قەرەخەرمان خواردنە نایابەكەی كوردەواری

11:20 - 2023-05-14
ڕاپۆرت
565 جار خوێندراوەتەوە

راپۆرتی: هاوژین عەبدولواحید

قەرەخەرمان خواردنێكە لە گەنم پێكهاتووە، بەڵام پێش ئەوەی گەنمەكە پێبگات و وشك بێت دەدورێتەوە، خەڵكێكی زۆر ئارەزووی دەكەن، چونكە خواردنێكی بەچێژە.
ساڵانە لە گوندی شەوگێری سەر بەقەزای كۆیە، دانیشتوانی بۆ دابینكردنی بەشێك لە بژێوی ژیانیان لەگەڵ هاتنی وەرزی گەرمادا قەرەخەرمان بەرهەمدەهێنن، هەفتەیەك لە كاردا دەبن و بە هێزی بازوو و ئارەقی ناوچەوانیان و دوای هیلاكییەكی زۆر قەرەخەرمان دێننە بەرهەم.
حەیدەر سەلیم، دانیشتووی گوندی شەوگێڕە و باسی چۆنییەتی بەرهەمهێنانی قەرەخەرمانی كرد و وتی: ئێمە هەموو ساڵێك قەرەخەرمان دەكەین ئەویش دەگەڕێتەوە بۆ چەند هەنگاوێكی سەخت و ناخۆش تا دەیهێنینە بەرهەم، گرنگترین شت جۆری گەنمەكەیە، پێویستمان بەگەنمێكی جوانە و هەموو جۆرە گەنمێك بۆ قەرەخەرمان نابێت، لە سەرەتای مانگی دوانزەدا گەنمەكە دەچێنین  لە دوای ئەوەی پێدەگات لە سەرەتای مانگی پێنجدا دەستدەكەین بە دوورینەوەی بە داس، پاشان هەڵیدەخەین تا كەمێك وشك دەبێتەوە، دواتر كەمە كەمە ئاگر لە گەنمەكە بەردەدەین و دەیسووتێنین بەپێی شارەزایی خۆمان، چونكە لەم بەشەدا شارەزایی باشی دەوێت نابێت نە زۆر بسووتێت نە كەم، پاشان دەیكوتین و دواتر بەبای دەدەین لە شوێنیكی رووە و با تا سەركۆزەرەكەی دەڕوات دواقۆناغیش دەیبەینە لای ئاشەوان لێیدەكەین.

 خواستێکی زۆری لەسەرە
ساڵانە خواستێكی زۆر لەسەر قەرەخەرمانەكەمان هەیە، كڕیارەكان تەنها هی ناو كۆیە نین، بەڵكو لە هەولێر، سلێمانی، كەركوك داواكاریی لەسەر هەیە و كڕیاری تایبەت بەخۆمانمان هەیە، چونكە جۆری قەرەخەرمانەكەمان تایبەت و جوانە، هەرچەندە لە بازاڕەكاندا قەرەخەرمانی هاوردە هەیە، بەڵام هیچ كاتێك ناگاتە قەرەخەرمانە خۆماڵییەكەی خۆمان. نرخی یەك كیلۆ لە دە هەزار تا پانزە هەزار دەڕوات ئەویش جوانی بەرهەمەكە رۆڵ دەبینێت.
لەبارەی گیانی هاوكاری و هەروەزیش وتی:  بەداخەوە گیانی هاوكاری و هەرەوەز تادێت كاڵتر دەبێتەوە لە گوندەكەمان وەك ساڵانی رابردوو نییە خەڵك هاوكاری یەكتری بكەن، بۆیە هەر ماڵە و بۆخۆی كاری خۆی دەكات و ئەگەر پێویستی بەدەستی كاری زیاتر هەبوو ئەوا دەبێت كرێكار بۆخۆی بگرێت، بەرهەمی ئەمساڵیشمان باشە ساڵێكی پڕ خێر و بەرەكەت بوو، رەنگە بتوانین  500 تا 700 كیلۆی لێ بێنینە بەرهەم بۆ فرۆشتن.

پاکوخاوێنی گرنگترین شتە
هونەر سەلیم، خەڵكی گوندەكە وەك جووتیارێكی بەرهەمهێنی قەرەخەرمان دەڵێت: پاكوخاوێكی لە كاركردنماندا گرنگترین شتە لەلای ئێمە، چونكە لە دوای دروێنە پێویستمان بەشوێنێكی پاك دەبێت تا گەنمەكەی لێ هەڵخەین كە دووربێ  لە تۆز و خۆڵ و پیسی، بۆیە ئێمە لەسەر ئەم شاخە شوێنێكی باشمان ئامادەكردووە و پاك رامانگرتووە تابەرهەمێكی باش و خاوێن پێشكەش بە كڕیارەكانمان بكەین.
شێوازی لێنانی قەرەخەرمانیش دەگەڕێتەوە بۆ دەستڕەنگینی كابانی ماڵ كە رۆڵێكی باشی هەیە بۆ زیاتر بەلەزەتكردنی بەتایبەتی لێنانی لەگەڵ كەڵەشێری كوردی یاخود گۆشتی سوور زۆر بەتامە، بەڵام دەشگەڕێتەوە سەر خواستی ئەو كەسە كە چۆن ئامادەی دەكات.

بابەتە پەیوەندیدارەکان