دیلیڤەری لە نێوان پێویستی و بژێوی ژیاندا

10:16 - 2023-05-02
ڕاپۆرت
276 جار خوێندراوەتەوە

راپۆرتی/ هێمن ئەحمەد

داواکردن و هێنانی خواردنی ئامادەکراو بۆ ماڵان دیاردەیەكی كۆنە لە شاری کەرکوک، لە رابردوودا لە چێشتخانە و کەبابخانەکانەوە بە پاسکیل خواردن دەبرا بۆ ئەو ماڵانەی داوایان دەکرد هەرچەندە رێژەکەی کەم بوو، بەڵام ئێستا لەبەرئەوەی داواکاری زۆر بووە گۆڕانكاری بەسەر پرۆسەكەدا هاتووە و بەپێی رێسای تایبەت ژمارەیەک کۆمپانیا کارەکە دەکەن و کارمەندی تایبەتیان هەیە.  

شاسوار محەمەد، لە چێشتخانەیەكی كەركوك كارمەندی دیلیڤەرییە واتا کاری گواستنەوەی خواردنە بۆ شوێنی کار یان ئەو کەس و ماڵانەی داوای دەکەن لە هەر شوێنێکی شارەکە بێت.
(G.P.S) کارەکەی ئاسانکردووە
شاسوار دەڵێت، پێنج ساڵ لە رێگەی ماتۆڕسكیلێكەوە كاری گواستنەوەی خواردنم بۆ ماڵان دەکرد، بەڵام ئێستا كارەكە شێوەیەكی تری وەرگرتووە و لە رێگەی کۆمپانیای تایبەتەوە کارەکە دەکەم و بەکارهێنانی (G.P.S) ەوە بۆ دۆزینەوەی هەر شوێنێکی شار کە بمانەوێت کارەکی ئاسانتر کردووە و دەتوانین بە خێرایی و لەكاتی دیاریكراودا خواردنەکان بگەیەنینە شوێنی مەبەست.
وتیشی، هەندێکجار خەڵكانێك هەن بە هەڵە، یان بە ئەنقەست داواكاری پێشكەش دەكەن، بەڵام وا دەرناچێت و ئێمە تووشی كێشە دەبین لەگەڵ خاوەن چێشتخانەكاندا، بۆیە پێویستە هەر تاكێكی كۆمەڵگە رەچاوی ژیانی ئێمە و ئەو رەوشتە بكات كە كۆمەڵگە لە سەری دامەزراوە، چونكە هەندێك خەڵك هەن توانای هاتنە بازاڕیان نییە، بۆیە بەمكارە بارێكی گەورە لە سەریان سووك دەكەین یان لە ماڵەوە نەخۆش و پەككەوتەیان هەیە.
باسی لەوەشكرد، هەندێکجار لەگەڵ ئەو کەسانەی داوای خواردنیان کردووە تووشی کێشە دەبین لەبەرئەوەی دوای گەیشتنی خواردنەكە راو بۆچۆنی خۆی گۆڕیوە و نایەوێت.

 

وتەبێژی تەندروستی كەركوك: بەردەوام لە هەوڵداین بۆ چاودێریکردن و كۆنترۆڵكردنی کاری دیلیڤەری بۆئەوەی بە تەندروستی و پاک و خاوێنی خواردنەکان بگەیەننە شوێنی مەبەست.

 

پێویستی رۆژانەیە
رۆشنا حەسەن دانیشتووی گەڕەكی تەپەیە و دەڵێت، بەهۆی ئەوەی فەرمانبەرم و ناتوانم هەموو کات خواردن ئامادە بکەم، هەندێکجار بە دیلیڤەری داوای خواردن دەکەم، بەڕاستی كارێكی جوانە و لەكاتی پێویستدا خواردنەكان دەگەیەنن و تائێستا هیچ کێشەم نەبووە لەگەڵیان.
هاوبیر عەبدوڵڵا دانیشتووی گەڕەكی ئیسكانی شاری كەركوك وتی، دیلیڤەری رووی ئەرێنی و نەرێنی خۆی هەیە، لەڕوویەكەوە كۆمەڵگە فێری تەمەڵی دەکات و لەلایەکی ترەوە بەسوودە بۆ ئەو کەسانەی ناتوانن خواردن ئامادە بكەن یان كەسە سەڵتەكان دەتوانن سوودی لێببین، بۆیە دەبێت كۆمەڵگە خۆی رەچاوی پێویستییەكانی بكات بۆ ئەو دیاردەیە.
لایەنە تەندروستییەکەی گرنگە
سامان یابەعەلی، وتەبێژی فەرمانگەی تەندروستی كەركوك، دەڵێت، ئێمە وەكو تەندروستی بەردەوام لە هەوڵداین بۆ چاودێریکردن و كۆنترۆڵكردنی کاری ئەو کەسانەی دیلیڤەری دەکەن بۆئەوەی بە تەندروستی و پاک و خاوێنی خواردنەکان بگەیەننە کەسەکە لەبەرئەوەی ئەگەر نەخرێتە ژێر چاودێری تەندروستییەوە زیانێكی گەورە بە كۆمەڵگە دەگەیەنێت و دیاردەی خواردنی خراپ بڵاودەبێتەوە.
وتیشی، لە رێگەی کۆمپانیاکانی دیلیڤەرییەوە باشتر دەتوانین کۆنترۆڵی کارەکە بکەین و كۆمپانیاكان پابەند دەكەین بە كۆمەڵێك یاسا و رێسای تەندروستییەوە، چونكە ئەگەر بێت ‌و سەرپێچی بكەن ئەوە مۆڵەت و سزایان بەسەردا دەسەپێنین، بۆیە تا رادەیەك کارەکە چووەتە چوارچێوەی شارستانی خۆیەوە.
باسی لەوەشكرد، چەند لیژنەیەك بۆ چاودێریكردنی چێشتخانەكان دەستنیشانكراون و هەر ماوەی جارێك سەردانی چێشتخانە و خواردنگە سەفەرییەكان دەكەن، جگە لەوەش دەبێت مانگانە ئەو كارمەندانەی ئیشی دیلیڤەری دەكەن پشكنینی تەندروستییان بۆ بكرێت، گەر نا تووشی لێپرسینەوە دەبن.
کاری دیلیڤەری زیاتر پەرەی سەندووە و لە چوارچێوەی ناردنی خواردن بۆ ماڵان چووەتە دەرەوە و ئێستا زۆربەی خاوەن کار و دوکاندارەکان گەیاندنیان بۆ شتومەک و کەلوپەلەکانیان داناوە و ئەوە رێگەیەکی باشە بۆ ئەوەی زووتر بگەن بە کڕیارەکانیان.
بەهۆی زیادبوونی خواست لەسەر گەیاندن لەلایەن کڕیاران و کڕینی خواردن و پێداویستییەکانیان بە ئۆنڵاین، کاری دیلیڤیەری بۆتە کارێکی زۆر بەربڵاو و داوا دەکرێت لەپێناو پاراستنی ماف و گیانی ئەو کەسانەی ئەو کارە دەکەن، هاوکات پاراستنی مافی ئەو کەسانەی داوای خواردن و کەلوپەل دەکەن بۆ ئەوەی ئەو بابەتەی داوایان کردووە وەک خۆی و لەکاتی خۆیدا 
بگاتە دەستیان. 

بابەتە پەیوەندیدارەکان