كورده‌وان محه‌مه‌د سه‌عید
نه‌وت ئه‌و سه‌رچاوه سروشتییه‌یه كه هه‌ندێك وڵات له پاڵیدا حه‌ساونه‌ته‌وه و بۆته گه‌وره‌ترین سه‌رچاوه‌ی ژیان، بۆ هه‌ندێك وڵاتیش جگه له شه‌ڕ و به‌دبه‌ختی هیچی تری پێنه‌بووه، وڵاتانی وه‌ك سعودیه و ئیمارات و قه‌ته‌ر و عومان و ..هتد به زه‌بری نه‌وت بیابانیان كردۆته ئاوه‌دانی و هه‌رێمی كوردستانیش ئه‌گه‌رچی وڵات نییه و ته‌نیا هه‌رێمێكی نیمچه سه‌ربه‌خۆیه، به‌هۆی فرۆشتنی نه‌وته‌وه ده‌كه‌وێته ژێر باری قه‌رزه‌وه و هاووڵاتیانیشی له زستاندا ده‌بێ به‌رمیلێك نه‌وت بۆ خۆگه‌رمكردنه‌وه به دوو هێنده‌ی نرخی نه‌وت له بازاڕی جیهاندا بكڕن، بۆچی نه‌وت بۆ ئێمه بووه هۆی قه‌رزاری و نەهامەتی؟ ئه‌وه‌یان ده‌بێت پسپۆڕانی بواری نه‌وت وه‌ڵامی بده‌نه‌وه.
نه‌خشه‌ی ستراكچه‌ره‌كانی نه‌وت
له ماوه‌ی رابردوودا ساڵۆنی كوردستانی نوێ كۆڕێكی بۆ فه‌رهاد حه‌مزه محه‌مه‌د پسپۆڕی بواری نه‌وت ساز كرد به ناونیشانی (بۆچی له رابردوودا نه‌وت و غازی هه‌رێمی كوردستان جێگه‌ی بایه‌خی حكومه‌تی عیراق نه‌بووه)، كۆڕه‌كه رۆژی شه‌ممه رێكه‌وتی شه‌شی ئایاری 2023 له ساڵۆنی كوردستانی نوێ و به ئاماده‌بوونی ژماره‌یه‌ك له رووناکبیران و رۆژنامه‌نووسان و كه‌سایه‌تی حزبی و ناحزبی به‌ڕێوه‌چوو، تیایدا فه‌رهاد حه‌مزه كه پسپۆڕی نه‌وت و سه‌رۆكی ئه‌ندازیارانە لە «كۆمپانیای نەوتی باكوور»، به داتاشۆ كۆمه‌ڵێك زانیاریی خسته‌ڕوو، كه له سه‌ره‌تای دۆزینه‌وه و ده‌رهێنانی نه‌وته‌وه تا ساڵی 1991، شێوازی ده‌رهێنانی نه‌وت و هۆكاره‌كانی بایه‌خنه‌دان به نه‌وتی هه‌رێمی كوردستانی لەلایەن ئینگلیزەکان و حکومەتە یەکلەدوایەکەکانی عیراقی له‌خۆگرتبوو.
سه‌ره‌تای كۆڕه‌كه فه‌رهاد حه‌مزه باسی لە دابه‌شبوونی ستراكچه‌ره‌كان كرد به‌سه‌ر ناوچه‌كانی عیراقدا و به نه‌خشه و دیاگرامی تایبه‌ت، ناوچه جوگرافییه‌كانی نه‌وتی له عیراقدا روونكرده‌وه و دابه‌شیكردن به‌سه‌ر سێ ناوچه‌ی سه‌ره‌كیدا، ئه‌و ناوچانه‌ی هیچ نه‌وتیان تێدا نییه، كه زیاتر ناوچه شاخاوییه‌كانی كوردستانی عیراقی ده‌گرته‌وه، له‌گه‌ڵ ئه‌و ناوچانه‌ی كه ئه‌گه‌ری هه‌یه نه‌وتیان تێدابێت و له‌وانه‌یه تیاشیاندا نه‌بێت، له‌گه‌ڵ ئه‌و ناوچانه‌ی كه نه‌وتیان تێدایه، به‌ڵام به‌ڕێژه‌ی جیاجیا.
