رەزا سەقایی دەنگە گەردوونییەكەی كورد

11:57 - 2023-05-01
ڕاپۆرت
355 جار خوێندراوەتەوە

راپۆرتی/ جەواد حەیدەری 

ژیاننامەی رەزا سەقایی

محەمەد رەزا سەقایی رۆژی  9/12/1939 لە گەڕەكی پشت بازاڕی خوڕەم ئاباد لەناو بنەماڵەیەكی هەژار لە دایكبووە. بەهۆی هەلومەرجێكی تایبەتەوە تا پۆلی چوارەمی سەرەتایی خوێندووە و پاشان بووە بە بەرگدروو. پیاوێكی سادە بوو و بە سەڵتی ژیا و ژنی نەهێنا و ماهدەوڵەت- ی خوشكی خزمەتی دەكرد. لە مانگی 5ی ساڵی 1965 یەكەمین گۆرانی خۆی بە ناوی « گەنم خڕە» تۆمار كردووە. 
ساڵی 1971 لۆڕستان بەرەو تاران بەجێدەهێڵێت و لەو شارە فێرگەی موزیكی ئیسماعیل مێهرتاس دەستی بە وانەوتنەوەی موزیك دەكات. هەر لە تاران چاوی بە موجتەبا میرزادە و فەرەجی عەلیپووری و عەبدولوەهابی شەهیدی و چەندین ئاوازدانەر و هونەرمەندی ناسراو دەكەوێت و چەندین بەرهەم لەوێ تۆمار دەكات.
ساڵی 1979 بەهۆی نەشتەرگەرییەك كە بۆی دەكرێت بۆ هەمیشە دەنگە ئەفسانییەكەی لە دەستدەدات و بۆ هەمیشە بێدەنگ دەبێت و ساڵی 1987 لە شەڕی ئێران و عیراق لە كاتی بۆردومانی شاری ئەزناوە لە لۆرستان بە سەختی بریندار دەبێت، بە وتەی هونەرمەند ناسری رەزازی، سەقایی بەركەوتەی چەكی كیمیایی دەبێت و هەر ئەوەش دەبێتە هۆی ئەوەی ساڵی 2010 بۆ هەمیشە ماڵئاوایی لە گۆرانی و موزیك بكات. بە وتەی هونەرمەند داود رەزایی، سەقایی نزیكەی 40 بەرهەمی هەیە كە ناودارترینیان گۆرانی دایە دایە كە بەهۆی ئەو گۆرانییەوە ناوی چوەتە ناو ریزی بەناوبانگترین گۆرانییەكانی 100 ساڵەی ئێران. ساڵی 1979 یەكەمین ئەلبومی بەشێوەی كاسێت بڵاوبۆتەوە و هەردوو هونەرمەندی ناوداری كورد موجتەبا میرزادە و فەرەجی عەلیپووری زۆریان هاوكاریكردووە. یەكێك لە بەناوبانگترین گۆرانییەكانی گۆرانی» ژیان بە بێ چاوی تۆ ئازار و دەردە» كە ساڵی 1966 تۆماری كردووە كە دواتر ئەو گۆرانییە لە لایەن عەبدولوەهاب شەهیدی و ئەسغەر زەندەوەكیلەوە گوتراوەتەوە. 

رەزا سەقایی

رۆژی شەممە 29/4/2023  دیداری نێودەوڵەتی رەزا سەقایی ئەفسانەی گۆرانی و موزیكی لوڕی بە ئامادەبوونی د. هەڤاڵ ئەبوبكر پارێزگاری سلێمانی، جەبار یاوەر، سەرۆكی سەنتەری هاوبەشی لوڕ و گروپی موزیكی لوڕ، هونەرمەندی ناوداری كورد ناسری رەزازی و ژمارەیەك لە هونەرمەند و ژەنیار و هۆگرانی موزیكی كوردی لە هۆڵی بنكەی ژین لە سلێمانی بەڕێوەچوو.

