تەکنیکەکانی ژیریی دەستکرد و دەرکەوتنی کەلێنەکان

09:56 - 2023-05-14
ئابووری
431 جار خوێندراوەتەوە
ژیریی دەستکرد دەبێتە بەشێکی دانەبڕاوی ژیانی رۆژانەمان

فەیسەڵ عەلی
لە ساڵی 2018 وە، ژیریی دەستکرد بۆتە حەقیقەت و چیتر خەیاڵ نییە، لەمەودوا هەر جێگەیەک لە جیهانی کەلتوریی جەماوەرییدا نییە، بەڵکو زۆر لەوە فراوانترە و ئەمساڵ بە ساڵی بازدانی گەورەی ژیریی دەستکرد دادەنرێت، ئەم تەکنۆلۆجیایە بەشێوەیەکی فراوان لەسەر ئەرزی واقیع گەشەیکرد، تا بووە ئامرازێکی سەرەکیی دەستوەردان لە هەموو کایە و کەرتەکانی ناو کۆمەڵگە.
ئەم تەکنیکە نوێیە لە هەناوی تاقیگەکانی توێژینەوە و لاپەڕەی ناو رۆمانەکانی ئەندێشەی زانستییەوە لەدایکبوو، بۆئەوەی ببێتە بەشێکی دانەبڕاوی ژیانی رۆژانەمان، هەر لە یارمەتیدانمان بۆ گواستنەوە لەناو شارەکان دوورخستنەوەمان لە قەرەباڵغییەکانی هاتوچۆ، تا بەکارهێنانی وەک یارمەتیدەری گریمانیی بۆ ئەوەی ئەرکە هەمەجۆرەکانی ژیانمان بەجێبهێنین، ئەمڕۆ بەکارهێنانی بۆتە بنچینە لەپێناو دابینکردنی بەرژەوەندییە گشتییەکانی کۆمەڵگە.
لەگەڵ ئەو هەرایەی ژیریی دەستکرد ناویەتەوە، بەڵام ئەمڕۆ جیهان دڵەڕاوکێیەکی زیاتر و فراوانتر لە پانتایی و پەرچەکردارەکانی و توانای ئەم تەکنیکە لە بەرهەمهێنانی ئەوەی لەسەروو توانای هەڵسەنگاندنی هێزی مرۆییەوە بێت، بەخۆیەوە دەبینێت، لێرەوە کێشە بنچینەییەکە بەدیار دەکەوێت، کە سەبارەت بەم تەکنیکە مەترسییەکی زۆری هەیە، هەڕەشە لە پەیکەری ئابووریی ئەمڕۆی ئێمەی مرۆڤ و میکانیزمی کارکردن و شێوازی بیرکردنەوەی ئێمە سەبارەت بەو دەکات.

دڵەڕاوکێ دزەی کردووە
لەگەڵ ئەوەی زۆری پیشەسازییەکان پشت بە ژیریی دەستکرد دەبەستن، زیاتر بە رووی مەترسییەکاندا کراوەن، وەلێ ئەو دڵەڕاوکێیەکەی سەبارەت بە کاریگەرییە زۆر مەترسیدارەکانی کە دەستی بە دزەکردن کردووە، بەتایبەتیش لە کەرتی داراییدایە، چونکە ئەو کەرتە رۆژ لە دوای رۆژ لە بوارە هەمەجۆرەکانیدا پشت بەم تەکنیکە دەبەستێت، لەوانە توانا سەرنجڕاکێشەکانی لە پشتیوانیکردنی و بە میکانیکی کردنی ئەرکە رۆتینییەکانی وەک، کردنەی ئەژماری نوێ و نوێکردنەوەی زانیارییەکانی بەکاربەران، وێڕای ئەو پشتیوانییەی لە دۆزینەوەی ساختە و فێڵکردن پێشکەشی دەکات، بەوەی توانای بەرچاوی لە راڤەکردنی مامەڵە دارایی و بانکییەکاندا هەیە لە ساتی ئەنجامدانی مامەڵەکاندا، ئەمەش بەرەو دۆزینەوەی چالاکییە ساختەکانی برد و توانای بانکەکانی لە گرتنەبەری رێوشوێنی گونجاو لە کاتی دروستدا زیاتر کرد، بۆ نموونە، ئەوەی کۆمپانیای (PayPal) سەبارەت بە قەبارەی گەورەی ئەو مامەڵە ساختانەی لەسەر تۆڕەکان تۆماری کردووە، هاندەرێکی گەورەی پێدانی چارەی گونجاو بوو لەکاتی دیاریکراودا، ئەمە تەنها بوار نییە کە ژیریی دەستکرد چۆەتە ناوییەوە، بەڵکو لەوەش روونتر بوارەکانی پێشکەشکردنی راوێژی پسپۆریی داراییە، بەوەی دەتوانێ هەڵسەنگاندن بۆ ئاراستەکانی بازاڕ بکات و شێوازە دووبارە بووەکان بدۆزێتەوە و پێشبینی نرخی ئایندەیان بکات، هەروەها دەتوانێ مامەڵەکان جێبەجێ بکات و ستراتیجییەکانی وەبەرهێنان باشتر بکات و دەستهات زیاتر بکات، هەموو ئەوانەش لەڕێی راڤەکردنی داتا ئاڵۆزەکانی داراییەوە دەکات، هەروەها ئەگەرەکانی مەترسیی وەبەرهێنان دیاری دەکات و پێشبینی سیناریۆکانی ئایندەش دەکات.

