رۆژنامەنووسانی کەرکوک لە دابەشکردنی زەوی نیگەرانن

10:00 - 2023-05-14
ڕاپۆرت
328 جار خوێندراوەتەوە
کۆبوونەوەی بەشێک لە رۆژنامەنووسە کوردە بێبەش کراوەکان

راپۆرتی/ هێمن ئەحمەد

ماوەیەكە ئەندامانی سەندیكا پیشەییەكان لە شاری كەركوك وەكو رۆژنامەنووسان و هونەرمەندان و نووسەران سەرقاڵی دابەشكردنی زەوین بەسەر ئەندامانیاندا بەتایبەت ئەوانەی سەر بە سەندیكاكانی بەغدان.
ئێستا سەندیكای رۆژنامەنووسانی عیراق سەرقاڵی دابەشكردنی زەوییە بەسەر ئەندامەكانیدا کە لە نەتەوە جیاوازەکانی شارەکەن، لە پاڵ ئەمەدا بەشێكی زۆر لە رۆژنامەنووسانی نەتەوەی کوردی شارەکە کە ئەندامی سەندیکای رۆژنامەنووسانی کوردستانن بەهیچ جۆرێك دابەشكردنی زەوی نایانگرێتەوە، جگە لەوەش لە رابردوودا سەندیكای رۆژنامەنووسانی كوردستان لقی كەركوك هەوڵیداوە، بەڵام نەگەیشتوونەتە ئەنجام و بێبەش كراون.

پێدانی زەوی مافی ئێمەی رۆژنامەنووسانی كوردە هاوشێوەی هاوپیشەكانمان لە پێكهاتەكانی دیكە و لە ئەگەری بەدەمەوە نەهاتنی داواکارییەکانمان هەڵوێستی توندمان دەبێت 

زۆربەیان لە نەتەوەی عەرەب و تورکمانن
بەپێی زانیارییەکان لقی کەرکوکی سەندیکای رۆژنامەنووسانی عیراق ناوی زیاتر لە 140 رۆژنامەنووسی شارەکەی رەوانەی شارەوانی کەرکوک کراوە بۆ ئەوەی زەوییان پێ بدرێت کە زۆربەیان لە نەتەوەی عەرەب و تورکمانن، لە بەرامبەردا رۆژی 12/5/2023 بەنوێنەرایەتی زیاتر  لە 100  رۆژنامەنووس و میدیاكاری كورد لە سەنتەری رۆشنبیری كەركوك دژی ئەو بڕیارە كۆبوونەوە و لە بەیاننامەیەکدا رایانگەیاند، لیستێك ئاڕاستەی شارەوانی كراوە بۆ پێدانی زەوی بە رۆژنامەنووسان، بەڵام جیا لەوەی كەمترین رۆژنامەنووسی كوردی تێدایە، هاوكات ناوی هیچ یەكێك لەو رۆژنامەنووسە كارایانەی تێدا نییە ساڵانێکە لە شاری کەرکوک رووماڵ دەکەن و لە هەلومەرجە جیاوازەکاندا تووشی دەیان زەحمەت و مەترسی بوونەتەوە، تەنها لەبەرئەوەی ئەندامی سەندیکای رۆژنامەنووسانی عیراق لقی کەرکوک نین.
رۆژنامەنووسە بێبەش کراوەکان دەڵێن، پێداگرین لەوەی پێدانی زەوی یان هەر ئیمتیازێكی دیكە مافی ئێمەی رۆژنامەنووسانی كوردە هاوشێوەی هاوپیشەكانمان لە پێكهاتەكانی دیكە و نابێت پشتگیری سەندیكا بكرێتە پێوەر بۆ دابەشكردنی زەوی.
رۆژنامەنووسەکان داوا لە نوێنەرانی كەركوك لە پەرلەمانی عیراق دەکەن پشتیوانییان بکەن بۆ بەدەستهێنانی مافەکانیان، هەروەها داوا لە پارێزگا و شارەوانی كەركوك و وەزارەتی شارەوانییەكانی عیراق دەكەن دادپەروەرانە ئەم پرۆسەیە بەڕێوەببەن و تایبەتمەندی كەركوك لەبەرچاو بگرن.

