەڕای حوکمە سزاییەکەی (بەندکردن و غەرامەکردن)، لەڕووی بەرزەفتکاریشەوە بە هەمیشەیی لەکارەکەی دووردەخرێتەوە بەجۆرێک دووبارە مافی دامەزراندنەوەی نییە، هەر هاووڵاتییەک حوکم درا بەتاوانی بەرتیلدان ئەوا دواتر مافی دامەزراندنی نابێت.

بابەتە پەیوەندیدارەکان