پێشبینی کردنی بازاڕ
لە پێشکەوتنێکی ئێجگار گەورەدا، ئامرازی ژیریی دەستکردی بەرهەمهێن (چات جی بی تی) لە راڤەکردنی داتاکانی (یەدەکی فیدراڵی)دا بەکارهێنرا، هەروەها ئامرازەکانی (راڤەی هەست) کە ئێستا زۆر لە ئاڵووێرکاران بەکاریدەهێنن، کە پەرچەکردرای ئامرازەکانی میدیا بۆ پێشبینی کردنی بازاڕ رێکدەخات.
وەک ئاماژەی بۆ کرا، ئەم پەرەسەندنە خێرا و یەک لەدوای یەکە، سەبارەت بە ئایندەی مرۆڤ لەگەڵ ئەم تەکنیکەدا دڵەڕاوکێی کەم نەکردۆتەوە بەڵکو زیادی کردووە، راپۆرت و توێژینەوەکان کە لەم بوارەدا بڵاوبوونەتەوە، پێداگیریی لەسەر گرنگیی ئەوە دەکەن، کە دەبێ ئێستا (چات جی بی تی) لە ژێر سەرپەرشتی مرۆڤدا بەکاربهێنرێت، چونکە لە هەڵە بەدوور نییە، هێشتا ئەگەری ئەوەی هەیە لە پۆلێنکردنی رستییەکاندا هەڵە بکات، یان لە وەرگرتنی ئەو جیاوازییە وردانەی هەڵسەنگێنەرێکی مرۆیی دەیانکات شکست بێنێت، ئەم گوزارشتە و هاوشێوەکانی، هەوڵدەدەن بە هەڵە ئەم تەکنیکە بە مرۆڤ بەراورد بکەن، بەڵام گرفتەکە لەوەدایە، زۆربەی بەکارهێنەرانی ژیریی دەستکرد لە تێگەیشتنیدا شایستە نین، یان تەنانەت لەوەی کێ دەبێ چاودێری بکات، ئاگادار نین.

مەترسییەکان چین؟
لە واقیعدا، دەشێ ئێمە هەڵەی مرۆڤ سەبارەت بە حوکمدانی لەسەر پرسێک بزانین، ئەویش لەمیانی پرس و راوێژکردن بە شارەزایانی ئەو بوارە، بەڵام کێ توانای دادوەری بەرهەمی ژیریی دەستکردی هەیە، بەتایبەتی لەم چوارچێوەیەدا، دەشێ لە ئەنجامی بەکارهێنانییدا مەترسیی گەورە بکەوێتەوە، کە چارەسەرێکی گەورەی نزیک لەو یان تەنانەت لەپێشچاو نییە، یەکەمیان، چونکە ئامرازەکانی بە تەواوی بۆ هەمووان ناڕۆشنە، جگە لە دامەزرێنەرانی ئەو تەکنیکە، ئەم مەترسییە وا لە ئەنجامەکانی دەکات، نەتوانرێ شرۆڤە بکرێن یان تەنانەت نەتوانرێ حوکمیشی لەسەر بدرێن، ئەگەر خاوەن بڕیارانی ئەنجومەنی بەڕێوەبەران و جێبەجێکاران پشتی پێببەستن، ناتوانن هۆکارەکانی شکست بزانن ئەگەر روویدا.
مەترسیی دووەم، لەلایەن خودی ژیرییەکەوە نییە، بەڵکو لە کێشەی پەیکەری ئەو بازاڕەوەیە کە تەکنیکەکانی ژیریی دەستکرد بەرهەم دەهێنێت، لەگەڵ توندبوونی کێبڕکێ، دەشێ بازاڕ بکەوێتە ژێر کۆنتڕۆڵی سێ کۆمپانیا یان کەمترەوە، ئەمەش واتە، بەکارهێنانی هەمان شێواز و سامپڵ و توانای راڤە و شرۆڤەکردن، ئەمە سیستمێکی یەکانەی ژیریی دەستکرد پێکدەهێنێت، بەدوایشدا رەفتارێکی دیجیتاڵی هاوشێوە، یان ئامێرێکی کۆمپیوتەری میکانیکی وەک یەکتری کار دەکەن، ئەگەر هەڵەیەک روویدا، ئەوا دووبارەبوونەوەی شێوازی هەڵەکە دەبێتە باو، لەسایەی بێتوانا بوونی مرۆڤ لە حوکمدان، ئەوا هەمووان دەکەونە هەڵەیەکی کوشندەی گەورەوە.

دەبێ پەلە بکرێت
لەگەڵ گەشەکردنی بەکارهێنانی بەردەوامی ئەم تەکنیکە لە کەرتی دارایی و بانکیدا، ئەوا ئەمڕۆ زیاتر لە هەر کاتێک ئەگەری کەوتنەوەی مەترسییەکانی شێواوی و لەدەستدانی سەقامگیریی دارایی هەیە.
لەگەڵ روونی ئەو مەترسییانەی سەبارەت بەم تەکنیکە لە گۆڕێن، مرۆڤ بە پەرۆشەوە بەرەو پیری دەچێت، کە ئەمەش جێی دڵەڕاوکێیە، بەڵام دەبێ پەلە بکرێت بۆ پەرەدان بە سامپڵێک کە روبەڕوی مەترسیی داڕمانی رێکخراوە دارییەکان و ناسەقامگیریی بێتەوە، هەروەها دەبێ لە پەرەدان بە سیستم و ئەو یاسایانەی بەشداری لە گوشار خستنەسەر هەندێک لە رێکخراوەکان پەلە بکرێت، کە بە خێراییەکی زۆر و بێ خوێندنەوە و بەبێ خۆپارێزی لە مەترسییەکانی بەکارهێنانی ئەم تەکنیکە و تەکنیەکانیتریش هەنگاو دەنێن.

بابەتە پەیوەندیدارەکان