سودان دوای 10 رۆژ

10:03 - 2023-04-26
ڕاپۆرت
331 جار خوێندراوەتەوە

ئامادەکردنی: ئازاد ئیبراهیم

شەڕ و ئاڵۆزییەكانی سودان، پێیناوەتە قۆناغێكی نوێوە و گەشتۆتە ئەو ئاستەی كە ئەمریكا و وڵاتانی زلهێز و ئەوروپا، وەك مەترسیی گەورە بۆ سەر ژیانی ملیۆنان مرۆڤ لەو وڵاتەدا ناوی دەبەن. هۆكاری هەڵگیرسانی جەنگەكەش دەگەڕێتەوە بۆ پلاندانان بۆ یەكخستنی هێزەكانی پشتیوانی خێرای نیمچە سەربازی لەگەڵ سوپای سەرەكیی سودان.
هەردوو لایەنی جەنگەكەش «پشتیوانی خێرا و سوپای سودان»، یەكتر تۆمەتباردەكەن بە بۆردومانكردنی باشووری خەرتومی پایتەخت، ھێزەكانی پشتیوانی خێرا، سوپای سودان تۆمەتبار دەكات بە بۆردومانكردنی شوێنی نیشتەجێبوونی ھاووڵاتیان، لەبەرامبەردا سوپای سودانیش، ھێزەكانی پشتیوانی خێرا تۆمەتباردەكات بە بەكارھێنانی ھاووڵاتیان وەك قەڵغانی مرۆیی.
پاشخانی ململانێكان چییە؟
لە دوای كودەتاكەی ئۆكتۆبەری 2021ەوە (ئەنجومەنی سەروەری) حكومەتی سودان بەڕێوەدەبات و دوو سەركردەی سەربازی لە دڵی ململانێكاندا هەن كە بریتین لە فەرماندەی هێزە چەكدارەكان و سەرۆكی دیفاكتۆی وڵات عەبدولفەتاح ئەلبورهان لەلایەک و جێگرەكەی كە فەرماندەی هێزەكانی پشتیوانی خێرایە محەمەد حەمدان دەگەڵۆ ناسراو بە «حەمیدەتی»، لە لایەكی ترەوە.
گرژییەكانی نێوان ئەلبورهان و حەمیدەتی بەهۆی پلانەكانی یەكخستنی هێزەكانی پشتیوانی خێرا لە سوپای سودان پەرەی سەند و تا ئێستا بەردەوامە.
هەوڵی نێوەندگیری
لە 15ی نیسانەوە، دوای 10 رۆژ لە شەڕ و پێكدادان لە سودان، هەوڵی نێوەندگیری لەنێوان، فەرماندەی سوپای سودان عەبدولفەتاح ئەلبورهان و فەرماندەی هێزەكانی پشتیوانی خێرا محەمەد حەمدان دەگڵۆ، لە ریازی پایتەختی سعودیە هەیە، بەڵام تا ئێستا چوارجار ئاگربەستی نێوان سوپا و پشتیوانی خێرا راگەیەنراوە و هیچ جارێكیش بەشێوەیەكی سەرەكی كۆتایی بە شەڕەكە نەهێناوە.
گروپە ئیسلامییە توندڕەوەكان 
رێبێكا فارمەر بەرپرسی كۆشكی سپی بە (سكای نیوزی عەرەبی) راگەیاندووە، ئیدارەی ئەمریكا نیگەرانە لەوەی گروپە ئیسلامییە توندڕەوەكان سوود لە دۆخی پشێوی سودان وەربگرن بۆ ئەوەی پەناگەیەكی ئارام بۆ خۆیان بدۆزنەوە و لەوێوە كردەوە تیرۆریستییەكانیان بەردەوامی پێبدەن.
گۆڕستانێكی كراوە
ئەو ناونیشانەی سەرەوە لە رۆژنامەی «ئەلشەرق»دا بڵاوبۆتەوە كە باسی ئەوە دەكات نەخۆشخانەكانی سودان بوونەتە گۆڕستانێكی كراوە، بەپێی راگەیەنراوی سەندیكای پزیشكان و ئەو هەواڵانەی لە نەخۆشخانەكانی سودانەوە بڵاودەبنەوە، كەرتی تەندروستی لە داتەپیندایە، ئەمەش نەك تەنها بەهۆی كەمی و نەبوونی هۆیەكانی چارەسەركردنەوە، بەڵكو جەنگەكەش ژمارەیەكی زۆر ناوەندی تەندروستی و نەخۆشخانەی كردۆتە ئامانج و تا دێت ژمارەی كوژراو و بریندارەكان روو لە زیادبوون دەكات و زۆرێكی بریندارەكانیش بەهۆی نەبوونی چارەسەری پێویستەوە گیان لەدەست دەدەن.
