لوقمان وەردی لە دیدارێکی کوردسات نیوزدا:

*یەکێتی لە خەمی هاووڵاتیاندایە و هیچ داوایەکی حزبیی نییە

10:07 - 2023-05-02
ڕاپۆرت
339 جار خوێندراوەتەوە

*نابێت گەمارۆ بخرێتە سەر گەرمیان و هەڵەبجە و راپەڕین و سلێمانی

لە میانەی بەرنامەی پانۆرامای کەناڵی ئاسمانیی کوردسات نیوزدا و لە وەڵامی چەند پرسیارێکدا سەبارەت بە دۆخی ئێستای هەرێم و ئاڵەنگارییە سیاسی و ئابوورییەکانی بەردەم کایەی حکومڕانی لە سایەی کابینەی نۆیەمدا، لوقمان وەردی جێگری سەرۆكی فراكسیۆنی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە پەرلەمانی كوردستان، رۆشنایی خستە سەر کۆمەڵێک پرسی هەنووکەیی گرنگ و کوردستانی نوێ-ش بەباشی زانی  پوختەیەکی ئەو بەرنامەیە بڵاوبکاتەوە:

ئامادەکردنی: کوردەوان محەمەد سەعید

لەوەڵامی پرسیارێکدا لەبارەی پڕکردنەوەی وەزارەتەکانی یەکێتی لەلایەن پارتییەوە رایگەیاند: ئەگەر دەست بۆ پرسێكی وا ببرێت، ئۆباڵی لێكەوتەكانی دەكەوێتە ئەستۆی ئەو هێزە و جەختكردنەوە لەسەر ئەوەی كە یەكێتی پایەیەكی گرنگی حوكمڕانییە، و پارتی كێشەكان دروست دەكات و بەرپرسیارە بەرامبەر بە دۆخی ئێستای سیاسی و ئابووری هەرێمی كوردستان.
پارتی پێكهاتەكان بەكار دەهێنێت
ئەو پەرلەمانتارەی فراکسیۆنی یەکێتی وتیشی: پێشتر سەرۆك بافڵ تاڵەبانی لە كۆبوونەوەیەكدا لەگەڵ سەرۆكایەتی فراكسیۆنی یەكێتی و سەرۆكی پەرلەمان، دەستپێشخەرییەكی خستەڕوو و وتی: «با كێشەكان لەلایەك بێت و پرسی هەڵبژاردن لەلایەكی تر». ئەوەبوو زنجیرەیەك كۆبوونەوەمان لەگەڵ پارتیدا كرد بۆئەوەی بگەینە رێكەوتن لەسەر هەمواركردنەوەی یاسای هەڵبژاردن و جەختی کردەوە کە وەک یەکێتی هیچ داواكارییەكی حزبییان نەبووە، تەنیا ویستوویانە یاساكە بە شێوەیەك دابڕێژرێتەوە كە گەرەنتیی هەڵبژاردنێكی پاك و بێگەرد بكات و وتی: «لە كۆمەڵێك بابەتدا چووینە پێشەوە، بەڵام لە بابەتی پرسی نوێنەرایەتیكردنی پێكهاتەكان و کۆتادا، پارتی ئامادە نەبوو هیچ سازشێك بكات، ئێمەش پێمانوابوو پرسی نوێنەرایەتی پێكهاتەكان لە رابردوودا خراپ مامەڵەی لەگەڵدا كراوە و پارتی لە ململانێ و ناكۆكییە ناوخۆییەكاندا هەركات ویستبێتی بەكاریهێناون، کە ئەمەش غەدرە لە دیموكراسی و لە خودی پێكهاتەكانیش، بۆیە لەو بابەتەدا نەگەیشتینە رێكەوتن، بۆئەوەش هەردوولامان رازی بووین یونامی بێتە نێوانمانەوە و پێشنیازێك پێشكەشبكات، بەڵام پارتی پێشنیازەكەی یۆنامیشی رەتكردەوە، بەبیانووی ئەوەی كە دەبێت بگەڕێینەوە بۆ خودی پێكهاتەكان، پێكهاتەكانیش ئەوانەی پارتی بانگهێشتیان دەكات بۆ كۆبوونەوەكان ئەو حزب و رێكخراوانەن كە پارتی خۆی دروستیكردوون، خۆی ئیدارەیان دەدات و بارەگای بۆ كردوونەتەوە و كادرەكانیشیان تەنانەت پلەی حزبییان هەیە لەناو پارتیدا، بۆیە لە راستیدا هەموو ئەو تەنگەژانەی لەلایەن تیمی پارتی لە حكومەتی هەرێمی كوردستاندایە، لەلایەن خودی سەرۆكی حكومەت و پارتییەوە وەكو حزب دروست دەکرێن ئامانجیش لەوە دروستکردنی ئاستەنگە بۆ هەڵبژاردن.
