دیمەنی مرداربوونەوەی باڵندەکانی چاڤیلاند هەموان دڵتەنگ دەکات

10:29 - 2023-04-30
ڕاپۆرت
443 جار خوێندراوەتەوە

راپۆرتی/ ئەسرین محەمەد

ماوەی هەفتەیەکە ماڵی باڵندەکان لەناو پڕۆژەی چاڤیلاند کراوەتەوە، سەرەتا دیمەنێکی جوانی هەبوو، لەپڕ هەمووشت گۆڕا و بە بڵاوبوونەوەی دیمەنی مردارەوەبووی چەندین باڵندە هەموان دڵتەنگ بوون.
نووسەر توانا ئەمین دەڵێت، شاسوار عەبدولواحید چوار تەیرول حوبی پێ بەخێو ناکرێت ئێستا دەیەوێت میللەت بەڕێوە ببات؟
هاوکات شنیار ئەنوەر چالاکوان لەسەر مرداربوونەوەی باڵندەکان دەڵێت، سەیری ئەو باڵندانە بکەن لە چاڤیلاند، لە تینوێتیدا دەخنکێن و دەمرن، شاسوار بە مەبەست خواردن و ئاو لە باڵندەکانی دەگرێتەوە و پارە نادات بە کارمەندەکانی ناو چاڤیلاند تا خزمەتی باخچەی ئاژەڵەکانی بکەن کە بە دەیان هەزار خێزان سەردانی دەکەن و قازانجەکەشی دەچێتە گیرفانییەوە.
ئەو چالاکوانە وتیشی، مرداربوونەوەی ئەو باڵندانەی چاڤیلاند نموونەیەکی بچووکە لە حکومڕانییەکەی شاسوار عەبدولواحید خاوەنی نەوەی نوێ.
دیمەنەکە تەنها چالاکوانان و داکۆکیکارانی لە مافی ئاژەڵان نەهێناوەتە سەرخەت، بەڵکو  وێنەی مرداربوونەوەی باڵندەکان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان کاردانەوەی هاووڵاتیانیشی لێکەوتۆتەوە.
هاووڵاتیان قسەی جیاوازیان هەیە
هاووڵاتی دارا بینایی وتی، نەوەی نوێ کە نەتوانێت ئاگای لە باڵندەکانی چاڤیلاند بێت لە تینوێتیدا مرداربوونەتەوە، چۆن دەتوانن ئاگاداری میللەت بن؟ بۆیە داوا لە هاووڵاتیان دەکەم، بە دروشمە درۆینەکانی نەوەی نوێ هەڵنەخەڵەتێن.
هاووڵاتی ئاڤان سەباح دەڵێت، باخچەی ئاژەڵانی چاڤیلاندی چی تەنها سجنێکە و هیچی تر ئاژەڵە گیاخۆرەکان دۆخیان باشە ئەوەش هی ئەوەیە خەڵک خواردنیان پێدەدات، بەڵام گۆشت خۆرەکان هەر سەر و ئێسکیان ماوە و پێستەکەیان شۆڕبۆتەوە.
وەک لە وێنە بڵاوبووەکاندا دیارە ئەو شوێنەی بۆ ئاوخواردنەوەی باڵندەکان دانراوە ئاوی تێدا نییە و دەوترێت باڵندەکان لەتینوێتیدا خنکاون.
هاووڵاتی سەردار عەبدوڵڵا وتی، هەرکەسێك یەکجار سەردانی باخچەی ئاژەڵانی چاڤیلاندی کردبێت بەزەیی بەو ئاژەڵە برسی و تینوو و بێ خزمەتانەدا دێتەوە، خەڵک نەبێت کە دەچێت سەردانیان دەکات و خواردنیان پێ دەدات هەموویان مرداردەبنەوە.
هاووڵاتی هەردان مەحمود دەڵێت، خاوەنی چاڤیلاند بازرگانە و مێشکی تەنها پارەی تێدایە، ئامادەیە پڕۆژە بهێنێ لەو ئەزمڕەوە خەڵك بەرداتە خوارەوە، بەس پارە بچێتە گیرفانییەوە کێشەی ئەنجامەکەی نییە.