رێكخراوە جیهانییەكان داتاكان بڵاودەكەنەوە
رۆژی دووشەممە، نووسینگەی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ كاروباری مرۆیی لە سودان (ئۆچا)، لە بەیاننامەیەكدا رایگەیاندووە، “لە 15ی نیسانەوە تا ئەمڕۆ شەڕ لەنێوان سوپا و هێزەكانی پشتیوانی خێرا بەردەوامە، لە ئەنجامی ئەو جەنگەشدا 427 كەس كوژراون و زیاتر لە 3700 کەس بریندارن.
هاوكات رێكخراوی تەندروستیی جیهانیش لە بەیاننامەیەكدا، كە رایگەیاندووە، ژمارەی كوژراوانی شەڕی سودان گەیشتۆتە 420 كوژراو و سێ هەزار و 700 بریندار.
نوێنەری رێكخراوی تەندروستی جیهانی لە سودان، نیما سەعید عابد رایگەیاندووە «مەترسی بایۆلۆژی گەورە» هەیە، دوای ئەوەی یەكێك لە لایەنەكانی ململانێی سودان كۆنترۆڵی تاقیگەیەكی سورێژە و كولێرا و مادەی مەترسیداریان كرد.
هاووڵاتیی 35 وڵات، سودان جێدەهێڵن
ماڵپەڕی ئەنادۆڵی توركی بڵاویكردۆتەوە كە تائێستا هاووڵاتی 35 وڵات سودانیان جێهێشتووە، ئەمە سەرەڕای هەر دەستپێشخەرییەك بۆ چارەسەری دۆخی سودان، بەڵام زۆرێك لە وڵاتانی وەك ئەمریكا و ئەوروپا، داوا دەكەن هاووڵاتیانیان لەو وڵاتە بچنە دەرەوە لەبەر باری تەندروستیان و بەردەوامی جەنگەكە.
لەم بارەیەوە كەناڵی ئەلحورەی ئەمریكیش لە زاری كۆشكی سپییەوە بڵاویكردەوە، فڕۆكە بێفڕۆكەوانە ئەمریكییەكان یارمەتیدەرن بۆ كاروانی پاسەكان كە ژمارەیەكی زۆر هاووڵاتی  ئەمریكی لەخۆگرتووە و بەرەو بەندەری سودان دەڕۆن بۆ خۆ رزگاركردن لەو دۆخە خراپەی سودانی تێكەوتووە.
زیندانییەكان هەڵدێن
بەهۆی پێكدادانەكانی نێوان سوپای سودان ‌و هێزەكانی پشتیوانی خێراوە، سەرجەم زیندانیانی گرتوخانەی (كوپەر) لەشاری خەرتومی پایتەخت هەڵهاتن، گرتوخانەكە ژمارەیەكی زۆر دەستگیركراوی سیاسی تێدایە، لەوانە عومەر بەشیر سەرۆكی پێشووی ئەو وڵاتە.
رووبەری گرتووخانەكە پێنج هەزار مەتر چوارگۆشەیە، 14 یەكە لەخۆدەگرێت، یەكەم بۆ ئەوانەی بە سزای لەسێدارەدان سزا دراون، دووەمیان بۆ تاوانباران، سێیەمیان بۆ سزای درێژ و كورت، چوارەم بۆ دەستگیركراوانی سیاسی. 
شەوی دووشەممەش گیراوانی گرتوخانەی (سوبا) لەباشوری خەرتوم هەڵهاتبون، دوای ئەوەی هێزەكانی پشتیوانی خێرا دەستیان بەسەر گرتوخانەكەدا گرت.
ئەمە لەكاتێكدایە گرتووخانەی (هودا) لەنێو خەرتوم شكێنرا، كە بەشێكیان لە ئیسلامییە توندڕەوەكان بوون و لە سەردەمی عومەر بەشیر-دا بەتۆمەتی جیاجیای تیرۆر، دەستگیركرابوون.

بابەتە پەیوەندیدارەکان