نەخۆشخانەی منداڵان پێویستی بە کارمەندە

10:22 - 2023-05-09
ڕاپۆرت
399 جار خوێندراوەتەوە

راپۆرتی/ ئەسرین محەمەد

بەپێی نوێترین لێدوانی بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی د.جەمال ئەحمەد رەشیدی منداڵانی فێركاری لە شاری سلێمانی، تا دێت ئاماری توشبوون بە نەخۆشی هەوکردنی پەردەی مێشکی منداڵان لە زیادبووندایە.
بۆ چارەسەرکردن ئامادەکاری بۆ کردنەوەی دوو یەکەی تر دەکرێت لە نەخۆشخانەکەدا و پشدەر عەبدوڵڵا بەڕێوەبەری نەخۆشخانەکە دەڵێت، هەموو هەوڵەکانمان دەخەینەگەڕ و ناهێڵین نەخۆشخانە بکەوێت.
وتیشی، جۆرە مەترسیدارەکەی توشبوون بە نەخۆشی هەوکردنی مێشکی منداڵان کە بەهۆی بەکتریاوەیە بە رێژەی %30 تۆمارکراوە و لە زیادبوونیشدایە.
نەخۆشخانە پڕبووە لە نەخۆش
زۆربوونی ژمارەی تووشبوانی نەخۆشییەکە و هێشتنەوەیان لە نەخۆشخانە بۆ چارەسەرکردن، هەفتەیەکە هاواری لە کارمەند و پەرستارانی نەخۆشخانەکە هەستاندووە و پێویستیان بە زیادکردنی ژمارەیانە و وەزارەتی تەندروستیش بێدەنگە.
پشدەر عەبدوڵڵا بەڕێوەبەری نەخۆشخانەکە دەڵێت، بەداخەوە نەخۆشخانە پڕ بووە لە  نەخۆش، دوو هەفتەیە کارمەندان و پەرستاران هاوار دەکەن و دەڵێن لە تواناماندا نەماوە، دوو قاوشمان هەیە لەبەر بێ کارمەندی ناتوانین بیان کەینەوە کە توانای وەرگرتنی بەلایەنی کەمەوە 60 نەخۆشی تریان هەیە و بە سێ کارمەند دەتوانرێت چارەسەری سەرووی پەنجا نەخۆش بکەن.
وتیشی، چوار ساڵە هاوار دەکەم تکایە کارمەند و پەرستار بۆ نەخۆشخانەکە دابمەزرێنن دەڵێن حەزی لە خۆدەرخستنە، لەکاتێکدا تەنها خەمی منداڵی ئەو خەڵکەمە کە ئێوەیان کردووە بە بەرپرسی ئەم وڵاتە.
لە شاری سلێمانی کەمی کارمەند و پەرستار تەنها نەخۆشخانەی منداڵانی نەگرتووەتەوە  د.سەباح هەورامی بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی سلێمانی لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەنووسیدا رایگەیاند، لە تەواوی نەخۆشخانەکان کێشەی کەمی کارمەندی تەندروستی هەیە و بە خۆبەخش پڕیان دەکەینەوە بەداخەوە کێشەکانی تەندروستی لە ئەنجومەنی وەزیران بەهەند وەرناگیرێت.
دامەزراندنی کارمەند
ئەوە لە کاتێكدایە مانگی رابردوو بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان  25 کارمەندی بۆ نەخۆشخانەی منداڵانی سلێمانی دامەزراند.
پشدەر عەبدوڵڵا بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی د.جەمال ئەحمەد رەشیدی منداڵانی سلێمانی رایگەیاند، بافڵ جەلال تاڵەبانی 25 کارمەندی لەسەر بودجەی مەکتەبی دارایی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان بۆ بەشی چاودێری وردی نەخۆشخانەکەمان دامەزراند.
وتیشی، پێشتر ئەو کارمەندانە  لە نەخۆشخانەکە کاری خۆبەخشیان کردووە توانای باشیان هەیە و ئامادەن بۆ خزمەتکردن.
بێجگە لەوەی بەڕێوەبەری نەخۆشخانەکە بەردەوام بڵاوی دەکاتەوە لەلایەن خێرخوازانەوە کەلوپەل و دەرمان و پێداویستی پزیشکییان بۆ دابین دەکرێت، لە کاتێکدا دابینکردنی کارمەند و سەرجەم پێداویستییە پزیشکییەکان و دەرمان ئەرکی وەزارەتی تەندروستی حکومەتی هەرێمە.
ئاماری مانگێکی نەخۆشخانەکە
بەپێی ئامارێكی بەڕێوبەرایەتی گشتی تەندروستی سلێمانی لەماوەی مانگی رابردوودا لە نەخۆشخانەی د.جەمال ئەحمەد رەشیدی منداڵانی فێركاری لەشاری سلێمانی 20 هەزار و 96 منداڵی نەخۆش لە هەردوو بەشی دەوامی بەیانیان و بەشی راوێژكاری نەخۆشخانەكە بینراون و سەرجەمیان چارەسەری پێویستیان بۆ كراوە.
لەو ژمارەیەش  دوو هەزار و 246 منداڵیان لە نەخۆشخانە هێڵراونەتەوە بەم شێوەیە، 274 منداڵ لە بەشی نەبەكام داخڵ كراون، 153 منداڵ لە بەشی بەدخۆراكی، 255 منداڵ لە بەشی تیشك و دەمار، 120 منداڵ لە بەشی راهێنانەوەی چارەسەری خۆراك و 20 منداڵ لە بەشی هەرس و جگەر بینراون، 843 حاڵەتی هەناسە توندی و 19 حاڵەتی گیان لەدەستدانی منداڵ تۆماركراوە.
هەر مانگی رابردوو لە نەخۆشخانەکە 18 هەزار و 793 پشكنینی تاقیگەیی جۆراوجۆر و 215 پشكنینی گەشەی هۆرمۆن، 373 سۆنەر، 97 ئیكۆ، 14 نازور کراون و 697 تیشك گیراوە.

بابەتە پەیوەندیدارەکان