راپۆرتی/ هێمن ئەحمەد
ریكلام كردن گرنگییەكی رۆژانەی لایەنە ئابووری و بازرگانییەكانە، هەندێك لەم ریكلامانە دەچنە چوارچێوەی ئەلیكترۆنی و هەندێكی تریشی لە چوارچێوەی تابلۆ و شێوازی رازاندنەوە دەكرێن.
ئەگەر سەیری ریكلام بكەین لە چوارچێوە ئابوورییەكەیەوە پێویستییەكی گرنگە، دەبێت بەردەوام لە نوێكردنەوە و تەكنیكی جۆرا و جۆردا جێبەجێ بكرێت كە لەگەڵ رەوتی ئابووری و ئارەزووی هاووڵاتیدا بگونجێت.
ریكلام كردنیش دەبێت رەچاوی لایەنی جوانكاری و هەست و دەروونی مرۆڤ بكات بۆ ئەوەی جوانكارییەكەی سەرنجی هاووڵاتی رابكێشێت، بەڵام هەندێكجار روویەكی ناشیرین لە تابلۆكانی ریكلامدا بەدی دەكرێت كە ئەمەش زیان بە جوانكاری شار و لایەنە ئابوورییەكەشی دەگەیەنێت.
بێسەر و بەرەیی لە تابلۆكاندا
رێبین عەلی دانیشتووی گەڕەكی عەرەفەی شاری كەركوكە دەڵێت، تابلۆكانی ریكلام كردن بەشێوەیەكی بەرچاو لەناو شاردا بڵاوبوونەتەوە، بەبێئەوەی رەچاوی سیمای جوانی شار بكەن، جگە لەوەش هیچ جوانكارییەك و گونجاوی لە قەبارە و شێوەدا بوونی نییە و لە ئاستی ئەو پانتاییەدا نییە كاری بۆ كراوە.
وتیشی: هەندێكجار لەکاتی با و باراندا بەشێكی زۆری ئەو تابلۆیانە دەكەونە سەر شەقامەكان و زەرە و زیانی زۆر بە ئۆتۆمبێلەكان دەگەیەنن و هەندێكجاریش كارەساتی دڵتەزێنیشی لێدەكەوێتەوە، هیچ كەسێك لە خاوەن تابلۆکانیش بەرپرسیارێتی ئەو زیانەی كە داویانە لە ئەستۆی ناگرن لەبەرئەوەی لایەنی پەیوەندیدار نەیتوانیوە وەكو پێویست یاسایەك بۆ ئەو پاشاگەردانییە دابنێت.
بە یاسا رێکبخرێت
محەمەد عوسمان دانیشتووی گەڕەكی رەحیماوایە وتی، ماوەیەكی زۆر لە ئەوروپا ژیاوم هیچ كەسێك بۆی نییە بە ئارەزووی خۆی تابلۆی ریكلام لە شەقام و شۆستەكان دابنێت، چونكە یاسا و رێسای تایبەت بەخۆی هەیە و تا مۆڵەتی یاسایی لە شارەوانییەوە بۆ ریكلامەكەی وەرنەگرێت بۆی نییە تابلۆی ریكلامەكەی دابنێت یان دروستی بكات، چونكە هەر تابلۆ و پێوانەیەك نرخ و بەهای تایبەتی خۆی هەیە، جگە لەوەش دەبێت ساڵانە باجی تایبەت بە تابلۆ و ئەو شوێنە بدات كە بۆی دیاریكراوە، نەك لێرە هەر كەسە و بە ئارەزووی خۆی تابلۆی ریكلام دادەنێت و كەسیش لێپرسینەوەی لەگەڵدا ناكات.
وتیشی، لەم وڵاتەی ئێمەدا بێسەرە و بەرەییەك لە دانانی تابلۆكانی ریكلام لەناو شارو شەقام و شۆستەكاندا هەیە، ئەمەش بە زیانێكی گەورە لەسەر هاووڵاتی و جوانی شار دەشكێتەوە، هەندێكجار شێواندنێكی هەمەچەشن دروست دەكات و زیانی زۆر زیاترە لەوەی چاوەڕوان دەكرێت، بۆیە هەركەسە و بەپێی ئارەزوو و بەرژەوەندییەكانی خۆی تابلۆی ریكلامەكان دادەنێت هەندێكجار لە جۆری كەرەستەكانیش زیانەكانی زیاتر دەبێت، وەكو خراپی ئاسن و ئەو ئەلەمنیۆمەی بەكاریدەهێنن.
باسی لەوەشکرد، لەكاتی هەڵبژاردنەكاندا تابلۆیەكی زۆری بەربژێرەكان بڵاودەبێتەوە، هەندێكیان بزمار و شیشیان لە شۆستەكان چەقاندووە لە شەواندا زیان بە هاووڵاتی دەگەیەنێت و برینداری دەكات، ئەمە پاشاگەردانی تابلۆی ریكلامەكان دەنوێنێت.
بەبێ مۆڵەت دادەنرێن
هاوڕێ مەحمود، ئەندامی لیژنەكانی قایمقامییەتی كەركوك بۆ نەهێشتنی ریكلامی زیادەڕۆ رایگەیاند، لەمساڵدا چەند جارێك هەڵمەتی كۆكردنەوەی تابلۆی ریكلامەكانمان کردووە، بەڵام هەر دوای ماوەیەكی تر بەشێواز و قەبارەی جیاواز دادەنرێتەوە بەبێ ئەوەی كەس بەرپرسیارێتی هەڵگرێت لە دانان و كۆكردنەوەی ئەو تابلۆی ریكلامانەدا، ئەمەش ئاستەنگێكی گەورەی بۆ دروست كردوین هەندێكجار لە شوێنی ترافیك و نە شیاودا دایدەنێن کە رێگر دەبێت لەبەردەم رێنماییەکانی هاتوچۆدا.
فەرەیدون عادل بەڕێوەبەری شارەوانی كەركوك رایگەیاند، شارەوانی رێگە بە دانانی تابلۆی ریكلامەكان دەدات بە مەرجێك مۆڵەتی یاسایی وەرگرتبێت، بەڵام بەشێكی زۆر لەو كەسانەی تابلۆكان دادەنێن وەك پێویست بە دەنگ یاساكانی دانانی تابلۆی ریكلامەكانەوە نایەن و بە نایاساییانە تابلۆی ریكلامەكان دادەنێن، بۆیە هەندێكجار لەگەڵ قایمقامیەت و دەزگا ئەمنییەكان هەڵمەتی جۆراو جۆر بۆ لابردنیان دەکەین.
وتیشی، هەندێك لەوانەی ریكلامەكان دەكەن لایەنگرانی دەستڕۆیشتووی پارێزگاكەن لەكاتی لێپرسینەوە لەگەڵیاندا تووشی گەلێك كێشەمان دەكەن و چەندەها كەس بەرگرییان لێدەکات ئەوەی گرفتێکی گەورەی لەبەردەم کارەکانماندا دروست کردووە.
باسی لەوەشكرد، ئەگەر بێت و سزای سەرپێچی كاران وەكو خۆی جێبەجێ بكرێت، ئەوا كەس ناتوانێت ئارەزوومەندانە تابلۆ و ریكلامەكانیان لەناو شەقام و شۆستەكاندا دابنێت.