سەرسەختی پێداگریی لە بیروباوەڕ و بیروبۆچووندا

10:05 - 2023-04-26
ئابووری
308 جار خوێندراوەتەوە

رۆڵف دۆبێڵی

لە فارسییەوە: محەمەد كەریم
(3)

لە ساڵی 1519دا فەرماندەی بەناوبانگی ئیسپانیایی (هێرنان كۆرتیس-Hernan Cortes) لە رێگەی كوباوە گەیشتە كەناری مەكسیك و مەكسیكی بە كۆڵۆنی ئیسپانیا لە قەڵەم دا، خۆشی وەكو دەسەڵاتداری ئەوێ ناساند، پاش ئەوە كەشتییەكەی لەناوبرد بۆ ئەوەی لە مێشكی خۆی و هاوڕێكانیدا هیچ نیگەرانییەك سەبارەت بە گەڕانەوەیان بۆ خاكی ئیسپانیا دروست نەبێت.
هەڵبەتە كۆرتیس لە رووی ئابوورییەوە نەیتوانی بڕیارێكی راست و دروست بدات، بۆچی دەبوو كەشتییەكەی لەناوبەرێت، كە ساڵانێك بۆ دروستكردنی زەحمەتی كێشا بوو؟ لە راستیدا كۆرتیس یەكێك لە گەورەترین پرەنسیپەكانی دنیای ئابووری خستە ژێر پرسیارەوە كە دەڵێت هەرچەندە توانا و بژاردەی زیاترت لەبەردەستدا بێت سەركەوتووتر دەبیت، باشە لەوانەیە ئەوەت بە خەیاڵدا بێت بۆچی كۆرتیس ئەو پرەنسیپەی خستە ژێر پرسیارەوە؟
میوە و شیرینی رەتدەكەنەوە
من بە درێژایی ساڵ بۆ ئێوارەخوانی جۆراو جۆر داوەت دەكرێم و بەلای كەمەوە ساڵی دووجار لەگەڵ  یەكێك لە بەڕێوەبەرانی كۆمپانیا نێودەوڵەتییەكاندا دیدارم دەبێت، دەبێت دان بەوەدا بنێم كە شێوەی نانخواردنی بەڕێوەبەرەكە بەلامەوە مایەی سەرنجە. چونكە هەمیشە خواردنی میوە یان شیرینی دوای نانخواردن رەتدەكاتەوە، ئەمە هەمیشە بەلای منەوە جێگای پرسیار بوو، بۆچی خواردنی میوە و شیرینی خۆش و تەڕ و پاراو رەتدەكاتەوە؟ باشە، جاریوابوو خواردنەكە فرێش و سووك بوو، خراپ نەبوو كە لەگەڵیدا میوە و شیرینی دوای نان بخورێت یان هەندێ جار میوە و شیرینییەكان بەڕاستی بەڕووكەش سەرنجڕاكێش و تایبەت بوون كە سەرنجی هەموانیان رادەكێشا، بەڵام هیچ كام لەو حاڵەتانە نەدەبووە هۆی ئەوەی بەڕێوەبەر دەم لەو خواردنانە بدات و هەمیشە رەتیدەكردنەوە.
شایانی باسە (كڵایتن كریستنسن- Clayton Christensen) یەكێكە لە دیارترین پسپۆڕەكان كە لە بواری بەڕێوەبردندا چالاكە، لە زانكۆی هارڤارد مامۆستایە و خاوەنی كتێبی پڕفرۆشی (سەختیی داهێنەرە-Innovator Dilemma). دەبێت باسی ئەوە بكەم كریستنسن كەسێكی سەرسەختە كە هیچ كاتێك لە بڕیارەكانی خۆی پەشیمان نابێتەوە، لە راستیدا زۆر پابەندی قسە و بیروباوەڕەكانی خۆیەتی و ئەمەش بەلای منەوە جێگای بایەخ و مایەی سەرنجە.
سەركەوتنیش باجی هەیە
