خۆپیشاندانەكەی 1982ی كەركوك

لە مێژووی راپەڕینە جەماوەرییەكاندا

11:26 - 2023-05-03
ڕاپۆرت
335 جار خوێندراوەتەوە

راپۆرتی/ هێمن ئەحمەد

ساڵی 1982 خۆپیشاندانێكی گەورە لە قەڵادزێ لە یادی بۆردومانە خوێناوییەكەی ساڵی 1974ی ئەو شارەدا روویدا و خۆپیشاندان شارەكانی تری كوردستانیشی گرتەوە بە كەركوكیشەوە، بۆیە هێزە ئەمنییەكانی بەعس زۆر بە توندی كەوتنە وێزەی خۆپیشاندەران و ژمارەیەكیان لێ شەهید و برینداركردن و ژمارەیەكیشیان دەستگیر كرد.
رۆژی 6/5/1982 لە كەركوكیش وەكو هاوپشتی بۆ خۆپیشاندانەكەی قەڵادزێ، خۆپیشاندان بەڕێوەچوو و لە ئاكامدا هەشت كەس بە ناوەكانی (فەرەیدون فەتحوڵڵا، عەباس عەلی مەولود، ئەنوەر عەلی مەولود، ئازاد عەبدولقادر، رەسوڵ كەریم، عەبدولقادر حەسەن، عەلی خەتاب، جەلال سەید ئەحمەد) شەهیدبوون و 95 كەس بریندار بوون و زیاتر لە 250 كەسیش دەستگیركران كە ژن و پیاوی بە تەمەنیشیان تێدابوو، كە بەداخەوە بەشێكی زۆریان لە ژێر ئەشكەنجەدا كەمئەندام بوون.
سەرەتا خۆپیشاندانەكە لە شارەكانی قەڵادزێ و پێنجوێن و سلێمانی دەستیپێكرد و لە كۆتاییدا كەركوكیشی گرتەوە.
رۆژی پێنجشەممە 6ی ئایاری ساڵی 1982 دەنگۆی خۆپیشاندان سەرەتاپای شاری كەركوكی گرتەوە و نزیكەی 80 بۆ 100 كەس لە رێكخستنەكانی یەکێتی  و جەماوەری شارەكە بەشداریی خۆپیشاندانەكەیان كرد، دواكەوتنی خۆپیشاندانەكەی 1982 لە كەركوك، بەهۆی چەند هۆكارێكەوە بوو گرنگترینیان ئەوەبوو سەرەتا رێكخستنەكانی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان دەیانویست ئەندامەكانیان بەشدار نەبن بۆئەوەی دووبارە و لە دوای لە دەستچوونی كۆمیتەی ئاگر، هێڵەكانی دیكەی رێكخستن ئاشكرا نەبن و نەكەونە بەر گرتن و لە ناوچوون، بەڵام دواتر دەركەوت بەبێ رێكخستنی ناوشار مەحاڵە خۆپیشاندان و راپەڕینی لەو جۆرە بەرپا بكرێت، بۆیە زۆربەی رێكخستەكانی یەكێتی لەناو خوێندكاراندا بوون و چوونە نێو خۆپیشاندانەكەوە.
بیرەوەریی رێكخستنەكان شایەتن
هێمن مەولود، كە یەكێك بوو لە پێشمەرگەكانی یەكێتی لە یادەوەریی   ئەو خۆپیشاندانەدا دەڵێت: بەشێكی زۆری خۆپیشاندانەكە لاوان بوون بە كچ و كوڕەوە، هەروەها خەڵكێكی زۆر لە دەرەوەی رێكخستنەكان بوون و بەهۆی دڵسۆزییان بۆ كوردایەتی، بەشداریی خۆپیشاندانەكەیان كرد و ئەندامی حزبەكانی تریش بەشداربوون بە تایبەتی رێكخستنەكانی حزبی شیوعی.
