ئاگرێكی گەورە لە چیای ئۆرالی روسیا كەوتۆتەوە

10:13 - 2023-05-09
ڕاپۆرت
210 جار خوێندراوەتەوە

ئا: ئازاد ئیبراهیم

كاربەدەستانی روسیا رایانگەیاند: لە ئەنجامی ئاگركەوتنەوەیەكی بەهێز ناوچەیەكی بەرفراوان لە چیای ئۆرالی روسیای وێران بووە و سەدان ماڵیش ناوچەكەیان جێهێشتووە. بەو بۆنەیەشەوە دوێنێ دووشەممە، ئەلێكساندەر كۆرنكۆڤ، وەزیری فریاكەوتن، سەردانی ناوچەكەی كرد و بڕیاری هاوكاری بۆ هاووڵاتیانی زەرەرمەند راگەیاندووە.
سەرچاوەكانیش باس لەوە دەكەن ئەم ئاگركەوتنەوەیە لە دارستانەكانی ئۆراڵ و لە دارستانە بەرفراوانەكان و دەشتە گژوگیاییەكانی روسیادا بەردەوام لە كۆتاییەكانی بەهار و سەرەتای هاویندا، روودەدەن.
ئاژانسی تاس ئاماژەی بەوەشكردووە، بەهۆی ئاگركەوتنەوەكانی (كورگان) و لە گوندی كراسنی یار لە ناوچەی تیومێن، حەوت كەس گیانیانلەدەستداوە و 16 كەسیش برینداربوون. 
بەرپرسانی فریاكەوتنیش رایانگەیاندووە، كە زیاتر لە 54 هەزار هێكتار لە دارستانەكانی ناوچەی سڤێردلۆڤسك سووتاون، بۆ كۆنتڕۆڵكردنی ئاگرەكەش نزیكەی 4800 كەس هەوڵی كوژاندنەوەی دەدەن.

بابەتە پەیوەندیدارەکان