رۆژێكی تر لە یادی
كەڵەمێردانی نیشتمان، رۆژێكی تر لە مێژووی (سەركەوتن یان شەهیدبوون)،
رۆژێكی پڕ لە شانازیی و خۆفیداكردنی سەركردە و فەرماندەیەكی دیاری
كوردستانی و كەركوكییە، رۆژی شەهیدبوونی سیروان تاڵەبانی و هاوڕێ
جەربەزەكانییەتی، ئەو هاوڕێیانەی كە هەر یەكێكیان سیروان تاڵەبانییەك بوون
بۆخۆیان.
حەسەن خاوێی، عەلی چەلەبی، حاجی چاوشین، نەجات كەركوكی و محەمەدی حاجی
بارام، هاوڕێ و هاوسەنگەرەكانی سیروان تاڵەبانیی سەركردەن، هاوڕێیانی
سەرەتای شۆڕش و كوڕی رۆژی تەنگانەبوون، ئەو دەستە بەهێزەبوون كە
فەرماندەكەیان پشتی پێدەبەستن و لە هەرێمە دوژمنبەزێنەكەی قەرەداغەوە
مەشخەڵی بەردەوامیی شۆڕشێكیان بەرزكردبۆوە.
رێچكەی سەركەوتنی شۆڕش و كەوتنی دوژمنیان، كردە شاڕێ و تۆوی ئیرادەیان لە
هەناوی هەر تاكێكی سنووری هەرێمەكەیان دەچاند، بە بوێری و ئازایەتی خۆیان،
بە بیرتیژی و لێوەشاوەیی فەرماندەكەیان، رۆژێكی سەركەوتنیان بە رۆژێكی تر
دەسپارد و بە قەڵەمبازی گەورەوە مەفرەزەی بە ژمارە كەمی پێشمەرگەیان كردە
هەرێمێكی كاریگەر، هەرێمە كاریگەرەكەی پێنجی قەرەداغی شۆڕشی نوێ.
بۆیە داخ و قینی دوژمن لە سیروان تاڵەبانی و هەرێمەكەی، لە هاوڕێكانی و
پێشمەرگەكانی، گەیشتە ئەوەی كە پیلانی ژەهراوییان بۆ دابنێن، پیلانی
نامەردانە و لە رێگەی چەند كەسێكی نامەردیشەوە جێبەجێكرا.
دوژمن و دەستوپێوەندەكەی تواناو ئیرادەیان نەبوو لە مەیدانی جەنگدا
روبەڕووی سیروان تاڵەبانی و هاوڕێكانی ببنەوە، بۆیە ویستیان بە بەڵێنی چەور
و بابەتی مادی و پۆست و پلەی دەوڵەتی، سیروان تاڵەبانی لە كۆڕی تێكۆشان
دووربخەنەوە، كە سەركەوتوونەبوون، پەنایان بردە بەر دیاركردنی بڕێكی خەیاڵی
لە پارەو سەروەت بۆ ئەو كەسەی كە سیروان تاڵەبانییان رادەست بكات، كە
ئەوەش سەری نەگرت، پیلانی ترسنۆكانەیان خستەگەڕو لە شەوی 29\30/4/1979دا لە
گوندی زێڕینجۆی شارەزوور، لە بۆسەیەكدا لەگەڵ هاوڕێكانیان شەهیدیان كردن.
كورتەی ژیاننامەكەی
شەهیدی سەركردە فەیسەڵ رەشید حەمید ناسراو بە سیروان تاڵەبانی، لە دایكبووی
ساڵی 1946ی كەركوك، ئەندامی پارتی و لێپرسراوی لقی كەركوكی یەكێتیی
قوتابیانی كوردستان، بووە.
لە سەرەتای دامەزراندنی كۆمەڵەی رەنجدەرانی كوردستانەوە پەیوەندیی بە
دەستەی دامەزرێنەرەوە كردووە، پاش نسكۆی 1975 رۆڵی گرنگی هەبووە لە
گەشەسەندنی رێكخستنەكان لە كەركوك و بەغدا و بۆتە لێپرسراوی كۆمیتەی
(ئاگر).
ساڵی 1976 بەشداریی لە دەستپێكردنەوەی خەباتی چەكداریدا كردووە و كراوەتە فەرماندەی هەرێمی پێنجی قەرەداغ.
بە یەكێك لە داهێنەرانی چالاكییەكانی هێزی پێشمەرگە دادەنرێت لەناو شاردا،
لەو رووەوە چەندینجار لەناو شاری سلێمانی و شارەكانی دیكە، چالاكی
ئەنجامداوە و سەركردایەتی و فەرماندەیی دەیان داستان و نەبەردیی كردووە.
هەمیشە لە هەوڵی ئەوەدا بوو گورزی كوشندە لە دوژمن بوەشێنێت، بۆ ئەو
مەبەستەش لە دواكۆبوونەوەیدا لەگەڵ سەركردایەتی كە لە گوندی شێنێ-ی
سەرسنوور بەسترا، توانی بڕێكی باش چەك و تەقەمەنی پەیدا بكات و بەڕێكەوتەوە
بۆ ناوچەكانی سلێمانی تا پەرە بە چالاكییە سەربازییەكان بدات و ببێتە هۆی
گۆڕانێكی نەوعی لە چالاكییەكانی هێزی پێشمەرگە، رژێمیش لە هەوڵی ئەوەدا بوو
بەهەر شێوەیەك بێت سیروان تاڵەبانی شەهیدبكات، ئیستخباراتی عەسكەری
راستەوخۆ لە بەغداوە سەرپەرشتی پیلانێكیان كرد و چەندین گەورە ئەفسەریشیان
بۆ ناردە كوردستان تا لە ئەنجامدا سیروان تاڵەبانی و هاوڕێكانی لە گوندی
زێڕینجۆ، شەهیدكران.