وتیشی: خۆپیشاندانەكە لە دەوروبەری گۆڕەپانی بەرتەكیە و پشت تەكیەی تاڵەبانی و ئەمبەر و ئەوبەری شەقامە قیرتاوەكەی بەردەم تەكیەكە بوو. دروشمەكانی خۆپیشاندانەكەش ئەمانە بوون: «بە هێزی مامە ریشە، دوژمن دەكەین بە شیشا»، «برۆخی رژێمی فاشیی بەغدا»، «یەكێتیی نیشتمانیی ئاگرە بۆ دوژمنانی»، «كەم بژی و كەڵ بژی»، «سەربەخۆیی بۆ كوردستان».
جەماوەر هەمووی بەشداربوون
بەختیار عەبدولڕەحمان، یەكێك لە بەشداربووانی خۆپیشانەكە و  یەكێك لە دەستگیركراوەكان، كە لەژێر ئەشكەنجەدا كەمئەندام بووە، وتی: پاش نێوەڕۆی شەشی ئایاری 1982 پۆل پۆل كوڕان و كچان و كاسبكاران بەرەو گۆڕستانی شێخ محێدین كەوتینەڕێ، پاشان خوێندكاران و قوتابیان گەیشتنە گۆڕستانەكە.
نزیکەی سەعات یەك نیوی پاش نیوەڕۆ هەموو كۆمەڵەكان یەكیان گرت و خۆپیشاندانەكە بە سرودی ئەی شەهیدان و هوتافكێشان دژی بەعس دەستیپێكرد، هەروەها یاریزانانی فتبۆڵ لە گۆڕستانەكە و جەماوەرەكە تێکەڵ بە یەكتریی بوون.
فراوان بوونی خۆپیشاندانەكە
وتیشی: خۆپیشاندانەكە نزیكەی سەد كەسی لە خۆگرتبوو بەرەو ناو بازاڕ كەوتنەڕێ ‌و لە خۆپیشاندانەكەدا كۆمەڵێك كچ و ژن دەبینران‌ و دواتر بەرەو بازاڕی حەسیرەكە بەڕێكەوتین و خۆپیشاندان فراوان بوو، دروشم و هوتافكێشان بەردەوام بوو تا دەهات جۆش و خرۆشی خۆپیشاندەرانیش زیادی دەكرد، دواتر خۆپیشاندانەكە گەیشتە خوێندنگەی ئیمام قاسم و بازاڕی جووت قاوە، كە تاكو بازاڕی (قاڕی) بازاڕ بەردەوام بوو.
لەگەڵ فراوانبوونی خۆپیشاندانەكە گەیشتینە سەر پردە بەردینەكەی كەركوك و خەڵكێكی زۆر هاتنە نێو خۆپیشاندانەكەوە و دواتر خۆپیشاندەران لەگەڵ دامودەزگاکانی سەربە رژێمدا دەستەویەخە بوون.
رووداوە سیاسییەكانی شایەتی گرنگیی خۆپیشاندانەکەیە
سمكو بەهرۆز، شارەزا لە مێژووی كەركوك، دەربارەی خۆپیشاندانەكەی ساڵی 1982، رایگەیاند: ئەگەر لەڕووی مێژووییەوە هەڵسەنگاندن بۆ خۆپیشاندانەكە بكرێت، دەبێت بەراوردێكی بارودۆخی ئەوكاتەی كوردستان و كەركوك بكرێت، كە لەو كاتەدا عیراق لە جەنگێکی گەورەدا بوو کە نزیکەی سێ ساڵ بوو  بەردەوام بوو لەگەڵ ئێران و خەڵكێكی زۆر لە هەموو چینوتوێژەكان ئەوانەی كە لە تەمەنی سەربازیدا بوون، لەو جەنگەدا ببوونە قوربانی یان بریندار و کەمئەندام ببوون، لەگەڵ ئەوەشدا بارودۆخی عیراق بە گشتیی تێكچوبوو، بزووتنەوەی رزگاریخوازیی كوردیش بە سەركردایەتی یەكێتیی نیشتمانیی كورستان لە ترۆپكی چالاكی و بەرخۆداندا بوو، بۆیە لەو كاتەدا جەماوەری شاری كەركوك تینوی ئازادی و رزگاری بوون، بۆیە بەرجەستەكردنی ئەم خۆپیشاندانە هاوتەریبی ئەو بارودۆخە سیاسییەی ئەوكاتە بوو كە بوو بە مەشخەڵی هەڵگیرساندنی لە هەموو شارەكاندا، بەڵام هەر شارێك بەپێی توانای چالاكی رێكخستنەكان و چۆنێتی بەشداریی جەماوەر بۆ مامەڵەكردنی لەگەڵیدا.