كریستنسن لە گەنجیدا زۆر كەسی سەركەوتووی دیوە كە هەموو گەنجیی خۆیان بۆ ئیشەكەیان تەرخان كردووە بۆ ئەوەی سەرەنجام بتوانن لەڕووی داراییەوە سەربەخۆ بتوانێت ئەو ئیشانە بكات كە دواكەوتوون. بن و لە میانساڵی و پیریدا ژیانێكی ئیسراحەتیان هەبێت. باشە هەندێك لەوانە توانیویانە بە ئامانج بگەن، بەڵام لەبەرامبەر ئەوەدا هەموو ژیانی خۆیان لەدەستداوە. لە راستیدا خێزانیان لەبەریەك هەڵوەشاوە و هیچ هاوڕێیەكی نزیك لە دەوری خۆیان نابینن. بەم پێیە كریستنسن بەڵێنی بەخۆی داوە كۆتایی حەفتە ئیش نەكات و ئەو كاتە بۆ خۆی و خێزانەكەی تەرخان بكات. هەڵبەتە ئەم بڕیارە باجی خۆشی هەبووە و هەندێ جار ناچار بووە سەعات سێی بەیانی بچێتە سەر ئیشەكەی بۆ ئەوەی
دەبێت دان بەوەدا بنێم یەكەمجار كە بەم خوڵق و خووەی كریستنسنم زانی زۆر گەمژانە و مناڵانە هاتەبەرچاوم و پرسیم بۆچی ئەوەندە ئینكارە؟ بۆچی وەكو حاڵەت سەیری مەسەلەكان ناكات؟ لە راستیدا هەندێ جار مرۆڤ ناچار دەبێت لە كۆتایی حەفتەدا ئیش بكات بۆ ئەوەی لە ئەنجامدا باقی رۆژەكانی تری حەفتە هەست بە ئارامییەكی زیاتر بكات. بەڕای من نەرمی و حسابكردن بەپێی حاڵەتەكان سیفەتێكی باشە، لە كاتێكدا هیچ شتێكی جێگیر لە دنیادا نییە و هەموو شتێك بەردەوام لە گۆڕاندایە.
نەرمی سیفەتێكی باش نییە
بەڵام ئێستا كە باش بیری لێدەكەمەوە هەندێ جار نەرمی سیفەتێكی باش نییە بەڵكو تووشی دەردەسەری وامان دەكات ناتوانین خۆمانی لێلادەین. لە راستیدا خاڵی هاوبەشی نێوان كۆرتیس و كریستنسن و ئەو بەڕێوەبەرەی حەزی لە دەردەسەری نییە، سەرسەختیی لەڕادەبەدەرە بۆ بەدیهێنانی ئامانجێك كە لەوانەیە لە حاڵەتی نەرمی و گۆڕینی بیروڕادا بەتەواوی لە دەست بچێت.
هەندێك جار نەرمی تووشی ناجێگیریت دەكات و دەتكات بە كەسێكی سست كە وا باست دەكەن لە بڕیارداندا لاوازیت. لە راستیدا مێشكت ئەگەر بەردەوام هەوڵی گۆڕانكاری بدات و بڕیاری تازە بدات، زۆر خێرا ماندوو دەبێت و لە ئەنجامدا ئیتر ناتوانێت بڕیاری عاقڵانە و راست و دروست بدات. كەواتە لەلایەكی ترەوە جێگیری و سووربوونیش مەسەلەیەكی گرنگە. ئەگەر سەبارەت بە شتێك بگەیتە بڕیاری یەكلاكەرەوە ئیتر ناتوانیت سوود و زیانەكانی حساب بكەیت، چونكە پێشان ئەو بابەتەت لای خۆتەوە یەكلایی كردۆتەوە، هەر ئەو كات بەفیڕۆ نەدانە بۆ ئەوەی بڕیاری تازە بدەیت، تا رادەیەكی زۆر رێگە لەوە دەگرێت وزەی خۆت بەفیڕۆ بدەیت.
هۆكارێكی دیكە كە نیشانی دەدات جێگیری و سووربوون پێویستە ئەوەیە كە متمانەت بە گۆڕینی بەردەوامی بڕیارەكانت دەكەوێتە ژێر پرسیارەوە. لە راستیدا ئەگەر لە هەندێك حاڵەتی تایبەتیدا لەسەر هەڵوێستی خۆت سوور بیت، لەوانی تر دەگەیەنیت كە ناتوانن بە قسەی بێمانا بۆچوونت لەسەر هەندێ مەسەلە بگۆڕن، وێڕای ئەوەش نیشانی دەدەیت لە بەرامبەر قسەی ناڕاست و نالۆجیكیدا بەهێزیت و كارت تێناكات. ئەگەر بمەوێت لەم بارەیەوە نموونەیەك بهێنمەوە: دەڵێم لە سەردەمی جەنگی سارددا، ئەمریكا و سۆڤیەت دەیانزانی لە حاڵەتی بەكارهێنانی چەكی ئەتۆمیدا لایەنی بەرامبەریان بەهەمان شێوە تۆڵە دەكاتەوە، بەم پێیە ئیتر هیچ شتێك بۆ ململانێ نامێنێتەوە، لەم رێگەیەوە هێزی مادی و مەعنەوی هەردوو وڵات تاڕادەیەكی زۆر پارێزرا.