تەنیا داواكاری یەكێتی نییە
لوقمان وەردی روونیشیکردەوە کە وەک یەکێتی داوایان كردووە هەرێم بكرێت بە چوار بازنەی هەڵبژاردنەوە، داتای بایۆمەتری بكرێتە بنەما بۆ تۆماری دەنگدەران، تەواوی رێكار و هەنگاوەكانی كۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عیراق لە هەرێمیش پیادەبكرێت، بۆئەوەی گەرەنتیی هەڵبژاردنێكی راستەقینە بكات، كورسی پێكهاتەكانیش بەپێی قورسایی خۆیان دابەشبكرێت بەسەر بازنەكانی هەڵبژاردندا، ئەمە داواكاریی یەكێتی، كۆمەڵ، یەكگرتوو، گۆڕان و نەوەی نوێشە، تەنها پارتی دژی ئەم داواكاریانەیە.
ئاماژەشی بەوەدا کە هاووڵاتیانی هەرێم مافی خۆیانە بپرسن، كێ بەرپرسە لەم بارودۆخەی ئێستا و كێیە ناتوانێ بەرپرسی چوار پارێزگا بێت و هەق بەخۆی دەدات گەمارۆی ئابووری بخاتە سەر گەرمیانی ئەنفالكراو، هەڵەبجەی كیمیابارانكراو، راپەڕینی دەروازەی راپەڕین و رزگاری، سلێمانی شاری هەڵمەت و قوربانی، كە هەموو مێژووی بریتییە لە قوربانیدان و نەبەزین و بەچۆكدا نەهاتن؟  كێیە ناكۆكیی سیاسی نێوان هێزە سیاسییەكان قووڵ دەكاتەوە؟ ئەمە هەمووی لەئەستۆی پارتییە، لەبەرئەوەی زۆرینەیەكی پەرلەمانییان بە حوكمی قانوونەكەی پێشوو دروستكردووە و زۆرینەی كابینەكەش هی ئەوانە و سەرۆكی حكومەتیش هی ئەوانە، بۆیە ئەم دۆخە دروستبووە.
نامانەوێت بێینە ئەو ئاستە
پەرلەمانتارەکەی یەکێتی سەبارەت بەو قسەڵۆكانەی پارتی لە دژی یەكێتی لەبارەی بەڕێوەبردن و حوکمڕانییەوە وتی: لە راستیدا ئەوەی كە ناتوانێت حكومڕانی بكات، پارتییە، ئێمە بەپێی رێكەوتنێك كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێممان پێكهێناوە، یەكێک لە خاڵەكانی ئەم رێكەوتنە جێبەجێ نەبووە، ئەوەی كە ناتوانێت ئیدارەی حوكمڕانییەكی هەمەڕەنگ بدات، ئەوە پارتی و خودی سەرۆكی كابینەی حكومەتەکەیە و وتیشی: ئێمە نامانەوێت بێینە ئەو ئاستەی كە ئەوەندە ململانێكان قووڵ بكەینەوە، كە بە هەمان زمانی پەرلەمانتارانی پارتی هێرش بكەین، بەڵام واقیعی سیاسی هەرێمی كوردستان پێمان دەڵێت: ئەوە كێیە ناو و ناوبانگی هەرێمی لە نێوەندە نێودەوڵەتییەكاندا لەكەدار كردووە؟ كێیە دیموكراسی و ئازادییەكان و مافی مرۆڤی سنووردار كردووە؟ كێیە چالاكوانانی مەدەنی و رۆژنامەنووسەكان لەسەر ئازادیی رادەربڕین راپێچی زیندانەكان دەكات؟ كێیە ناتوانێت كابینەیەك لە نێوان سێ هێزی سیاسیدا ئیدارە بدات؟

 