ئەشكەنجەكان جۆراو جۆر بوون
سەباح قادر، یەكێك لە دەستگیراوەكانی خۆپیشاندانەكە، دەڵێت: خۆپیشاندانەكە رقی جەماوەری شارەكەبوو بۆ روبەڕوبوونەوەی ئەو رژێمە ستەمكارە كە بەتەواوی دانیشتوانی كەركوكی هەراسانكردبوو، بەڵام بەداخەوە لە خۆپیشاندانەكەدا كۆمەڵێك خەڵك شەهید و بریندار بوون و ژمارەیەك كەسیش دەستگیركران و بەندەش یەكێك بوو لە دەستگیرکراوەكان، بۆ ماوەی هەشتا رۆژ لە زینداندا بووم و ماوەی 25 رۆژ بەردەوام ئەشكەنجەی جۆراوجۆر دەدرام، لەوانە؛ كارەبا، هەڵواسین، پەنجە بڕین، ددان شكاندن... هتد،  هیچ كات یادەوەریی ئەو رۆژگارانەم لەبیرناچێتەوە كە بە چاوەكانی خۆم بینیم، ژمارەیەك لە هاوڕێكانم لە ژێر ئەشكەنجەدا گیانیان سپارد. بەندەش لەگەڵ ژمارەیەك لەو خۆپیشاندەرانە دوای ماوەیەكی زۆر لە زیندانیكردن ئازادكراین، بەڵام چی ئازادكردنێك؟ تەنها ئێسكەكانی لەشم مابوو.
وتیشی: تائێستا حكومەتی عیراق ئاوەڕی جددی لەو كەسانە نەداوەتە كە بەشداربوون لە خۆپیشاندانەكەی  1982، هەر جارەو بە بیانوویەك دۆسێكانمان رەتدەكەنەوە.
پێشهاتی خۆپیشاندانەكە
نەجمەدین ساڵح، لە دایكبووی 1959، كە بە عەمید پێشڕەوی ئاسایش ناسراوە و  ئێستادا سەرقاڵی كۆكردنەوەی دۆسێی ئەو خۆپیشاندەرانەیە، كە لەساڵی 1982دا لە شاری كەركوك شەهید و بریندارو زیندانی كرابوون رایگەیاند: خۆپیشاندانەكەی ساڵی 1982 لە كەركوك وەكو پاڵپشتی خۆپیشاندانەكانی كوردستان بوو بۆ یادكردنەوەی بۆردومانەكەی قەڵادزێی ساڵی 1974، لە پاڵ ئەو زۆڵمەی كە حكومەتی بەعس لە كوردستان دەیكرد، بۆیە خەڵكی قەڵادزێ لەو رۆژدا راپەڕین و داوای مافەكانیان و یادی ئەو رۆژەیان دەكردەوە. شاری كەركوكیش یەكێك بوو لەو شارانەی لەدوا رۆژەكانی خۆپیشاندانەكەدا بەشدارییان كرد و شەهیدو بریندارێكی زۆریان دا.
دەستپێكی خۆپیشاندانەكە
وتیشی: سەرەتای خۆپیشاندانەكە رێكخستنەكانی یەكێتی لە گۆڕەپانی تۆپی پێی گەڕەكی بەرتەكیەدا كۆبوونەوە لەو كاتەشدا تەرمی سەربارزێكی سوپای عیراق بە ناوی حوسێنەوە لە گۆڕستانەكە دەنێژرا و ئەو كەسانەی لەگەڵ تەرمەكەدا هاتبوونە گۆڕستانەكە، تێکەڵی رێكخستنەكان بوون و لەگەڵ جەماوەردا ئاپۆڕایەكی گەورەیان دروستكرد و بەرەو بازاڕی حەسیرەكە ملی رێیان گرت و لەژێر دروشمی بە هێزی «مامە ریشە سەدام دەكەین بە شیشا» هوتافیان دەدا و بەرەو بازاڕی جووت قاوە رۆیشتن و لەوێ لەگەڵ هێزەكانی پۆلیس و ئەمن و ئیستیخباراتدا روبەڕوبوونەوە و لە ئاكامی ئەو خۆپیشاندانەدا ژمارەیەكی زۆر لە خۆپیشاندەران دەستگیركران و رەوانەی زیندانەکان كران.