تەنیا یەك چانس
ئەم بابەتە سەبارەت بە تاك بە تاكی مرۆڤەكانیش راستە. ئەگەر تۆ بۆ ژیانی خۆت چەند یاسایەكی جێگیر لەبەرچاو بگریت و هەوڵ بدەیت ئەو یاسایانە پێشێل نەكەیت، خەڵكی بە رێزێكی زیاترەوە مامەڵەت لەگەڵ دەكەن. بۆ نموونە: (ۆرن بیفێت-Warren Buffet) كە سەرمایەگوزارێكی سەركەوتووە ئاسایی بەپێی پرەنسیپەكانی خۆی گفتوگۆ و مشتومڕ ناكات. وایدابنێ تۆ كارگەیەكت هەیە و دەتەوێت پێی بفرۆشیت، لەم حاڵەتەدا تۆ تەنیا یەك چانست هەیە و دەبێت بەوردی پێشنیازی سەرەتایی خۆت بخەیتە بەردەستی، چونكە تاقەتی چەنەبازی نییە، یان كارگەكەت لێدەكڕێت یان لێت ناكڕێت، لە راستیدا لەو نێوانەدا هیچ بژاردەیەكت نییە. ئەم خوڵق و خووەی «ۆرین بیفێت» و پابەندی و سووربوونی بووە بە هۆی ئەوەی خەڵكی مشتومڕی لەگەڵ نەكەن و هەر لە سەرەتاوە باشترین پێشنیاز بخەنە بەردەستی.
هەوڵ بدە بیبەیتەوە
لەوانەیە لە یەكەم روانیندا پابەندبوون یان دانانی بنەما و یاسای جێگیر ئاسان بێتەبەرچاو، بەڵام بەكردار ئەوەندە ئاسان نییە. گریمان لە جادەیەكدا كە یەك لادانی تیایە و هەورازە تۆ سوكانی لۆرییەكی پڕ لە (TNT)ت بەدەستەوەیە، لەناكاو لۆرییەكی تر كە وەكو لۆرییەكەی تۆ بارەكەی (TNT)یە بەرامبەرت بەهەمان خێرایی دێت و لێت نزیك دەبێتەوە، باشە لەم حاڵەتەدا دەبێت كامتان بڕۆن؟ ئەگەر بتوانیت شۆفێری بەرامبەر قەناعەت پێبكەیت كە ئیشەكەی تۆ زەروورترە، ئەگەرێكی زۆر هەیە كە بیبەیتەوە و بوارت دەدات یەكەم جار تۆ بڕۆیت. بە دەربڕینێكی تر لەوانەیە بتوانیت تێیبگەیەنیت كە لۆرییەكەت ئیستۆپی تیا نەماوە و ناتوانیت بوەستیت، ئەگەر لەم قسەیەتدا بێچەند و چوون و سوور بیت شۆفێری بەرامبەر ئەو حەقەت دەداتێ كە یەكەمجار تۆ بڕۆیت.
پرەنسیپەكانی خۆت گرنگن
بەم پێیە ئەگەر  چەند پرەنسپیپێكت هەبێت كە بەڕاستی باوەڕت پێیان هەبێت و ئەوە نیشان بدەیت پرەنیسپەكانت قابیلی گۆڕان نین، قسەكانت كاریگەریی زیاتری دەبێت و حسابی زیاترت بۆ دەكەن.
كەواتە ئەوەت لەبیر بێت نەرمی هەمیشە سیفەتێكی پۆزەتیڤ نییە و هەندێ جار پەرێشان و غەمگینت دەكات و لە ئامانجەكەت دوورت دەخاتەوە. كەواتە سەبارەت بە پرەنسیپەكانی ژیانت لەگەڵ هیچ كەسێكدا چەند وچوون مەكە و هەمیشە بەپێی پرەنسیپەكانی خۆت مامەڵە بكە بۆ ئەوەی ژیانت ئاسانتر و خۆشتر بێت. 
سەرچاوە: كتێبی/ هنر خوب زیستن 

 

شێوازی نانخواردن لای بەڕێوەبەرە سەركەوتووەكان گرنگە

بابەتە پەیوەندیدارەکان