11 ساڵە نەخۆشخانە 291 قەرەوێڵەییەکەی رانیە تەواو نەکراوە

11:21 - 2023-05-03
ڕاپۆرت
282 جار خوێندراوەتەوە
بینای نەخۆشخانە 291 قەرەوێڵەییەکەی رانیە

راپۆرتی/ جێگر خدر

وێڕای پێویستی زۆری دەڤەرەکە بە تەواوکردنی پڕۆژەکە، بەڵام نەخۆشخانە 291 قەرەوێڵەییەکەی رانیە کە لە ساڵی 2012-وە بەردی بناغەی دانراوە، دوای تەواوکردنی %60ی کارەکانی راگیراوە و بیناکەش لە چاوەڕوانیدا کۆن بووە و ئێستا بۆ تەواوکردنی دەبێت دیسان نۆژەن بکرێتەوە.
بینای نەخۆشخانەکە بووەتە شوێنی باڵندەکان
زۆرن ئەو پڕۆژە گرنگ و ستراتیژییانەی دانیشتووانی ئیدارەی راپەڕین چاوەڕێی دەکەن، بەشێکیان لای لێنەکراونەتەوە و بەشێکی گرنگیشیان دوای دەستپێکردنی وەستاون و راگیراون، نەخۆشخانەی 291 قەرەوێڵەیی لە رانیە، ساڵی 2012 بەردی بناغەکەی لەلایەن حکومەتی هەرێمەوە دانرا، بڕیار وابوو لەماوەی 730رۆژ و لە ساڵی 2014 بخرێتە خزمەتی هاووڵاتییانەوە، ئەگەرچی تا ساڵی 2015، %60ی کارەکانی تەواوکرا، بەڵام لەو ساڵە بەدواوە قەیرانی دارایی کارکردنی لە پڕۆژەکەدا وەستاند، دوای چەند جارێک ناردنی لیژنەی پەیوەندیدار بۆ دەستپێکردنەوە، بەڵام تائێستا هیچ هەوڵێکی جدی و هەواڵی کارکردنەوەی تیایدا رانەگەیەنراوە.
لە دامێنی چیای حاجیلەی رانیە، بینایەکی گەورە دەبینرێت، لە دوورەوە هەست بە کۆنبوونی بیناکە دەکرێت، هیوا عەزیز ماڵی نزیک پڕۆژە وەستاوەکەیە بە تەنزەوە دەڵێت، حکومەتی هەرێم لانەیەکی گەورەی بۆ باڵندەکانی شارەکە دروستکردووە، ئاماژە بە بوونی باڵندەیەکی زۆر دەکات کە چۆڵی بیناکەیان قۆستۆتەوە و تێیدا دەژین، هەروەها دەشڵێت، حکومەت ئەگەر بیەوێت دەست بەکارکردن بکاتەوە تێیدا، بێگومان پێویستی بەوە دەبێت دووبارە بیناکە سەرلەنوێ نۆژەن بکاتەوە، چونکە بەشێکی زۆری رزیوە و گۆڕانی کەشوهەواش بەشێکی دیکەی وێران کردووە.
هەوڵی دەستپێکردنەوەی دەدرێت
حسێن مەحمود قائیمقامی قەزای رانیە لە لێدوانێکیدا رایگەیاند، لەگەڵ تەواوبوونی پڕۆژەکە سێکتەری تەندروستی لە ئیدارەی راپەڕین بۆ ماوەی لانیکەم 50 ساڵی دیکە بێ کێشە دەبێت و گرفتە گشتییەکانی ئەو کەرتە چارەسەر دەکات، گرنگی پڕۆژەکە لەوەدایە 291 قەرەوێڵەییە و بەپێی بڕیاری دروستکردنی تێکڕای پێداویستییەکانی نەخۆشخانەیەکی سەردەمی بۆ دابین دەکرێت.
وتیشی، ئێستا بۆشاییەکی گەورەی تەندروستی هەیە لە دەڤەرەکە، ئەو دوورییە ناهێڵێت کە هەزاران نەخۆشی سنوورەکە بەدەستییەوە دەناڵێنن. باس لەوەش دەکات، قەیرانی دارایی هۆکاری سەرەکی بووە بۆ پەککەوتنی پڕۆژەکە، لە هەوڵەکانیشیان بەردەوامن بۆ دووبارە سەرپێخستنەوەی ئەو پڕۆژەیە و هەموو ئەو پڕۆژانەی لەماوەی رابردوودا راگیراون و پەکخراون.
تەواوکردنی گرفتێکی زۆر چارەسەر دەکات
