سوودە تەندروستییەكانی وەرزش لە ۆرکشۆپێكدا

10:58 - 2023-04-30
ڕاپۆرت
311 جار خوێندراوەتەوە

راپۆرتی/ هاوژین عەبدولواحید

رۆژی (26/4/2023) لە زانكۆی كۆیە ۆرکشۆپێکی نێودەوڵەتیی هاوبەش لە نێوان فاكەڵتی پزیشكیی گشتی و فاكەڵتی پەروەردەی وەرزش بە هاوبەشی لەگەڵ زانكۆی «پیروژیا» لە ئیتالیا بەو ناونیشانەی سەرەوە بە ئامادەبوونی كونسوڵی ئیتالیا و مامۆستایان و خوێندكارانی زانکۆی کۆیە بەڕێوەچوو.
ئامانج لە رێكخستی ئەم ۆرکشۆپە هاندانی خەڵك بوو بۆ راهێنان و جووڵە وەرزشییەكان و ئاشنابوون بە سەعاتەكانی بایۆلۆجی، گۆڕینی شێوازی ژیان بە هەنگاوی باشتر بەو ستایلە نوێیەی كە بەرەو تەندروستبوونمان دەبات.
بەیەكەوە توانیمان
دكتۆر دەوەن حەوێزی وتی: نێودەوڵەتیبوونی ئەم وۆركشۆپە یەكێ لە پلانە ستراتیژییە گرنگەكانی زانكۆ بوو، ساڵانێکە ئەم جۆرە چالاكییانە نەكراون لەسەر ئاستی ناوخۆ، بەڵام ئەمساڵ بیرمان لەوە كردەوە بەرەو نیودەوڵەتیبوون بڕۆین، تا ئێستا  كۆمەڵگا و ئێمەی پزیشكان زانیاریمان كەمە لەسەر ئەو وەرزشانە چین و چۆن بكرێن. ئەمڕۆ دوو میوان لە زانكۆی پیروژیا ئامادەبوون ئەوانیش بە بیر و شارەزایی خۆیان باسیان لەم بابەتە كرد و بەیەكەوە توانیمان كۆمەڵێک زانیاری باش و بەسوود بگەیەنین.
بە شێوەیەكی تەندروستتر
هەر لەمبارەیەوە سەرۆكی گروپی شاخەوانی خانمان مامۆستا بەهرە حاجی رەزا وتی: ئەم جۆرە وۆركشۆپانە گرنگییەكی زۆریان هەیە بەتایبەت بۆ ئێمە و گروپەكانی تری شاخەوانی، لەم رێگەیەوە دەتوانین كۆمەڵێك زانیاری سوودبەخش كۆبكەینەوە و بیگەیەنین بە ئەندامەكانی تری گروپەكەمان تا بتوانین بەشێوەیەكی تەندروستتر ئەم وەرزشە بكەین.
دەبێ وەرزش بكەین بە بەشێك لە بەرنامەی ژیانمان، چونكە هەم بۆ لایەنی دەروونی هەم بۆ لایەنی جەستەیی بە سوودە، هانی ژنان بدەین بۆ گرنگیدانیان بە چالاكییە وەرزشییەكان، خۆشبەخەتانە ئێستا نزیكەی 250 ژن ئەندامە لەلامان ئەمەش جێگای شانازییە بۆ ئێمە.
خاتوو بانو خوێندكاری بەشی وەرزشە و وەك ئامادەبوویەك وتی: سازدانی  ئەم جۆرە وۆركشۆپانە زۆر بەگرنگ و پێویست دەزانم، هیوام وایە زیاتر چالاكی لەم شێوەیە بكرێت و بەردەوامبن، چونكە سوودێكی ئێجگار زۆری هەیە بۆ ئێمەی خوێندكاران و هەروها خەڵكیش، بەتایبەت ئێمە زۆر كات هەیە لەكاتی وانەكانمان رووبەڕووی كۆمەڵێ رووداو دەبینەوە ئەگەر زانیاریمان هەبێت دەتوانین بەشێوەیەكی باش چارەسەری بكەین.
گرنگییەكی سەردەمییانەی هەیە
سەرۆكی بەشی وەرزشی د. نەبەز لەم بارەیەوە وتی: چالاكییە وەرزشییەكان و راهێنانەكان سوودێكی زۆریان هەیە بۆ ژیان و تەندروستی مرۆڤەكان، گرنگێكی باشی هەیە لەناو خەڵكدا ئەمە دووەم وۆركشۆپە كە بەهاوبەشی بیكەین لەگەڵ فاكەڵتی پزیشكی، ئەمڕۆ كۆمەڵێك لە پسپۆڕانی  بواری پزیشكی و وەرزشی تیشكیان خستە سەر گرنگی ئەم پرسە، چونكە وەرزش ئەمڕۆ بووە بە بەشێكی گرنگ لە ژیانی رۆژانەماندا، بەڵام ئەوەی گرنگە ئایا چۆن و كەی و بە چ شێوازێك بكرێت؟ چۆن بتوانین لە رێگای چالاكییە وەرزشییەكانەوە پڕۆگرامێك دابڕێژینەوە كات و ژیان و تەندروستیمان هاوسەنگ بكەینەوە. بێگومان وەرزش بابەتێكی تێكەڵكێشە لەگەڵ بابەتی پزیشكی و گرنگییەكی سەردەمیانەی هەیە، بۆیە ئەمڕۆ زیاتر سرنج لەسەر لایەنی تەندروستی بوو بە بەكارهێنێانی راهێنانە وەرزشییەكان، چونكە دەتوانین لەم رێگەیەوە ژیانێكی تەندروست بۆخۆمان فەراهەم بكەین.

بابەتە پەیوەندیدارەکان