تائێستا سەرۆكی حكومەت لە ئەنجومەنی وەزیران دەوامی نەكردووە، هەفتانە بەریدی بۆ دەچێتە شوێنێکی تر تا ئیمزایان دەکات، وەزیرەكانی كابینەی نۆیەم جگە لە كۆبوونەوەكانی رۆژانی چوارشەممە سەرۆکی حکومەت نابینن

 

هەمووی زەڕبی سفر كردەوە
وەردی جەختیشی لەسەر ئەوە كردەوە کە  یەکێتی خۆی بە خاوەنی ئەم ئەزموونە دەزانێت و قوربانیی بۆ داوە و وتی: ئێمە دڵمان بۆ خەڵک و حكومەت و ئەزموونەکە دەسووتێت، جا لە زاخۆ بێت یان لە هەولێر یاخود لە سۆران و كفری و كەلار و سلێمانی و راپەڕین و پێمانوایە هاووڵاتیانی هەرێمی كوردستان كاتێك بەشداریی راپەڕینیان كرد و قوربانییان دا و چوونە بەر پەتی سێدارە بۆ ئەوە نەیانكرد دوای 32 ساڵ لە حوكمڕانی جیاوازیی لە نێوان شار و شارۆچكەكاندا بكرێت، گەمارۆ بخرێتە سەر شار و شارۆچكەكان، ئێمە قوربانییەكی زۆرمان دا تا دامودەزگاكانی حكومەتی هەرێم دروست بكەین، بەڵام ئەم كابینەیە هات و هەمووی زەڕبی سفر كردەوە و ئێمەی گێڕایەوە بۆ چوارگۆشەی یەكەم.
هەروەها روونیکردەوە کە یەكێتی هیچ رێگایەك نەما نەیگرێتەبەر بۆئەوەی دۆخەکە نەگاتە ئەم قۆناغە.
سەبارەت بە رۆڵی قوباد تاڵەبانیش، ئەو پەرلەمانتارەی یەکێتی وتی: بوونی قوباد تاڵەبانی لە كابینەی نۆیەمدا دەرفەتێکی باش بوو بۆ مەسرور بارزانی كە سوود لە توانا و دووربینی و ئارامی و لەسەرخۆیی ئەو ببینێت، چونكە پارسەنگێكی باشی بۆ حكومەت رادەگرت، لەبەرئەوەی قوباد تاڵەبانی وا ناسراوە كە سیاسییەكی میانڕەوە، دەوڵەتمەدارێكی هێمن و لەسەرخۆ و دووربینە، دیپلۆماتكارێكی سەركەوتووشە، بۆیە دەكرا سوود لەو توایانەی وەربگیرێت، بەڵام بەداخەوە سەرۆكی حكومەت بڕوای بە كاری هاوبەش نییە، بڕوای بە تاكڕەوی هەیە، لە كۆرۆناوە تائێستا سەرۆكی حكومەت دەوامی لە ئەنجومەنی وەزیران نەكردووە، كەس نازانێ لە كوێ دەوام دەكات، هەفتانە دەبێ بە ئۆتۆمبێلێکی تایبەت بەریدی بۆ بچێت تا ئیمزایان بكات، تەحەددا دەكەم هەموو وەزیرەكانی كابینەی نۆیەم جگە لە كۆبوونەوەكانی رۆژانی چوارشەممە، بتوانن سەرۆكی حكومەت ببینن، حوكمداریی چۆن ئاوا دەكرێت؟ 
پڕۆژەیاسای بودجەی نییە
لوقمان وەردی سەبارەت بە داهاتی سلێمانی و داهاتی هەرێمی كوردستان بەگشتی ئاشكرایكرد، داهات لە سنووری سلێمانی شەفافە، داهاتی شارێكیش لە شارەكانی دیكە كەمتر بێت، حاڵەتێکی ئاساییە، لە هەموو جیهاندا هەروایە سەرچاوەی داهات لە پارێزگایەكدا زیاترە وەك لە پارێزگایەكی دیكە، لە سنووری پارێزگای دهۆك داهاتی برایم خەلیل بە دانپێدانانی دەوڵەتی توركیا ساڵانە لە سەرووی 20 ملیار دۆلارەوەیە، بەڵام كۆی داهاتی هەموو دەروازە سنوورییەكان بە حاجی هۆمەران و ئەوانەی پارێزگای سلێمانیشەوە، بە