ماف لە نێوان سوڵحی عەشایەری و یاسادا

11:54 - 2023-05-01
ڕاپۆرت
846 جار خوێندراوەتەوە

راپۆرتی/ هاوژین عەبدولواحید

لەگەڵ زۆربوونی کێشە کۆمەڵایەتییەکاندا  هاووڵاتیان بۆ چارەسەرکردن رێگای جۆراوجۆر بەکاردەهێنێن، بەشێکیان یاسایین و لەچوارچێوەی دادگا و یاسادا کەیسەکان یەکلایی دەکرێنەوە، بەڵام بەشێکی تر لە چارەسەرەکان لە دەرەوەی یاسا و لە دیوەخانەکان دەکرێن و پێی دەوترێت سوڵحی عەشایەری (ئاشتەوایی کۆمەڵایەتی).
رەعد نوری وتەبێژی یەکێتی زانایان لقی هەولێر دەڵێت، ئاشتەوایی کارێکی چاکە و خودا داوای لێکردووین هەردەم لەگەڵ ئاشتەوایی بین.
لە کۆمەڵگەدا سوڵحی عەشایەری چەند جۆرێکی هەیە:
* سوڵحی بێ بەرامبەر، پێی دەوترێت لێخۆشبوون.
* سوڵح بە پارە، کەسی تاوانکار بڕێک پارە دەداتە کەسی تاوان لێکراو یان کەسوکارەکەی.
* سوڵحی ژن لە جیاتی خوێن، واتا کچێک لە خێزانی تاوانکار دەبێت شوو بە کەسێکی خێزانی تاوانلێکراو بکات.
* سوڵحی بەزۆر، هەندێکجار لەژێر فشاردا سوڵح بە کەسی زیانلێکەوتوو دەکرێت.
رازیبوون بە سوڵحی عەشایەری
هاووڵاتی سەراج محەمەد، دوو ساڵ لەمەوبەر بە رووداوێکی هاتووچۆ برایەکی بووەتە قوربانی و دەڵێت، تاوانبار یەک سەعات بەند نەکرا و هیچ سزایەکی یاسایی وەرنەگرت لەکاتێکدا براکەمی بە برینداری لەسەر شەقام جێهێشتبوو رایکرد.
وتیشی، سەرەتا بڕیارمان وابوو لێی خۆش نەبین، بەڵکو یاسا سەروەربێت و سزای خۆی وەربگرێت، بەڵام دەیان جار خەڵکی ناردە لامان و داوای سوڵحی عەشایەری کرد، دوای چەندین دانیشتن توانییان رازیمان بکەن و لێی خۆش بووین.
رەعد نوری وتەبێژی یەکێتی زانایان لقی هەولێر وتی، زۆر کەس هەیە لەبەر خاتری کەسانی ریش سپی و مامۆستای ئایینی و شێخانی تەریقەت و خاوەن دیوەخانەکان لە مافەکەی خۆش دەبێت و سوڵح دەکات، ئەگەر لە دادگا بێت ئامادە نابێت بۆ لێخۆش بوون.
وتیشی، لە هەندێک سوڵحی عەشایەریدا، کاری نایاسایی و نا شەرعی دەکرێت سوڵحی ژن لە جیاتی خوێن، ئەوە لە ئایینی ئیسلامدا رێگەپێنەدراوە، هاوکات سوڵحی عەشایەری لایەنیكی باشی هەیە ئەوەیە کێشەکە زوو کۆتایی دێت و ژیانی کەسەکان پارێزراو دەبێت.

 

لە یاسای عیراقیدا مادەی 82ی قانونی مرافەعاتی مەدەنی باس لە تەنازول و سوڵح كراوە و لە نەمانی دەعوای جەزائیدا سوڵح و تەنازول هەیە، بەڵام سنووردارە و رەها نییە


هۆکارەکانی پەنابردنە بەر سوڵحی عەشایەری
هەندێک لە هاووڵاتیان لەبەر متمانە نەبوونیان بە دادگا یا رۆتیناتی درەنگ تەواوبوونی کەیسەکان پەنا دەبەنە بەر سوڵحی عەشایەری، بە تایبەت کەیسەکانی جیابوونەوە.
پارێزەر هێرش قادر، لەبارەی هۆکارەکانی دواکەوتنی کەیسەکان لە دادگا دەڵێت، زۆری کێشەکان و نەبوونی دادگای پێویست بۆ راپەڕاندنی کەیسەکان دەبێتە هۆی دواکەوتنی کاتی دادبینی، هەروەها وەک پێویست نەبوونی داواکاری گشتی.
وتیشی، لەبەرئەوەی کێشەکان لە دەرەوەی دادگا و بەڕێگەی سوڵحی عەشایەری زووتر چارەسەر دەبێت بۆیە بەشێک لە هاووڵاتیان پەنای بۆ دەبەن، هەروەها لاوازی لایەنی بەرپرس لە جێبەجێکردنی بڕیارەکانی دادگادا.
زۆربوونی كێشە كۆمەڵایەتییەكان سوڵحكردنی لەڕێگەی كۆمەڵایەتییەوە زیادی كردووە، بەپێی یاسا مەرج نییە هەموو كێشەیەك كە سوڵحی تێدا كرا كۆتایی بێت، بە نموونە تاوانی دزیکردن ئەگەر سوڵحی عەشایەری لەسەر بکرێت، كەسی تاوانبار لە بڕیاری دادگادا تەنیا مافی كەسی لەسەر نامێنێت، لە سزای مافی گشتی رزگاری نابێت و سزادەدرێت.
سوڵحی عەشایەری لە یاسادا
لە یاسای عیراقیدا مادەی 82ی قانونی مرافەعاتی مەدەنی باس لە تەنازول و سوڵح كراوە، لە نەمانی دەعوای جەزائی سوڵح و تەنازولی تێدایە، بەڵام سنووردارە و رەها نییە.
پرەنسیپێكی یاسایی هەیە دەڵێت «الصلح سید الاحكام” واتە، رێككەوتن سەرداری حوكمەكانی ترە ئەم پرەنسیپە لەسەر بنەمای ئەوە هاتووەتەكایەوە مادەم دوو كەس یان دوولایەن لە كێشەیەكدا (تاوان نەبێت) بتوانن خۆیان رێكبكەون لەسەر چۆنیەتی چارەسەركردنی ئەو كێشەیە و بگەنە ئەنجام، كەواتە پێویستیان بە دادگا نییە.
ئەم پرەنسیپە كەسانێك دەگرێتەوە هۆشیارییان لە ئاستێكی باڵادایە و خۆیان دەتوانن کێشەکانی خۆیان چارەسەر بکەن، بەڵام بەهۆی هەڵە تێگەیشتن لەم پرەنسیپە و به‌های یاسا و دادگا‌كان له‌ تێگه‌یشتنی بەكۆمەڵی ئێمه‌دا شوێنی خۆی وەک پێویست نه‌گرتووه.
هەتا سوڵحی نێوان بنەماڵەكان و عەشیرەتەكان لە یاسا دەنگ زوڵاڵتر بێت، رۆڵی یاسا لاوازتر دەبێت، لەکاتێکدا تۆماركردنی سكاڵا و پەنابردنە بەر دادگا، سەروەربوونی یاسا و دەستەبەركردنی دادپەروەری و یەكسانییە.

بابەتە پەیوەندیدارەکان