سەرۆك كۆمار: كاربكەین بەئاڕاستەی یەكڕیزیی
لە پەیامێکیشدا، د.بەرهەم ساڵح سەرۆك كۆمار، رایدەگەیەنێت: بەئامانجگرتنی هەولێر رێگریكردنە لە دەستكەوتە دەستوورییەكان بۆ پێكهێنانی حكومەتێكی بەتوانا، دەبێت بەهەموو جۆرێك دژی ئەو هەوڵانە بوەستینەوە كە دەیەوێت وڵات بخاتە نێو گێژاوەوە، هەروەك گرنگە كاربكەین بەئاڕاستەی یەكڕیزیی بۆ پشتیوانی لە هێزە ئەمنییەكان و چەسپاندنی دەسەڵاتی دەوڵەت.
سەرۆكی هەرێم: پێشێلكردنی ئارامی و سەروەریی عیراقە
لە راگەیەنراوێكدا، نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان ئاماژەی بەوەداوە، كە بە ئامانجگرتنی بەو شێوەیەی هەولێر و دووبارەبوونەوەی، پێشهاتێكی ترسناك و پێشێلكردنی زەقی ئارامی و سەقامگیری و سەروەریی عیراقە و جگە لە ئاڵۆزكردنی دۆخەكە و زیانگەیاندن بە ئێستا و داهاتووی وڵات، هیچ ئەنجامێكی دیكەی نابێت. داواش لە حكومەتی عیراق و كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەكات هەموو هەوڵێك بدەن بۆ راگرتنی ئەو هێرشانە.
سەرۆكایەتیی پەرلەمان: كاری جددی لەسەر ئەو هێرشانە بكرێت
هەروەها، سەرۆكایەتیی پەرلەمانی كوردستان لە راگەیەنراوێكدا، ئاماژەی بەوەكردووە كە بەبێ هیچ پاساوێك هێرش كراوەتە سەر هەولێر. بۆ ئەوەش داوای لە حكومەتی عیراق و كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی كردووە، كە كاری جددی لەسەر ئەو هێرشانە بكەن و هەوڵەكانیان چڕبكەنەوە بۆ ئەوەی چیتر رێگەنەدرێت دەستدرێژیی بكرێتەسەر سەروەریی وڵات و ئاسایش و ئارامیی هاووڵاتیان.
سەرۆكایەتیی حكومەت: لێكۆڵینەوە لە هێرش و تۆمەتەكان بكرێت
سەرۆكایەتیی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمیش لە راگەیەنراوێكدا داوای لە نەتەوەیەكگرتووەكان و ئەمریكا و یەكێتیی ئەوروپا و كۆمكاری وڵاتانی عەرەبی و حكومەت و پەرلەمانی عیراق و حكومەتی ئێران كردووە، بەپەلە لێكۆڵینەوە لەم هێرش و تۆمەتە بێبنەمایانە بكەن و سەردانی شوێنی بە ئامانجكراو بكەن و راستییەكان بۆ رای گشتی ئاشكرابكەن و هەڵوێستی توند بەرامبەر بەم هێرشانە بگرنەبەر.
وەزارەتی ناوخۆ: شوێنی نیشتەجێبوون كراوەتە ئامانج
هاوكات، وەزارەتی ناوخۆی هەرێم، لە راگەیەنراوێكدا، ئەوەی ئاشكراكردووە كە مووشەكەكان لە دەرەوەی سنووری عیراقەوە ئاڕاستەی هەولێر كراون، كە بەشێكیان شوێنی نیشتەجێبوونی هاووڵاتیانی كردۆتە ئامانج و زیانی مادی بەر ژمارەیەك باڵەخانە و خانوو كەوتوون.