دیار ئیبراهیم بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتی گشتیی تەندروستی راپەڕین ئاماژەی بەوەکرد، تەواوکردنی نەخۆشخانەکە، گرفتێکی زۆری تەندروستی لە ئیدارەی راپەڕین چارەسەر دەکات، بەتایبەت کە ئیدارەکە ناوچەیەکە دانیشتوانی زۆرە و وەک هەڵکەوتەی جوگرافیش دوورە لە سەنتەری شارەکانی سلێمانی و هەولێر، ئێمە نەخۆش لەکاتی پێویستدا رەوانەی ئەو شارانە دەکەین، زۆرێک لە کەیسەکانمان بەداخەوە بە گیانلەدەستدان لەو رێگەیە کۆتایی پێهاتووە، یان نەخۆش تووشی گرفتی دیکە دەکات، بە تایبەتیش بەهۆی خراپی ئەو رێگە دوورە. 
باسی لەوەشکرد، بەردەوام داوایان ئاڕاستەی بەرپرسانی سەرووی خۆیان کردووە بۆ تەواوکردنی ئەو پڕۆژە ستراتیژییە، لەپاڵ زۆرێک لە داواکانمان بەوپێیەی ئیدارەی راپەڕین، ناوچەیەکی بەرفراوانە و نزیکیی جوگرافیش لە بەشێک لە شارۆچکەو گوندەکانی دەوروبەری بۆ چارەسەری پزیشکیی رووی تێدەکەن، بۆیە لەسەر حکومەت پێویستە هەرچی زووە ئاوڕ لە کەرتی تەندروستی ئەو سنوورە بداتەوە، بیناکانی ئەو سێکتەرە زۆربەیان کۆنن و لەگەڵ ئەو بەشەی نەخۆشخانە 291 تەختییەکەش کە تەواو بووە، پێویستییان بە نۆژەنکردنەوە هەیە.
تەندروستی راپەڕین پێویستی بە خزمەتی زیاترە
لە سنووری بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی راپەرین حەوت نەخۆشخانە و 18مەڵبەندی تەندروستی و 78 بنکەی تەندروستی و حەوت سەنتەری پزیشکی و یەک تاقیگەی ناوەندی و کۆگای سەرەکی دەرمان و بەڕێوەبەرایەتی خۆپاراستنی تەندروستی و تاقیگەی خۆراکی راپەرین خراونەتە خزمەت هاووڵاتیانەوە، لەگەڵ ئەمەشدا لەسنورەکە چەندین گرفت هەیە لە سەرووی هەموویانەوە تەواونەکردنی ئەو پڕۆژە گرنگەیە. هەروەها  نۆژەن نەکردنەوەی نەخۆشخانەی کۆنی پشدەر و کەمی بودجەی تەرخانکراو بۆ بەڕێوەبەرایەتی گشتیی تەندروستی راپەرین و دانەمەزراندنی پزیشک و کارمەند لە سنورەکەدا گرفتی زۆری دروست کردووە، ئەوەش وایکردووە بە کارمەندی خۆبەخش ئەم بۆشاییانە پربکەنەوە. لەلایەکی دیکەوە کەمی ئۆتۆمبێل و کۆنی و خراپییان و کەمی بودجەی دیاریکراو بۆ دەرمان و پێداویستییە پزیشکیی و تاقیگەییەکان بەشێکی دیکەن لە کەموکوڕییەکانی سێکتەری تەندروستی لە سنووری ئیدارەی راپەڕیندا.
61 پڕۆژە لە ئیدارەی راپەڕین پەکی کەوتووە
جگە لە نەخۆشخانە 291 قەرەوێڵەییەکە، بەهۆکاری تەرخاننەکردنی بودجە بۆیان 61 پڕۆژەی تر لە ئیدارەی سەربەخۆی راپەڕین بە تەواونەکراوی ماونەتەوە بریتین لە، 26 پڕۆژەی وەبەرهێنانی وەزارەتەکان، 17 پڕۆژەی شیرینی گرێبەستە نەوتییەکان، 14 پڕۆژەی گەشەپێدانی هەرێمەکان و چوار پڕۆژەی خزمەتگوزاریی ناوچە زیانبەرکەوتووەکان.
نزیکەی 120 پڕۆژە دوای شەڕی داعش و قەیرانی دارایی لە سنوورەکەدا کارکردن تێیاندا وەستاوە، بەڵام بەبڕیاری قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکومەت لە ساڵەکانی 2016-2017 بودجە بۆ هەندێک لە پڕۆژەکان دابینکراو تەواوکران، بەڵام لە ساڵی 2019 ئەو بودجەیە نەماو ئێستا پڕۆژە تەواو نەکراوەکان چاوەڕوانی بڕیاری نوێن بۆ دابینکردنی بودجە بۆیان تا تەواو بکرێن و بخرێنە خزمەتی هاووڵاتیانەوە کە گرنگترینیان پڕۆژەکانی شەقامی سەرەکی ناوشاری رانیە و پڕۆژەی پردی دەربەندە کە ئیدارەی راپەڕین بە قەزای دوکان دەبەستێتەوە.

بابەتە پەیوەندیدارەکان