هۆكاره ته‌كنیكییه‌كان
فه‌رهاد حه‌مزه له‌و كۆڕه‌دا هه‌وڵی دا بۆ وه‌ڵامدانه‌وه‌ی پرسیاره سه‌ره‌كییه‌كه كه ده‌ڵێت: (بۆچی له رابردوودا نه‌وت و غازی هه‌رێمی كوردستان جێگه‌ی بایه‌خی حكومه‌تەکانی عیراق نه‌بووه؟) تا لەو رێگەیەوە هۆكاره ته‌كنیكییه‌كان روون بكاته‌وه، كه به گشتی سێ هۆكاری سه‌ره‌كی بوون وه‌ك: بچووكی كێڵگه نه‌وتییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان به جۆرێك یه‌ده‌كی نه‌وتیان زۆر كه‌مه به به‌راورد له‌گه‌ڵ كێڵگه نه‌وتییه‌كانی ناوه‌ڕاست و باشووری عیراق، جگه له‌وه‌ش زۆربه‌ی كێڵگه نه‌وتییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان ده‌رهێنانی نه‌وت تیایاندا ئاسان نییه و قورستره له كێڵگه‌كانی دیكه‌ی عیراق، هه‌روه‌ها زۆربه‌ی نه‌وته‌كه‌ش كوالێتی كه‌متره و له كاتی چاره‌سه‌ركردن و جیاكردنه‌وه‌ی ماده‌كانی دیكه‌ی وه‌ك ئاو و غازدا ئه‌ركی زیاتره، هۆكارێكی دیكه‌ش ئه‌وه‌یه، به تایبه‌تی بۆ ده‌رهێنانی غاز كه گرنگیی پێنه‌دراوه، ئه‌ویش له‌به‌رئه‌وه‌ی له‌و سه‌رده‌مه‌دا، واته پێش 1991 غاز نه‌ك هه‌ر له‌سه‌ر ئاستی ناوخۆی عیراق، به‌ڵكو له‌سه‌ر ئاستی هه‌موو جیهانیش گرنگیی پێ نه‌ده‌درا، هۆكاری سێیه‌م نائارامی و نه‌بوونی سه‌قامگیریی ئاسایش بوو به تایبه‌تی له ناوچه‌كانی هه‌رێمی كوردستان كه به‌هۆی شۆڕشی رزگاریخوازانه‌ی كورده‌وه به‌رده‌وام شه‌ڕ و نائارامی هه‌بووه، كۆمپانیا جیهانییه‌كانی نه‌وتیش ئاماده نین له ناوچه‌یه‌كدا وه‌به‌رهێنان بكه‌ن كه ئارامی تێدا نه‌بێت.
ئاماده‌بوان ره‌خنه‌یان هه‌بوو
سه‌باره‌ت به هۆكاری یه‌كه‌م كه بچووكی كێڵگه نه‌وتییه‌كانی هه‌رێمی كوردستانه، پێشتریش بافڵ جەلال تاڵه‌بانی له دیداری هه‌ولێردا به روونی ئاماژه‌ی بۆ ئەوە كرد و وتی: «كه به ته‌نیا به‌سره له نه‌وتدا یه‌ك هه‌زار جار له كوردستان ده‌وڵه‌مه‌ندتره، عیراق ده‌ڵێت وه‌رن له‌مه‌دا شه‌ریك بن كورد ده‌ڵێ، نایكه‌ین، ئه‌وان مێزێكی گه‌وره‌یان رازاندۆته‌وه ده‌ڵێن له‌گه‌ڵمان شه‌ریك بن، ئێمه یه‌ك په‌رداخ ئاومان هه‌یه و ده‌ڵێین هه‌ر ئه‌مه‌مان ده‌وێت».
له كۆتایی كۆڕه‌كه‌دا و كاتی به‌شداریكردنی ئاماده‌بوان به پرسیار و سه‌رنجه‌كانیان ده‌ركه‌وت به‌دحاڵبوونێك له‌ئارادایه، ئاماده‌بووانی كۆڕه‌كه ره‌خنه‌یان له‌وه هه‌بوو كه توێژه‌ر باسی سیاسه‌تی شۆڤێنیانه‌ی ده‌سه‌ڵاته یه‌ك له‌دوای یه‌كه‌كانی نه‌كردووه به‌رامبه‌ر به كورد، له كاتێكدا كورد به درێژایی ساڵانی رابردوو چه‌وساوەته‌وه، به‌دحاڵیبوونه‌كه لێره‌دایه، فه‌رهاد حه‌مزه توێژینه‌وه‌كه‌ی تایبه‌ت بوو به ته‌كنیكی ده‌رهێنانی نه‌وت و جەدوای ئابووریی و شێوازه‌كانی ده‌رهێنانی، له‌و رووه‌وه جه‌ختی له‌سه‌ر ئه‌وه ده‌كرده‌وه، كه كۆمپانیاكان به كۆمپانیای نه‌وتی عیراقیشه‌وه، له دوای رووپێوی و گه‌ڕان به دوای نه‌وتدا، گرنگییان به‌و كێڵگه نه‌وتیانه داوه كه زۆرترین نه‌وتیان تێدایه و پڕۆسه‌ی ده‌رهێنانی نه‌وتیش تیایاندا زۆر له‌باره.
كۆمپانیا به دوای قازانجدا ده‌گه‌ڕێت
ئاماده‌بوانی كۆڕه‌كه پێده‌چێ ئه‌و سێ هۆكاره گرنگه‌یان فه‌رامۆش كردبێت، كه وایان كردووه نه‌وت و غازی سروشتی له هه‌رێمی كوردستان گرنگییان پێنه‌درێت، له راستیدا ئه‌و هۆكارانه كه‌م نین و نه‌ك هه‌ر له كوردستان، له هه‌ر شوێنێكی جیهاندا نه‌وت هه‌بێت، كۆمپانیاكانی نه‌وت، به پلانی زانستی كاری له‌سه‌ر ده‌كه‌ن و بیر له‌وه ده‌كه‌نه‌وه كه ده‌رهێنانی نه‌وت له‌و جێگایه تا چه‌ند كه‌ڵك و جەدوای ئابووریی هه‌یه، به واتایه‌كی دیكه كۆمپانیا نه‌وتییه‌كان گرنگ نییه به‌لایانه‌وه دانیشتوانی ئه‌و شوێنه‌ی نه‌وتی لێیه سه‌ربه چ نه‌ته‌وه‌یه‌كن، به‌ڵكو گرنگه به‌لایانه‌وه، بزانن قازانجی باش ده‌كه‌ن یان نا. بێگومان له عیراقیش قازانجی زۆر باش له كێڵگه نه‌وتییه‌كانی ناوه‌ڕاست و باشووردایه نه‌ك له هه‌رێمی كوردستان.