سودان و جەنگی براکان

09:24 - 2023-05-11
ڕاپۆرت
317 جار خوێندراوەتەوە
بەردەوامی جەنگی سودان

ئا: عەبدوڵڵا سدیق

سودان یەکێکە لە دەوڵەتە گەورەو دێرینەکانی کیشوەری ئەفریقا و جیهانی عەرەبی، لەرووی رووبەری زەوییەوە سێهەمین وڵاتی ئەفریقا و جیهانی عەرەبییە. سودان خاوەنی مێژوویەکی دێرین و شارستانییەتیەکی مەزنە، چ لەرووی سامانی ژێرزەویی و  سەرزەویی، وڵاتێکی زۆر دەوڵەمەندە، بەڵام بەهۆی بوونی کۆمەڵێک کێشەی ناوخۆیی و خراپی ئیدارەی حوکمڕانییەوە، ماوەی چەندین ساڵە گەلی سودانی بەدەست هەژاریی و نائارامیی و جەنگ و ماڵوێرانییەوە دەناڵێنێت.

لەماوەی پێشوودا تەواوی میدیاکانی جیهان، زوومی کامێراکانیان گواستەوە بۆ خەرتومی پایتەختی سودان، تاوەکو وێنە تراژیدیاکانی براکان بگوێزنەوە کە جەنگی یەکتر دەکەن. دیارە لەم جەنگەشدا، کۆمەڵێک بەرژەوەندیی ئابووریی و سیاسیی خۆی حەشارداوە، کۆمەڵێک هێزی دەرەکیش، رۆڵی ئاگرخۆشکەری ئەم جەنگە ناوخۆییەی سودان دەبینن.
وڵاتی رەشپێستەکان
سودان لە وشەیەکی عەرەبی لێکدراوەوە هاتووە واتە وڵاتی ( رەشپێستەکان) پێشتریش پێی دەوترا وڵاتی "نەوبییەکان" ئەمەش لە شارستانی نوبییەکانەوە هاتووە. سودان لەرووی رووبەری جوگرافییەوە یەکێکە لە وڵاتە گەورەکانی جیهان و رووبەری گشتی دەگاتە1.861 ملیۆن کیلۆ مەتر چوارگۆشە. بەمشێوەیەش لەرووی رووبەری زەوییەوە سێهەمین وڵاتی ئەفریقا و جیهانی عەرەبییە. کۆی گشتی دانیشتوانیشی بەپێی دوایین سەرژمێری بێت دەگاتە 45 ملیۆن کەس. 
سودان لە کۆمەڵێک ئێتن و نەتەوەو ئایینی جیاواز پێکدێت. بەشی زۆرینەیان عەرەبی موسڵمانن و لەپاش ئەوانیش  کۆمەڵێک ئێتنی ئەفریقی تر دێن. لەرووی ئاینیشەوە  کۆمەڵێک ئاینی تێدایە زۆرینەیان موسڵمانی سونیی و دوای ئەوانیش  مەسیحیی و کۆمەڵێک ئاینی تری ئەفریقی هەیە. 
مێژوویەکی دێرین
سودان لە رووی مێژووییەوە وڵاتێکی دێرینە و  لانکەی کۆمەڵێک شارستانی مەزنی جیهان بووە. یەکەمین  شانشینی کوش لە ساڵی 780 پێش زایین هەتاوەکو 350 پێش زایین بەردەوام بووەو یەکێكە لە شارستانییە دێرینیەکانی ئەفریقا. لەپاش ئەوانیش نوبییەکان دەستیان بەسەر سوداندا گرتووەو هەتاوەکو کۆتایی ساڵی 1500 شانشینی نوبییەکان لە سودان و بەشێکی زۆری میسر بەردەوام بووە.  شارستانی نوبیش ، یەکێکە لە شارستانییەتە دێرینەکانی ئەفریقا. 
لەپاش نەمانی دەسەڵاتدارێتی نوبییەکان،پەلاماری عەرەبەکان بۆ سودان دەستی پێکرد و لێرەشەوە هەڵمەتی تەعریب و بە موسڵمانکردنی ئەم وڵاتە بەردەوام بوو. پاشان داگیرکاری تورکی عوسمانی و دوایین جاریش لەلایەن میسر و ئینگلیزەکانەوە داگیرکراو هەتاوەکو ساڵی 1956 بە تەواوی لەژێردەستی داگیرکاریی میسریی و ئینگلیزی رزگاری بوو. 