پشتیوانی داواکەی رۆژنامەنووسان دەکرێت 
هاوكات دوای بڵاوبوونەوەی بەیاننامە و نیگەرانییەكانی رۆژنامەنووسە كوردەكانی كەركوك، دیلان غەفور ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق لەسەر فراكسیۆنی سەوز رایگەیاند، بە هەموو شێوەیەك پشتیوانیی لە راگەیەندراوی رۆژنامەنووسانی كورد لە كەركوك دەكەم بۆ بەدەستهێنانی مافەكانیان بەتایبەت پێدانی زەویی وەك هاوپیشەكانیان لە پێكهاتەكانی دیكە.
وتیشی، بۆ ئەو مەبەستە رۆژی یەكشەممە نووسراوی فەرمی ئاڕاستەی وەزارەت و لایەنە پەیوەندیدارەكان دەكەم و لە نزیكەوە چاودێریی و بەدواداچوون لەسەر ئەم پرسە دەكەم و ناهێڵم رۆژنامەنووسە كوردەكانی كەركوك 
مافیان بفەوتێت.
هاوکات خالید شوانی وەزیری دادی عیراق رایگەیاند، لەگەڵ ئەنجومەنی وەزیرانی عیراق و خودی وەزیری ئاوەدانکردنەوە لەسەر خەتم و رێگە نادەین مافی رۆژنامەنووسانی کورد لە کەرکوک بفەوتێت، هەر کەسێکیش سەرژمێری 57 ی نەبێت پێدانی زەوی نایگرێتەوە.

خاڵبەندی بکریتە پێوەر
رۆژنامەنووسەکان لە بەیاننامەکەدا ئاماژەیان بەوەکردووە، پێویستە لە دابەشكردنی زەوییدا سەرژمێری 1957 بكرێتە پێوەر و ئەو كەسانەی خەڵكی رەسەنی كەركوك نین زەوییان لە پارێزگاكە پێنەدرێت بەپێی رێنماییەكانی وەزیری شارەوانییەكانی عیراق.
باسیان لەوەشکردووە، خاڵبەندی لە دابەشكردنی زەوی بكرێتە پێوەری پێشینە بۆ ئەوەی كێ مافی وەرگرتنی زەوی هەیە و ئەو رۆژنامەنووسانەی زەوییان پێدەدرێت پێویستە پشتگیریی دەزگایەكی باوەڕ پێكراوی راگەیاندنیان هەبێت بۆ بەردەوامی كاركردن.
رۆژنامەنووسەکان دەڵێن، لە ئەگەری بەدەمەوە نەهاتنی داواكارییەكانمان هەڵوێستی توندترمان دەبێت.
بەپێی نووسراوێكی ئەنجومەنی وەزیرانی عیراق (ق/01/10788)، ژمارەی 12ی ساڵی 2004 بەپێی رێنماییەكانی ئەنجومەنی وەزیران لە رۆژی 31/5/2020 دەرچووە، ئاماژە بەوە دەكات هەموو ئەو رۆژنامەنووسانەی ئێستا لە كاری رۆژنامەنووسیدان مافی پێدانی پارچە وەزییەكییان هەیە لە پارێزگاكانی خۆیان، بەڵام بڕیارەكە تەنها ئەو رۆژنامەنووسانە دەگرێتەوە کە ئەندامی سەندیکای رۆژنامەنووسانی عیراقن.

نابێت ئەندامی دوو سەندیکا بیت
بەو پێیەی ساڵانێک سەندیکای رۆژنامەنووسانی کوردستان لقیان لە شاری کەرکوک هەبوو و بەشێک لە رۆژنامەنووسە کوردەکان ئەندامی ئەو سەندیکایە بوون و نەبوونەتە ئەندامی سەندیکای عیراق ئەو ئیمتیازی زەوی دابەشکردنە نایانگرێتەوە.
ئەوە لە کاتێكدایە رۆژی 8/5/2023 لە ئاگادارکردنەوەیەکدا ئازاد حەمەدەمین نەقیبی سەندیکای رۆژنامەنووسانی 
کوردستان بۆ سەرجەم لق و نووسینگەکانی سەندیکای رۆژنامەنووسانی کوردستان رایگەیاندووە، لەبەرئەوەی ناکرێت رۆژنامەنووس ئەندامی دوو سەندیکای هاوشێوەی پیشەیی بێت، بۆیە هەر رۆژنامەنووسێک ئەندامی سەندیکای کوردستانە و لە هەمانکاتدا بووەتە ئەندام لە سەندیکای رۆژنامەنووسانی عیراق بە هەر پلەیەک لە ماوەی 10 رۆژدا ئاگاداری ئەنجومەنی سەندیکا بکاتەوە یان دەستلەکار کێشانەوەی خۆی پێشکەش بکات، بە پێچەوانەوە ئەنجومەنی سەندیکا لەو رۆژەی ئاگادارکردنەوەکەی بڵاوکردۆتەوە ئیجرائاتی پێویست دەکات و ناوی لە تۆماری گشتیدا دەسڕێتەوە.

بابەتە پەیوەندیدارەکان