بۆنه‌ و یاده‌كان ده‌رفه‌تی سیاسی و ئاشته‌وایی ده‌ڕه‌خسێنن

07:18 - 2023-05-11
ڕاپۆرت
226 جار خوێندراوەتەوە

یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان و پارتی دیموكراتی كوردستان ئه‌ركیانه‌ به‌شداری كارایان هه‌بێت له‌ پرسه‌ و بۆنه‌ نیشتمانییه‌كاندا و به‌تایبه‌ت رێزگرتن له‌ تێكۆشان و ماندووبون و خه‌باتی ئه‌و كه‌سانه‌ی رۆڵیان هه‌بووه‌ له‌ خه‌بات و بزوتنه‌وه‌ی رزگاریخوازی گه‌لی كورد دا.
 

یادكردنه‌وه‌ و ریزلێنان له‌ سه‌ركرده‌ و كاریزما سیاسییه‌كانی كورد ده‌رفه‌ت و وه‌لانانی ناكۆكییه‌ سیاسییه‌كانه‌ و به‌جیاوازییه‌كانه‌وه‌ به‌شداری ده‌كه‌ن و كردنه‌وه‌ی یادگه‌ی نیشتمانی بارزانی له‌ ئه‌مساڵدا و ساڵیادی كۆچی دوایی شكۆی نه‌ته‌وه‌ و نیشتمان، سه‌رۆك مام جه‌لال له‌ ساڵی رابردوودا دوو نموونه‌ن بۆ به‌شداری سه‌ركرده‌ سیاسی و حكومڕ‌انی عیراقی كوردستانی و هه‌رێمایه‌تی و دیبلۆماتكار و نوێنه‌ری وڵاتان.

یه‌كێتی بۆ پرسه‌ نیشتمانییه‌كان هه‌ڵوێستی نه‌گۆڕه‌

شێخ میقداد به‌هادین، ئه‌ندامی سه‌ركردایه‌تی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان به‌سایتی ره‌سمی یه‌كێتیی PUKMEDIAی راگه‌یاند، "یه‌كێتی بۆ پرسه‌ نیشتمانییه‌كان هه‌رگیز درێخی نه‌كردووه‌ و هه‌وڵی یه‌كڕ‌یزی لایه‌نه‌كانی داوه‌، له‌ ئێستاشدا یه‌كێتی به‌شداری مه‌راسیمی كردنه‌وه‌ی یادگه‌ی نیشتمانی بارزانی كردووه‌، به‌رده‌وامیدانه‌ به‌و هه‌ڵوێسته‌ نه‌گۆڕ‌انه‌ی كه‌ هه‌یه‌تی، چونكه‌ بیرمان نه‌چێت ساڵی رابردوو له‌ ساڵیادی كۆچی دوایی سه‌رۆك مام جه‌لال_یشدا پارتی به‌هه‌مان شێوه‌ له‌سه‌ر ئاستی باڵا به‌شداری مه‌راسیمه‌كه‌یان كردووه‌ و وه‌ك بۆنه‌یه‌كی نیشتمانی لێیان روانیوه‌".

وتیشی، "لای یه‌كێتی هه‌رگیز هه‌ڵویست وه‌رگرتن له‌سه‌ر خزمه‌تكردنی باشتر بۆ ژیان و گوزه‌رانی خه‌ڵك مانای سفركردنه‌وه‌ی پرسه‌ نیشتمانییه‌كان نییه‌، هه‌موومان ئه‌و راستییه‌ ده‌زانین، كه‌ یه‌كێتی و پارتی و لایه‌نه‌كانی دیكه‌ش له‌ به‌ڕ‌ێوه‌بردنی حكومڕ‌انی هه‌رێمی كوردستان ته‌واوكه‌ری یه‌كن و پێكه‌وه‌ ده‌توانن ژیانێكی شایسته‌تر بۆ خه‌ڵك ده‌سته‌به‌ربكه‌ن". 

پارتی وه‌ك بۆنه‌یه‌كی نیشتمانیی به‌شداری ساڵیادی كۆچی دوایی مامی كرد

وه‌ك چۆن له‌ ساڵیادی كۆچی دوایی سه‌رۆك مام جه‌لال وه‌ك بۆنه‌یه‌كی نیشتمانیی له‌سه‌ر ئاستی باڵا وه‌فدی سیاسی و حكومی و پارتی و لایه‌نه‌ سیاسییه‌ كوردستانییه‌كانی تر به‌شدارییان كرد، به‌هه‌مان شێوه‌ وه‌فدی باڵای یه‌كێتی و هێزه‌ كوردستانییه‌كانی تریش به‌شدارییان كرد له‌ رێوڕ‌ه‌سمی كردنه‌وه‌ی یادگه‌ی نیشتمانی بارزانی كه‌ 11-5-2023
 كرایه‌وه‌ و تێیدا ده‌رفه‌تی پێكه‌وه‌یی و سازانی یه‌كڕ‌یزی هاته‌ ئاراوه‌.