وڵاتێکی دەوڵەمەند
ئەم وڵاتە چ لە رووی سامانی ژێرزەویی و  سەرزەویی، وڵاتێکی زۆر دەوڵەمەندە، خاوەنی 172 ملیۆن دۆنم زەوی کشتوکاڵییە، بەڵام  لەم زەوییە فراوانەی کشتوکاڵیشدا، تەنها 20% بەپێی میتۆدی کشتوکاڵی مۆدێرن کشتوکاڵ دەکرێت. لەرووی سامانی ئاژەڵیشەوە خاوەنی  102 ملیۆن سەر رەشە وڵاخی هەیە. لەرووی سامانی سروشتیشەوە زۆر دەوڵەمەندەبەتایبەتی ئاڵتون،نەوت، یۆرانیۆم،مس، ئاسن. 
بەڵام وا بۆ ماوەی نزیکەی 67 ساڵێک دەچێت  سودان سەربەخۆیی وەرگرتووە، بەڵام هەر لەسەرەتاوە تووشی کۆمەڵێک کێشەی ناوخۆیی و دەرەکی بوویەوە، سەرەتا کێشەی باشووری سودان و دواتریش دارفور. هەرچەندە ساڵی 2011 باشووری سودان جیابوویەوە، بەڵام کێشەکانی سودان  هەر تەواو نەبوون. ساڵی 2019 لەرێگەی شۆڕشێکی جەماوەرییەوە کۆتایی بە حوکمی دیکتاتۆری عومەر حەسەن بەشیر هێنرا، بەڵام لەپاش نەمانی حوکمی دیکتاتۆری بەشیریش، سودان لەبارودۆخێکی زۆر نالەباردا دەژی. 
جەنگی براکان
ئەمساڵیش بەتەواوەتی کێشەکان تەقینەوە، کاتێک هێزەکانی " پشتیوانی خێرا" بەسەرۆکایەتی محەمەد حەمدان ناسراو بە "حەمیدەتی"   پەلاماری سوپای نیشتمانی سودانی دا بەسەرۆکایەتی عەبدولفەتاح بورهان ، دیارە لەپشت ئەم جەنگەشەوە کۆمەڵێک هۆکاریی سیاسیی و ئابووریی و ئیداری خۆی حەشارداوە.
هێزەکانی پشتیوانی خێرا بەسەرۆکایەتی محەمەد حەمدان ناسراو بە "حەمیدەتی"  یەکێکە لە ڤیگورە سەرەکییەکانی ئەم جەنگە. ئەم پیاوە پێشتر تاوانی زۆری بەرامبەر بە گەلی دارفور کرد و دواتریش تاوانی بەرامبەر هەموو گەلانی سودان کرد و لە دزینی و تاڵانیش بەشدار بووە. ئێستاش تاوانێکی گەورەتری کرد، کاتێک جەنگێکی گەورەی هەڵگیرساند.  دیارە لە پشت ئەم پیاوەشەوە کۆمەڵێک بەرژەوەندیی ئیقلمیی و نێودەوڵەتی خۆیان حەشار داوە.
ئاڵتون وەکو سەرچاوەی نەهامەتی
سودان یەکێکە لە وڵاتە دەوڵەمەندەکانی جیهان لە رووی سامانی ئاڵتوونەوە، یەکێکیشە لە 10  دەوڵەتە بەهێزەکەی بواری بەرهەمهێنانی ئاڵتون، لە 13 هەرێمیدا سامانی ئالتون هەیە،  60 کانی گەورەی دەرهێنانی ئاڵتونی هەیە، بەپێی راپۆرتێکی کەناڵی بی بی سی بەریتانیا، ساڵی 2022 سودان لە پێشەنگی وڵاتانی هەناردەکردنی ئالتون بووە، نزیکەی 42 تۆن ئاڵتونی هەناردەی بازاڕەکانی جیهان کردووە، کە بەهاکەی نزیکەی 2.5 ملیارد دۆلار بووە. بەڵام  بەداخەوە ئەم