كردارە جوانەكانی داپیرە و باپیرەی جاران

11:23 - 2023-05-14
ڕاپۆرت
440 جار خوێندراوەتەوە

راپۆرتی، هێمن ئەحمەد

خێزان یەكەیەكی كۆمەڵایەتی گرنگی نێو كۆمەڵگەیە بەرپرسیارێتیان بەرامبەر بە كۆمەڵگە هەیە، هەندێ لە خێزانەكان پێكهاتەیەكی بچووكن، هەندێكیش گەورەن.
خێزانی بچووك لە دایك و باوك و منداڵەكانی پێكدێت، بەڵام خێزانی گەورە بریتییە لە داپیرە و باپیرە و دایك و باوك و منداڵەكان، كە هەندێجار برا و خوشكیش لە چوارچێوەیاندا هەیە.
زیاتر لە ساڵانی رابردوودا داپیرە و باپیرە رۆڵی گەورەیان دەبینی لە خێزاندا و زیاتر خێزانەکان گەورە بوون هەموو پێکەوە لە ماڵێکدا دەژیان و کاریگەرییان لەسەر پەروەردەکردنی منداڵ هەبوو، بەڵام ئێستا تا دێت خێزانەکان بچووک دەبنەوە دایک و باوکان زیاتر رێگە و پەروەردەی مۆدێرن بەکاردەهێنن لە بەخێوکردنی منداڵەکانیاندا، سەبارەت بەم خێزانەکان و لە کۆندا و کاریگەری داپیرە و باپیرە لەنێو خێزاندا عەلی خورشید-ی تەمەن 50 ساڵ، دانیشتووی گەڕەكی رەحیماوای شاری كەركوك، دەڵێت: لەوەتەی چاوم بە ژیان هەڵهێناوە ئاشنای داپیرە و باپیرەم بووم و هەردەم گوێڕایەڵی قسە و پەند و چیرۆكەكانیان بووم و فەلسەفەی ژیانیان هەبوو بۆ بنەماكانی خێزان و پەیوەندییە كۆمەڵاتییەكان، چونكە دەیانتوانی هەموو ئەندامانی خێزانەكە رابهێنن لە گەورەوە تا بچووك، هەر یەكە بەپێی توانای ئاستی رۆشنبیری خۆی هەوڵیاندەدا بەرنامەكانیان دابڕێژن لە سەر ئەو بنەمایەی ژیان پێویستێتی و هەر تاكێكی خێزانەكە دەبوو ئەرك و فەرمان و داواكارییەكانیان جێبەجێ بكات بۆ ئەوەی ژیانێكی ئاسوودە فەراهەم بكەن، بۆیە هەر تاكێك لەو خێزانە بە چاوی رێزەوە سەیری داپیرە و باپیرەیان دەكرد، چونكە فریادڕەسی خواستەكانیان بوون بۆ كۆمەڵگە بەشێوەیەكی بەرچاو.

خێزانەکەم بەو رێچكەیەی ئەوان رادەهێنم
وتیشی: ئێستا ئەوان لە ژیاندا نەماون، بەڵام بەردەوام هەوڵدەدەم بنەماكانی فێركردنی ژیانی ئەوان بۆ منداڵەكان جێبەجێ بكەم، ئەویش لەسەر ئەو رێچكەیەی كە ئەوان گرتبوویانەبەر.
محەمەد ئەحمەد-ی تەمەن 25 ساڵیش لەو بارەیەوە دەڵێت: هەر چەندە باپیرەو داپیرەی خۆم نەبینیووە، بەڵام هەردەم لە نێو خێزانەكەماندا یاد و یادەوەریان دەگێڕنەوە و باسی كارو كردەوە جوانەكانیان بۆ ئێمە دەكەن و ئەو یادگارییانەی رابردوو كە خێزانەكەمانی لەسەر بنیادنراوە بەڕێزەوە باسی دەكەن، چونكە توانیویانە داهاتوویەك بۆ ئایندەی ئێمە دروست بكەن و ژیان بە ئاسوودەیی ببەینە سەر كە ئەویش دەگەڕێتەوە بۆ ئەرك و ماندوونی ئەوان لە رابردوودا.

خێزانی ئێستا هەستێكی بێ گیانە
وتیشی: پەروەردەی جاران لەگەڵ ئێستادا جیاوازییەكی زۆری هەیە، كۆمەڵگەی جاران گوێڕایەڵی لە خۆیان گەورەتر بوون و هەردەم لە چوارچێوەی خێزاندا نەدەچوونە دەرەوە، بەڵام ئێستا خێزانەكان بێ گیانن و ئەو هەستەی جارانیان نییە بۆ پەروەردەكردن، بۆیە ناتوانین ئەو ئەركە جوانەی ئەوان بەجێبگەیەنین.
دەروونناس ناز عەلی، لەسەر رۆڵی خێزان لەرابردوو و ئێستادا، وتی: خێزانی ئێستا و جاران جیاوازییەكی زۆر لە نێوانیاندا هەیە، خێزانی جاران لە نێوان گەورە و بچووك، بە تەمەن و تەمەن، لە نێوان تێگەیشتووی رۆشنبیری و نا حاڵی لە ژیان جیاوازیان هەبوو، بەڵام لە ئێستادا ئەو پەیوەندییە كۆمەڵایەتیانە زۆر بێهێز بوون و چوونەتە چوارچێوەیەكی بچووكی خێزانەوە كە دایك و باوكیش ناتوانن بنەماكانی ژیانیان لەسەر دابڕێژن، بۆیە تووشی پەرتەوازەیی و سەرلێشێوان دەبن.
بەتەمەنەكان ئەركیان گەورە بوو
وتیشی: لە جاراندا كۆڵەكەی خێزان لە ئەستۆی بە تەمەنەكان بوو دەیانتوانی بەشێوەیەكی رێكوپێك لەڕووی مادی و مەعنەوییەوە، هەروەها بەشێوەیەكی گونجاو خێزان بەڕێوەبەرن منداڵەكانی ئەو خێزانە بتوانن ئاسوودەیی بەدەستبهێنن، بەڵام ئێستا ئاسوودەییەكان و ئاواتەكانیان، بۆتە قوربانی جیهانگیری و كێشە سیاسییەكانی نێو كۆمەڵگە.
باسی لەوەشكرد لەڕووی دەروونییەوە داپیرە و باپیرەی کاریگەرییان لەسەر ئاسوودەیی تاكەكان هەبووە و یارمەتیدەریان بوون لە كات و شوێنی دیاریكراودا وەكو خوێندن، ژنهێنان، نەشتەرگەری، ماڵ دروستكردن، پێكەوە هەڵكردن لەگەڵ منداڵدا..هتد

گۆشەگیر بووە
لێرەدا خاڵێكی گرنگ هەیە، ئەویش ئەوەیە جیاوازییەكان لە رابردوو و ئێستادا بەرجەستە دەكات ئەوەیە لە ئێستادا رۆڵی داپیرە و باپیرە وەکو جاران نەماوە، بەڵكو بۆتە ئەندامێكی گۆشەگیر و هیچ نرخێكی بۆ دانەنراوە، هەندێكجار لەلایەن ئەندامانی خێزانەكەشەوە كێشەی بۆ دروستدەكرێت كە ئەمەش بە نەرێنی بە سەر خێزاندا دەشكێتەوە.

#کەشتیی نـــوح

بابەتە پەیوەندیدارەکان