بەر لە دیدارەكە پیشانگای هونەری(درەخت) بۆ تابلۆكانی كامەران كارگەچی لەلایەن پارێزگاری سلێمانی و سەرۆكی هاوبەشی لوڕ و میوانان كرایەوە.
پاشان دیدارەکە بە وەستان چەند ساتێك بۆ گیانی پاكی شەهیدان دەستیپێكرد. دواتر سیروان جەلال ئەندامی لیژنەی باڵای دیدارەكە وتەیەكی پێشكەش کردوو و رایگەیاند: بۆ رێزگرتن لە هەوڵ و خزمەتەكانی سەقایی بۆ موزیكی كوردی ئەم دیدارەم ساز كردووە و لە خزمەتكردن بە فەرهەنگ و موسیقا و كەلتوری كوردی بە تایبەتی هی لوڕەكان بەردەوام دەبن. 
جەبار یاوەر سەرۆكی هاوبەشی سەنتەری لوڕ و گروپی موزیكی لوڕ لە پەیامێكدا ئاماژە بە خزمەت و چالاكییەكانی سەنتەری لوڕی كرد لە ماوەی 15 ساڵی رابردوودا. هەروەها باسی لەوە كرد كە جەنابی سەرۆك مام جەلال رۆڵی سەرەكی هەبوو لە دروستكردنی ئەو سەنتەرە بۆ گرنگیدان بە پرسی لوڕەكان و سەبارەت بە رەزا سەقایش وتی: هەر كەس گوێی لە گۆرانی « دایە دایە وەختی جەنگە» گرتبێت رەزا سەقایی دەناسێت.
جوتیار نوری لێپرسراوی مەكتەبی رێكخراوە دیموكراتییەكانی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە وتەیەكدا رایگەیاند: مەكتەبەكەیان ئامادەیە هاوكاری و پشتیوانی هەموو ئەو چالاكییە هونەری و كەلتورییەكان بكات كە خزمەت بە فەرهەنگ و كەلتوری كورد دەكەن. 
پاشان د. هەڤاڵ ئەبوبكر پارێزگاری سلێمانی ئاماژەی بە چالاكی و خزمەتی سەنتەری لوڕ كرد كە سەرەڕای قەیرانە داراییەكان، ئەو سەنتەرە لە كار و چالاكییەكانی بەردەوام بووە. وتیشی: تەنها بە یەكگرتن و پێكەوە كاركردن سەركەوتوو دەبین.
سەرتۆپی گۆرانی بووە لە ئێران
دواتر د. موحسین ئەدیب بەڕێوەبەری گشتی رۆشنبیری سلێمانی لە وتەیەكدا رایگەیاند: هەموو بەڵگە مێژووییەكان كوردبوونی لوڕەكانیان سەلماندووە و بوونی زار و بن زار تەنها تایبەت بە زمانی كوردی نییە و لە زۆربەی 
زمانەكاندا هەیە.
پاشان هونەرمەند ناسری رەزازی ئاماژە بە رۆڵی رەزا سەقایی لە موزیكی كوردیدا كرد و رایگەیاند: سەقایی بە یەكێك لە هەزار هونەرمەند و ژەنیاری گەورەی ئێران هەڵبژێردراوە كە بە داخەوەی بە هۆی نەخۆشی نەیتوانی خەڵاتەكەی وەربگرێت.
وتیشی: گۆرانی دایە دایەی سەقایی سەرتۆپی گۆرانی بووە لە ئێران، بەداخەوە سەقایی لە كاتی شەڕی ئێران و عیراق بەر هێرشی كیمیایی دەكەوێت و تووشی شێرپەنجە دەبێت و پاشان كۆچی دوایی كرد.
هونەرمەند رەزازی سەبارەت بە زمان و گۆرانی كوردی وتی: بەلامەوە سەیرە گەلێك زمانەكەی قەدەغە بكرێت و رێگری لە كەلتور و فەرهەنگی بكرێت و كیانی نەبێت و ژێر دەست بێت، بەڵام لە مێژوودا هەر بە زیندوویی بمێنێتەوە، ئەمەش هۆكارەكەی بۆ زمان و مۆسیقاكەی دەگەڕێتەوە تەنها شتێك كە زمانی كوردی هێشتۆتەوە گۆرانی و موزیكی كوردییە.
دواتر چەند پارچە گۆرانییەك لەلایەن هونەرمەندی دەنگخۆشی كرماشانی خاتوو مەریەمی خانەساز بە یاوەری گروپی موزیكی لوڕ پێشكەشی ئامادەبوان كرا.
لە درێژی كاروچالاكییەكانی دیدارەكە سێ پانێڵ بەڕێوە چوون، لە پانێڵی یەكەمدا، توێژەر وەحید كەمالی بابەتێكی بە ناوی «كوردە لوڕەكان، قەیرانی شوناس و چارەنووسێكی هەڵواسراو»ی پێشكەش كرد، پاشان مەسعود هورمزیار بابەتێكی بە ناوی «شیكردنەوەی  ناسنامەی كەلتوری دەنگ و ئاوازە فۆلكۆرییەكانی زاگرۆس» پێشكەش كرد.
لە پانێڵی دووەمدا هەر یەك لە رێژین حەسەن و داود ڕەزایی دوو بابەتیان بەناوەكانی» گۆرانی و مۆسیقای لوڕی، رەزا سەقایی بە نموونە،» بەرزی و نزمییەكانی ژیانی گەرووە زێڕینەكەی لوڕستان» پێشكەش كرد. 
پانێلی سێیەم 
هەر یەك لە مامۆستایان زۆزك قەرەداغی و سەركەوت بورهان دوو بابەتیان بە ناوەكانی « محەمەد ڕەزا سەقایی دەنگێكی ئاڵتوونی، رەزا سەقایی گەروویەكی ئەفسانەیی، دەنگێك كە لە غەریبیدا مرد پێشكەشی ئامادەبوان كرد. 
 لە كۆتایی دیدارەكەدا چەند پارچە موزیكێكی لوڕی پێشكەشكران و خەڵاتی رێزلێنان بەسەر میواناندا دابەشكرا.
 لە دیدارەكەدا دوو كتێب بە ناوەكانی (كوردانی لوڕ و بەختیاری) نووسینی ئیدریس پیری و رەزا سەقایی (چریكەیەك لە زاگرۆسەوە) لە ئامادەكردنی سیروان جەلال بەسەر ئامادەبواندا دابەشكرا.

 

بابەتە پەیوەندیدارەکان