سامانە مەزنەی سودان لە جیاتی ببێتە مایەی خێرو خۆشی بۆ گەلەکەی، کەچی بە پێچەوانەوە بۆتە هۆی نەهامەتیی  بۆی. یەکێکیش لە هۆکارەکانی ئەم جەنگە، دەستگیرکردنی کانەکانی ئالتونی سودانە لەلایەن هێزەکانی پشتگیری خێراو بەسەرۆکایەتی حەمیدەتی. ئەم پیاوە توانیویەتی لەرێگەی دەستگرتن بەسەر زۆربەی کانە ئاڵتونەکانی سوداندا، پێگەی خۆی لە رووی سەربازیی و ئابووریی و  سیاسیی و ئیقلیمیشەوە زۆر بەهێز بکات. 
جەنگی زلهێزە ئیقلیمیی و نێودەوڵەتییەکان 
زۆر چاودێری سیاسیی پێیان وایە کە ئەم جەنگە زیاتر جەنگی هێزە ئیقلمیی و نێودەوڵەتییەکانە، زۆر سەرچاوەی میدیایی باس لە هاوکاری روسیا و بەتایبەتی میلیشیاکانی ڤاگنەر دەکەن بۆ هێزەکانی پشتیوانی خێرا بەسەرۆکایەتی حەمیدەتی، پەیوەندی نێوان ئەمان و ڤاگنەر کەمێک کۆنە و لە رێگەی ڤاگنەوە، ئاڵتونی سودان بە نرخێکی هەرزان بە روسیا دەفرۆشرێت. بەڵام ئەوەی مایەی سەرنجە کە ئیماراتی عەرەبی کە وڵاتێکی نزیک بە ئەمریکا دەژمێرێت، بە پشتگیرکەری سەرەکی گروپی پشتیوانی خیڕا دادەنرێت، هەندێکیش  ئیمارات بە هەڵگیرسێنەری ئەم جەنگە دادەنێن، ئەوەی مایەی سەرنجە ماوەی چەند ساڵێکە ، ئیمارات لە زۆر کێشەی ئیقلیمیدا  دەستی خراپی هەیە، بەتایبەتی لە یەمەن، لیبیا، سوریا، عیراق، ئێستاش سودانیش پەیدا بوو. 
لەلایەکی ترەوە سوپای نیشتمانی بەسەرۆکایەتی بورهان، زیاتر سعودیە و میسر  پشتگیری دەکەن، ئەوانیش بەشێوەیەکی راستەوخۆ  نا ، ئەمریکاش زیاتر پشتگیری سوپا دەکات، لە چەند رۆژی پێشوودا پشتگیری دەستپێشخەری سعودییە کرد بۆ راگرتنی جەنگەکە و دانوستانی هەردوو بەرەی جەنگەکە لە سعودیە.
داهاتوویەکی ناڕوون
 ماوەی چەندین  ساڵە  سودان بەدەست  نائارامی و نا سەقامگیرییەوە دەناڵێنێت، دوایینجاریش جەنگێکی ناوخۆیی گەورە هەڵگیرساوەو هیچ ئاسۆییەکی رووناکیش نییە بۆ گەڕانەوەی ئاشتیی و سەقامگیریی و دروستبوونی حکومەتێکی مەدەنی، بۆیە زۆرچاودێری سیاسیی پێیان وایە، کە داهاتووی ئەم وڵاتە  زۆر روون نییە.
   ئەم وڵاتە جوان و گرنگ و دەوڵەمەندەی ئەفریقا، ماوەی چەندین ساڵە بەدەست جەنگی ناوخۆیی و هەژاریی و برسێتی و نائارامییەوە دەناڵێنێت، هۆکاری سەرەکیش دەگەڕێتەوە بۆ نەبوونی سیستمێکی باشی حوکمڕانی و دەستێوەردانی دەرەکی. تاکە لایەنی دڵسۆزی ئەم وڵاتە گەلەکەیەتی، تەنها گەلی سودان خۆیان دەتوانن کۆتایی بەم کارەسات و قەیرانە گەورانە بهێنن کە ماوەی چەندین ساڵە پێوەی دەناڵێنن. 
 
سەرچاوە:
www.bbc.com
www.marefa.org6

بابەتە پەیوەندیدارەکان