ئامارەكانی خۆپیشاندان
وتیشی: بەپێی ئەو ئامار بەڵگانەی لەبەردەستدایە كە لەلایەن دەزگا داپڵۆسلێنەرەكانی رژێمی بەعسەوە بڵاوكراونەتەوە، نزیكەی هەشت شەهید و 95 بریندار و 250 كەس دەستگیرکران كە ژن و پیاوی بەتەمەنیشیان تێدابوو كە بەداخەوە بەشێكی زۆریان لە ژێر ئەشكەنجەدا كەمئەندام بوون یان دوایی كۆچی دواییان كرد، بەندەش یەكێك بووم لە بریندارەكان، كە لەلایەن ئەمنەكانەوە قاچێکم شكێنراو دوای مانەوەم بۆ چەند رۆژێك لەو نەخۆشخانەیەی کە ئێستا پێی دەوترێت نەخۆشخانەی گشتیی كەركوك، رەوانەی ئەمنی كەرامە كرام.
داواکاریی خۆپیشاندەران
ئاماژەی بەوەشكرد ئەوەی جێگەی داخە نە حكومەتی عیراق و نە حكومەتی هەرێمی كوردستان تائێستا نەیانتوانیووە وەكو پێویست یارمەتی مادی و مەعنەوی ئەو خۆپیشاندەرانە بدەن و وەكو پێویست مووچەیان بۆ ببڕنەوە و ژمارەیەكی كەمیان نەبێت كە مووچەیان هەیە، ئەمەش لەگەڵ خواست و بژێویی ئەوان ناگونجێت، بۆ ئەو مەبەستەش بەندە سەرقاڵی كۆكردنەوەی بەڵگەنامەكانی ئەو خۆپیشاندەرانەیە بۆئەوەی بتوانم لە دواڕۆژدا پۆلێنی بەڵگەنامەكان بكەم و بتوانم مافەكانیان لە حكومەتی عیراقەوە بەدەستبهێنم دوای ئەوەی بەڵگەی پێویست كۆدەكەمەوە بۆ ئەوەی بەشێوەیەكی پێویست و زانستیانە مافەكانیان بۆ بگەڕێنمەوە.
وتیشی: ئێستا سەرجەم بەڵگەنامەكانی رژێمی بەعسی لەناوچووم كۆكردۆتەوە كە ئیمزای سەدامی دیکتاتۆری لەسەرە بۆ لە سێدارەدانی ئەو كەسانەی لە خۆپیشاندانەکەدا دەستگیركرابوون.
لەرێگەی كوردستانی نوێ-وە داوای بەهاناوەچوون دەكەن
عەمید پێشڕەو ئاماژەی بەوەشكرد، بەداخەوە ئێستا ئەحمەد عەلی مەولود، كە برای هەردوو شەهید عەباس مەولود و ئەنوەر مەولودە، كە یەكێك بوو لە بەشداربووانی خۆپیشاندانەكە،  ئەو دەمە ئەنوەری برای نەخۆشبووە و گورچیلەی وەستاوە و ئەحمەد گورچیلەی خۆی پێداوە، بەڵام بەداخەوە ئێستا ئەحمەد مەولود خۆیشی تووشی نەخۆشی بووە و ئەو تاكە گورچیلەیەی كە ماوێتی لەوەستاندایە و باری تەندروستی لە مەترسیدایە و پزیشكەكانی كوردستانیش لە ئاستی نەخۆشییەكەی دەستەوەستان ماون، پیان وتووە كە لە ماوەی یەك هەفتەشدا دەبێت رەوانەی ئەڵمانیا بكرێت بۆ چارەسەر، ئەگەرنا گیان لەدەستدەدات، لە رێگەی كوردستانی نوێ-وە داوا لە لایەنی پەیوەندیدار دەكەین بەهانایەوە بچن.

بابەتە پەیوەندیدارەکان