دەروازەكانی نێوان هەرێم و عیراقیشەوە، ساڵانە لە 10 ملیار دۆلار کەمترە، بەڵام لە هەموو دەوڵەتێكدا هەر وایە داهاتی هەموو پارێزگاكان لە گەنجینەیەکدا  كۆدەكرێتەوە و بە یەكسانی دابەش دەكرێتەوە، بەڵام ئەم حكومەتە نۆ ساڵە پڕۆژە یاسای بودجەی نەهێناوەتە پەرلەمان، ئەگەر مەسەلەكە شەفافییەتە خێرە نۆ ساڵە پڕۆژەیاسای بودجە نانێریت بۆ پەرلەمانی كوردستان؟ خێرە نۆ ساڵە حسابی خیتامی نانێریت بۆ پەرلەمانی كوردستان؟ ئەمە هەمووی جێگەی گومانە و هاووڵاتیانی هەرێمی كوردستانیش باش دەزانن هەمووی لە ئەستۆی پارتی و سەرۆکی حکومەتە کە سەربەوانە.
بە رووداوی ناخۆش شاگەشكە دەبن
هاووڵاتیانی هەرێم و كادرانی یەكێتی مافی خۆیانە بپرسن بۆچی یەكێتی تائێستا ئەمەی قبووڵ كردووە، لە راستیدا یەكێتی قوربانیی زۆری داوە بۆئەوەی دۆخەكە نەگاتە لێكترازانی ناوماڵی كوردی، بڕوای تەواوی بەوەیە كە دەبێ هەموو كێشەكان لەسەر مێزی گفتوگۆ چارەسەر بكرێن و هیچ مەرجێكی حزبیی تایبەتی نییە، بەڵكو مەرجی یەكێتی خزمەتكردنی هاووڵاتیانی هەرێمی كوردستان و شەفافییەت و یەكسانییە لە دابەشكردنی داهاتدا، ئەوەش مەرجێكی قورس نییە، دەتوانرێت هەر ئەمشەو بڕیاری لێبدرێت، بەڵام پارتی حكومڕانیی تاكڕەوانە پیادە دەكات و گوێ لە هاوبەشەكانی ناگرێت، گەمارۆ دەخاتە سەر شار و شارۆچكەكان، شاگەشكە دەبێت بەوەی كە وا هاووڵاتییەك لە گەرمیان لە رووداوێكی هاتوچۆدا گیان لەدەستدەدات، شاگەشكە دەبێت كە نەمانی سیولە لە بانكەكانی سلێمانیدا و هاووڵاتیان چاوەڕوان دەكەن بە دوو مانگ مووچەی مانگێكیان وەربگرن، ئەم ئەزموونی حكومڕانییەی كوردستان بەرهەمی قوربانیدان و خەبات و شەونخوونیی پێشمەرگە دێرینەكانە، پێشمەرگە دێرینەكان شەهیدانی زیندوون، كار گەیشتە ئەوەی لە هەوڵیر بەڕێوەبەری بانكە بازرگانییەكان لە كەناڵێكی ئاسمانییەوە بڵێت بەڵێ من مووچەی پێشمەرگە دێرینەكانی یەكێتیم راگرت، تا پێشمەرگە دێرینەكانی یەكێتیی و پێشمەرگەكانی ئەیلول و گوڵان، كاتێك كە مووچەیان وەردەگرت لە بانكەكان كەس نەیدەزانی کێ پێشمەرگەی كام لایەنەیە، پارتی و ئەم كابینەیە، ئەم نەریتەشی داهێنا كە پێشمەرگە دێرینەكانی یەكێتی و پارتی لەیەکتری جیاكردەوە، ئەمە تاوانە بەرامبەر بە پێشمەرگە دێرینەكان دەكرێت.
لە كۆتایی بەرنامەكەشدا جێگری سەرۆكی فراكسیۆنی یەكێتی لەبارەی ئەو دەنگۆیانەی باس لە شوێنگرتنەوەی وەزیرەكانی یەكێتی دەکەن بەوەکالەت لەلایەن پارتییەوە، رایگەیاند: یەكێتی پایەیەكی گرنگی حوكمڕانییە، ئومێدەوارم دەست بۆ ئەو پرسە نەبرێت، چونكە ئەگەر ئەوە بکەن، ئۆباڵی لێكەوتەكانی دەكەوێتە ئەستۆی ئەو هێزەی كە دەستی بۆ دەبات. 

بابەتە پەیوەندیدارەکان