باڵندەکان گرنگی پێدانیان جیاوازە
بەخێوکردنی ئاژەڵ و باڵندە پێویستی بە خزمەت و لێزانین و دروستکردنی کەشی تایبەت بە خۆیان هەیە.
شەماڵ ئەحمەد پزیشکی ڤێتەرنەری دەڵێت، باڵندەکان بەپێی تەمەنیان گرنگی پێدانیان جیاوازە و لە خواردن و ئاو پێدانیان و نابێت یەک جۆر خواردن بدرێتە هەموو باڵندەکان وەکو یەک، پێویستە لەگەڵ خواردنی سەرەکی تەواوکەرە خۆراکییەکانیشیان پێ بدرێت بەپێی رێنمایی پزیشک.
وتیشی، بەخێوکردنی هەر ئاژەڵ و باڵندەیەک بەرپرسیارێتییە و ئەگەر لە ژینگەی تەندروستدا نەبن و بەپێی پێویست گرنگییان پێ نەدرێت ئەوا مردار دەبنەوە. 
هاوکات سۆران جەبار شارەزا لە بەخێوکردنی باڵندە وتی، بەپێی جیاوازی جۆری باڵندەکان خورادنەکانیشیان جیاوازە، جگە لەوە دەبێت رۆژانە ئاوی باڵندەکان بگۆڕدرێت بۆ ئەوەی پیس نەبێت و تووشی نەخۆشی ببن هەروەها کەشوهەوای بەخێوکردنیان جیاوازە و نابێت تێکەڵ بکرێن.
چەند رۆژێک دوای بڵاوبوونەوەی وێنەی باڵندە مرداربووەوەکان نووسەر توانا ئەمین وێنەی چەند ئاژەڵێکی مرداربووەوەی چاڤیلاندی بڵاوکردووەتەوە و نووسیویەتی، دوێنێ باڵندەکانی دەمرن، ئەمڕۆ پەلەوەر و ئاژەڵەکانی، ئەمە دۆخی رۆحلەبەرەکانی ناو ئەو قەفەسانەیە کە شاسوار عەبدولواحید پارەیان پێ پەیدا دەکات و بەیانی تا ئێوارە بە پێنج کەناڵی سەتەلایت سەری کونکردوین و جاڕی بۆ دەدات.
وتیشی، ئەگەر حکومەت هەبووایە دەبوو لەسەر ئەم مەرگەساتە، ئەو زیندانی ئاژەڵانەی دابخستایە کە تەنها پارەیان پێ پەیدا دەکات و لە برسێتی و تینوێتیدا دەیانکوژێت.
یاسا مافی ئاژەڵانی پاراستووە
لە هەرێمی کوردستان بەپێی یاسا مافی ئاژەڵ و باڵندەکان پارێزراون و لە ماوەی رابردوودا یاسای پاراستنی ئاژەڵانی هەرێمی کوردستان-عیراق لە پەرلەمان پەسەندکرا، کە ئامانج لێی رێکخستنی مامەڵەی کەسەکانە لەگەڵ ئاژەڵان بەشێوەیەکی مرۆڤانە و یاسایی.
بەپێی یاساکە هەرکەسێك ببێتە هۆی ئازار گەیاندن یان مرداربوونەوەی ئاژەڵ یان باڵندەیەک سزا دەدرێت بە بەندکردن کە ماوەکەی کەمتر نەبێت لە مانگێک و پێبژاردن بڕەکەی لە یەک ملیۆن دینار کەمتر نەبێت.
دیمەنی مرداربوونەوەی ئەو باڵندانە  لە هەرشوێنێکی دیکە بوایە کەناڵ و سۆشیاڵ میدیاکانی نەوەی نوێ بەردەوام روماڵیان دەکرد، بەڵام لە بەرامبەر مرداربوونەوەی ئەو باڵندانەی چاڤیلاند بێدەنگییان هەڵبژاردووە، بۆیە پێویستە لەسەر رێکخراوەکانی تایبەت بە پاراستنی ئاژەڵان لەسەر ئەو دۆخەی ئاژەڵ و باڵندەکانی چاڤیلاند بێنە دەنگ، تا ئاژەڵ و باڵندەی زیاتر نەبوونەتە قوربانی.

بابەتە پەیوەندیدارەکان