جووتیاران داوای پڕکردنەوەی بەنداوی سەروچاوە دەکەن

10:12 - 2023-05-10
ڕاپۆرت
356 جار خوێندراوەتەوە

راپۆرتی/ جێگر خدر

چەند رۆژێکە بەشێک لە جووتیارانی دەشتی بیتوێن و خۆشناوەتی کە بەنداوی سەروچاوە سەرچاوەی دابینکەری ئاوی زەوییە کشتوکاڵییەکانیانە گردبوونەتەوە و داوای گلدانەوەی ئاوی بەنداوەکە دەکەن، شەش مانگ لەمەوبەر رێکخراوێکی خێرخوازی بە مەبەستی پاککردنەوەی، ئاوی نێو بەنداوەکەی بەتاڵ کردووە، زۆری نەماوە هەزاران دۆنم زەوی کشتوکاڵی سنوورەکە بەهۆی بێئاوی بێبەرهەم ببن.
مەترسی لەسەر بەروبوومی جووتیاران هەیە 
مانگی 11ی ساڵی رابردوو، رێکخراوی GIZ-ی ئەڵمانی، بە هەماهەنگی وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێم، دەستیانکرد بە بەتاڵکردنەوەی ئاوی نێو بەنداوەکە، مەبەست لێی پاککردنەوەی بوو، کە پێشووتر وەک دەوترا ئاوی خواردنەوەی ناحیەی بێتواتەی سەر بە ئیدارەی راپەڕین دوچاری گرفتی پیسی و تەندروستی بووە، پڕۆژەی پاککردنەوەکە یەکێک بوو لە هەرە پێویستی و داواکاری دانیشتوانی سنوورەکە، بەڵام وەستان و پەککەوتنی، جووتیارانی تا نزیکەی بێهیوایی لە بەرهەمێنانی بەروبوومەکانیان لەمساڵدا بردووە، ئەمەش ناڕەزایی لێکەوتۆتەوە و چەند رۆژێکە خۆپیشاندان رێکدەخەن و داوای هەرچی زووە پڕکردنەوەی دەکەن.
سامان یەکێکە لەو جووتیارانەی ناحیەی سەروچاوە کە بۆ دەربڕینی ناڕەزایی هاتۆتە سەر بەنداوە وشککراوەکە و دەڵێت، ماوەکانی رابردوو و لە وەرزی باران و سەرمادا، پێویستمان بە ئاوی بەنداوەکە نەبوو، بەڵام بە دڵنیاییەوە گەر لەم چەند رۆژەدا خەمێک لەو ئاوە نەخورێت، سەدان دۆنم زەوی کشتوکاڵی کە پشت بە ئاوی ئەو بەنداوە دەبەستێت تینوێتی هەڕەشەی لێدەکات و زەوییەکانمان بێئاو دەبن، داوای بە پەلەمان ئەوەیە دەستبکرێت بە گلدانەوەی ئاو و خستنەوە سەرکاری بەنداوەکە، ئەگەر لە چەند رۆژی داهاتوو ئەوە روونەدات، ئەوانەی باخی تازە چێندراویان هەیە زەرەرمەندی یەکەم و پاشانیش برنج و زەوییەکانی سەوزە و خاوەن حەوزەکانی ماسی و خانووە پلاستیکییەکان دوابەدوای یەک تووشی زیانی گەورە دەبن.
هەفتەی داهاتوو پڕبکرێتەوە
سەیوان محەمەد سەرۆکی شارەوانی سەروچاوە تایبەت بەو پرسە رایگەیاند، ئەوان لە هەوڵی ئەوەدان لە ماوەی چەند رۆژی داهاتوودا دەستبکرێت بە گلدانەوەی ئاوی بەنداوەکە، بۆ ئەمەش ئیدارەی راپەڕین و قائیمقامیەتی رانیە و مەڵبەندی راپەڕینی یەکێتیش لەسەر خەتن تاوەکو بەزووترین کات نۆژەنکردنەوەکە کۆتایی پێبێت، ئەو پڕۆژەیە پێشووتر داواکاری زۆری لەسەر بوو، بە تایبەت کە بەنداوەکە سەرچاوەی ئاوی خواردنەوەی سەروچاوە و بەراوکەری هەزاران دۆنم زەوی کشتوکاڵی ناوچەکەیە، دەبوو زووتر تەواو بکرایە، بەڵام بارانبارینی ناوەناوە و بەخوڕی ئەمساڵ وایکرد کارەکان درێژە بکێشێت و لە وادەیەکی کەمدا تەواو نەکرێت.
ناحیەی سەروچاوە ئێستا شوێنێکی دەوڵەمەندە لە رووی سامانی ماسی-یەوە، ماسی سەروچاوە بۆ بەشێکی زۆری شارەکانی هەرێمی کوردستان هەناردە دەکرێت و خواستێکی زۆری لەسەرە، ساڵانە بەپلان سەدان هەزار پەنجەماسی لە بەنداوەکە دەکرا و دەیان حەوزی ماسی لەو ناحیەیەدا هەن، زۆرینەیان دەکەونە سەر رێڕەوی ئاوی بەنداوی سەروچاوە، ئێستا هەموو ئەو حەوزە ماسییانە وشکبوون و خاوەنەکانیشیان، ئەوانەی هیچ دابینکەرێکی دیکەی ئاویان پێناگات، تووشی زیانی دارایی بوون و کارەکانیان راگیراوە. 
عەلی یەکێکە لەو خاوەن حەوزانە و بۆ دەربڕینی ناڕەزایی بۆ خۆپیشاندانی جووتیاران هاتووە و دەڵێت، ئێمە پشت بەو ئاوە دەبەستین و هیوامان وایە پەلە بکرێت لە تەواوکردنی پڕۆژەی خاوێنکردنەوەی بەنداوەکە.
گرنگە بۆ گەشتیاریی و سامانی ماسی
لە رووی گەشتیاریشەوە، سەروچاوە یەکێکە لە شوێنە سەرنجڕاکێشەکانی سنووری ئیدارەی راپەڕین و بە بەردەوامی گەشتیاران رووی تێدەکەن، ئاوی سەروچاوە یەکێکە لە هۆکارە سەرەکییەکان بۆ هاتنی گەشتیار، وشککردنی بەنداوەکە شەش مانگە ئەو قازانجە داراییەی بۆ دانیشتوانی ناوچەکە نەهێشتووە، حەوزەکانی ماسی و شوێنی گەشتیاریی تایبەت بە ماسی هۆکاری کاریگەربوون بۆ گەشتیاران، بەڵام تا پڕکردنەوەی بەنداوەکە هیچ سوودێکیان بۆ گەشتیاریی ناوچەکە نابێت.
بەنداوی سەروچاوە ساڵی 2008 لەلایەن حکومەتی عیراق-ەوە لەسەر رووبەری 122هەزار و 500مەتر دووجا دروستکراوە و توانای گلدانەوەی ملیۆنێک و 500هەزار مەتر سێجا ئاوی هەیە، سەرچاوەی ئاوی خواردنەوەی ناحیەکەیە و هەزاران دۆنم زەوی کشتوکاڵی ناوچەکە بەراو دەکات، هەروەها دیمەنێکی جوان و سەرنجڕاکێشی هەیە و گەشتیاران بۆ بەسەربردنی کاتێکی خۆش بۆ مەلەکردن و ماسی خواردن رووی تێدەکەن.

بابەتە پەیوەندیدارەکان