بارزانی داوای كۆبوونه‌وه‌ی لایه‌نه‌كان ده‌كات

له‌ وتارێكدا مه‌سعود بارزانی، سه‌رۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان ئه‌و بۆنه‌یه‌ی وه‌ك ده‌رفه‌تێك قۆسته‌وه‌ و وتی، "ئێره‌ به‌ ده‌رفه‌ت ده‌زانم بانگه‌وازێكی دڵسۆزانه‌ ئاڕاسته‌ی هه‌موو لایه‌نه‌كانی هه‌رێمی كوردستان بكه‌م كه‌ لاپه‌ڕ‌ه‌یه‌كی نوێ بكه‌نه‌وه‌، داواكارم هه‌رچی زووتره‌ كۆبوونه‌وه‌یه‌كی به‌رفراوان پێش 18ـی ئه‌م مانگه‌ بكرێت، بۆ ئه‌وه‌ی دڵسۆزانه‌ و به‌رپرسیارانه‌ و كوردستانییانه‌ باسی هه‌موو گیروگرفته‌كان بكرێت و چاره‌سه‌ریان بكه‌ن''.  

هاوكات داوای له‌ هه‌ردوو مه‌كته‌بی سیاسی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان و پارتی دیموكراتی كوردستان كرد "دابنیشن و ئه‌م ته‌مومژه‌ نه‌هێڵن، هه‌روه‌ها زه‌مینه‌سازی بۆ كۆبوونه‌وه‌ به‌رفراوانه‌كه‌ بكه‌ن".

سه‌رۆك كۆمار: قۆناغێكی نوێ هاتۆته‌ ئاراوه‌

له‌ رێوڕ‌ه‌سمه‌كه‌دا د.له‌تیف ره‌شید، سه‌رۆك كۆماری عیراق وته‌یه‌كی پێشكه‌شكرد و رایگه‌یاند، "دۆخی ناوچه‌كه‌، عیراق و هه‌رێمی كوردستان رووبه‌ڕ‌ووی ئاسته‌نگی گه‌وره‌ بۆته‌وه‌ و قۆناغێكی نوێ هاتووه‌ته‌ به‌رده‌م حكومه‌تی فیدراڵی و هه‌رێمی كوردستان.
 
له‌تیف ره‌شید راشیگه‌یاند، "ساڵانێك بوو له‌ ناوچه‌كانی عیراق به‌هۆی كاریگه‌رییه‌كانی شه‌ڕ‌، ناسه‌قامگیریی سیاسی و تێكچوونی په‌یوه‌ندییه‌كان هاتبووه‌ ئاراوه‌، به‌ڵام ئێستا كه‌شێكی ئارام له‌ ئارادایه‌ و ده‌بێت سه‌رجه‌م لایه‌نه‌كان هه‌وڵبده‌ن ئه‌م قۆناغه‌ بۆ زیاتر لێكنـزیكبوونه‌وه‌، گفتوگۆی ئاشتییانه‌ و سه‌رله‌نوێ بنیاتنانه‌وه‌ی وڵات بقۆزنه‌وه‌".
 
له‌ درێژه‌ی وته‌كه‌شیدا سه‌رۆك كۆماری عیراق جه‌ختیكرده‌وه‌، "كاتی ئه‌وه‌ هاتووه‌ هه‌موو پێكهاته‌كانی عیراق، ناكۆكی و ململانێ سیاسییه‌كان وه‌لا بنێن و ژینگه‌یه‌كی سیاسیی ته‌ندروست بڕ‌ه‌خسێنن". 

سودانی: ئه‌و ده‌رفه‌ته‌ له‌ده‌ستنه‌ده‌ین

هه‌ر له‌ مه‌راسیمه‌كه‌دا محه‌مه‌د شیاع سودانی، سه‌رۆك وه‌زیرانی عیراق وتارێكی پێشكه‌شكرد و رایگه‌یاند، "به‌ هه‌موو توانایەكمانه‌وه‌، ماندوونه‌ناسانه‌ و كۆڵنه‌ده‌رانه‌ كارده‌كه‌ین بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و ده‌رفه‌ته‌ له‌ده‌ستنه‌ده‌ین كه‌ له‌سه‌ر بناغه‌ی قوربانیدان و نه‌هامه‌تیی گه‌له‌كه‌مان و خه‌باتی پیاوه‌كانی بونیادنراوه‌."

راشیگه‌یاند، "به‌ده‌ستهێنانی ره‌زامه‌ندی و متمانه‌ی گه‌ل له‌ هیچه‌وه‌ یان له‌ خۆیانه‌وه‌ دروست نابن، به‌ڵكو ئاڵنگارییەكی گه‌وره‌یه‌، پێویسته‌ چاوه‌ڕ‌ێی كاتێك بۆ كاركردن و بونیادنان نه‌كه‌ین، چونكه‌ ئه‌ركه‌كه‌ هه‌موو ئێمه‌ی عیراقی ده‌گرێته‌وه‌، چ له‌ هه‌رێمی كوردستان بن، یان له‌ هه‌ر شار و ناوچه‌یه‌كی نێوه‌ڕ‌است و باشوور و رۆژئاوا بن".

PUKMEDIA

بابەتە پەیوەندیدارەکان